گه‌شته‌كه‌ی تاڵه‌بانی
كاوه ئه‌مين
ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر چه‌ند نووسه‌رێكی كورد،له چه‌ند وتارێكدا دوای ئه‌وه‌ی كه چه‌ند پاتیان كرده‌وه كه هیچ شتێكیان له‌گه‌ڵ مام جه‌لالدا نییه،به‌لآم كه مام جه‌لال به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به تایبه‌تی ولآتانی به‌رودراوسێ ده‌ڕوات،ئیتر قه‌ڵه‌می ئه‌ژنۆیان ده‌شكێ،چونكه مام جه‌لال بچێته ماڵێ هه‌ركام له‌و "دراوسێیانه"، به‌كه‌یفی دڵی خانه‌خوێكه‌ی هه‌رچی پێی خۆش بێت ده‌یڵێت،ئیتر گرنگ نییه كوردی ژێرده‌سه‌لآتی ئه‌و جیرانه ڕه‌زاسووك و دیموكراتانه،چیان به‌سه‌ر دێت و چۆن مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت.
گه‌شته سه‌ركه‌وتووه‌كه‌ی ئه‌مجاره‌ی مام جه‌لال به قه‌ولی میدیاكانی یه‌كیه‌تی،به تایبه‌تی بۆ توركیا،جارێكی تریش ترس و گومانه‌كانی ئه‌و نووسه‌رانه و ده‌كرێت بڵێم به‌شێكی زۆر له‌گه‌لی كورد له‌گه‌ڵیان،هاتنه دی.
مام جه‌لال دوای ئه‌وه‌ی به‌سه‌ردانێكی ڕه‌سمی ماوه‌یه‌ك له‌مه‌و پێش گه‌یشته توركیا،له‌به‌رده‌م ڕاگه‌یاندنی توركی زۆر زه‌بونانه،كه‌وته بانگاشه‌ی برایه‌تی كورد و تورك،به تایبه‌تی له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی كه‌ركووك كه تا ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وپێشیش "قودسی كوردستان" بوو، بۆ مام جه‌لال و یه‌كه‌یتی،به‌لآم له پڕێكدا بوو قودسی برایه‌تی،ئیتر نه‌ك هه‌ر باسی گێرانه‌وه‌ی كه‌ركووك بۆ ژێر ده‌سه‌لآتی حكومه‌تی كوردستانی نه‌كرد، به‌ڵكو له‌به‌ر خاتری خاتران،پێشنیاری كرد كه كه‌ركووك وه‌كو خۆی وه‌كو پارێزگایه‌كی سه‌ربه‌خۆ و سه‌ربه‌هیچ،داوای كرد كه وه‌فتێكی توركی بێن بۆ كه‌ركووك بۆ لێكۆڵینه‌وه. له پێشنیاره‌كه‌ی مام جه‌لال دا هاتووه،سه‌رۆكایه‌تی پارێزگای كه‌ركووك هه‌ر ساڵه‌ی بۆ گروپێكی ئه‌تنیكی بێت واته ساڵێك كورد و سالێك توركومان و ساڵێك عه‌ره‌بی هاورده و ساڵێك عه‌ره‌بی ڕه‌سه‌ن و ساڵێك كلدوئاشووری،ڕه‌نگه شیعه و سوونه و فارس و ئه‌رمه‌نی،ئیتر نازانم چه‌ند قیله‌وقه‌بیله‌ی تری تێدایه. به‌ڕاست ئه‌مه ئه‌گه‌ر سوكایه‌تی به‌كورد و به‌تایبه‌تی كه‌ركووكیه‌كان نه‌بێت ده‌بێت چی بێت؟
ئه‌م پێشنیارانه‌ی مام جه‌لال له كاتێكدایه كه ئه‌وان خۆیان به عێراقی ئایره 21 ده‌زانن و بۆ یه‌كپارچه‌یی خاكی عێراق ئاماده‌ن نه‌ك سه‌روماڵی خۆیان به‌ڵكو هی هه‌موو كورد به فه‌ته‌راتدا ببه‌ن. ئیتر توركیا به‌چ هه‌قێك ده‌بێت به‌شداری بكات له كێشه‌كانی كه‌ركووكدا،كه له ڕاستیدا تا تورك ده‌ستیان نه‌خستبووه ناو كاروباری كه‌ركووك و، به‌ره‌ی توركومانی كه مام جه‌لال و یه‌كیه‌تی كردنیان به كه‌ڵه‌گا به‌سه‌ر هه‌موو كورده‌وه،كێشه له نێو گرووپه ئێتنیكیه‌كاندا نه‌بوو.
سه‌یره‌كه له‌وه‌دایه كه پاش ئه‌و هه‌موو پاشه‌كشه‌یه‌ی مام جه‌لال له‌سه‌ر كه‌ركووك و،ناردنی وه‌فتێكی توركی بۆ كه‌ركووك كه هێشتا ئه‌و خۆی له‌گه‌شتوو گوزاره‌كه‌ی نه‌بووبووه له توركیا،سه‌رۆك ئه‌ركانی سوپای توركی ده‌ڵێت: گۆرینی دیموگرافی شاری كه‌ركووك،هه‌ڵدانه‌وه‌ی قه‌بری ئه‌تاتوركه و ڕازی نابین. مه‌به‌ست له‌گۆڕینش گێرانه‌وه‌ی ئه‌و سه‌دان هه‌زار كورده‌یه، كه له‌لایه‌ن ڕژێمی گۆربه‌گۆڕی به‌عسه‌وه ده‌ركراون، به‌درێژای ئه‌م چل ساڵه‌ی ڕابردووه.
