خێڵه‌و خوارو و خێڵه‌وژووری باڵنده‌کان له‌م وه‌رزه‌دا ده‌ست پێده‌کات. له وڵاتی کورده‌واری خۆشمان‌دا، خێڵه‌کان ئه‌وانه‌ی که تائێستاش به مه‌ڕدارییه‌وه خه‌ریکن بارگه‌و بنه‌یان له ناوچه گه‌رمه‌سێره‌کانه‌وه به‌ره‌و کوێستانه سه‌رکه‌شه‌کان که له هه‌ندێک شوێندا به درێژای سه‌دان ساڵه به به‌فر داپۆشراوه، وه‌ک میناک هه‌ندێک جێگای چیای قه‌ندیل ڕه‌نگه به‌فری سه‌دان ساڵی پێش ئێستای لێ مابێت. ئێستا ره‌نگه خوێنه‌ر بڵێت، ئاخرا کابرا، به‌هار چ به‌یوه‌ندییه‌کی به تورکیا و هه‌بوونی نه‌ته‌وه‌یه‌که‌وه هه‌یه. جا با که‌مێک بگه‌ڕێمه‌وه بۆ مێژوویی هه‌فتا ساڵ پێش ئێستا، با بزانین تورک چۆن له به‌هاراندا، به‌ڵێ به‌تایبه‌تی له به‌هاراندا کێشه‌ی هه‌بوونی گه‌لێکی لێده‌بێته کورمانج وته‌نی پرۆبلێمێکی(کێشه‌یه‌کی) گه‌وره. له کۆتایی ساڵی پاردا کتێبێکم له‌سه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی ده‌رسیم له ساڵی ١٩٣٦ تا ١٩٣٨ وه‌رگێڕایه سه‌ر زمانی کوردی و ئێستا له سلێمانی له ده‌ستگایه‌کی کوردییه و به‌و هیوایه‌ی که هه‌رچی زووتره چاپ

بکرێت. له‌و کتێبه‌دا به دوور‌و درێژی باسی هێرشه به‌هارییه‌کانی ده‌وڵه‌تی تورکی تێدایه که ده‌یکه‌نه سه‌ر ناوچه‌کانی ده‌رسیم، پاش دوو سێ به‌هار ئینجا ده‌توانن سه‌ید ڕه‌زای نه‌مر و هاورێکانی به‌دیل بگرن و شۆڕشی ده‌رسیم هه‌ره‌س پێبهێنن، هه‌ڵبه‌ت به‌هاوکاری جاش و به‌کرێگیراوی کورد، به‌و هیوایه‌ی که ئیتر ئه‌وه دوا سه‌رهه‌ڵدانی کورد بێت، تورکه‌کان له شۆڕشی ئاگریشدا به‌و هیوایه بوون هه‌ر بۆیه له یه‌کێک له کاریکاتێره‌کانی ڕۆژنامه‌یه‌کی ئه‌و سه‌رده‌می تورکیادا وێنه‌ی گۆڕێکیان کردووه و له‌سه‌ر کێله‌که‌ی نووسیویانه:"خه‌ونی کوردستانێکی سه‌ربه‌خۆ ئا لێره‌دا نێژراوه".
راستییه‌که‌ی زۆری نه‌مابوو خه‌ونی تورکه‌کان بێته دی، کوردی باکوور له‌سه‌رمه‌رگی مردن‌دا بوون و ته‌نانه‌ت شتێکی وا نه‌مابوو پێی بڵێی نه‌ته‌وه له‌و پارچه‌یه‌ی کوردستاندا، له زمانه‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته کو‌لتوور و نووسین و جل و به‌رگ و هه‌موو بۆن و به‌رامه‌یه‌کی کوردی‌یان سریبووه‌وه و به‌شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک و سه‌رکه‌وتووانه زۆریان نه‌مابوو پرۆسه‌ی توونه‌کردنی له‌ناوبردنی گه‌لێک به‌به‌رچاوی دونیایی شارساتنییه‌وه به‌ئاکام بگه‌یه‌نن و دوا بزمار له تابووتی نه‌ته‌وه‌یه‌ک بده‌ن که وه‌کو مه‌یتێکی لێهاتبوو.
