ڕۆژی ٣ نۆڤێمبه‌ری ٢٠٠٢، وه‌ک ڕۆژێکی گرنگ له مێژووی نوێی تورکیا دا، تۆمار ده‌کرێت. خه‌ڵکی ئه‌و وڵاته و باکووری کوردستان له‌ڕێگای ده‌نگه‌کانیانه‌وه، سیسته‌می سیاسی تورکیایان له بنه‌وه هه‌ڵته‌کاند، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی که پارته نه‌ژادپه‌رست و مافیاکان، که چه‌ندین ساڵ بوو نوێنه‌ریان له په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته هه‌بوو، فرێدارنه ده‌ره‌وه، به‌شێوه‌یه‌ک که پارتێکی وه‌کو(DSP)ی ئه‌جه‌وید نه‌ک نه‌یتوانی له‌مپه‌ری ١٠ ده‌رسه‌د ببڕێ، به‌ڵکو بوو به پارتێکی هیچ له بارا نه‌بوو، واته ١،٢ ده‌نگه‌کانیان به‌ده‌ستهێنا له به‌رانبه‌ر ٢٢% ده‌نگه‌کانی ساڵی ١٩٩٩، ئه‌مه‌ش هه‌روه‌ک ئه‌جه‌وید دانی پێدانا، خۆکوژی بوو. هه‌مان

کات سوکایه‌تیش بوو بۆ ئه‌جه‌وید خۆی وه‌کو سیاسییه‌ک. به بڕوای گه‌لێک له شاره‌زایانی سیاسی و چاودێران، له‌ماوه‌ی ئه‌و سێ ساڵ و نیوه‌ی حکومڕانیدا هه‌رسێ قوتابیه‌که‌ی که‌مالیزم( باخچه‌لی و ئه‌جه‌وید و مه‌سعود یه‌ڵماز)، تورکیایان دوچاری قه‌یرانێکی سیاسی و ئابووری و چڤاکی وا کردبووه‌وه، که هه‌موو هه‌وڵه نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوخۆیه‌کان نه‌یانتوانی ئه‌و وڵاته له کێشه‌کانی ڕزگاربکه‌ن، بۆیه به‌ناچاری ملیان به هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خت دا.
هه‌روه‌ک ده‌زانین که هه‌ڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٩ له‌که‌ش و هه‌وایه‌کی یه‌کجار جیاوازدا کرا، ئه‌وه‌بوو که تورکیا توانی به‌هۆی دۆسته‌کانیه‌وه سه‌رۆکی (پ. ک. ک) عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان، ده‌ستگیر بکه‌ن، ئه‌مه‌ش بووه هۆی وروژاندنی هه‌ستی شۆڤێنی تورک به‌شێوه‌یه‌ک که هه‌موو شتێکیان فه‌رامۆش کرد و، دژایه‌تی کورد بووه خاڵی سه‌ره‌کی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن به‌شێوه‌یه‌ک پارتێکی ڕه‌گه‌ز په‌رستی وه‌کو(MHP) توانی نزیکه‌ی ١٨ ده‌رسه‌دی ده‌نگه‌کان به ده‌ست بهێنێت.
ساڵی ١٩٩٥ یه‌کێک له دروشمه‌کانی تانسۆ چیله‌ر بۆ هه‌ڵبژاردن ئه‌وه بوو" هه‌موو ده‌نگێک بۆ پارته‌که‌ی گولله‌یه‌که و ده‌نرێت به پ‌ک‌ک وه)، تورکیش نه‌یا‌ن کرده نامه‌ردی ڕووی ڕاسته‌قینه‌ی خۆیان نیشاندا و هه‌موو ئه‌و پۆخڵاواته سیاسیانه‌یان ڕه‌وانه‌ی ناو په‌رله‌مان کرد. به‌ڵام ده‌نگی پارتی لایه‌نگری کوردان(هاده‌پ) له‌چاو ژماره‌ی کوردان و به‌ره‌وپێش چوونی کێشه‌ی کورد هه‌ر وه‌کو خۆی مایه‌وه، ئه‌گه‌رچی(ده‌هاپ که به‌ره‌یه‌ک بوو هاده‌ب له‌گه‌ڵ پارته چه‌په تورکییه‌کاندا پێکیان هێنا) له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٠٠٢ دا، بوو به پارتی شه‌شه‌م، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌ش له‌به‌رچاو بگیرێت که له‌ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا لاوانی مێرمنداڵ، ته‌مه‌نیان گه‌یشتۆته سه‌روی ١٨ و مافی ئه‌وه‌یان هه‌بووه که ده‌نگ بده‌ن، بۆه‌یه ده‌بوو ژماره‌ی ده‌نگه‌کانی هاده‌پ له زیادبوون بووایه.