دوای ئه‌م هه‌موو سوكایه‌تیه، مام جه‌لال به‌وه‌شه‌وه نه‌وه‌ستا، كه‌وته دژایه‌تی كوردانی باكووری كوردستان،بانگاشه‌ی كه‌رتبوونی كۆنگره‌ی گه‌ل و، كردنی عوسمان ئۆجه‌لان كه له‌سه‌ر ژنهێنان ڕایكردووه به پاڵه‌وان و گوایه ئاشتی ده‌وێت بۆ توركیا و زۆربه‌ی كۆنگره‌ی گه‌لی له‌گه‌ڵه. ئه‌مه له كاتێكدا كه عوسمان ئۆجه‌لان تا ئێستا نه‌یتوانیووه به‌یانێكیش ده‌ربكات و هه‌موو كه‌س به تایبه‌تی توركیا ده‌زانێت كه له چه‌ند كه‌سێك زیاتر نیین و هاكا به‌ده‌ردی شه‌مدین ساكیكیان بردن. یه‌كیه‌تی و شه‌خسی مام جه‌لال بۆ كه‌رتبوونی «پ‌ك‌ك ی جاران« و بگره هه‌تا »كۆنگره‌ی گه‌ل«ی ئێستا كه‌مته‌رخه‌میان نه‌كردووه، بۆ بلآوه‌پێكردن و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌یان له گه‌لێك ده‌رگایان داوه،به‌لآم پێده‌چێت ئه‌و ستروكتووره‌ی كه ئه‌م پارته‌ی له‌سه‌ر هه‌ڵچنراوه،هه‌وڵه‌كانی یه‌كیه‌تی و مام جه‌لال والآ ده‌رخا. سه‌یره ده‌ڵێی مام جه‌لال به میرات بۆی ماوه‌ته‌وه چوونكه له‌ساڵی ( 1964) وه هه‌وڵی دابه‌شكردنی بزووتنه‌وه كوردیه‌كان ده‌دات،چل ساڵ زیاتره دژایه‌تی پارتی ده‌كات،به‌لآم تائێستا سه‌ركه‌وتوو نه‌بووه و ناشبێت،به‌لآم دیاره كه‌ڵك له ڕابردوو وه‌رناگرێت.
چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر مام جه‌لال هه‌روه‌ك چۆن توركیا داكۆكی له‌به‌ره‌ی توركومانی ده‌كات،ئه‌ویش ته‌نها جارێك باسی بیست ملیۆن كوردی باكووری بكردایه؟ چ ده‌بوو ئه‌گه‌ر جارێكیش بیوتایه ئه‌سته‌نبوڵ شاری برایه‌تی و پێكه‌وه ژیانه،با هه‌فته‌یه‌ك كوردێك ببێته سه‌رۆكی پارێزگا،خۆ به‌قه‌د هه‌موو دانیشتوانی باشووری كوردستان كوردی تێدا ده‌ژی؟ ئه‌رێ ئه‌و دیموكراتییه‌ی توركیا كه مام جه‌لال شه‌یدای بووه و ته‌نها ئه‌و ده‌یبینێت ده‌بێت چی بێت؟ ئاخر له ولآتێكدا زارۆكێك نه‌توانێت به زمانی دایكی خۆی بخوێنێ و بنووسێ و دوو جوێن به توركیا بدا،ئیتر بۆ ئه‌وه ده‌بێت ئاوا میلله‌تێكی بۆ سوك بكرێت. له ولآتێكدا كاتێك گریلایه‌ك شه‌هید ده‌بێت،گوێچكه‌ی ده‌بڕن و چاوی هه‌ڵكده‌كۆڵن (ئه‌مه كاتێك ڕوویدا كه مام جه‌لال خۆی له توركیا بوو) بۆ ئه‌وه ده‌بێت هێنده به‌ته‌نگ دۆستایه‌تیه‌كه‌یه‌وه بیت؟
كاتێك تیرۆریستانی جوندولئیسلام له »خێڵی حه‌مه« ته‌رمی شه‌هیده‌كانی یه‌كیه‌تیان شێواند،نه‌ك ئه‌و تیرۆریستانه به‌ڵكو دینه‌كه‌شمان له‌به‌ر چاو كه‌وت،باشه فه‌رقی ئه‌و تیرۆریستانه و ئه‌و توركانه كه ته‌رمی شه‌هیدێكی كورد ئاوا لێده‌كه‌ن چییه؟
لێدوانه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی مام جه‌لال له‌سه‌ر كۆنگره‌ی گه‌ل،جێگای مه‌ترسین،ده‌بێت كورد هوشیارانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕوداوه‌كاندا بكات،ڕشتنی خوێنی هه‌رمنداڵێكی كورد به‌ده‌ستی كورد له هه‌ر شوێنێكی كوردستان، به‌ده‌ستی هه‌ر پارت و سه‌ركرده‌یه‌ك بكرێت،خیانه‌ته. با ئه‌م خیانه‌ته هه‌زار جاره دوباره نه‌بێته‌وه و تاوێرێكی له‌سه‌ر دانرێت،باچی تر نه‌ك ته‌نها كورد به‌ڵكو با خه‌ڵكانی تریشی پێوه سوك نه‌بێت.