"گۆرانییه‌كانی زێدی دایكم" - هه‌نگاوێك بۆ دواوه
به‌همه‌نی قوبادی وه‌كو ده‌رهێنه‌رێك به فیلمی "ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" ناوبانگی جیهانی ده‌ركرد و توانی سنووره‌كانی ئێران و كوردستان ببه‌زێنێت. له ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان كه زیاتر فیلمێكی دیكۆمێنتاری بوو، وێنه‌كان به شێوه‌یه‌كی ئه‌فسووناویانه سه‌رنجی بینه‌ریان بۆ لای فیلمه‌كه ڕاده‌كێشا. ژیانی قاچخچێتی سه‌رسنووری باشوور و ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان به شێوه‌یه‌كی وه‌ستایانه له فیلمه‌كه‌دا ڕه‌نگیان دابووه‌وه. دیاره وه‌ك كارێك بێ كه‌موكوڕیی نه‌بوو، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه یه‌كه‌مجار بوو ده‌رهێنه‌رێكی لاو له ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستاندا په‌یدا ده‌بوو، كه‌م كه‌س به چاوی ڕه‌خنه‌وه سه‌یریان كرد، به تایبه‌تی بۆ بینه‌ری كورد تایبه‌تمه‌ندییه‌كی خۆی هه‌بوو. ئاخر زۆربه‌ی زۆری ئێمه ئه‌گه‌ر خۆشمان له‌و ده‌رده‌سه‌رییه‌مان نه‌چێشتبێت، پێشی نائاشنا نیین.ڕۆژی یه‌كشه‌مه 5 سێپته‌مبه‌ر، له شاری ئۆپسالای سوید، فیلمی "ونبوویه‌ك له عێراق" كه ناوی ڕاسته‌قیه‌نی فیلمه‌كه‌یه به‌ڵام هه‌مان كات به "گۆرانییه‌كانی زێدی دایكم"، ناو ده‌بدرێت، له فیستیڤاڵی دووه‌می ئه‌نجومه‌نی (یاری) پیشاندرا. به‌همه‌نی قوبادی ده‌رهێنه‌ری فیلمه‌كه وه‌كو میوان به‌شداری كرد. به‌همه‌ن بۆ ماوه‌ی 15 ده‌قیقه له‌سه‌ر فیلمه‌كه دوا، به بینه‌رانی ناساند، چونكه وه‌كو خۆی وتی ئه‌و فیلمه ده‌كرێت وه‌كو چه‌ند كورته فیلمێك كه گرێدراوی یه‌كترن چاولێبكرێت. ڕه‌نگه له هه‌ندێك شوێندا بینه‌ر له مه‌به‌سته‌كه نه‌گات، ئه‌مه‌ش خۆی له خۆیدا، به‌ربه‌ستێكه بۆ بینه‌ری غه‌یره كورد كه بتوانێت به باشی له فیلمه‌كه تێبگات. ئاخر ئه‌گه‌ر ئه‌و فیلمه له سینه‌ما پیشان بدرێت، خۆ ناكرێت به‌همه‌نی قوبادی له‌گه‌ڵ هه‌ر نمایشكردنێكیدا ڕوونكردنه‌وه بۆ سه‌یركه‌رانی فیلمه‌كه بدات.