دوکتۆر چێگڤارا
نووسینی: ماگنووس کارلسۆن
وه‌رگێڕانی له سوێدییه‌وه: کاوه ئه‌مین
پێشکه‌شه: به یادی چل ساڵ تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر شه‌هید بوونی چێگڤارا دا
ئه‌فسه‌ر ماریو تێران (Mario Terán) خۆبه‌خشانه خۆی ناونووس کرد، ئه‌و ده‌یویست تۆڵه‌ی چه‌ند
هاورێیه‌کی بکاته‌وه، که کوژرا بوون. به په‌شۆکاویه‌وه له نزیک ئه‌و قوتابخانه ساده‌یه‌ی که ده‌که‌وته لاهیگویرا، که چه‌ند بوتڵه ویسکیه‌کی لێ فرێدرابوو، چاوه‌روانی ده‌کرد. به‌رپرسه‌که‌ی ، فلیکس ڕۆدرێگوێز، به‌سه‌ر ڕاوه‌شاندنێک،

ئه‌مری پێ‌کرد که ده‌سته‌بکار بێت.
تۆرین، به‌ره‌و تاریکایه‌که ڕۆیشت. ته‌ماشای ئه‌و پیاوه‌ی کرد که دانیشتبوو و قاچه‌کانی به‌یه‌که‌وه نوساندبوو. ئه‌م پیاوه به‌شێکی زۆری ژیانی له ناو جه‌نگه‌ڵدا به‌سه‌ر بردبوو: پیس و پۆخڵ و ڕیش هاتوو و قژێکی درێژ.
کاتێک تاریکایه‌که پاش که‌مێک ڕوناک بووه‌وه پیاوه‌که وتی:" من ده‌زانم تۆ بۆ ئه‌وه هاتوی که بمکوژیت". ئه‌و وشانه وایان له تۆرین کرد له‌پرێکدا دوودڵ بێت و چه‌ند هه‌نگاوێک بکشێته‌وه، دوای ئه‌وه پیاوه‌که به‌ده‌نگێکی مێرانه‌وه وتی: " بم کوژه، ترسنۆک، تۆ ته‌نها مرۆڤێک ده‌کوژیت".
تۆرێن، به تفه‌نگه ئۆتۆماتیکیهM-2 یه‌که‌ی مشتی لێگرته‌وه و چاوی نوقاند و ته‌قاندی. لاشه‌که که‌وته سه‌ر زه‌وی. لاشه‌که ئه‌له‌ریه‌وه. لێی چووه پێشه‌وه و چه‌ند گولله‌یه‌کی تری پێوه‌نا، هه‌موو شت ئارام بووه‌وه.
تۆرین به ڕه‌نگ هه‌ڵپروزکاوی و شڵه‌ژاوییه‌وه، هاته ده‌ره‌وه. دوو که‌س له هاورێکانی کارلۆس پێریز و پریڤاتا کابریرۆ، چوونه ژووره‌وه و هه‌ریه‌که و گولله‌یه‌کیان به لاشه بێگیانه‌که‌وه نا. ئه‌وه وه‌کو تۆڵه‌کردنه‌وه‌یه‌ک وابوو بۆیان.
که‌مێک له سه‌عات سێ لای دابوو و ڕۆژی یه‌کشه‌مه‌ی 9 ی ئۆکتۆبه‌ری 1967 بوو، ڕوداوه‌که له ڕۆژهه‌لآتی بۆلیڤیا ڕویدا.
لاشه‌ی بێ‌گیانی کابرایان هێنایه ده‌ره‌وه و به ده‌سته‌به‌ره‌یه‌که‌وه به‌ستیانه‌وه و ئه‌ویشیان به پایه‌ی هه‌لکۆپته‌رێکه‌وه به‌سته‌وه که به‌خێرای به‌ره‌و نزیکترین جێگا، ڤالیگراندا،که‌وته ڕێگا.
که هه‌لیکۆپته‌ره‌که نیشته‌وه جه‌نازه‌که‌یان برد بۆ خه‌سته‌خانه‌ی(Nuestro Señor de Malta) قه‌شه‌یه‌کی ژن، سوسانا ئۆسیناگا، جله‌کانی له‌به‌ر جه‌نازه‌که داکه‌ند؛ قه‌مسه‌ڵه‌یه‌ک و پانتۆڵێک، کڵاوێکی ڕه‌ش که ئه‌ستێره‌یه‌کی سووری پێوه دورابوو، سێ جوت گۆره‌وی و جلی ژێره‌وه. لاشه‌که‌یان شت و قژیان داهێنا و قاتێک بیجامه‌ی خه‌سته‌خانه‌یان له به‌رکرد.
ڕیشیان بۆ جوان کرد. مه‌به‌ست له‌م کارانه ئه‌وه بوو که جه‌نازه‌که جوان بکه‌ن. ئه‌ویش بۆ ئه‌وه‌ی که‌س گومانی نه‌مێنێت له‌وه‌ی که ئه‌و جه‌نازه‌یه کێیه. جه‌نازه‌که‌یان له به‌شی شتنی خه‌سته‌خانه‌ک دانا.
ئاگاداری بۆ ڕاگه‌یاندنێکی چاپه‌مه‌نی، بلآوکرایه‌وه. وێنه‌یان له‌هه‌موو له‌شی گرت، له جێگای گولله‌که‌ی سه‌ر ده‌موچاوی، لاشه‌که به نیوه چاوکراوه‌ی ڕاکێشرابوو و به‌بێ جوڵه وه‌کو ئه‌وه‌ی زه‌رده‌خه‌نه گرتبێتی. وه‌کو ئه‌وه وابوو که جه‌نازه‌که به چاوێکی به‌خشنده‌ییه‌وه له بکوژه‌کانی بڕوانێت و پێیان بڵێت ئه‌وه‌ی بۆ ئامانجێکی خۆی بمرێت له‌و دنیاش ئازار نادرێن.
مه‌به‌ستی چه‌ته‌کان ئه‌وه بوو که به‌و په‌ڕی دڵنیاییه‌وه پیشان بده‌ن، که ئه‌وان له چالاکیه‌که‌یاندا سه‌رکه‌وتوو بوون.
ئه‌وان (چیگڤارا) یان کوشتبوو، قاره‌مانێک به‌و ته‌مه‌نه کورته‌ی که به‌سه‌ری برد، به‌و کاره‌یان شه‌هیدێکیان به‌دنیا هێنا. ئه‌و وێنانه‌ی که خێرا به هه‌موو جیهاندا بلآوکرانه‌وه ئه‌وه‌ی نیشانده‌دا که پاشان به"مه‌سیح له ڤالاگراندا" ناوزه‌د کرا، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌ک بوو بۆ په‌رستنی بتێک که تا ئێستاش ده‌په‌رسترێت.
