كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف
كاوه ئه‌مین
له دوای ڕاپه‌ڕینه‌وه گه‌لێك جار و بگره ڕۆژانه گوێبیستی كوژرانی ژنان له‌لایه‌ن كه‌سوكاریانه‌وه به بیانووی "كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف"، ده‌بین. له‌گه‌ڵ لێشاوی كۆچكردنی كوردان بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان،ئه‌م دیارده‌یه ئه‌وروپاشی گرتۆته‌وه و تا ئێستا ده‌یان ژن به‌ده‌ستی كه‌سوكاریان له ئه‌ورپا یانیش بردراونه‌ته بۆ كوردستان و كوژراون. له ولآتێكی وه‌كو سوێد چه‌ندین ژنی بیانی له نێویاندا كودیش بوونه‌ته قوربانی. ڕاگه‌یاندنی سوێدیش به‌مه‌به‌ست و هه‌ندێك جاریش بێ مه‌به‌ست،سه‌دان لاپه‌ڕه‌ی ڕۆژنامه‌كان و ده‌یان كاتژمێر له هه‌واڵی سه‌ره‌كی ڕادوێ و تیڤێكانیان بۆ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه ته‌رخان كردووه. كه ده‌ڵێم به مه‌به‌ست،زۆر جار بووه ژنێكی بیانی كوژراوه به‌بێ ئه‌وه‌ی له هه‌واڵه‌كه دڵنیابن كه سه‌ر به‌چ گروپێكی ئێتنیكییه،وه‌كو كورد بلآویان كردۆته‌وه. یان ئه‌گه‌ر ژنێكی كورد خۆی بكوژێت،یه‌كسه‌ر مۆری مه‌سه‌له‌ی "كوژانی له‌سه‌ر شه‌ره‌ف"ی پێوه ده‌نێنن. دیاره له‌پاڵ ئه‌مه‌شدا مه‌سه‌له‌ی ئیسلامی تێوه ده‌گلێنن،كه ئیمڕۆ مه‌سه‌له‌یه‌كی حه‌ساسه و له‌نێو خه‌ڵكی ئه‌وروپادا ڕه‌واجی هه‌یه،به تایبه‌تی له دوای 11 سێپتێمه‌به‌ره‌وه،وێنه‌ی ئیسلام وه‌كو دینێكی تۆقێنه‌ر و مرۆڤكوژ،هه‌موو كون قوژبنێكی ئه‌م ئه‌وروپایه‌ی لێ پڕكراوه. ئه‌مه له كاتێكدا كه له‌نێو دینه‌كانی تریشدا مه‌سه‌لی "كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌ف" هه‌یه، بۆ نمونه له نێو ئاسوری و سریانیه‌كان و جولكه‌شدا هه‌یه.ئه‌وه‌ی كه گرنگه و پێویسته كورد خۆی له‌م مه‌سه‌له‌یه بێته جواب ئه‌وه‌یه كه تا ئێستا و له داهاتوشدا به‌بیانوی "كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فه‌وه" كۆمه‌ڵێك ژن ده‌كوژرێن. تا ئێستا هیچ داموده‌ستگایه‌كی كوردی گرنگی به‌م مه‌سه‌له‌یه نه‌داوه. دیاره هه‌ندێك گروپ و تاكه‌كه‌س كه له زۆربه‌ی كاتدا بۆ ناوده‌ركردن و پاره په‌یداكردن خۆیان كردۆته ده‌مڕاستی مافی ژنان،به‌لآم له ڕاستیدا ته‌نها به‌رژه‌وه‌ندی شه‌خسی و خۆده‌رخستن و ناوبانگ په‌یداكردن نه‌بێت،هیچ جه‌وهه‌رێكی ڕاسته‌قینه‌ی نییه،بۆیه هیچ كاریگه‌رییه‌كیشیان نییه. هه‌ندێك جار باس له‌وه ده‌كرێت كه ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كچ و كوڕێك چپه‌چپێكیان له‌گه‌ڵ یه‌ك كردووه،كچه‌كه له‌لایه‌ن كه‌سوكارییه‌وه كوژراوه،ئه‌مه‌ش تاوانێكی گه‌وره‌یه،ئاخر ئه‌و كچ و كوڕه ڕه‌نگه یه‌كتریان تا سه‌ر ئێسقان خۆشویستبێت. یه‌كێك له پایه گرنگه‌كان كه خێزانی له‌سه‌ر داده‌مه‌زرێت خۆشه‌ویسیته،ئاخر كه‌س هه‌یه ڕقی له‌كه‌سێك بێت و بیه‌وێت خێزانی له‌گه‌ڵ دروستبكات،مه‌گه‌ر به‌زۆر،كه له زۆره‌به‌ی كاتدا ئه‌و خێزانه فاشیل ده‌بێت،یانیش پایه‌یه‌كی دروستی نابێت.