هه‌ڵبژاردن له باشووری كوردستان و عێراق
كاوه ئه‌مین
له‌م سه‌رده‌مه‌دا وشه‌ی دیموكراتی وا په‌رشوبلآو بووه‌ته‌وه كه ته‌نانه‌ت ولآته دیكتاتۆریه‌كانیش خۆیان به دیموكراتی ده‌زانن،ئه‌مه‌ش له دواجاردا ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی كه دیموكراتی ناوه‌ڕۆكه ڕاسته‌قینه‌كه‌ی خۆی له‌ده‌ست بدات،كه به‌مانای وشه ده‌سه‌لآتی خه‌ڵك ده‌گه‌ینێت. له ڕه‌وشكی وادا،حكومه‌تی كاتی عێراق و ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئه‌وه ڕێك كه‌وتوون كه له سه‌ره‌تای ساڵی داهاتوودا هه‌ڵبژاردنێكی سه‌رتاسه‌ری بكرێت،تا ده‌سه‌لآتێكی شه‌رعی و حكومه‌تێكی هه‌ڵبژارده نوێنه‌رایه‌تی خه‌ڵكی عێراق بكات. هه‌مانكات له باشووری كوردستان،دوای دوانزده ساڵ،بۆ جاری دووه‌م هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كرێت. پارته كوردستانییه‌كان،به تایبه‌تی پارتی و یه‌كیه‌تی بۆ گرتنه ده‌ستی ده‌سه‌لآت له كوردستاندا،به شێوه‌یه‌كی به‌رچاو كه‌وتوونه‌ته خۆیان،ئه‌مه‌ش مافێكی ڕه‌وای هه‌موو پارتێكی سیاسی كوردستانییه به‌بێ گوێدانه بیروڕای سیاسی و ئایدۆلۆژی ئه‌و پارتانه،تا ئه‌و كاته‌ی زه‌ره‌رمه‌ند نابن بۆ سه‌روه‌رێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد و به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی كوردستان. "پرنسیپی سه‌روه‌رێتی خه‌ڵك و پرنسیپی زۆرینه" دوو پایه‌ی گرنگی چه‌مكی دیموكراتین، كه ده‌بێت له هه‌ڵبژاردندا ڕه‌چاو بكرێن،ده‌نا هه‌ڵبژرادن هیچ مانایه‌كی نییه.هیچ گه‌رنتییه‌ك نییه بۆ ئه‌وه‌ی كه بتوانین بڵین هه‌ڵبژاردن له عێراق له كاتی دیاری كراودا ده‌كرێت یان نا،ئه‌وه‌ی كه دیاره ئێستا ئه‌وه‌یه كه ئه‌مریكا بۆ ئه‌وه‌یی شه‌رعیه‌ت بدات به خۆی و له‌و ته‌نگه‌ژه‌یه‌ی كه تێی كه‌وتووه خۆی ڕزگار بكات ، بۆ ئه‌وه‌ی هاوپشتیوانی نێونه‌ته‌وه‌ی جارێكی تر بۆ خۆی به‌ده‌ست بخاته‌وه،وه‌ك ئه‌وه‌ی كه له دوای 11 سێپتێمبه‌ره‌وه به‌ده‌ستی خست. چونكه تادێت ولآتانی دنیا به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی كه پشتیوانیان له ئه‌مریكا نه‌كرد بۆ لێدانی عێراق،به هۆی نه‌دۆزینه‌وه‌ی چه‌كی كۆمه‌ڵكوژ له عێراقدا زیاتر دڕدۆنگتر ده‌بن. به‌لآم گرنگ ئه‌وه‌یه كه كورد خۆی به شێوه‌یه‌كی ڕێك‌وپێك بۆ هه‌ڵبژاردن ئاماده بكات،دیاره ئه‌گه‌ر كاتی هه‌ڵبژاردن له كوردستاندا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه له عێراق ده‌كرێت،جیابكرێته‌وه له به‌رژه‌وه‌ندی دانیشتوانی كوردستاندا دایه،چونكه لای هه‌موان ئاشكرایه كه ڕه‌وشی كوردستان و عێراق