هه‌ڵه‌ی زۆر زه‌ق کران. ئه‌وان وایان بلآوکرده‌وه که چیگڤارا له شه‌ڕدا کوژراوه، به‌لآم ئه‌و دوکتۆره‌ی که لاشه‌که‌ی فه‌حسکردبوو، ئبراهه‌م باپتیسا و خوسێ کاسۆ، ئه‌وه‌یان ده‌ستنیشان کرد که ئه‌گه‌ر وابێت جێگای گولله‌کان شتێکی سه

رسوڕهێنهرن. ئه‌وان ڕایانگه‌یاند ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌وان (ده‌وڵه‌ت) گولله‌یان به لاشه‌یه‌کی بێگیانه‌وه ناوه. ئه‌و قسانه په‌رده پۆش کران، به‌لآم زۆری پێنه‌چوو که ڕاسته‌یه‌کان ئاشکرابوون.
له 5 فێبروه‌ری 1968 دا گۆڤاری ئه‌مریکی ڕامپارتس مه‌گه‌زین، ڕوداوه‌که‌ی به‌و شێوه‌یه گێرایه‌وه.
براکه‌ی چیگڤارا، ڕۆبه‌رتۆ، به خۆی و کۆمه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووسه‌وه خۆی گه‌یانده جێگاکه، بۆ ئه‌وه‌ی لاشه‌که‌ی بناسێته‌وه. به‌ڵام پێیان وت که لاشه‌که‌ی سوتێنراوه و کراوه‌ته خۆڵه‌مێش، درۆیان ده‌کرد.
چیگڤارا، نه‌خشه‌کێشی سه‌رکه‌شی کردن، شۆڕش و فه‌ناتیزم بوو. هه‌موو جیهان ئه‌مه ده‌زانێت. مڕۆڤ ده‌توانێت له ناخی خۆیدا ئه‌و وێنه کلاسیکه ببینێت: ده‌موچاوێکی جددی و چاوه گه‌شه‌کانی، کلآوه‌که‌ی که ئه‌سێره‌یه‌کی پێوه دورابوو، قژ و ڕیشێکی دانه‌هێنراو.
ئیحتیمالی ئه‌وه که‌مه که خه‌ڵکێک بزانن چیگڤارا، دوکتۆریش بووبێت. جێگای سه‌رنجه که ئه‌و پیاوه‌ی که چه‌ندین ساڵ له جێگا سه‌خت و شوێنه سه‌رکه‌شه‌کاندا شه‌ڕی کرد، که‌چی له ولآته‌که‌ی خۆی ئه‌رجه‌نتین، کاتێک خۆی ناونووس کردبوو بۆ خزمه‌تی سه‌ربازی، لێی خۆشبووبوون. ئه‌ویش به‌هۆی نه‌خۆشییه‌وه. له‌م نووسینه‌دا ئه‌و لایه‌نه شاراوانه‌ی چیگڤارا ده‌خرێنه به‌ر باس و لێکۆڵینه‌وه.
دایک و باوکی، به‌دنیا هاتنی چیگڤارا
له ڕاستیدا چیگڤارا ناوی Ernesto Guevra Lynch d e la Serna بووه، له 14 یونی 1928 له شاری ڕۆساریۆی ئه‌رجه‌نتین له دایک بوو.
له بیگورافیه‌کدا(ئه‌ندیرشۆن) ده‌ڵێت که که ئه‌و له ڕاستیدا له 15 مای له (دێ لا سێرنا) له‌دایک بووه، به‌لآم دایکی (Celia) داوای له دوکتۆره‌که‌ی که هاورێی خۆی بووه کردووه که ڕۆژی له دایک بوونه‌که‌ی بگۆرێت. ئه‌ویش به‌هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌و سکی سێ مانگان ده‌بێت که شوو به ئێرنستۆ چیگڤارا لینچ، ده‌کات، ئه‌و وای پێ باش ده‌بێت که وانیشان بدات که سکی دوو مانگانه. هه‌روه‌ها ئه‌و حه‌زی له ئه‌ستێره‌ناسی کردووه و ویستویه‌تی که مانگی "گا" به نسیبی کوڕه‌که‌ی بێت له‌جیاتی "جمک".
دایک و باوکی سه‌جه‌ره‌یه‌کی دوورودرێژی خزمایه‌تیان ده‌بێت و هه‌ردووکیان سه‌ر به چینی سه‌ره‌وه ده‌بن. باوکی سیلیا پرۆفیسۆر ده‌بێت له قانونناسیدا و ئه‌ندامی کۆنگریس و سه‌فیریش ده‌بێت. ئه‌و هێشتا له ته‌مه‌نێکی منداڵی‌دا ده‌بێت که باوک و دایکی سیلیا کۆچی دوای ده‌که‌ن.
کاتێک ئه‌و چاوی به ئێرنستۆ چیگڤارا لینچ ده‌که‌وێت، تازه‌کی له خوێندنگای تایبه‌تی کچانی Sacre Coeur
buensos Ariesده‌رچوو بوو. ئێرنستۆش باکگراوندێکی بۆرژوازی ده‌بێت. خێزانه‌که‌ی ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌بن به‌لآم به‌هۆی بێشانسیه‌وه زۆربه‌ی سه‌روه‌ته‌که‌یان له‌ده‌ست ده‌ده‌ن.
ئه‌و کاته‌ی ئه‌وان یه‌کتریان ناسیبوو، تازه ده‌سته‌به‌رداری خوێندی ئه‌ندازیاری ببوو، خه‌ریکی بنیاتنانی شه‌ریکه‌یه‌کی به‌له‌م دروستکردن بوو. به‌ڵام ماوه‌یه‌کی که‌می نه‌برد که له‌ویش ماندوبوو، پلانه‌کانی به‌ره‌و ئاراسته‌یه‌کی تر برد و وازای هێنا. توشی نه خۆشی"Clondyke-feber" –جۆره تایه‌که - بوو، که ئه‌و سه‌رده‌مه بڵابوو. (ڕواندنی Matêجۆره چایه‌که له پارێزگای مسیۆنینس).
ئه‌وان له 10 نۆڤێمبه‌ری 1927 زه‌ماوه‌ندیان کرد و سیلیا شاگه‌شکه ببوو، دژایه‌تی بیری سه‌رله‌نوێ دامه‌زراندنه‌وه‌ی نه‌کرد. ئه‌مه نه‌بووه ئه‌و ڕێگا ئاسانه‌ی که به‌ره‌و ژیانێکی خۆشیان به‌رێت، وه‌ک ئه‌وه‌ی ئه‌وان بیریان لێکردبووه‌وه. به‌داخه‌وه سه‌رنه‌که‌وتنیان ته‌نها شتێکی ناوازه نه‌بوو له مه‌ڕ داهاتووی ئه‌و پرۆژه‌یه‌یی که ئێرنیستو خۆی بۆ ته‌رخانکردبوو.
