
بۆ یادی مامۆستا مه‌سیح ئه‌سکه‌نده‌ر
کاوه ئه‌مین
زۆرن ئه‌وانه‌ی که ژیانی خۆیان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان ته‌رخان ده‌که‌ن و هه‌موو عومری خۆیان بۆ زانست و په‌روه‌رده‌کردنی نه‌وه‌کانی گه‌له‌که‌یان پێشکه‌ش ده‌که‌ن، به‌ڵام به داخه‌وه به حه‌سره‌ته‌وه سه‌رده‌نێنه‌وه و وه‌کو پێویست قه‌ردی خزمه‌ته‌کانیان ناگیرێ، ئاخر مامۆستا گۆران وتنه‌ی "دیاره قه‌دری سه‌نعه‌تکار له ناو قه‌ومی به‌سیتدا، وه‌کو عه‌کسی قه‌مه‌ر وایه له‌ناو ئاوێکی لیخندا". یه‌کێک له‌و مامۆستایانه‌ی که سه‌دان خوێندکاری پێگه‌یاندووه مامۆستای کۆچکردوو مامۆستا مه‌سیح ئه‌سکه‌نده‌ره که له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا له شاری سلێمانی کۆچی دوایی کرد. مامۆستا مه‌سیح جگه له‌وه‌ی مامۆستایه‌کی شاره‌زا بوو له بواری کیمیادا، هاوکات که‌سێکی نیشتیمان په‌ره‌وه‌ر و قسه‌خۆشیش بوو. خوێندکارێکی مامۆستا بۆی گێڕامه‌وه، کاتێک سه‌رۆک مسته‌فا بارزانی کۆچی دوای کرد له ١/٣/١٩٧٩ دا ئه‌و ڕۆژه بۆ مامۆستا مه‌سیح ڕۆژێکی پر له خه‌م و ناخۆشی بووه هه‌ر بۆیه ڕۆژێک وانه به خوێنکاره‌کان ناڵێته‌وه و به‌و شێوه‌یه ده‌یه‌وێت له کۆچی سه‌رکرده‌یه‌کی کورددا، هاوخه‌می خۆی نیشان بدات، دیاره ئه‌وه به‌و مانایه نییه که مامۆستا مه‌سیح پاریی بوو بێت چونکه بۆ مامۆستا وه‌ک زۆر که‌سی تر بارزانی سه‌رکرده‌ی کورد بوو نه‌ک حزبێک، ڕه‌نگه زۆرجاری دیکه‌یش له ڕۆژانی نه‌هه‌ماتی کورد و ئه‌و تاوانانه‌ی که به‌دژی نه‌ته‌وه‌کی کراون هه‌مان هه‌ڵوێستی نیشان دابێت.
من یه‌کێک بووم له‌و خوێندکارانه‌ی قوتابخانه‌ی ناوه‌ندی ئازادی کوڕان له سلێمانی که شانسی ئه‌وه‌م به‌نسیب بوو که ئه‌و هێژایه وانه‌ی کیمیام پێ بڵێته‌وه هه‌ر بۆیه به بیستنی کۆچی دوایی دڵگران بووم و ده‌مه‌وێت به‌م چه‌ند دێره هاوخه‌می خۆم له‌گه‌ڵ که‌سووکار و هه‌موو ئه‌وانه‌ی که ڕۆژێک مامۆستا مه‌سیح ده‌رسی پێ وتوونه‌ته‌وه و له‌یادیان نه‌چووه، ده‌رببڕم.
یه‌کێک له‌و قسه خۆشانه‌ی که مامۆستا مه‌سیح له کاتی وانه‌ی کیمیادا و له تاقیگه ساده‌که‌ی قوتابخانه کردبووی و خوێنداکارێکی مامۆستا بۆی گێرامه‌وه ئه‌وه‌یه: کاتێک مامۆستا باسی ترشه‌ڵۆکی ئه‌سید ده‌کات، یه‌کێک له خوێندکاره‌کان ناوی حه‌سه‌ن و خه‌ڵکی به‌رزنجه که ناوه‌ندی شێخایه‌تییه ده‌بێت، مامۆستای نه‌مر ڕووی تێده‌کات و به پێکه‌نینه‌وه ده‌ڵێت یاشێخ نه‌که‌ی ده‌ست بخه‌یته ناو ئه‌و شووشه‌یه‌وه، ئاخر ئه‌مه کیماییه و شێخ و مێخ ناناسێت به خوا تۆێخێک له ده‌ستت ده‌کاته‌وه.
به‌داخه‌وه یان من نه‌مبینی یانیش هیچ دا‌و ده‌ستگا و به‌رپرسێکی ئه‌و وڵاته له ڕۆژنامه‌یه‌کدا دوو دێریان بۆ وه‌فاتی مامۆستا نه‌نووسی، جگه له کاک دوکتۆر به‌رهه‌م ساڵح که له ڕۆژنامه‌ی (ئاسۆ) دا پرسه‌یه‌کی ئاڕاسته‌ی که‌سووکاری مامۆستا کردبوو، ئاخر ده‌بوو وه‌کو که‌سایه‌تیه‌کی زانستی و نیشتیمانپه‌ره‌وه‌رێکی گه‌وره هه‌واڵی کۆچی دوایی مامۆستا له لاپه‌ڕه‌ی زۆرێک له ڕۆژنامه‌کاندا بڵاو بکرایه‌ته‌وه به تایبه‌تی له شاری سلێمانی. که‌سایه‌تی له جۆری مامۆستا مه‌سیح به‌ئاسانی جێگایان پر نابێته‌وه. وه‌کو بیستیشم پرسه‌که‌شی به سارد و سڕی له کلێسای (ماری یوسف) له سلێمانی به به‌شدارای هه‌ندێک له هاوڕێکانی به‌ڕێوه چووه. مامۆستا له ماوه‌ی ژیانیدا که له ساڵی ١٩٣٢ یانیش ١٩٣٣ له‌دایک بووه، ژنی نه‌هێنابوو و له دوای خۆی منداڵی به‌جێنه‌هیشتووه، به‌ڵام ژماره‌یه‌کی زۆر له خوێندکارانی شاری سلێمانی له لای مامۆستا سه‌رداوێک له کیمیا فێر بوون.
یادی مامۆستا مه‌سیح و هه‌موو ئه‌و سه‌ربازه ونانه‌ی که به بێ پاداشت ژیانی خۆیان بۆ نه‌ته‌وه‌که‌یان ته‌رخان کرد و ده‌که‌ن به‌خێر بێت، مامۆستا ئه‌گه‌رچی به ئاین مه‌سیحی بوو به‌ڵام کوردێکی نیشتیمانپه‌روه‌ر بوو بۆیه دڵنیام وه‌کو مام هه‌ژاری نه‌مر ده‌ڵێت: له‌و دنیاش بۆ کورد تێهه‌ڵده‌چێته‌وه.
تێبینی: له ڕۆژنامه‌ی (میدیا) ی ڕۆژی ٢٤/١٠ بڵاو کراوه‌ته‌وه.