چه‌پی قولابی
كاوه ئه‌مین
چه‌ند شه‌وێك پێش ئێستا،به‌ڕێزێك ته‌له‌فونی بۆكردم،ئه‌گه‌رچی یه‌كتریمان نه‌دیووه،به‌لآم ماڵی ئینته‌رنێت ئاوا بێت، كه وا زۆر كه‌سی به‌یه‌كتر ئاشنا كردووه. ئه‌و به‌رێزه كه نووسه‌رێكی به توانا و چه‌پێكی كوردستانییه،هه‌ندێك تێبینی له‌سه‌ر ئه‌و نووسینه‌ی من كه له (كوردستان نێت) دا،له 28/9 دا،ده‌رباره‌ی ئه‌و سووكایه‌تیكردنه‌ی كه به به سرودی نیشتیمانی كورد "ئه‌ی ڕه‌قیب" كرابوو،هه‌بوو. به داخه‌وه له نووسینه‌كه‌ی مندا،ڕه‌نگه وا هه‌ست پێبكرێت كه من هه‌موو چه‌په‌كانی كوردستان‌م به قولابی دانابێت،بۆیه پێده‌چوو كه ئه‌و به‌رێزه و ڕه‌نگه خه‌ڵكانێكی تریش كه چه‌پن و كوردستانین،نیگه‌ران بووبن له ده‌سته‌واژه‌ی "چه‌پی قولابی". وشه‌ی "قولاب" مانای شتێك كه له ئه‌سڵه‌كه‌ی نه‌چێت یانیش كۆپییه‌كی شێوێندرای ئه‌سڵه‌كه‌یی بێت. به داخه‌وه ده‌بێت بڵێم زۆرینه‌ی چه‌په كورد و ماركسی و لینینیه‌كانی كورد "قولابی" بوون و زیاتر له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌و نه‌ته‌وانه‌دا بوون كه ده‌سه‌لآتیان به‌سه‌ر كوردستاندا كشاوه،ئه‌مه‌ش وه‌كو ڕۆژی ڕووناك وایه، به تایبه‌تی هه‌تا پێش هه‌ڵته‌كاندنه‌وه‌ی سۆڤیه‌ت. كۆمۆنیسته‌كانی ئه‌و ولآتانه‌ی كه كوردستانیان دابه‌شكردووه،هه‌میشه له ژێر ناوی مرۆڤایه‌تی و دژایه‌تی خاك،بانگاشه‌ی ئینته‌رناسیۆنالیستیی و...، نه‌ته‌وه‌یی كوردیان خستۆته په‌راوێزه‌وه،به تایبه‌تیش له‌سه‌ر مسه‌له‌ی ناوهێنانی كوردستان. ده‌نا بۆ هه‌ریه‌ك له‌و پارته كۆمۆنیستیانه (عێراق،ئێران،توركیا و سوریا)یه‌كیان به خۆیانه‌وه شه‌ته‌ك داوه. باشه بۆ تا دوای ڕاپه‌رین و وه‌ده‌رنانی به‌عس له به شێكی باشووری كوردستاندا،حیزبی شیوعی عێراقی ڕێگای بۆ حیزبێكی شیوعی كوردستانی خۆشنه‌كرد.دیاره نابێت ئێمه هه‌موو خه‌تاكه بخه‌ینه مل،عه‌ره‌ب و تورك و فارس كه هه‌ریه‌كه حیزبی شیوعی خۆیان هه‌بووه و هه‌یه و كوردیش وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی نێو ئه‌و ولآتانه ده‌قه‌بڵێنن. له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌لفیزۆنی مێدیادا،مامۆستا ئه‌حمه‌د هه‌ردی باسی سووربونی شاعیری گه‌وه‌ره‌ی كورد (مامۆستا گۆران)ی ده‌كرد كه چۆن ده‌یویست نووسه‌رانی كورد له‌نێو یه‌كیه‌تی نووسه‌رانی عێراقدا كه له ڕاستیدا ده‌بێت بڵێین عه‌ره‌بدا كار بكه‌ن،ئه‌و پێویستی نه‌ده‌دیت كه نووسه‌رانی كورد (یه‌كیه‌تی نووسه‌رانی سه‌ربه‌خۆیان) هه‌بێت،گۆرانێكی