ڕووداوه‌كانی ناو فیلمه‌كه هیچ شتێكی"سیمبوڵی" ڕه‌مزی وا شاراوه‌یان تێدا نییه باس له ژیانی كابرایه‌ك (میرزا) ده‌كات كه ژنه‌كه‌ی (هه‌ناره) له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵێكیدا 25 ساڵ له‌وه‌پێش ڕۆشتووه یان وه‌ك له هه‌ندێك شوێنی كوردستان ده‌ڵێن ڕه‌دووكه‌وتووه. ده‌كرێت بینه‌ر به شێوه‌ی جیاواز ته‌فسیری خۆیانیان بۆ فیلمه‌كه هه‌بێت. قوبادی له ڕوونكردنه‌وه‌كه‌یدا بۆ بینه‌ران وتی: "ئه‌و به مه‌به‌ست ناوی هه‌ناره‌ی هه‌ڵبژاردووه، ڕه‌نگی سووری ده‌نكه هه‌نار وه‌كو ڕه‌مزێك بۆ ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی كه كورد ڕشتوویه‌تی بۆ "ئازادی"، وه‌كو تریش هه‌ناره ڕه‌مزێكه بۆ كوردستان". ئه‌وه ته‌فسیری ده‌رهێنه‌ر خۆیه‌تی، ده‌نا محاڵه بینه‌رێكی به تایبه‌تی غه‌یره كورد كه ناشزانێت كوردستان كه‌وتۆته كوێوه یان به حه‌یاتی هه‌ناری نه‌دیووه و نه‌خواردووه، لێكدانه‌وه‌ی وای هه‌بێت. به‌همه‌نی قوبادی له‌م فیلمه‌یدا كۆمه‌ڵێك كاره‌كته‌ر و شتگه‌لی شازی كوردی زه‌قكردۆته‌وه كه به هیچ شێوه‌یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی زۆرینه‌ی كه‌لتوری كوردی ناكه‌ن. بۆ نموونه یه‌كێك له‌وانه‌ی كه ده‌ورێكی سه‌ره‌كی له فیلمه‌كدا ده‌بینێت، حه‌وت ژنی هێناوه و ئاماده‌یه ده‌یانی تریش بهێنێت، چونكه كوڕی نابێت. دیارده‌ی چه‌ندژنه دیارده‌یه‌كی ناپه‌سند و نامرۆڤانه‌یه، ئه‌گه‌رچی له گۆمه‌ڵگای كوردیشدا وه‌كو كۆمه‌ڵگا ئیسلامییه‌كانی تر، ئه‌و دیارده‌یه هه‌یه، به‌ڵام مه‌گه‌ر به ده‌گمه‌ن ده‌نا كه‌س نییه حه‌وت ژنی هه‌بێت، به‌تایبه‌تی ئه‌و پیاوانه‌ی كه چه‌ند ژنێكیان هه‌یه به‌هانه‌یان ئه‌وه‌یه كه ئیسلام ڕێگای چوار ژنی داوه، بۆیه زۆر جار ئه‌وانه خۆشیان به خواترس ده‌زانن.دوباره كردنه‌وه‌ی چه‌ندین جار وشه‌ی ئه‌نفال و سه‌ددام و كیمیاوی هتد، بینه‌ر به تایبه‌تیش ڕه‌نگه غه‌یره كوردێك هه‌راسان بكات. ده‌كرا له یه‌ك وێنه‌دا ئه‌و شتانه كه مه‌به‌ستی به‌همه‌نه، په‌یامه‌كه‌ی خۆیان بگه‌یاندایه، چونكه هه‌موو ئه‌و خه‌ڵكه یه‌ك ده‌ردی هه‌یه، ئه‌ویش ده‌ردی ئه‌نفال و گوندكاولكردنه. كه‌واته بینه‌ر هه‌ر له سه‌رتاوه تێده‌گات كه ئه‌وه ئۆردوگای ئاواره‌كان و گونده كاول كراوه‌كانه. به‌همه‌ن هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ی فیلمكه‌ی درێژ بكاته‌وه، كۆمه‌ڵێك شتی زیاده‌ی له فیلمه‌كه ئاخنیوه كه به نه‌بوونیشاین هیچ له مه‌سه‌له‌كه ناگۆڕن.مامۆستایه‌كی زمانی كوردی كه ئه‌و ڕۆژه بۆ بینینی فیلمه‌كه هاتبوو وتی: "به‌همه‌ن سووكایه‌تی به مامۆستا ده‌كات وه‌كو ئه‌وه‌ی مامۆستای فیلمه‌كه كه له‌سه‌ر ته‌پۆڵكه‌یه‌كی به‌فراوی باسی فڕۆكه بۆ منداڵان ده‌كات، له كاتی گه‌ڕانه‌وه‌یاندا پێیان ده‌ڵێت وریابن ئه‌و ناوه مینڕێژ كراوه. باشه هیچ كه‌سێكی سالم جا چ مامۆستایه‌كیش بێت، ئه‌وه‌نده ئه‌حمه‌قه، ئه‌و هه‌موو منداڵه به‌ڕێته ناو ئه‌و كێڵگه‌ی (مین)ه‌وه، تا باسی باشی و خراپی فرۆكه‌یان بۆ بكات؟"