له ساڵی 1929 که سیلیا بۆ جاری دووه‌م سکی پڕبوو، گه‌ڕانه‌وه بۆ بیۆنیس ئایریس. ئه‌وان له خانویه‌کی ساکاردا ژیانیان ده‌بره‌ده سه‌ر و، سه‌رله‌نوێ ئێرنیستۆ ده‌ستی به به‌له‌م دروستکردن کرده‌وه. له دیسیمبه‌ردا کچێک‌یان بوو، که ناویان نا سیلیا. منداڵی یه‌که‌میان به ناوی باوکیانه‌وه ناونابوو، چی له‌وه عادلانه‌تر ده‌بێت. له ماڵه‌وه نازناوی ئێرنیستۆ جر "تیتێ" بوو.
جارێکی تر باری خراپی ئابووری به‌رده‌رگای پێ‌گرتن. ئه‌و جێگایه‌ی که به‌له‌میان لێ‌دروست ده‌کرد، سووتا. بۆ به‌دبه‌ختی ئه‌وان، بیه‌میان(ته‌ئمین) نه‌کردبوو، ئێرنیستۆ چیگڤارا لینچ، بێ چاره مابوو. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که ئه‌و خێزانه ژیانی خۆیان به چالاکی هه‌مه‌جۆره‌وه به‌بێ نیگه‌ران بوون، درێژه پێدا.
کاره‌ساتی مه‌له‌کردن
2 مای 1930 سیلیا، کوڕه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات و ده‌چێت بۆ مه‌له‌کردن، ئاخر ئه‌و زۆر حه‌زی له مه‌له‌کردن بوو، له پاڵ گردێکدا له(ئیسدیرۆ) له نزیک شاره‌که‌یان.
پاش که‌مێک هه‌وا به‌ره‌و خراپی ده‌چێت و ده‌بێت به با و بۆران، سه‌رما ده‌ست پێده‌کات. ئێرنیسۆ دوای مه‌له‌کردنه‌که ئاره‌ق ده‌کاته‌وه. شه‌وی دوایی ده‌ست ده‌کات به کۆکه‌یه‌کی سه‌خت و دوکتۆر دێننه سه‌ری. ئه‌و ده‌ڵێت که ئیلتیهابی کردووه و ده‌رمانی بۆ ده‌نووسێت، به‌ڵام به‌ره‌وه باشی ناڕوات.
کۆکه‌که‌ی به‌شه‌و و به‌ڕۆژ درێژه‌ی ده‌بێت و تادێت هه‌ناسه‌ی قورس‌تر و سیخه‌سیخی سنگی، دایکی به‌چاکی نیشانه‌کانی ده‌ناسییه‌وه، چونکه ئه‌و بۆ خۆی له گه‌نجێتیدا دووچاری هه‌مان نه‌خۆشی ببوو. ئه‌و وه‌کو ڕۆژ لێی ڕوون بوو که ئێرنیستۆ توشی ڕه‌بوو (ئاستما) بووه.
جارێکی تر که دوکتۆریان بانگرده‌وه، ئه‌ویش چووه سه‌ر بڕوای دایکی که "تیتێ" دوچاری ئاستما هاتووه. دوکتۆر ده‌رمانی تری بۆ نووسی، ئیتر ئه‌و نه‌خۆشییه هه‌تا مرد له کۆڵی نه‌بووه‌وه.
له ڕاستیدا ئه‌و کاته زه‌حمه‌ت بوو بزانرێت که چیگڤارا دووچاری نه‌خۆشیه‌کی سه‌ختی ئاستما،
نه‌خۆشییه‌ک که به درێژایی ژیانی ئازاری بدات و به‌شێوه‌یه‌کی به‌رده‌وام، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی به ده گولله ژیانی کۆتای پێدێت له بۆلیڤیا.
دایکی ویژدانی ئازاری ده‌دا، چونکه ئه‌و دوای مه‌له‌که دووچاری ئه‌و نه‌خۆشییه ببوو، که دایکی زۆری حه‌ز به مه‌له‌کردن ده‌کرد. به‌ڵام به گشتی خه‌ڵک تێگه‌یشتنی بۆ ئه‌و پێوه‌ندییه نزیکه‌ی نێوان ئه‌و دایک و کوڕه هه‌بوو.
باسی ئه‌وه ده‌کرێت که ئێرنیستۆ، ئیحساسی بۆ هیچ شتێک نه ده‌بزوت، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی فیدیل کاسترۆی بینی.
له مانگی مای 1932 منداڵێکی تریان بوو، ناویان نا ڕۆبه‌رتۆ.
"تیتێ" هه‌میشه به‌ده‌ست ڕه‌بووه‌که‌یه‌وه ده‌یناڵاند، دوکتۆرێک پێشنیاری ئه‌وه‌ی پێکردن که بگوێزنه‌وه بۆ ناوچه‌یه‌ک که هه‌وایه‌کی وشکتری هه‌بێت. ئه‌وانیش ناوچه‌ی (ئاڵتا گراسیایان هه‌ڵبژارد که ده‌که‌وته پارێزگای کۆردۆبا)، که ده‌که‌وته به‌رزایی 600 مه‌تری له دامێنی ئاندێرنا.
گه‌وره‌بوون و یاخیبوون
ئینرستۆ 15ساڵ ژیانی خۆی له‌و به‌شه‌ی ئه‌رجه‌نتیندا به‌سه‌ر برد. کاتێک ئه‌و ته‌مه‌نی ته‌نها سێ ساڵ بوو، دایکی فێری خوێندنه‌وه‌ی کرد. ئیتر ئه‌وه بووه ئاره‌زوویه‌ک و به‌شێک له ژیانی. ئیرنیستۆ زیاد له‌حه‌د ده‌یخوێنده‌وه، له ئه‌ده‌بیاته‌وه بیگره تا فه‌یله‌سوفی و بیوگرافی و شیعر، ئه‌و هه‌مووشتێکی هه‌ڵده‌لووشی. نه‌خۆشیه‌که‌ی ڕێگاگر بوو له به‌رده‌م مه‌کته‌به‌که‌یدا له دوو ساڵی سه‌ره‌تادا، دایکی کاروباری ده‌رس پێوتنه‌وه‌که‌ی له ماڵه‌وه درێژه‌پێدا. دوای ئه‌وه توانی له‌گه‌ڵ هاورێکانیدا به‌رده‌ام بێت.
چاکه ئه‌وه‌ش بوترێت که دایک و باوکی ئێرنیستۆ، عاشقی وه‌رزش بوون، سه‌ره‌ڕای نه‌خۆشیه‌که‌شی ئه‌وان هانی چیگڤارایان ده‌دا که به گوێره‌ی توانای وه‌رزش بکات. ئه‌و مه‌له‌ی ده‌کرد، به شاخدا هه‌ڵده‌گه‌ڕا، ئه‌سپ سواری ده‌کرد، پاشانیش بوو به یارکه‌رێکی باشی ڕوگبی(جۆره یاریه‌کی تۆپێنه). ئه‌مه‌ش هه‌ندێک جار ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی که ڕه‌بووه‌که‌ی به سه‌ختی بگرێت.