له‌هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٩٥ و ٩٩ دا، هاده‌پ زیاتر سیمایه‌کی کوردانه‌ی پێوه دیاربوو وه‌ک له هه‌ڵبژاردنی ٢٠٠٢ دا.
هاده‌پ بۆ ئه‌وه‌ی بیسه‌لمێنێ که پارتییه‌که، بۆ برایه‌تی گه‌لان هه‌وڵده‌دات و پارتێک نییه که ته‌نها کورد له ئامێز ده‌گرێت، هه‌ستان به دروستکردنی به‌ره‌یه‌ک له ژێر ناوی(ده‌هاپ) دا، ئه‌و پارتانه‌ی که هاده‌پ له‌گه‌ڵیاندا به‌ره‌ی پێکهێنا، چه‌ند پارتێکی چه‌پ و رادیکاڵ بوون، که هیچ پێگه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ریان له‌ناو تورکیا و باکووری کوردستاندا نه‌بوو، به‌ڵکو زه‌قکردنه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی چه‌پایه‌تی و کۆمۆنیستی وایکرد که گه‌لێک له‌و ده‌نگانه‌ی که ده‌بوو بدارانه‌یه‌ته هاده‌پ بدرێن به پارته ئیسلامی و کۆنه‌پارێز و ته‌نانه‌ت فاشیسته‌کان. خاڵێکی تری که(ده‌هاپ) خۆی نه‌کرد به‌خاوه‌نی زمانی کوردی بوو، که له‌گه‌ڵ بانگاشه‌کانی ئه‌و پارته‌دا نه‌ده‌گونجا، له‌لایه‌ک داوای ئازادی زمانی کوردیان ده‌کرد و که‌مپینی ناسنامه‌یان ده‌خسته گه‌ڕ، به‌ڵام له خۆپیشاندانه مه‌زنه‌که‌ی شاری دیاربه‌کر به تورکی قسه‌یان بۆ خه‌ڵک کرد، باشه پارتیه‌ک به ملیون خه‌ڵکی له پشتبێت، ده‌بێت له‌چی سڵبکاته‌وه، ئه‌مه له‌کاتێکدا که چاوی یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا له‌سه‌ر تورکیایه و په‌رله‌مانی ئه‌و وڵاته‌ش بۆ خۆنزیککردنه‌وه له یه‌کیه‌تی ئه‌وروپا، "قه‌ده‌غه‌یان" له‌سه‌ر زمانی کوردی هه‌ڵگرتووه. به‌چاو لێکردن له ژماره‌ی ده‌نگده‌رانی ده‌هاپ له کوردستان و تورکیادا، ئه‌وه‌مان به چاکی بۆ ده‌رده‌که‌وێت که تورک نه‌ک هه‌رده‌نگیان نه‌داوه به ده‌هاپ، به‌ڵکو ئه‌وهۆکارانه‌ی باسم کردن وایان کردووه که به‌شێکی کوردیش ده‌نگیان پێ نه‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش ده‌کرێت گه‌لێک ته‌فسیر هه‌ڵبگرێت، من پێم وایه که گه‌لی کورد وه‌کو ناره‌زایه‌تی ده‌هاپیان فه‌رمۆش کرد.
