کورد و هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا و چه‌ند سه‌رنجێک
کاوه ئه‌مین
به‌شی یه‌که‌م
له دوای هه‌ڵبژاردنه‌کانی تورکیا له سالێ ٢٠٠٢، دوای ئه‌وه‌ی کوردانی باکووری کوردستان نه‌یانتوانی نوێنه‌ر بنێرنه نێو په‌ره‌له‌مانی ئه‌و وڵاته، چه‌ند وتارێکم نووسی(له ئینه‌ته‌ر‌نێتدا بڵاومکرده‌وه) تێدایدا هه‌وڵم دا له دوای باکگراوندێکی مێژووی بۆ ده‌وڵه‌تی تورکیا، باسی شکست و تاکتیکه‌کانی کوردان و ئه‌گه‌ره‌کانی داهاتوو بکه‌م. وه‌ک ده‌بین له مانگی داهاتوودا هه‌ڵبژاردن بۆ په‌ر‌له‌مانی تورکیا ده‌کرێت بۆیه ئێستا دوای ده‌ستکاریکردن و زیاد کردنی چه‌ند به‌شێک له نووسینه‌که‌م، ده‌مه‌وێت له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کان و ئه‌گه‌ره‌کان، هه‌ندێک سه‌رنج و تێبینی خۆم بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ران.
به کۆتایی هاتنی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌م،گه‌لێک ده‌سته‌ڵاتی سیاسیش کۆتای‌یان هات له‌وانه ئیمپراتۆریه‌تی عوسمانی، که نفوسی ده‌سته‌ڵاتی سیاسی و کو‌لتووریی په‌لیان هاویشتبوو بۆ گه‌لێک ده‌ڤه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست تا ده‌گاته باکووری ئه‌فریقا. هه‌روه‌ک له کتێبه مێژوویه‌کاندا هاتووه،که تورکه‌کان له پرۆسه‌یه‌کی چه‌ند سه‌د ساڵیدا توانیان گه‌لێک ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست داگیر بکه‌ن. ساڵی 1543 نوخته‌ی وه‌رچه‌رخانی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی تورکان بوو، له‌وساڵه‌دا بوو که کۆسته‌نتینپۆل (ئه‌سته‌نبوڵی ئێستا) که‌وته ژێر ده‌ستی تورکه‌کانه‌وه و به‌وشێوه‌یه کۆتای‌یان هێنا به‌ده‌سه‌ڵاتی بێزه‌نتینه‌کان.
تورکه‌کان که له ڕه‌چه‌ڵه‌کی مه‌نگۆله‌کانن، توانیان سود له ئاینی ئیسلام وه‌ربگرن بۆ به‌ربڵاوکردنی ده‌سڵاتی سیاسی و ئابووری و کلتووری خۆیان، هه‌موو ئه‌مانه له ژێر سێبه‌ری داگیرکردن و به‌تورک کردنی گه‌لێک ناوچه له بالکانه‌وه بگره هه‌تا ده‌گاته ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست پیاده‌کران، به کوردستانیشه‌وه.
ده‌توانرێت بوترێت که تورک له‌دوای ( فارس و ئینگلیز) سێهه‌مین میلله‌تن که تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی چاکیان له گرتنه‌ده‌ستی ده‌سته‌ڵات و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵات دا هه‌بێت له‌ماوه‌ی ئه‌م پێنج سه‌د ساڵه‌ی دوایدا. له‌م نووسینه کورته‌دا ناکرێت که مێژووی عوسمانیه‌کان هه‌ر له‌وکاته‌ی که‌ده‌سته‌ڵاتیان گرته، بگێرینه‌وه، نه‌کات بواری ئه‌وه ده‌دات و نه مه‌به‌ستی منیش ئه‌وه‌یه.
ئه‌تاتورک ( مسته‌فا که‌مال) که له‌سه‌ر ئه‌سل و فه‌سڵی ئه‌و پیاوه، گه‌لێک ڕاوبۆچوون هه‌ن، له‌سه‌ر که‌لاوه‌کانی ده‌وڵه‌تی عوسمانی تورکیای ئێستای بنیات نا و گۆرانکاریه‌کی زۆری له‌سیسته‌می سیاسی و چڤاکی ئه‌و وڵاته‌دا کرد که ڕاسته‌وخۆ نیوه‌ی کوردستانیشی به خاک و نه‌ته‌وه‌وه گرته‌وه. گۆرینی ئه‌لفه‌بێتی عه‌ره‌بی بۆ ڕۆمی یاخود لاتینی، قه‌ده‌غه‌کردنی له‌چکه و گۆرینی ساڵی هیجری بۆ میلادی و ناچارکردنی پیاوان به‌کردنه‌سه‌ری شه‌پقه‌ی ئه‌وروپی له‌جیاتی ته‌ربوشی میسری، هه‌ندێک له‌و گۆرانکاریانه بوون که ئه‌تاتورک پێیان هه‌ستا. له‌ساڵی ١٩٢٣– ١٩٢٤ پارتی کۆماری گه‌ل (CHP)ی دامه‌زراند که له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٣ نۆڤه‌مبرای ٢٠٠٢ دا، ١٩ ده‌رسه‌دی ده‌نگه‌کانی به‌دستهێناو بووه یه‌کێکه له‌و دوو پارته‌ی که توانیاین له‌مپه‌ری ١٠ ده‌رسه‌د ببڕن بۆ ناو په‌ڕله‌مان.