له ته‌مه‌نی 10 ساڵیدا فێری ئه‌وه بوو که کاتێک ڕه‌بووه‌که‌ی هێرشی بۆ دێنێت، بۆ خۆی ده‌رزی ئادره‌نالین له خۆی بدات (جۆره ده‌رزیه‌که به‌دژی ڕه‌بوو).
ئه‌و ساڵانه، ساڵانێکی پر ئه‌زموون بوون، پاشان دوو لایه‌نی که‌سایه‌تی گرنگ خۆیان به‌رجه‌سته ده‌که‌ن: سه‌رۆکایه‌تی و توانایی. که پاشان مرۆڤ له گرنگیان تێده‌گات.
ماڵه‌وه بۆ خۆی کاره‌کته‌رێکی تایبه‌تی هه‌بوو. دوو قانونی شه‌را‌فه‌تمه‌ندانه: میوانپه‌زێری و ئازادی. ئه‌مه‌ش مانای ئه‌وه بوو که ماڵه‌که‌یان دایمه جمه‌ی ده‌هات. خواردن له کاتی جودا جودادا، میوانداری که‌سایه‌تیه گرنگه‌کان. ئاخافتنی مه‌جازی و هه‌ندێک جار به بڵندی. سیلیا و مێرده‌که‌ی ژیانێکی خۆشیان به‌سه‌ر ده‌برد. منداڵه‌کانیشیان حه‌زیان له‌و جۆره ژیانه بوو و ژماره‌یه‌کی زۆر هاوڕێیان هه‌بوو.
ساڵی 1942 ئێرنستۆ، به‌پاس هاتوچۆی ده‌کرد، چونکه له‌و شوێنه‌ی ئه‌وانی لێ ده‌ژیان، خوێندنگای بۆ منداڵانی ته‌مه‌ن گه‌وره لێنه‌بوو.
ئه‌و به پاس ده‌چوو بۆ کۆردۆبا که 35 کلیۆمه‌تر له‌وێوه دووربوو. بۆ ئه‌وه‌ی ئاسانکاری ڕه‌وشه‌که بکه‌ن ماڵه‌که‌یان له به‌هاری 1943 دا چوو بۆ ئه‌و شاره.
له مای 1943 دوا منداڵیان له دایک بوو، کوڕێکێکیان بوو که ناویان نا خوان مارتین.
سکپڕبوونی سیلیا وه‌کو شتێکی فاجیعه وا بوو، بۆ هاورێکانی ئه‌و خانه‌واده‌یه. ده‌نگه‌ده‌نگی ڕۆژانه‌ی نێوان ئه‌و ژن و مێرده تا ده‌هات زیاتر گڕی ده‌ستاند و قیژه‌قیژ و یه‌کتر تاوانبارکردن. ئاگربه‌ستێکی کاتیان مۆرکرد.
دوو که‌س گرنگی زۆریان بۆ ئێرنستۆی لاو، هه‌بوو. ئه‌وانیش ئه‌لبه‌رتۆ گرانتۆ که که‌مێک له‌و گه‌وره‌تر بوو، ده‌ستی به خوێندی فارماکۆلۆگی(ده‌رمان) کرد له زانکۆی کۆردۆبا، ئه‌وی تریان ماریا دێل کارمێن فیریرا، که نازناوی "چیچینا" بوو، هاورێی قوتابخانه‌ی بوو له کۆلیجی ناشیوناڵ دیانفه‌ینز.
ئێرنیستۆ قۆناخی خوێندنی ئاماده‌یی له ساڵی 1946 ته‌واو کرد. ده‌ره‌جه‌کانی به‌رزو نزم بوون. ئه‌و له لیتراتۆر(ئه‌ده‌بیات) و فه‌یلسۆفیدا ده‌ره‌جه‌ی چاکی هێنابوو، ده‌ره‌جه‌ی فه‌ره‌نسی باشتر بوو له ئینگلیزی، به‌لآم زۆر باش نه‌بوو له ڕشته‌ی سروشتدا. ئێرنستۆ به فره لایه‌نه ناوده‌برا. ئه‌و له سه‌ره‌تاوه له‌شولارێکی باشی هه‌بوو به‌ڵام ئه‌و ڕه‌بوویه‌کی چڕ و سه‌ختی گرتبوو. ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که له سه‌ربازیی کردن ببه‌خشرێت، ئێرنیشتۆ ڕازیی بوو چونکه توانی به‌رده‌وام بێت له خوێندنه‌که‌ی.
به‌رنامه‌کانی پاشه‌ڕۆژی دیاری بوون. ئه‌و ده‌یوسیت ببێت به موهه‌ندیس، بۆ به‌شی پراکتیکیه‌که‌ی له پڕۆژه‌ی دروستکردنی ڕێگایه‌ک له کاردۆبا، دامه‌زرا. پاشان گواستیانه‌وه بۆ ڤیله‌ماریا، که 15 کیلۆمه‌تر له‌و شوێنه‌وه دووربوو.
ئێرنیستۆ له‌وێ کاری کرد تا خێزانه‌که‌ی له مارسی1947 گه‌ڕانه‌وه بۆ بوینس ئایرنس. دایک و باوکی بڕیاریاندا بوو جیاببنه‌وه و وه‌ک هه‌میشه‌ش باری ئابووریان له خراپیدا بوو.
ئه‌وان گواستیانه‌وه بۆ خانوویه‌ک که ه‌ی نه‌نکی ئێرنیسۆ بوو. نه‌نکی واته ئانا ئیسابیل، ته‌مه‌نی 96 ساڵ بوو. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئێرنیستۆ ته‌مه‌نی چوار ساڵان بوو که ئه‌و شوێنه‌یان به‌جێ هێشتبوو، به‌ڵام پێوه‌ندیه‌کی زۆر باشی له‌گه‌ڵ نه‌نکی هه‌بوو.
له مانگی مای هه‌مان ساڵدا نه‌نکی جه‌ڵده لێیداو که‌وته ڕه‌وشێکی خه‌ته‌ره‌وه. به ته‌لگراف ئێرنیستۆیان ئاگادار کرده‌وه و ئه‌ویش ده‌ستبه‌جێ گه‌ڕایه‌وه. ئه‌و 17 ڕۆژ به‌سه‌ر سه‌رییه‌وه بوو. کاتێکیش له کۆتایدا کۆچی دوایی کرد، ئیدی به‌هیچ شتێک دڵی نه‌ده‌د‌رایه‌وه. ئه‌وه‌ش بووه هۆی ئه‌وه‌ی که هه‌موو پلانه‌کانی سه‌روبن بکات.