دیمه‌نێكی تری ئه‌و فیلمه كه جێگای تێڕامانه، ئه‌گه‌رچی قوبادی ده‌ڵێت ئه‌و ویستوویه‌تی تراژدیا و كۆمیدی تێكه‌ڵ بكات، تا ئه‌و خه‌مگینییه‌ی كه به‌سه‌ر فیلمی "ساتێك بۆ مه‌ستی ئه‌سپه‌كان" هه‌بوو، له‌م فیلمه‌یدا هێنده ڕه‌نگ نه‌داته‌وه. ژنێكی ڕه‌شپۆش شیوه‌ن ده‌كات بۆ برا بێ سه‌روشوێن كراوه‌كه‌ی. له هه‌موویشی تراژیدیتر ئێستا ته‌رمی براكه‌ی له‌نێو ئه‌و گۆڕانه‌دا نییه كه هه‌ڵدراونه‌ته‌وه. كورد وتنه‌ی گاوری پێ مسوڵمان ده‌بێت. كابرایه‌ك كه پێشتر گوێی له‌و ژنه ده‌بێت كه گۆرانیی ده‌ڵێت، هێنده عاشق بوو له‌نێو ئه‌و هه‌موو هاوار و گریان و شیوه‌ندا له پشته‌وه ته‌نها به ده‌نگیدا ده‌یناسێته‌وه و ده‌چێت بۆ لای، ئه‌گه‌رچی ئاماده‌یه بۆ هاوكاری كردنی، به‌ڵام به‌سه‌ر و سمێڵیدا دیاره كه ئه‌و ته‌نها خه‌یاڵی لای "وانێكه‌كه‌ی - هینه‌كه‌ی" ناو گه‌ڵیه‌تی. جوانترین دیمه‌ن لای منێكی بینه‌ر ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پیاوه‌ی ئاماده‌یه "گوردانێك" ژن بهێنێ تا كوڕێكی ببێت، له گفتوگۆی له‌گه‌ڵ مامۆستای منداڵه بێسه‌رپه‌رشته‌كاندا ده‌گاته ئه‌و بڕوایه‌ی كه دوو كوڕ له‌و هه‌موو كوڕانه‌ی كه بێسه‌رپه‌رشتن داڵده بدات و بیانكات به كوڕی خۆی. وه‌ك ده‌بین له ئه‌وروپا به هه‌زاران خێزان كه منداڵیان نابێت یان به‌هۆی هه‌ستی ئینسانیانه‌وه له وڵاته هه‌ژاره‌كان منداڵ ده‌هێنن و گه‌وره‌یان ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌رچی ئه‌و منداڵانه پاشان دووچاری ده‌یان گرفتی ده‌رونی ده‌بن، به‌ڵام له به‌راورد كردن له‌گه‌ڵ ژانی هه‌ژاریدا باشتره. دیاره لێره مه‌گه‌ر به‌ده‌گمه‌ن ده‌نا جیاوازی نێوان كوڕ و كچ ناكه‌ن.خاڵێكی تری لاوازی فیلمه‌كانی قوبادی، به‌كارنه‌هێنانی ئه‌كته‌ری پرۆفیشوناڵه. ئه‌گه‌رچی ئه‌رگومێنتی قوبادی ئه‌وه‌یه كه ئه‌و ده‌یه‌وێت مرۆڤه‌كان خۆیان ڕاستگۆیانه قسه‌بكه‌ن و ئه‌و بڕوای به نووسیه‌نه‌وه‌ی ده‌ق (مانووس) نییه، به‌ڵكو گه‌لێك جار هه‌ر له كاتی فیلمگرتندا دیالۆگه‌كان درووست ده‌كه‌ن. به‌ڵام وه‌ك ده‌بینین له دنیای سینه‌مای جیهاندا به پێچه‌وانه‌وه‌یه. ئه‌كته‌ره