مافی مرۆڤ له کوردستاندا

کاوه ئه‌مین
جاران که ڕێکخراوێکی مافی مرۆڤی جیهانی ڕاپۆرته ساڵانه‌کانی خۆیان بڵاوده‌کرده‌وه و تاوانه‌کانی داگیرکه‌رانی کوردستانیان ده‌ستنیشان ده‌کرد، شاگه‌شکه ده‌بووین، ئه‌وه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی که به‌ڵکو خوایه وڵاتانی جیهان هه‌ر هیچ نه‌بێت ئه‌وانه‌یان که دیموکراتی تێیاندا باڵا ده‌سته، قسه‌یه‌کی خێر بۆ کورد بکه‌ن و فشار بخه‌نه سه‌ر ئه‌و ده‌وڵه‌تانه که که‌مێک له تاوانه‌کانیان به دژی کورد که‌م بکه‌نه‌وه. هه‌موومان له‌سه‌ر ئه‌وه هاوڕاین که ده‌بێت تاوانبارانی به‌عس ڕاپێچی دادگا بکرێن له پای ئه‌و هه‌موو تاوانانه‌ی ده‌رهه‌ق نه‌ته‌وه‌که‌مان کردویانه، کام زیندانی سیاسی هه‌یه له به‌ندیخانه‌کانی به‌عسدا ئه‌شکه‌نجه نه‌درابێت و سووکایه‌تی به خۆی و که‌سووکاری نه‌کرابێت. کاتێک کاک عه‌لی بچکۆل باسی قاره‌مانێتی خاڵه شیهابی بۆ گێڕاینه‌وه له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)دا و باسی سه‌ججان و ئه‌شکه‌نجه‌ده‌ره‌کانی بۆ کردین، کام ویژدان هه‌یه له‌به‌ر ده‌م ئه‌و هه‌موو ئازایه‌تی و قاره‌مانێیتیه‌ی زیندانه سیاسییه‌کانمان به‌چۆکدا نه‌یه‌ت و سه‌ری ڕێزیان بۆ نه‌وی نه‌کات؟
به‌ڵام مخابن، ئێستا خوا خوامانه که کاتێک ڕێکخراوه‌کانی مافی مرۆڤ باسی تاوانه‌کانی زیندان و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ ده‌که‌ن، باسی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان نه‌که‌ن که ئێستا خۆی ئه‌و تاونانه ده‌کات، ئه‌وه‌یش له‌به‌ر ئه‌وه نا که وه‌ک نه‌عامه سه‌ری خۆمان بخینه نێو گڵه‌وه به‌و حسابه‌ی که که‌س نامانبینێ، به‌ڵکو به‌و هیوایه‌ی که شتی وا له کوردستاندا ڕوونه‌دات و یاسا سه‌روه‌ر بێت، هه‌ر وه‌ک چۆن بووته بنێشته خۆشه‌ی نێو زاری ده‌سته‌ڵاتدارانی کورد، که ڕاستییه‌که‌یشی وا نییه.
ڕۆژی ٣/٧ رێکخراوی مافی مرۆڤ Human rights watch (HRW)، له ڕاپۆرتێکدا باسی ده‌ستگاکانی ئاسایش له کوردستاندا ده‌کات که چۆن به شێوه‌یه‌کی سیسته‌ماتیک ئه‌شکه‌نجه‌ی ئه‌وانه ده‌ده‌ن که گومانیان لێ ده‌کرێت سه‌ر به ڕێکخراوه تیرۆریستییه‌کان بن، له زیندانه‌کانی کوردستاندا هه‌مان میتۆدی زه‌مانی به‌عس تاقیده‌کرێته‌وه، تا ئێستا چه‌ند جارێک ڕۆژنامه‌کانی کوردستان په‌رده‌یان له‌سه‌ر ئه‌و تاوانه هه‌ڵداوه‌ته‌وه. دیاره ئه‌مه به‌و مانایه نییه که چاو له تیرۆریستان بپۆشرێت، به‌ڵکو ده‌بێت ئه‌وانه‌ی که ده‌گیرێن له رێگای دادگاوه سزایان بدرێت و ئه‌گه‌ر که‌سێکیش بێ‌تاوان بێت و ته‌نها له‌سه‌ر حسابی گومان بگیرێت ده‌بێت داوای لێبووردنی لێ بکرێت، هه‌روه‌ها قه‌ره‌بووی هه‌موو زیانێکی که لێی که‌وتووه بۆ بکرێته‌وه. تیرۆریستان ماسی له ئاوی لێڵدا ده‌گرن، ئاخر ئه‌و ناعه‌داله‌تییه‌ی که له کوردستاندا هه‌یه و گه‌نده‌ڵی و دوور که‌وتنه‌وه‌ی به‌رپه‌رسان له خه‌ڵک وا ده‌کات که خه‌ڵک نارازیی بێت و تیرۆرستانیش که‌ڵک له‌و ناعه‌داله‌تییه وه‌ربگرن و یاری به ئه‌قڵی لاوانی کورد بکه‌ن.
کورد که خۆی قووربانی ده‌ستی داگیرکه‌ران بووه، نا بێت په‌نا بۆ هه‌مان میتۆدی ئه‌وان به‌رێت، ده‌نا ده‌بێت هه‌موو ساڵێک چاوه‌ڕوانی ئه‌وه بین که ناوی کورد له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌دا ریزبکرێت که به ساڵانه کورد خۆی داد و بێدادیه‌تی به ده‌ستیانه‌وه. تکایه ده‌رگای زیندانییه‌کان له وانه بکه‌نه‌وه که به بێ‌تاوان گیراون و ئه‌وانه‌یشی که تاونباران مه‌حکه‌مه بکه‌ن و وه‌ک مرۆڤ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ بکه‌ن، با کولتووری به‌عس له ڕه‌گوڕیشه‌وه ده‌ربهێنین، نه‌ک به ده‌ستی خۆمان زیندووی بکه‌ینه‌وه.
تێبینی: له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ)دا، بڵاوکراوه‌ته‌وه.