خوێندن له بواری ده‌رماندا
ئێرنیستۆ وازی له‌وه هێنا که ببێت به موهه‌ندیس، بڕیاری دا ببێت به دوکتۆر. سێ هۆ وه‌کو به‌هانه‌ی ئه‌م بڕیاره‌ی باسیان لێوه ده‌کرێت:
کۆچی دوایی نه‌نکی، ئاره‌زوویه‌ک که ده‌یویست به شێوه‌یه‌کی پرۆفوشیناڵ یارمه‌تی مرۆڤ بدات. نه‌خۆشیه‌که‌ی دایکی. سیلسا چیگڤارا له 12 سیبتێمبه‌ری 1945 دا، گرێی شێرپه‌نجه له مه‌مکیدا دۆزرایه‌وه. هه‌روه‌ها ڕه‌بووه‌که‌ی خۆی. ئه‌و ده‌یویست ڕێگای باشتر بۆ چاره‌سه‌رکردنی ڕه‌بوو، بدۆزێته‌وه، دیاره به‌و هیوایه‌ی که له کۆتایشدا بنه‌بڕبکرێت.
ئه‌وکاته له کۆلیژی هه‌نده‌سه قبوڵکرابوو، به‌ڵام له یونی 1947 ، پێشکه‌شی کۆلیژی ده‌رمانسازی له زانکۆی بیرۆز ئایرس کرد.
ده‌ره‌جه‌کانی به‌شی ئه‌وه‌یان ده‌کرد و ده‌ستی کرد به خوێندنی ده‌رمان. ئه‌گه‌ر ئه‌و له سه‌ره‌تاوه به دڵ و گیان خوێندبێتی ئه‌وا ده‌بووه هۆی ئه‌وه‌ی که زوو خۆی بگۆڕێت.
ئه‌و زانیاریانه‌ی که له به‌رده‌ستدان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئاخۆ چۆن خوێندویه‌تی، جیاوازان. هاورێکه‌ی ڕیچاردۆ کاپۆس ده‌ڵێت که ئێرنیستۆ ده‌یتوانی 10-12 سه‌عات له کتێبخانه‌ی زانکۆ دا بمێنێته‌وه. هه‌رچی ئامۆزاکه‌شی فه‌رناردۆیه ده‌ڵێت ئه‌و ته‌نها بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که شه‌هاده‌که‌ی وه‌ربگرێت، ئه‌مه‌ش ڕاستیه‌که‌یه‌تی، چونکه ئه‌و که له کتێبخانه‌ی زانکۆ ماوه‌ته‌وه هه‌موو شتێکی خوێندۆته‌وه بێجگه له کتێبه ده‌رسیه‌کانی. ئاخر ئه‌و هه‌مان ئاره‌زوی جارانی بۆ خوێندنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بیات مابوو.
سه‌فه‌ر و خوێندن
له سه‌ره‌تای 1949 دا ده‌ستی به‌گه‌شتێک کرد که پاشان بووه به‌شێک له ژیانی. ئه‌و بۆ ماوه‌یه‌ک پشوویه‌کی وه‌رگرت له قوتابخانه و به سواری ماتۆڕ، بوینوس ئایرسی به‌جێ هێشت. ئه‌و نه‌یده‌ویست وه‌کو "گه‌شتکه‌رانی تر بکات، به‌ڵکو ده‌یویست خه‌ڵک بناسێت". مه‌به‌ستیشی له خه‌ڵک، هه‌ژاران و نه‌خۆش و په‌که‌وتووه‌کان بوو.
ئالێره‌دا مرۆڤ دڵسۆزی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌وی بۆ ده‌رده‌که‌وێت، که بوو به به‌شێک له ژیانی. گرنگه ئه‌وه بووترێت که ئرنیستۆ چیگڤارا له‌و ساڵانه‌ی خه‌ریکی خوێندن بوو هیچ نیشانیه‌کی وای نیشان نه‌دا که سه‌ری له سیاسه‌ت بخورێت.
سه‌فه‌ری یه‌که‌می به‌ره و باکووری ئه‌رجه‌نتین کرد و سه‌ردانی (خه‌سته‌خانه‌یه‌کی پێست)ی کرد له (سانفرانسیکۆ دێ دێچانێر)، بۆ یه‌که‌مین جار له‌وێ به چاوی خۆی ئه‌و که‌سانه‌ی ده‌بینی که به ئازاره‌وه ده‌تلانه‌وه.
له ساڵی 1950 دا، دایکی عه‌مه‌لیات کرا، چونکه سه‌ره‌تانه‌که‌ی لێی هه‌ڵدابووه‌وه. ئه‌مه وای له ئێرنیستۆ کرد که له‌ماڵه‌وه چه‌ند تاقیکردنه‌وه‌یه‌ک له‌سه‌ر ئاژه‌ڵ بکات. ئه‌و به هیوای ئه‌وه بوو که به‌ڵکو موعجیزه‌یه‌ک ڕووبدات و یارمه‌تی دایکی بدات، ئه‌مه‌ش کرده‌وه‌یه‌کی نه‌خۆشانه بوو. به‌ڵام ده‌کرێت وه‌کو نیشانه‌یه‌ک بۆ ئه‌و پێوه‌ندییه ڕۆحیه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ دایکیدا هه‌یبوو، چاوی لێبکرێت.
داویی خۆشه‌ویستی
له ئۆکتۆبه‌ری ساڵی 1950 دا، ئێرنیستۆ بانگهێشتن کرابوو بۆ زه‌ماوه‌ندێک، له شاره کۆنه‌که‌ی خۆی کۆردۆبا. له‌وێ هاورێکه‌ی "چیچینا"ی بینی و خۆشه‌ویستیه‌کی به‌تین له نێوانیاندا سه‌ریهه‌ڵدا. به‌ڵام ئێرنیستۆ گۆشه‌گیر بوو. ئه‌و ده‌یویست ئازاد بێت و، بتوانێت سه‌فه‌ر بکات، ئه‌و له‌و باوه‌ڕه‌دا بوو که ژنهێنانه‌که‌ی ئیحتیمالێکی که‌می هه‌یه. "چیچینا" سه‌ر به خانه‌واده‌یه‌کی ده‌وڵه‌مه‌ند بوو، چێگڤاراش خوێندکارێکی هه‌ژار بوو به خۆی و جله ساده و پێلاوه بۆیاخ نه‌کراوه‌کانیه‌وه.
ئه‌م خۆشه‌ویستییه له قاڵبی ڕۆمانتیکیدا مایه‌وه، به‌ڵام به ئیحتیمالێکی زۆر ئێرنستۆ بۆ یه‌که‌مین جار بوو هه‌ستی به‌خۆشه‌ویستیه‌کی جودا له‌وه‌ی که بۆ دایکی هه‌یبوو، ده‌کرد.
ئه‌و پایزه بێقه‌رابوو. به‌رده‌وام بوو له خوێندنه‌که‌ی و هه‌ر که بۆی هه‌ڵبکه‌وتایه سه‌ردانی کچه هاوڕێکه‌ی له کۆردۆبا ده‌کرد. جارێکی تر بیری ئازادی که‌وته‌وه و له دیسێمبه‌ری 1950 دا، وه‌کو سسته‌ر له که‌شتی بازرگانی ده‌ریایی.له‌گه‌ڵ گه‌میه‌کاندا به‌ره‌و به‌رازیل و خواروی ئه‌رجه‌نتین و ڕۆژائاوی هیندی، سوار بوو. ئه‌م کاره‌ی کارێکی سه‌رکه‌وتوو نه‌بوو، چونکه ئه‌و خه‌ڵکێکی که‌می ده‌بینی. ئاخر ئه‌و کاتێک خۆشحاڵ و ئاسوده بوو که له بوینوس ئایرس، خۆی ده‌بینیه‌وه، چونکه ده‌ورێکی تایبه‌تی ده‌بینی.