نابێت ئه‌وه‌ش له‌بیر بکرێت که گه‌لی کورد له‌سه‌ره‌تای دروستکردنی ده‌وڵه‌تی نوێ‌دا واته تورکیای ئێستا ده‌ستیان هه‌بووه و هاوکاری ئه‌تاتورکیان کردووه. کورده‌کان ئه‌وکاته و ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت به به‌ڵێن و درۆکانی تورکه‌کان هه‌ڵخه‌ڵتان، کاتێکیش ده‌وڵه‌تی نوێ توانی له‌سه‌ر پای خۆی بووه‌ستێت، هه‌موو شتێک که بۆنی کورد و کوردستانی لێده‌هات قه‌ده‌غه کرد، له‌وانه زمانی کوردی که تائێستاش به‌قه‌ده‌غکراوای ماوه‌ته‌وه وه‌کو زمانی خوێندن و په‌یوه‌نی ئیداری و بازرگانی و سیاسی.
پارتی کۆماری وه‌کو تاکه پارتی مایه‌وه تا ساڵی ١٩٤٦ که جه‌لال بایار له پارته‌که جیابووه و پارتێکی به ناوی(پارتی دۆموکراتی) دامه‌زران و پاشان پێگه‌ی جه‌ماوه‌ری له‌ناو گوندنشینه‌کاندا په‌یداکرد ، ئه‌وه سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی که پارتیه‌کی کۆنه‌خواز بوو به تێروانینی ئیسلامیه‌وه.
له‌ساڵی ١٩٥٠ سیسته‌می فره پارتی له تورکیادا ڕێگای بۆ کرایه‌وه و پارتی دیموکراتی سه‌که‌وتنێکی له‌جۆری ئاک پارتی(پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان) به‌ده‌ستهێنا و (بایار) بوو به سه‌رۆک کۆمار و (ئه‌دنان مه‌نده‌یرسیش) به سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا، ئه‌وه بوو پارته‌که‌ی ئه‌تاتورک بوو به ئۆپۆزسیۆن به ڕابه‌رایه‌تی ئیسمه‌ت ئینینۆ که به‌ره‌چه‌ڵه‌ک کورد بوو. ئه‌م سه‌رکه‌وتنه‌ی بایار رێگای بۆ ته‌وژمه ئیسلامیه‌کان کرده‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی تر له‌گۆره‌پانی سیاسه‌تدا ده‌ستبه‌کارببنه‌وه.
دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م و دابه‌شبوونی جیهان به‌سه‌ر دوو بلۆکی کۆمۆنیستی که سۆڤیه‌ت ڕابه‌رایه‌تی ده‌کرد له‌گه‌ڵ بلۆکی سه‌رمایه‌داری ڕۆژئاوایی که ئه‌مریکا ڕابه‌رایه‌تی ده‌کرد، کێشمه کێشمی ده‌سته‌ڵات تاده‌هات په‌ره‌ی ده‌سه‌ند. تورکیا به‌هۆی هه‌ڵکه‌وتنی جێگای ستراتیجی و جوگرافیایی تا ده‌هات گرنگی زیاتر ده‌بوو به‌تایبه‌ت بۆ ئه‌مریکا له‌به‌رانبه‌ری سۆڤیه‌تی جاراندا، هه‌مانکات ته‌وژمی چه‌پگه‌رایی (کۆمۆنیستی) له ساڵانی سه‌ره‌تای شه‌سته‌کاندا تورکیاشی گرته‌وه ئه‌وه‌ش بووه هۆی نیگه‌رانی سوپای تورکیا. ئه‌مه سه‌ره‌رایی ئه‌وه‌ی که پارتی دیموکراتی تا ده‌هات به‌ره‌وه تاک ڕه‌وی و دیکتاتۆری ملی ده‌نا. ساڵی ١٩٦٠ یه‌که‌مین کوده‌تای سه‌ربازی له کوماره‌که‌ی ئه‌تاتورکدا کرا.
١١ساڵ دوای ئه‌وه بۆجاری دووه‌م سوپا خۆی له کاروباری سیاسی تورکیا هه‌ڵقورتانده‌وه و ده‌سته‌ڵاتی گرته ده‌ست. له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو کوده‌تایه‌دا خه‌ڵکانی تری وه‌کو سلێمان دیمراڵ که بووه سه‌رۆکی پارتی ڕێگای راست له‌ساڵی ١٩٦٤ تا ١٩٨١ که میراتگری پارتی دیموکراتی بوو، هاتنه سه‌ر شانۆی سیاسی تورکیا و له‌ساڵی ١٩٩٣ دا بوو به سه‌رۆک کۆماری تورکیا.