له هه‌موو ڕویه‌كه‌وه به تایبه‌تی له باری ئه‌منیه‌وه جیاوزیان زۆره. ئه‌گه‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی تیرۆریستان ڕێگاگر بێت له‌به‌رده‌م هه‌ڵبژاردن له عێراقدا ئه‌وا به دڵنیایه‌وه ده‌توانرێت له كوردستاندا مه‌به‌ستم له ناوچه ڕزگاركراوه‌كانی دوای ڕوخانی ڕژێم به كه‌ركووك و موسڵیشه‌وه‌یه،هه‌ڵبژاردن بكرێت،بۆیه گرێدانی هه‌ڵبژاردنی كوردستان و عێراق به‌یه‌كه‌وه،شتێكی ڕاست نییه،ناكرێت خه‌ڵكی كوردستان بكرێنه قوربانی عێراقێك كه له‌هه‌موو ڕویه‌كه‌وه له‌یه‌ك جیاوازن و خه‌ڵكی كورستان به‌رپرسیار نیین له‌و ڕه‌وشه‌ی كه ئیمڕۆ عێراقی پێدا تێده‌په‌ڕێت.پێویسته له كوردستاندا لیژنه‌یه‌كی بالآی هه‌ڵبژاردن، جودا له‌وه‌ی كه كار بۆ هه‌ڵبژاردن له عێراقدا ده‌كات دابمه‌زرێت،ئه‌و لیژنه‌یه‌ش به‌بێ جیاوزی فیكری و بیروبۆچونی سیاسی كارئاسانی بكات بۆ هه‌موو ئه‌و پارت و كه‌سایه‌تییه سه‌ربه‌خۆیانه‌ی كه ده‌یانه‌وێت به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و مافی ئه‌وایان هه‌بێت كه له‌و بودجه‌یه‌یی كه بۆ هه‌ڵبژاردن ته‌رخان ده‌كرێت ئه‌گه‌ر شتێكی وا هه‌بێت،به‌هره‌مه‌ندبن. هه‌موو تاكێك له كوردستاندا مافی بێ قه‌ید و شه‌رتی ئه‌وه‌ی هه‌بێت كه له هه‌ڵبژاردنێكی نهێنیدا،كاندیی خۆی هه‌ڵبژێرێ،ئه‌مه‌ش بۆ ئه‌وه‌ی هیچ لایه‌نێك نه‌توانێت سه‌ركۆنه‌ی بكات و هه‌ڕه‌شه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌ی لێبكات.بۆئه‌وه‌ی پاڵێوراوه‌كان و پارته سیاسیه‌كان بتوانن به شێوه‌یه‌كی ئازادانه پروپاگه‌نده بۆ خۆیان بكه‌ن ده‌بێت به تایبه‌تی پارتی ویه‌كیه‌تی كه ئیمڕۆ به‌شی هه‌ره‌زۆری ڕاگه‌یاندنیان له‌بن ده‌ستدایه،ڕێگایان بده‌ن له كه‌ناڵه‌كانی ئه‌و پارتانه‌وه كه له ڕاستیدا به دارایی خه‌ڵكی كوردستان پێكیانه‌وه ناون،ئازادانه له گفتوگۆكاندا به‌شداری بكه‌ن. بۆ نمونه ئه‌و پارتانه‌ی كه له‌لایه‌ن لیژنه‌ی بالآی هه‌ڵبژاردنه‌وه دیاری ده‌كرێن و مافی به‌شداری كردنیان پێده‌درێت له هه‌ڵبژاردندا،له چه‌ند گفتوگۆیه‌كی ته‌له‌فزیونی و ڕادیۆیی به شێوه‌یه‌كی یه‌كسان به‌شداری بكه‌ن. بۆ نمونه له ولآتێكی وه‌كو سوێد،له كاتی هه‌ڵبژاردندا،سه‌رۆكی پارته‌كان به‌یه‌كه‌وه به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێك بۆ گه‌وره‌ی و بچوكیان بكرێت،وه‌كو یه‌ك كاتیان بۆ ته‌رخان ده‌كرێت كه له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه ئابووری و سیاسی و جڤاكیانه‌ی كه گفتیان داوه، قسه‌بكه‌ن،هه‌مانكاتیش لایه‌نی به‌رانبه‌ر بده‌نه به‌ر ڕێژنه‌ی ڕه‌خنه‌كانیان. خاڵێكی تری گرنگ ئه‌وه‌یه كه ئه‌و پارته یان هاوپه‌یمانێتیه‌ی كه زۆرینه‌ی ده‌نگ به‌ده‌ست ناخات،ملكه‌چی یاسای پرنسیپی زۆرینه (Majority) بێت،ده‌نا هه‌ڵبژاردن هیچ مانایه‌كی نییه و نابێت.