جارێکی تر سه‌فه‌ر
پاش ئه‌وه‌ی که چه‌ند کۆرسێکی خوێند، له ساڵی 1951 دا، جارێکی تر له یانیوه‌ری ساڵی 1952دا، که‌ڵکه‌ڵه‌ی سه‌فه‌رکردنی که‌وته‌وه سه‌ر. ئه‌مجاره‌یان هاوڕێکه‌ی ئه‌لبه‌رتۆ گرانادۆی له‌گه‌ڵ بوو. ئه‌م جاره‌یان نیازیی وابوو که هه‌شت مانگ بمێنێته‌وه.
ئه‌وان به ماتۆرێکی له جۆری (نۆرتۆن) ده‌ستیان به سه‌فه‌ره‌که‌یان کرد، که ناویان نابوو لاپۆدریساII.
یه‌که‌مجار به‌ره‌و خوارویی چیلی و پاشان به‌ره‌و باکوور. ماتۆره‌که‌یان هه‌قی ئه‌و ناوه‌ی نه‌بوو که لێیان نابوو، له سانتیاگۆ له کارکه‌وت. له ڕێگای تره‌وه درێژه‌یان به سه‌فه‌ره‌که‌یان دا به‌ره‌و بۆلیڤیا و پێرۆ.
ئێرنیستۆ ئه‌و هه‌له‌ی بۆ ڕه‌خسا که سه‌ردانی شوێنه گرنگه‌کانی ئینکای بکات، وه‌کو Cuzco، Machu، Picchu، ئه‌رکیولۆگی(زه‌ویناسی) یه‌کێکی تر بوو له‌و ئاره‌زوانه‌ی تری ئێرنیستۆ، بۆیه زۆر به‌بایه‌خه‌وه له‌و سه‌ردانه‌ی ده‌ڕوانی.
ئه‌و دوو هاوڕێیه، ماوه‌ی کورت کورت له خه‌سته‌خانه‌کاندا ده‌مانه‌وه. زۆر جار ڕه‌بووه‌که‌ی بۆ ده‌هات. پاشان درێژه‌یان به‌سه‌فه‌ره‌که‌یاندا به ناو کۆلۆمبیادا به‌ره و ڤه‌نزویلا.
ئه‌لبه‌رتۆ بڕیاریدا که له‌وێ بمێنێته‌وه، به‌لآم ئێرنیستۆ ده‌بوو بگه‌رێته‌وه بۆ بۆینوس ئاریس بۆ ئه‌وه‌ی خوێندنه‌که‌ی ته‌واو بکات.
هاوشاریه‌کی ئێرنستۆ داوه‌تی ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی له گه‌ڵیان بڕوات بۆ گواستنه‌وه‌ی ئه‌سپ، سه‌فه‌رێک که ده‌بوو بۆ یه‌ک مانگ له مه‌یامی بمێنێته‌وه. ئه‌وه یه‌که‌م سه‌فه‌ری بوو بۆ ئه‌مریکا. جارێکی تریش سه‌ردانی ئه‌مریکای کرد، ساڵی 1964، ئه‌و کاته که وه‌زیر بوو له کوبا و له کۆبونه‌وه‌ی نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کاندا، قسه‌ی کرد.
ئێرنستۆ ده‌بێت به دوکتۆر
له کۆتای ساڵی 1952 دا گه‌ڕایه‌وه بۆ بویرس ئایرس. به‌لآم خه‌یاڵی هه‌ر لای سه‌فه‌رکردن بوو. پێده‌چێت ئه‌و وه‌کو ڕۆحێکی نه‌سره‌وتوو، وابووبێت. به‌ڵام ده‌یویست جارێ خوێندنه‌که‌ی کۆتایی پێبهێنێت. هه‌ر ده‌یخوێند و ئیمتیحانی ده‌کرد. هاوکات ئه‌و خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه بوو له‌لای پرۆفیسۆر سه‌لڤادۆر پیسانی، له تاقیگای نه‌خۆشی حه‌ساسیه‌ت. سه‌رنجامه‌که‌ی به وتارێک کۆتایی هات به‌ناوی" Sensitization to pollen in guinea pigs via injecktions of orange extracts " ،که له Alergia دا بڵاو کرایه‌وه. دوکتۆر Salvador ده‌یویست له لای خۆی دایمه‌زرێنێ، به‌لآم ئه‌و ڕازی نه‌بوو.
له 12 یولی 1953 دا، شه‌هاده‌یی دوکتۆریی وه‌رگرت. شه‌ش ساڵ خوێندن که به‌هۆی سه‌فه‌ره‌کانییه‌وه به پچڕ پچڕی خه‌ریک بوو، کۆتایی هات. خۆشحاڵ و ڕازیی: نه‌خێر.
نامه‌یه‌کی بۆ هاوڕێ کچکه‌ی "چیچینا" ده‌نووسێت و پێی ده‌ڵێت، که ئه‌و مه‌به‌ستی ئه‌وه نییه که "خۆی به پیشه‌ی قه‌شمه‌ری دوکتۆرییه‌وه، زیندانی بکات ".
دوای وه‌زیفه‌که‌ی له کوبا، ساڵی 1956 له بیره‌وه‌ریه‌کانیدا ده‌نوسێت:" من بۆم هه‌بوو له‌به‌ینی جه‌واڵێکی پڕ له ده‌رمان یانیش پاکه‌تێک فیشه‌ک، هه‌ڵبژێرم. ئه‌گه‌ر هه‌ردووکیانم هه‌ڵگرتایه، قورس ده‌بوو. منیش پاکه‌ته فیشه‌که‌کم هه‌ڵگرت و جه‌واڵه ده‌رمانه‌که‌م دانایه‌وه".
دایک و باوکی هه‌وڵی ئه‌وه‌یان دا که ڕازی بکه‌ن بمێنێته‌وه. به‌ڵێنی کاریان پێدابوو. پیشه‌یه‌کی ڕێزلێنراو و پڕ ده‌رامه‌تی هه‌بوو. به‌ڵام بێهوده بوو! ئه‌و ده‌یوست بڕوات.
"له‌وه زیاتر مه‌گری ئه‌رجه‌نتینا"
پاش ئه‌وه، یه‌که‌سه‌ر خۆی بۆ سه‌فه‌رێکی تر کۆکرده‌وه. ئه‌و وای نیشان دا که سه‌فه‌ر ده‌کات بۆ ڤه‌نزوێلا و له نه‌خۆشخانه‌یه‌ک کار ده‌کات، له‌و جێگایه‌یی که هاورێکه‌ی ئه‌لبه‌رتۆ کاری تێدا ده‌کرد.