ئه‌و ده‌نگانه‌یشی که هینابوویان له شاره تورکییه‌کان ده‌نگی ئه‌و کورده ئاواره و ماڵکاولکراوانه بوو که به ناچاری کۆچبه‌ری شاره گه‌وره‌کانی تورکیا بوون. بۆ نموونه یه‌که‌م که‌س له لیستی پالێوراوانی (ده‌هاپ) له ئه‌سته‌نبوڵ، کابرایه‌کی کۆمۆنیستی تورک بوو به ناوی(میهری بێلی)، که شه‌ش مانگ له ستۆکهۆلم و شه‌ش مانگیش له ئه‌سته‌مبوڵ به‌سه‌ر ده‌بات. لێره‌دا ده‌بێت له سه‌رکردایه‌تی ده‌هاپ بپرسین، باشه به‌چ هه‌قێک، کوردی ئاواره و برسیکراو و گوند کاولکراوی کورد له ئه‌سته‌نبوڵ ده‌نگی خۆیان بده‌ن به‌و ئاغایه، پاشان ده‌رکه‌وت که ئه‌م کابرایه وه‌کو گورگه و له پێستی مه‌ڕدایه و که‌مالیستێکی چه‌پی ئایره بیستوچواره.
خاڵێکی تری گرنگ که ئیمڕۆ بووه‌ته دیارده‌یه‌کی جیهانی و کێشه‌یه‌کی سیسته‌می دیموکراتییه، ئه‌ویش ده‌نگ نه‌دانی خه‌ڵکه، وه‌ک ده‌بینین له ٢٥% ئه‌وانه‌ی که هه‌قی ده‌نگدانیان هه‌بووه له کوردستاندا، ده‌نگیان نه‌داوه، بۆ نموونه له دیاربه‌کرد نزیکه‌ی
(٦٤٠) هه‌زار که‌س هه‌قی ده‌نگدانیان بووه به‌ڵام ته‌نها (٤٢٠) هه‌زار ده‌نگیان داوه، ئه‌مه له‌کاتێکدا که له نه‌ورۆز و مه‌تینگه‌کانی تردا ژماره‌یه‌کی یه‌کجار زۆرتر به‌شداری ده‌که‌ن. ئه‌مه‌ش ئه‌وه ده‌گه‌یه‌نێت که یان ئه‌وه‌تا به‌شێک له گه‌لی کورد، ده‌نگه‌کانیان به هێند وه‌رناگرن که مافێکی دیموکراتی هه‌موو تاکێکه و بنگه‌یه‌کی سیسته‌می دیموکراتیه، یان ئه‌وه‌تا به‌ڵێنه‌کانی ده‌هاپیان به دڵ نه‌بووه و خۆیان له‌و به‌ره‌یه‌دا نه‌بینیوه‌ته‌وه.
خاڵێکی تری گرنگ که پێشتریش ئاماژه‌م پێ‌کرد و ڕێبوار که‌ریم وه‌لیش، له سه‌رنه‌که‌وتنی ده‌هاپ دا ده‌یبینێته‌وه "نه‌بوونی ئینتیمای نه‌ته‌وه‌یی" بوو، هه‌مانکات ئینتیمای دینیش تا ئێستایش له‌ناو کورد ڕه‌واجی زۆره، به‌ڵام پێده‌چێت ده‌هاپ له‌به‌ر برا کۆمۆنیسته‌کانی تورک فه‌رامۆشیان کردبێت. له‌هه‌ڵبژاردندا ده‌نگ هه‌رده‌نگه جا ئه‌و ده‌نگه هی" مه‌لایه‌ک، کۆمۆنیستێک، سه‌رۆکێک، پرۆفیسۆرێک، نه‌خوینده‌وارێک و هه‌روه‌ها"، بێت، هه‌ر به ده‌نگێک حسابه. لایه‌نێکی جوانی دیموکراتیش ئه‌وه‌یه که ده‌نگه‌کان هه‌موویان وه‌کو یه‌کن، بۆیه ناکرێت بکرێنه قوربانی ئایدۆلۆژیای کوێر و لاڵ، یاخود پارتی پێشره.