له‌ساڵی١٩٧٠ به‌دواوه تورکیا گه‌لێگ گۆرانکاری به‌سه‌ردا هات، ته‌نها شتێک که‌وه‌ک خۆی مایه‌وه سیاسه‌تی ده‌وڵه‌ت بوو به‌رانبه‌ر کێشه‌ی کورد که ساڵ له‌دای ساڵ نکۆڵی لێده‌کرا. ساڵی ١٩٧٤ باکووری قوبرس له‌لایه‌ن سوپای تورکیا وه داگیرکرا، تورکیا تووشی قه‌یرانێکی ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی قوڵ هات له‌ژێر کاریگه‌ری کێشه‌ی نه‌وت له جیهاندا و هه‌ڵهپه‌ساردنی یارمه‌تیه دراویه‌کانی ئه‌مریکا بۆ ئه‌و وڵاته وه‌ک ناره‌زایی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر داگیرکاریه‌که‌ی تورکیا.
ساڵی ١٩٨٠ تورکیا خۆی له ناخۆشترین ڕۆژه‌کانی دا ده‌بینیه‌وه. له ١٢ ئه‌یللولی ١٩٨٠، جارێکی تر جه‌نراله‌کانی تورک کوده‌تایه‌کی سه‌ربازیان به‌رپاکرد، هه‌زاران که‌س خرانه به‌ندیخانه‌کانه‌وه، باری نائاسای به‌تایبه‌ت له باکووری کوردستان به‌شێوه‌یه‌کی دڕندانه ڕاگه‌یندرا، ئازادی چاپه‌مه‌نی و کۆبوونه‌وه‌ی کۆڕوکۆمه‌ڵه‌کان قه‌ده‌غه‌کران، ئه‌م باره ناهه‌موواره له تورکیادا تا سێ ساڵ درێژه‌ی کێشاو، له‌باکووری کوردستانیش به‌شێوه‌ی جۆراو جۆر تائێستاش هه‌ر به‌رده‌وامه.
ساڵی ١٩٨٣ جه‌نراڵه‌کان ڕه‌زامه‌ندیان بۆ هه‌ڵبژاردنی سڤیل دا، به‌ڵام ڕێژه‌ی له‌مه‌په‌ری چوونه ناو په‌رله‌مان کرا به ١٠ ده‌رسه‌د، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی ڕێگاگرتن له هاتنه ناوه‌وه‌ی کورده‌کان و ئیسلامیه‌کان.
پارته‌که‌ی تورکوت ئۆزال (پارتی نیشتمانی دایک) سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وره‌ی به‌ده‌ستهێنا له هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٩٨٣ دا، ٤٥ ده‌رسه‌دی ده‌نگه‌کانیان به‌ده‌ست خست و توانیان حکومه‌ت دامه‌زرێنن و ئۆزال به‌رده‌وام بوو له‌سه‌ر سیاسه‌تی ڕیفۆرمخوازی ئابووری که پێشتر وه‌ک وه‌زیری ئابووری ده‌ستی پێ‌کردبوو. پێویسته ئه‌وه‌ش بوترێت که گه‌لی کورد له‌هه‌موو که‌س زیاتر دوچاری ئازار و ئه‌شکه‌نجه‌ی جه‌نراله‌کان بووه‌وه له ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵه‌ی که جه‌نراڵه‌کان به‌ڕه‌سمی حوکومی وڵاتیان ده‌کرد. دڕنده‌ترین شێوه‌ی ئه‌شکه‌نجه ڕوبه‌روی زیندانیه‌کان کرایه‌وه، به‌تایبه‌تی زیندانی ئامه‌د (دیاربه‌کر) کرایه ئه‌شکه‌نجه‌خانه‌یک بۆ وڵاتپارێزان و ناسێۆنالیسته کورده‌کان. ڕێژیم ده‌یوسیت به‌و شێوه‌یه گه‌لی کورد چاوترسێن بکات و زیندانیه‌کانیش به‌چۆکدا بهێنێت. له‌ساته‌وه‌ختێکی واد له نه‌ورۆزی ساڵی ١٩٨٢ دا شادره‌وان ( مه‌زلوم دۆغان ) ئاگری له‌جه‌سته‌ی خۆی به‌رداو بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی داگیرکه‌رانی تورک و جه‌ساره‌تدان به زیندانیانیه نیشتمانپه‌ره‌وه‌ره‌کانی کورد. به‌داخه‌وه تا ئێستاش له پارچه‌کانی تری کوردستاندا له باره‌ی ئه‌و گیانبازیه‌ی مه‌زڵوم و هاوڕێکانی که‌م شت وتراوه.
درێژه‌ی هه‌یه...
تێبینی: ئه‌م نووسینه، به‌ش به‌ش له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ) دا بڵاوده‌کرێته‌وه، به‌شی یه‌که‌می له ژماره‌ی ١٠/٦ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.