له‌گه‌ڵ هاورێیه‌که‌ی به ناوی سالیسا فیریر، جارێکی تریش شاره‌که‌ی خۆی به‌جێهێشت. ئه‌وان بلیتی شه‌مه‌نده‌فه‌ریان بڕی، به‌ره‌و لاپاز له بۆلیڤیا. ئێرنیستۆ ته‌مه‌نی 25 ساڵ بوو. ئه‌و ئیتر جارێکی تر نه‌ده‌گه‌ڕایه‌وه بۆ ئه‌رجه‌نتین. پاش ئه‌وه‌ی پێنج هه‌فته له وێ مانه‌وه به‌ره‌و پێرۆ که‌وتنه ڕێگا. ئێرنیستۆ جارێکی‌تریش سه‌ردانی ماچۆ پیچیوی کرد، زیاتر کاریه‌گه‌ری کرده سه‌ری. ئه‌و له‌باره‌ی ئه‌و جێگایه‌وه، نووسینێکی نووسی، پاشان له (پاناما) بڵاو کرایه‌وه.
ئه‌و دوو هاوڕێیه، درێژه‌یان به‌سه‌فه‌ره‌که‌یان دا به‌ره‌و (لیما) و له‌وێ خه‌ڵکێکی نوێیان ناسیی. ئێرنیستۆ گوێبیستی ناوی ژنێکی گه‌نجی پێرۆیی بوو که له تاروگه ده‌ژیا، له گواتیمالا ستی، به ناوی هیلدا گالدیا.له به‌نده‌ری(گوایاکویل)ه‌وه به‌ره‌و پاناما ستی به پاپۆر که‌وتنه ڕێ. له‌وێ هه‌موو ئه‌و کتێبانه‌ی که له‌گه‌ڵ خۆی هێنابونی و له‌سه‌ر ده‌رمان بوون، فرۆشتنی تا بتوانێت بلیتێکی ته‌یاره بکڕێت بۆ کۆسته‌ریکا. پاش ماوه‌یه‌کی کورت، ئێرنیستۆ به پیاده و سه‌یاره له دیسێمبه‌ری 1953 گه‌یشته گواتیمالا.
ئه‌و ده‌بوو هه‌شت مانگ له‌وێ بمێنێته‌وه، به‌لآم ئه‌و ماوه‌یه چاره‌نووس سازبوو بۆ ژیانی داهاتووی ئه‌و.
هیلدا گادیا
ئه‌و ژنه گه‌نجه پێرۆییه، به‌هۆی بیروبۆچوونه سیاسیه‌کانیه‌وه، وه‌کو په‌نابه‌رێک له تاراوگه ده‌ژیا. ئه‌و زۆر چالاکانه له ناو رێکخراوێکی کۆمۆنیستیدا کاری ده‌کرد به‌ناوی APRA ( Alianza Popular Revoucionária Americana ). ئه‌و له (Instituto de Fomenta de la Produccion)،کاری ده‌کرد و به‌وه خۆی ده‌ژیاند، له پایته‌خت، گواتیمالا ستی.
وه‌کو پێشتر وترا، ئێرنیستۆ له(لیما) و(پێرۆ) ناوی هیلدای بیستبوو. ئه‌وه ئه‌و کاته بوو که باسی ئه‌وه‌ی کردبوو که ده‌چێت بۆ گواتیمالا. ئامانجی چێگڤارا لێکۆلینه‌وه‌یه‌ک بوو له‌سه‌ر کلتووری (مایا).
چێگڤارا توانی هیلدا بدۆزێته‌وه و بۆ جاری یه‌که‌م له 20 دیسێمبه‌ری 1953 دا یه‌کتریان بینی.
پاشان هیلدا له نووسینێکدا نووسیبووی که ئه‌و هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه، کاردانه‌وه‌یه‌کی مه‌نفی له‌لا دروست بوو، له‌سه‌ر چێگڤارا. ئه‌و بۆ خۆشی نه‌یده‌زانی بۆچی؟ چونکه ئێرنستۆ زۆر به‌ڕێز و سه‌نگینانه هه‌ڵسوکه‌وتی ده‌کرد.
هیلدا باسی ئاره‌زووه‌کانی خۆی بۆ ئێرنیستۆ ده‌کات که چۆن حه‌زی له کولتووره کۆنه‌کانی هیندیه سوره‌کانی وه‌کو: ئینکا، مایا، ئازتیکر و هه‌روه‌ها بۆ زه‌ویناسیه. ئه‌وان ماوه‌یه‌کی دوورودرێژ له‌سه‌ر ئه‌ده‌بیات قسه ده‌که‌ن و هیلدا بۆی ده‌رده‌که‌وێت که ئێرنیستۆ زۆری خوێندۆته‌وه. تا ده‌هات زیاتر ئه‌وی له‌دڵدا جێگیر ده‌بوو. هیلدا بۆ خۆی ڕوناکبیر بوو، هه‌ر بۆه‌یه تاقه‌تی موناقه‌شه‌ی پڕوپوچی نه‌بوو.
وه‌کو دوکتۆر له گواتیمالا، به‌لآم ئه‌مجاره‌ش، نه‌خێر
ئێرنیسۆ له‌لای هیلدا ئه‌وه‌ی درکاندبوو که حه‌ز ده‌کات ماوه‌یه‌ک وه‌کو دوکتۆر کار بکات. هیلدا ژماره‌یه‌ک که‌سی به‌ده‌سه‌ڵاتی ده‌ناسی له‌ناویاندا وه‌زیری ئابووری پاز و، چه‌ند ئه‌ندامێکی کۆنگریسیان تێدا بوو.
ئه‌وانیش وه‌زیری ته‌ندروستیان پێ‌نیشان ده‌دا. ئێرنیستۆ توانی له‌گه‌ڵ دوکتۆرێکی ڤه‌نزویلاییدا پێوه‌ندی بگرێت، دوکتۆر پێنالاڤار، که ئه‌ویش ناچار کرابوو له تاراوگه بژی. ئه‌ویش توانی کارێک بکات که ئێرنیستۆ خۆی چاوی به وه‌زیری ته‌ندروستی بکه‌وێت. به‌ڵام وه‌ڵامێکی نه‌گه‌تیڤی درایه‌وه، چونکه ئه‌وان نه‌یانده‌توانی شه‌هاده ئه‌رجه‌نتینیه‌که‌ی قبووڵ بکه‌ن؛ پێیان وت که ده‌بێت یه‌کساڵ وه‌کو فه‌رمانبه‌ر کار بکات.
ئێرنیستۆ کاری دوکتۆری له مێشکی خۆی ده‌رکرد. ته‌نانه‌ت ئه‌و نه‌یتوانی وه‌کو سسته‌ریش کارێک په‌یدا بکات. هه‌ستی به نائومێدی ده‌کرد.