به‌ناوبانگه‌كانی جیهان زۆرترین خه‌ڵك سه‌یری فیلمه‌كانیان ده‌كات، پاره‌یه‌كی یه‌كجار زۆریشیان ده‌درێتێ، به‌ڵام فیلمه‌كانیش به ملیۆنان دۆلار په‌یدا ده‌كه‌ن. به‌داخه‌وه ده‌بێت بڵێم كه به‌همه‌نی قوبادی سوئیستیفاده له گوندییه‌كانی سه‌رسنوور ده‌كات تا له‌و ڕێگه‌یه‌وه و له‌سه‌رشان و بازوو زه‌حمه‌تییه‌كانی ئه‌وان خۆی گه‌وره‌كات. من ده‌پرسم ئایا تا ئێستا به‌همه‌نی قوبادی كام له‌و منداڵانه‌ی كه ده‌وری سه‌ره‌كیان هه‌یه له فیلمه‌كانیدا و هه‌ستی بینه‌ر بۆلای خۆیان ڕاده‌كێشن، له‌و فیستیڤاڵانه‌ی كه خه‌ڵاتیان لێوه‌رده‌گرێت به‌شداریان كردووه؟ تا هه‌ر هیچ نه‌بێت یه‌كێك له‌و منداڵانه "ئه‌و دیوو كێوه‌كان" ببینێت كه به‌همه‌نی قوبادی ده‌یه‌وێت بیانبینێت.ئیمڕۆ خه‌ڵكی كوردستان ته‌نها خه‌ڵكێكی گوندنشین و چیانشین نین كه به‌هۆی دڵڕه‌قی داگیركه‌ران و سروشته‌وه له دنیا دابڕابێتن. ژماره‌ی دانیشتوانی چه‌ندین شاری كوردستان له دوو ملیۆن زیاتره و ده‌یان شاریشمان هه‌یه كه دانیشتوانی له ملیۆن زیاتره. له گه‌لێك گوندی كوردستان ماڵ هه‌یه دوو تا سێ مۆبیل ته‌له‌فونی تێدایه، بۆیه هیچ به‌لامانه‌وه سه‌یر نه‌بێت كاتێك له دواكه‌وتووترین گوندی كوردستان و ن‡وچه‌كه له‌پڕ له‌بن كه‌پرێكه‌وه گوێمان له ئاوازی "مێری كریسمیس" یان مۆسیكایه‌كی مادۆنا بێت.وه‌ك ده‌ڵێن به‌همه‌نی قوبادی بۆ ئه‌م فیلمه‌ی یارمه‌تییه‌كی باشی مادی و مه‌عنه‌وی كراوه له باشووری كوردستان و ئاسانكارییه‌كی زۆری بۆ كراوه به له‌به‌رچاو گرتنی ئه‌و ڕاستیانه، ئه‌م فیلمه‌ی قوبادی هه‌نگاوێكه بۆ دواوه نه‌ك بۆ پێشه‌وه. ئه‌گه‌ر به‌م جۆره فیلمانه‌وه بیه‌وێت وه‌ك خۆی ده‌ڵێت فیلم درووست بكات، شه‌ش مانگ له سینه‌ماكانی جیهان پیشانبدرێت، ئه‌وه به‌داخه‌وه ده‌بێت بڵێم زۆری ماوه ئه‌ودیوی "كێوه‌كان" ببینێت. چونكه ئه‌م جۆره فیلمانه له داهاتوودا ڕه‌واجیان نابێت كه بێیت میلله‌تێك پیشانی خه‌ڵكی بده‌یت بۆ به‌زه‌یی پێداهاتنه‌وه. به‌و هیوایه‌ی كه فیلمه‌كانی داهاتووی قوبادی لایه‌نێكی تری ژیانی كوردیش پیشان بدات، چونكه خۆ كورد هه‌موو "قاچاخچی و عه‌لی بابا"نین.ئاخر به‌همه‌نی قوبادی خۆی ده‌ڵێت: "ئه‌نفال هێنده سامناكه له كامێراكه‌ی مندا جێگای نابێته‌وه، ڕه‌نگه ڕۆژێك بێت ئه‌نفال وه‌كو "هۆلكۆست" بكرێته فیلمێك چه‌ندین ئۆسكار وه‌ربگرێت، جا گرنگ نییه فیلمسازێكی كورد یان بیانی دروستی بكات."