ده‌هاپ له ١٣ پارێزگای کوردستان(ئاگری، دیاربه‌کر، باتمان، بتلیس، ده‌رسیم، ئیغدیر، قارس، ماردین، موش ،سیرت، شیرناخ، وان، هه‌کاری) پارتی یه‌که‌م و له پارێزگای
(ئورفا و بینگول) پارتی دووه‌م و له(ئه‌دیه‌مان و عه‌نتاب و ئه‌رزروم) پارتی سێیه‌م بوو له هه‌ڵبژاردنه‌کانی ٢٠٠٢ دا. هه‌مان کات دوو پارتی براوه‌ی ناو په‌رله‌مان واته (پارتی عه‌داله‌ت و گه‌شه‌پێدان) و (پارتی کۆماری گه‌ل) واته ئه‌و پارته‌ی که ئه‌تاتورک بنیاتی ناوه، ملیۆن و نیوێک ده‌نگیان له کوردستاندا هێناوه‌ته‌وه. ئایا ئه‌م نه‌تیجه‌ی هه‌ڵبژاردنه ئه‌وه ناهێنێت که گه‌لی کورد و هاده‌پ به‌چاوێکی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه به‌هه‌موو دروشم و چالاکیه‌کاندا بچنه‌وه و، ئه‌و به‌ره پیرۆزه‌ی ده‌هاپ هه‌ڵوه‌شێنرێته‌وه و هاده‌پ ببێته پارتێکی کوردی که هه‌موو چین و توێژه‌کانی کۆمه‌ڵی کورده‌واری له مه‌لا و کۆمۆنیست و دیموکرات و نه‌ته‌وه‌یی بگرێته‌خۆی و، ده‌ستنیشانی هه‌ڵاکانی بکات. هه‌روه‌ک ده‌بینین له‌تورکیادا چی زۆره پارتی تورکی زۆره، ئیتر چ پێویست بوو ده‌هاپ خۆی بکاته به کوێخای تورکان له‌کاتێکدا "هیچ" تورکێک گوێی لێناگرێت.
ئه‌و خاڵانه‌ی که له‌سه‌ره‌وه ده‌ستنیشانم کردن وه‌کو سه‌رنه‌که‌وتنی ده‌هاپ له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا، ده‌کرێت خاڵی تریشیان لێ زیاد بکرێت وه‌کو نادیموکراتی بوونی تورکیا و فشاری سوپا و پۆلیس و جاشه‌کان له کوردستاندا، به‌ڵام خاڵی هه‌ره‌سه‌ره‌کی، فه‌رامۆشکردنی کێشه نه‌ته‌وه‌یه‌کانی گه‌لی کورد و تێکه‌ڵکردنی کارته‌کان و ڕه‌چاونه‌کردنی تایبه‌تمه‌ندیه‌کانی ناوچه هه‌رێمیه‌کانی کوردستان بوو. ئه‌گه‌ر هه‌ڵبژاردن له‌دوای هه‌ڵبژاردن کورد له‌ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانی تورکیادا بمێنێته‌وه، ده‌بێت چاوێک به هه‌موو کێشه‌که‌دا بخشێنرێته‌وه، بۆ نموونه نیشتمانپه‌روه‌رانی کورد له جیاتی ئه‌وه‌ی وه‌کو ئه‌ندامی پارتیه‌ک به‌شداری بکه‌ن، ده‌توانن وه‌کو سه‌ربه‌خۆ خۆیان کاندید بکه‌ن، سیسته‌مه‌ی کاندیی سه‌ربه‌خۆ، ئێستا له‌گه‌لێک له وڵاتانی ئه‌وروپاش تاقیکراوه‌ته‌وه، کورد که به دوای ئازادی‌دا سه‌رگه‌ردان بووه ده‌بێت له هه‌موو ده‌رگایه‌ک بدات.
درێژه‌ی هه‌یه...
تێبینی: به‌شی سێیه‌می ئه‌م نووسینه له رۆژنامه‌ی (ئاسۆ)، رۆژی ١٦/٦ دا بڵاوکراوه‌ته‌وه
.