له‌و سه‌روبه‌نده‌دا بوو که پارتی کرێکارانی کوردستان دامه‌زرا، به‌تایبه‌تی باڵی سه‌ربازی ئه‌و پارته بۆ یه‌که‌مین جار دوای سه‌رهه‌ڵدانی ده‌رسیم یه‌که‌مین گولله‌ی نا به شه‌وه‌زه‌نگێکه‌وه که تا ئێستاش بۆنی باروت و ده‌نگی ئه‌و گولله‌یه له مێشک و پۆزی سوپای تورکیادا ده‌نگ ده‌داته‌وه، به‌ڵێ دووهه‌مین سوپای ناتۆ له دوای ئه‌مریکا. براده‌رێکم بۆی گێرامه‌وه که گوایه ئه‌و کاته‌ی که مه‌فره‌زه سه‌ره‌تاییه‌کان له باکووری وڵات ده‌ست ده‌که‌ن به جموجوڵ، جارێکیان مه‌فره‌زه‌یه‌کی چه‌ند که‌سی ده‌یانه‌وێت بچنه سه‌ر مۆڵگه‌یه‌کی بچوکی سه‌ربازی تورکیا، کاتێک داوا له یه‌کێک له گریلاکان ده‌کرێت یه‌که‌مین فیشه‌ک بته‌قێنێ ده‌ڵێت هه‌ڤاڵ نابێت ئاخر ئه‌وه ده‌وڵه‌ته و جه‌ندرمه‌ی تورکن چۆن بوێرین ته‌قه‌یان لێبکه‌ین، تا فه‌رمانده‌که‌یان تێده‌گات مه‌سه‌له چییه بۆیه پێی ده‌ڵێت ڕاسته هه‌ر بۆیه ده‌بێت ته‌قه‌یان لێبکه‌ین. ده‌وڵه‌تی تورکیا و سیاسه‌تی که‌مالیزم به‌شێوه‌یه‌ک کاریگه‌ریان له‌سه‌ر سایکۆلۆجی تاکه‌کانی کورد دانابوو ته‌نانه‌ت کوردێکی چه‌ک به‌شانیش پێی سه‌یر بووه که چۆن بتوانێت ته‌قه له سوپایه‌ک بکات که ده‌یان ساڵه فێری ئه‌وه‌یان کردوون که نکۆڵی له‌خۆی بکات.
ده‌وڵه‌تی تورکیا له ساڵی ١٩٨٤ وه هه‌موو به‌هارێک وه‌کو چۆن مارێکی سڕبوو له به‌هاراندا له کو‌نه‌که‌ی دێته ده‌ره‌وه، ئه‌وانیش به‌نیازی له‌ناوبردنی گریلاکان ده‌ست ده‌که‌ن به خۆیان وته‌نی ئۆپراسیۆنی سه‌ربازی، ئه‌وه بیستوسێ ساڵه هه‌مان قه‌وان لێده‌ده‌نه‌وه به‌ڵام نه‌ک سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ست نه‌هێناوه به‌ڵکو هه‌موو به‌هارێک کۆمه‌ڵیک کوژراو و سه‌قه‌ت ده‌که‌نه دیاری ده‌ستیان بۆ کۆمه‌ڵگای تورکی، کۆمه‌ڵگایه‌ک که له‌سه‌ر بنه‌مای ناسیۆنالیستیه‌کی به‌رچاو ته‌نگ و شۆفینزم بنیات نراوه. دونیا هه‌مووی به‌ره‌و گۆڕان ده‌چێت به‌ڵام تورک هێشتا خه‌ون به ئیمپراتۆریا عوسمانییه‌وه ده‌بینن، هه‌رچه‌نده عوسمانییه‌کان سه‌دان قات له ده‌وڵه‌تی تورکیایی ئێستا و جه‌نراڵه‌کانیان مرۆڤ تر بوون، ئاخر ته‌نها شه‌رتی عوسمانییه‌کان موسڵمان بوون و دانی باج و سه‌رانه به سوڵتانه‌کان بووه، ڕاسته له‌بنه‌وه هه‌وڵی به تورک کردنی گه‌لانی تریان ده‌دا، به‌ڵام بۆ نمونه ددانییان به نه‌ته‌وه‌ی کورد دا ده‌نا و ناوی کورد و کوردستان قه‌ده‌غه نه‌بوو، هه‌ر هیچ نه‌بێت تا بیروباوه‌ڕی ناسیۆنالیستی ئه‌وروپایی نه‌گه‌یشتبووه نێو عوسمانییه‌کان، به‌تایبه‌تیش تا سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بیسته‌م.