ئه‌وانه‌ی كه له‌سه‌ر مه‌سه‌لی شه‌ره‌ف كه له ژن‌دا ده‌یبننه‌وه،ژن یان كچه‌كانیان ده‌كوژن،به‌بێ ئه‌وه‌ی به خۆیان بزانن هێنده‌ی تر ناوزڕاو ده‌بن له‌نێو خه‌ڵكیدا،ئاخر گه‌لێگ جار ئه‌گه‌ر ژنێك بكوژرێت جا له ڕێگای فیشه‌ك له‌ده‌ست ده‌رچوونه‌وه بێت یان به‌شێوه‌ی تر، به‌بێ ئه‌وه‌ی مه‌سه‌لی "شه‌ره‌ف" له پشت كوشتنه‌كه‌یشیه‌وه بێت،خه‌ڵك بێویژدانانه هه‌زار درۆی به‌ده‌مه‌وه ده‌كه‌ن. پاشان كه‌سوكاری ئه‌و ژنانه‌ی كه ده‌كوژرێن به بیانوی "كڕینه‌وه‌ی شه‌ره‌فه‌وه" زیاتر له‌نێو كۆمه‌ڵگه‌دا ڕیسوا ده‌بن و ده‌بنه بنێشته خۆشه‌ی ده‌می خه‌ڵكی،ئه‌گه‌ر پێش كوشتنه‌كه ته‌نها خۆیان و كه‌سی په‌یوه‌ندیدار به‌مه‌سه‌له‌كه‌ی زانیبێت،دوای كوشتنكه نه‌ك له كوردستان به‌ڵكو له‌ده‌ره‌وه‌ش ده‌ڵێن: فلآن كه‌س خوشكی یان دایكی له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه كوشتووه، ئیتر به كوشتنه‌كه نه‌ك "شه‌ره‌فی خۆی نه‌كڕیوه‌ته‌وه" به‌ڵكو به‌ته‌واوه‌تی ڕیسوا ده‌بێت.گه‌لێك جار "كوشتنی ژنان له‌سه‌ر شه‌ره‌ف" به كولتووری كوردی یان سه‌ر به‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی كه ژنه‌كه‌ی لێوه‌هاتووه یان به‌گشتی كولتووری ڕۆژهه‌لآتی و ئیسلامی ده‌به‌سترێته‌وه له‌لایه‌ن ڕۆژنامه بیانییه‌كانه‌وه. به‌لآم ئه‌گه‌ر پیاوێكی بۆ نمونه سوێدی ژنه‌كه‌ی بكوژێت،وه‌ك دڵپیسی و كارێكی تاك ،له‌زۆربه‌ی كاتیش‌دا كابرا وه‌كو كه‌سێكی كه توشی نه‌خۆشی ده‌رونی بووبێت، چاوی لێده‌كرێت. ئه‌مه له كاتێكدا كه لای هه‌موو كه‌س ئاشكرایه پێش هاتنی دینی ئیسلام،له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بدا،كچان هه‌ر كه له‌دایك ده‌بوون زینده به‌چاڵ ده‌كران،بۆیه به‌ستنه‌وه‌ی كوشتنی ژنان به كولتوور و ئاینێكی دیاریكراوه،هه‌ڵه‌یه و زۆربه‌ی جار،هۆكاری سیاسی و ئاینی تر له پشت تاوانباركردنی دینێك یان گروپێكی دیاریكراوه‌وه‌ن.ئیمڕۆ له باشووری كوردستان كورد نیمچه ده‌سه‌لآتێكی خۆجێیی هه‌یه و ده‌توانرێت له ڕێگای یاسای تایبه‌تی خێزان كه له‌گه‌ڵ ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا بگونجێت و، بلآوكردنه‌وه‌ی زانیاری به تایبه‌تی له خوێندنگاكاندا،ئه‌گه‌ر به ته‌واوه‌تیش ئه‌م دیارده دزێوه بنه‌بڕ نه‌كرێت ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه زۆر كه‌م ده‌كرێته‌وه،له نێو نه‌وه‌ی داهاتوودا. نابێت ڕێگه بدرێت ژنان به ناوی شه‌ره‌فه‌وه تیرۆر بكرێن،هه‌روه‌ها ژن كوشتن به‌ناوی شه‌ره‌فه‌وه مۆركی كولتووری لێبدرێت،چونكه كولتوور هه‌موو شتێك له‌خۆ ده‌گرێت ته‌نها كوشتن نه‌بێت.