مه‌زن ئاوا بیری كردبێته‌وه،له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه شیعره‌كانی ده‌په‌رستم،ئه‌و بیروبۆچونانه سیاسیانه‌ی به پولێك ناكڕم. هاورێیه‌كی خۆشه‌ویستیم كه نوێنه‌ری پارتێكی كوردستانیی بووه له به‌ره‌ی كوردستانیدا ده‌ڵێت:هه‌موو جارێك،براده‌رانی حیزبی شیوعی له نێو ئه‌و هه‌موو ئه‌ندامه كورده دا،كه‌سێكی عه‌ره‌بیان ده‌نارد بۆ كۆبوونه‌وه‌كانی به‌ره كه كوردی نه‌ده‌زانی،ئیتر نوێنه‌رانی به‌ره كه هه‌موویان له پارتی كوردستانی پێك هاتبوون ده‌بوو له به‌رخاتری ئه‌و كاكه‌یه،به زمانی عه‌ره‌بی قسه‌یان بكردایه،ئایا ئه‌مه سووكایه‌تی كردن نه‌بێت ده‌بێت چی ناو لێ بنرێت؟ له كاتێدا كه هه‌موومان ده‌زانین كه زۆرینه‌ی سه‌ركرادایه‌تی حیزبی شیوعی كورد بوون،بڕێكی كه‌میش له عه‌ره‌به‌كان كه ده‌بێت به‌ڕاستی پێیان بڵێین چه‌پ و ئینته‌رناسیۆنالیست،خۆیان فێری كوردی كردبوو ئه‌گه‌رچی به په‌نجه‌ی ده‌ستیش ژمێردرابێتن. ئایا كه‌س ده‌توانێت بڵێت كه مامۆستا عه‌زیز محمه‌د،له‌به‌ره‌ئه‌وه‌ی ڕانكوچۆغه كوردی ده‌پۆشێت و خه‌نجه‌رێكیش ده‌كات به‌به‌ر پشتێنه قه‌فقه‌فه‌كه‌یدا، له چه‌پێتی ده‌كه‌وێت؟ یان چی جوانتره كاتێك نوێنه‌ری حیزبی شیوعی كوردستان له بۆنه‌یه‌كدا له كاتی گوتنی سرودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیب،هه‌ڵده‌ستێته سه‌رپێ و ده‌ست ده‌خاته سه‌ردڵی وه‌ك ڕێزلێنانێك بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌ی،ئه‌مه له كاتێكدا به یه‌ك چاو سه‌یری هه‌موو مرۆڤه‌كان ده‌كات و كه‌س له‌وی تر به گه‌وره‌تر نازانێت. بۆیه مه‌به‌ستی من له چه‌پی "قولابی" ئه‌و كه‌سانه‌یه كه دژایه‌تی هه‌موو بیروبۆچونێكی كوردستانیانه ده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر چه‌پێكی كوردستانیش له نووسینه‌كه‌ی من به‌هه‌ڵه تێگه‌یشتبێ،ئه‌وا داوی لێبووردنیان لێده‌كه‌م،چونكه بۆ من هه‌موو كه‌سێكی كوردستانی كه كوردی له نه‌ته‌وه‌كانی تر پێ كه‌متر و زیاتر نییه،جێگای ڕێزوخۆشه‌ویستییه،جا ئه‌و كه‌سه چه‌پ و كۆمۆنیست بێت یان نه‌ته‌وه‌یی یانیش ئیسلامییه‌كی كوردستانی بێت. كۆمه‌ڵگای كوردستانیش به‌و هه‌موو بیربۆچوونه كوردستانیانه‌وه جوانه كه داكۆكی له نه‌ته‌وه‌كه‌یان ده‌كه‌ن و "قولابی" نین
.
تێبینی: پێم وابێت له گۆڤاری خه‌رمانه‌دا بوو،كاك ئاوات وتارێكی به ناوی "چه‌پی قولابی" نووسیوه،به داخه‌وه ژماره‌ی گۆڤاره‌كه‌م له بیر نه‌ماوه،ئه‌گه‌رچی ئه‌و مه‌به‌ستێكی تری هه‌بوو.