به‌لآم ئه‌م پرنسیپی زۆرینه‌یه له ولآتێكی وه‌كو عێراقدا،كه له‌سه‌ر بنه‌مای عه‌شایه‌ری و مه‌زهه‌بی و نه‌ته‌وه‌یی دامه‌زراوه،عه‌ره‌بی عێراقی له ئێستاوه كه هیچ ده‌سه‌لآتێكیان نییه،به چاوی گومان و دوژمنكارانه‌وه له نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ڕوانن،ده‌كرێت ڕێگا بۆ تاكڕه‌وی و سیسته‌مێكی تۆتالیتاری بكاته‌وه. بۆیه ده‌بێت گه‌لی كوردستان،ڕێژه‌یه‌كیان بۆ دیاری بكرێت كه بتوانێت نوێنه‌رایه‌تی هه‌موو دانیشتوانی كوردستان بكات له په‌ڕله‌مانی داهاتووی عێراقدا،ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كه ئه‌و یاسایانه‌ی كه په‌یوه‌ندیان به كوردستانه‌وه هه‌یه،ده‌بێت له لایه‌ن په‌ڕله‌مانی هه‌ڵبژێردراوی كوردستانه‌وه بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێت،ده‌نا محاڵه كورد بتوانێت له سه‌ر پرنسپی زۆرینه،هیچ یاسایه‌ك كه له‌به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی كورد دا بێت یان به پێچه‌وانه‌وه،داڕێژێت،یان هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه. ئه‌وه نییه له توركیا،هه‌ڵبژاردنی ئازاد ده‌كرێت،به‌لآم په‌ڕله‌مانی ئه‌و ولآته تا ئێستا هیچ هه‌نگاوێكی به‌كرده‌وه‌ییان نه‌ناوه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی یاسا ڕاسیستیه‌كانی ئه‌و ولآته به دژی كورد. غازی یاوه‌ر كه به فه‌ڕشه سیحراویه‌كه‌ی عه‌لادینی ئه‌مریكا و پشتیوانی پارتی و یه‌كیه‌تی،بووه سه‌رۆككۆمار،ئێستا هیچ نییه،دژی ڕیفراندۆمه له كوردستاندا،كه یه‌كێكه له پرسنیپه بنه‌ڕه‌تییه‌كانی دیموكراتی،خۆ ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ له‌لایه‌ن عه‌ره‌بی سوونی و شیعه‌وه له هه‌ڵبژاردنێكی دیموكراتیانه‌دا ده‌نگی پێ بدرێت یان به كه‌سێكی هاوشێوه‌ی غازی،بێته سه‌ر حكوم، ئه‌وا به عه‌گالی دیموكراتی، كورد خه‌فه ده‌كات.ده‌بێت عه‌ره‌ب باش له‌وه تێبگه‌ن یان تێبگه‌یه‌نرێن كه كورد جارێكی تر نابێته‌وه به سه‌ربازی سنوور پارێز بۆهیچ كه‌سێك ته‌نها بۆ خۆی نه‌بێت. قسه‌یه‌كی جوانی ئابره‌هام لینكۆلن هه‌یه كه ده‌ڵێت: " تۆ ده‌توانیت هه‌موو كاتێك هه‌ندێك خه‌ڵك به گه‌مژه بزانی و هه‌موو خه‌ڵكیش هه‌ندێك كات؛به‌لآم نا‌توانیت هه‌موو خه‌ڵك به گه‌مژه بزانیت هه‌موو كاتێك".تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)ی ژماره 30، 2/11 بلآوكراوه‌ته‌وه.