له‌م ڕۆژانه‌دا سه‌رۆکی "هه‌رێمی" کوردستان کاک مه‌سعوود بارزانی له کۆڕێکدا ده‌رباره‌ی تورکیا گوتی" کێشه‌ی تورکیا کێشه‌ی که‌رکووک و پارتی کرێکارانی کوردستان نییه، به‌ڵکو کێشه هه‌بوونی گه‌لێکه" و له ته‌له‌فزیونی ئه‌لعره‌بیه‌شدا وتی "ئه‌گه‌ر تورکیا ده‌ست بخاته نێو کاروباری که‌رکووکه‌وه ئێمه‌ش ده‌ست ده‌خه‌ینه نێو کاروباری ئامه‌د (دیاربه‌کره‌وه)". ئیتر له‌و ڕۆژه‌وه تورکیا به جه‌نراڵ و سیاسه‌تمه‌دار و سه‌رۆک و وه‌زیر و ڕاگه‌یاندنیانه‌وه به‌ربوونه‌ته وێزه‌ی کورد و سووکایه‌تی کردن به کاک مه‌سعوود، به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ سنوورێکی ئه‌خلاقی بۆ قسه‌کانیان دابنێن. ئێستاش کاتی ئه‌وه هاتووه که کورد

به‌یه‌ک ده‌نگی له‌به‌رانبه‌ر تورکیادا هه‌ڵوێست وه‌ربگرن، ئه‌مه‌ش به‌مانای بانگه‌شه‌ی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕنا، چونکه کورد له‌هه‌موان زیاتر زه‌ره‌ر ده‌کات له شه‌ڕێکی به‌ربڵاودا، به‌ڵکو ده‌بێت کورد به‌یه‌ک هه‌ڵوێستی فشار بخنه سه‌ر ده‌وڵه‌تانی گه‌وره به‌تایبه‌تی ئه‌مریکا که سنوورێک بۆ تورکیا دا‌نێت و ڕاسته‌وخۆ دانووساندن له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستان بکه‌ن وه‌کو لایه‌نێکی کێشه‌که، مه‌گه‌ر بۆ بۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا حه‌ڵاڵ بێت داوا له کۆندیلیزا ڕایس بکات که سنوورێک بۆ مه‌سعوود بارزانی دابنێت به‌ڵام بۆ کورد ڕه‌وا نه‌بێت داوا بکات که سنوورێک بۆ ئه‌وان دابنێن، ئه‌و شکاته‌ی عه‌بدوڵڵا گول نیشانه‌ی بێده‌سته‌ڵاتیانه و ناتوانن له‌کاتێکدا که ئه‌مریکا گیرۆده‌ی شه‌ڕیی ناوخۆی عێراق بووه هێرش بکه‌نه سه‌ر باشووری کوردستان، ڕه‌نگه ئه‌وان هه‌ندێک هێرشی سنووردا بکه‌نه سه‌ر گریلاکان به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه خۆیان زه‌ره‌ر ده‌که‌ن، چونکه ئیمڕۆ گریلاکان له ده‌رسیم و سه‌ر ده‌ریای ڕه‌ش که شه‌سه‌د کیلۆمه‌تر له سنووری باشووری کوردستانه‌وه دووره، چالاکی ده‌که‌ن، ئه‌مه جگه له‌و هێزه گه‌وره مه‌ده‌نییه‌ی که ڕۆژانه به چالاکییه دیموکراییه‌کانیان تورکیایان ته‌نگه تاو کردووه و ئاوا بڕوات زیندانه‌کانی تورکیا جێگایان نابێته‌وه مه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌رگای سنووری کوردستان بنووسن زیندانی هه‌میشه‌یی.
به‌هار له‌دوای به‌هار ده‌روات و نه‌ته‌وه‌یی کورد وه‌کو گه‌لێک هه‌ر ماوه و ده‌شمێنێت، تورکیا یان ده‌بێت کێشه‌ی کورد به ڕێگای ئاشتی چاره‌سه‌ر بکات یانیش چاره‌نووسی له چاره‌نووسی یوگسلاڤیای کۆن باشتر نابێت. پاراستنی باشوور و حوکوومه‌ته‌که‌ی به هه‌موو که‌موکوڕییه‌کانه‌وه، واجبێکی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌خلاقییه نه‌ک ته‌نها له‌لایه‌ن کورد خۆیه‌وه به‌ڵکو هه‌موو مرۆڤایه‌تییه، ئه‌مه‌ش پێویستی به یه‌کیه‌تییه‌کی نه‌ته‌وه‌یی نێو ماڵی کورد هه‌یه و ده‌بێت ئه‌و ئاشتییه‌ی که ئه‌مڕۆ له نێو پارته سیاسییه‌کاندا هه‌یه بپارێزرێت و بکرێته ده‌روازه‌یه‌ک بۆ یه‌کییه‌تیه‌کی کوردستانی به‌ربڵاو.
تێبینی: له ڕۆژنامه‌ی ئاسۆدا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.