به‌وه دڵخۆش بوو که له‌گه‌ڵ هیلدا و هاورێکانیدا یه‌کتریان ده‌بینی، ئه‌وه‌ش وه‌کو کارێکی ڕۆژانه وابوو بۆیان.
به پێکه‌وه‌بوونیان خۆشحاڵ بوون و چێگڤارا ناسیاوه‌کانی هیلدای خۆش ده‌ویست. زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ش سه‌ربه APRA بوون. کۆمۆنیست بوون، یه‌که‌مین تێگه‌یشتنی سیاسی که ئه‌و پێی ئاشنابوو، له‌وێوه بوو.
ئێرنیستۆ باسی به‌سه‌رهاتی ژیانی خۆی له ئه‌رجه‌نتین و ژیانی خوێندکارێتی خۆی بۆ ده‌کردن. باسی ئه‌و ماوه‌یه‌ی بۆ ده‌کردن که که له خه‌سته‌خانه‌یه‌کی پێرۆ کاری کردبوو. ئه‌و و هاورێکه‌ی ئه‌لبیرتۆ وه‌کو کارمه‌نده‌کانی تری خه‌سته‌خانه هه‌ڵسوکه‌وتیان نه‌ده‌کرد. ئه‌وان له کاتی کاره‌که‌یاندا، وه‌کو ئه‌وانی تر، ده‌می خۆیان هه‌ڵنده‌پێچا. له کاتی ئازادی خۆشیاندا له‌گه‌ڵ نه‌خۆشه‌کاندا یاری فوتبۆڵیان ده‌کرد.
ئه‌مانه وه‌کو نرخ و به‌هایه‌ک هه‌ستیان پێده‌کرا. کاتێکیش که ئه‌و دوو پیاوه گه‌نجه ده‌بوو درێژه به گه‌شته‌که‌یان بده‌ن، نه‌خۆشه‌کان به‌له‌مێکیان بۆ دروستکردن و ناویان نابوو مابۆ-تانگۆ، ئه‌وان توانیان به‌و به‌له‌مه به‌ناو جه‌نگه‌ڵه‌کانی ئه‌مزۆندا بڕۆن به‌ره‌و کۆلۆمبیا. پاشان به‌ره و کاراکاس و ڤه‌نزویلا فڕین و، له‌وێوه هه‌ر که‌سه و رێگایه‌کی گرته‌به‌ر.
ئێرنیستۆ شتێک ده‌درکێنێ
ئێرنیستۆ بۆ هیلدای گێرابووه‌وه، که به هیچ شێوه‌یه‌ک پیشه‌ی دوکتۆری پێ خۆشنه‌بووه. ئه‌و پێی وابوو که دوکتۆره‌کان وه‌کو په‌یامبه‌رێک خۆیان نیشان ده‌ده‌ن و خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌که‌ن، له ڕێگای نووسینی ده‌رمانی بێکه‌ڵک، له کاتی نه‌خۆشیی نه‌فسیدا و، عه‌مه‌لیاتی ناپێوسیت ده‌که‌ن.
ئه‌و له‌وه ده‌ترسا که بگۆرێت بۆ دوکتۆرێک که موچه‌ی باش وه‌ربگرێت، ئه‌وه‌ش هۆی سه‌ره‌کی بوو بۆ ئه‌وه‌ی وڵات به‌جێ بهێڵێ. ئاره‌زومه‌ندی بۆ په‌ڕاندنی ئه‌له‌رگیه‌که‌ی(حه‌ساسیه‌ت) له مه‌ڕ نه‌خۆشی ڕه‌بووه‌که‌ی، به‌ڵام هیچ کاره‌کته‌رێکی عیلمیانه ئه‌ویان به‌لای خۆیدا ڕانه‌کێشا. ئه‌و خه‌ڵکانێکی که پێویستیان به هاوکاری، خه‌ڵکانی هه‌ژار و نابه‌رابه‌ریه‌کانی دنیای بینی بوو، نه‌یده‌ویست ببێته خزمه‌تکاری کاپیتالیزم.
ئێرنیستۆ ده‌بێت به چێ(چێ +چیگڤارا)
وا باس ده‌کرێت که تێهه‌ڵکێشێک له به‌ینی ژیان به‌سه‌ربردنی له‌ناو وڵاته هه‌ژاره‌کانی ئه‌مریکای لاتین و گفتووگۆکانی له‌گه‌ڵ هیلدا، ئێرنیستۆی شۆڕشگێریان خوڵقاندبێ.
له یانیوه‌ری 1954 دا گروپێک کوبایی، له ده‌ستی ڕژێمی باتیستاس هه‌ڵدێن. ئه‌و گوێبیستی مافناسێکی گه‌نج ببوو، که هه‌وڵی کوده‌تایه‌کی دابوو، به‌ڵام سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنابوو، به‌ڵکو زیندانی کرابوو، ئه‌و که‌سه‌ش ناوی فیدڵ کاسترۆ بوو.
له‌گه‌ڵ کوبایه‌کاندا په‌یوه‌ندیه‌کی باشی دامه‌زراند، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ش ئه‌وان نازناوی "چێ"یان دابوویه. زۆر له ئه‌رجه‌نتینیه‌کان ده‌نگی "ش"یان به‌کارده‌هێنا له‌دوای ڕسته‌دا. به‌و شێوه‌یه چێگڤارا، ئه‌و ناوه به‌ناوبانگه‌ی به‌قیسمه‌ت بوو. ئه‌و بۆ خۆشی پێی خۆش بوو، به‌کاری ده‌هێنا.
له به‌هاری ساڵی 1954 دا، نائارامی باڵی به‌سه‌ر گواتیمالادا کێشا. سه‌رکۆمار یاکوب ئاربینز که هه‌ڵبژێردرابوو، خه‌ڵک خۆشیان ده‌ویست، کۆمه‌ڵێک ڕیفۆرمی زه‌ویوزاری کردبوو، زۆرشتی ده‌کرد، ئه‌وه بوو له‌سه‌ر کار لابردرا. چێگڤارا پێی وابوو که ئه‌و کوده‌تایه به‌ده‌ستی "ئیمپریالیزمی ئه‌مریکی" و (سی. ئای . ئه‌ی) کرابوو.
ئه‌وه بوو یه‌که‌مین وتاری سیاسی خۆی نووسی. ئه‌مه‌ش ده‌ست به پشتهێنانێک بوو بۆ کۆمۆنیسته‌کان. هیلدا گیرا، به‌ڵام دوای ئازاد کرا. چێگڤارا په‌نای برده به‌ر سه‌فاره‌تی ئه‌رجه‌نتین. په‌یوه‌ندی چێگڤارا و هیلدا، گه‌یشتبووه ئاستێک که ئه‌و پێی وابوو بچن بۆ مه‌کسیک و له‌وێ زه‌ماوه‌ند بکه‌ن. چێ به‌دزی، سه‌فاره‌تی به‌جێهێشت و توانی په‌یوه‌ندی به هیلداوه بکات و پلانه‌کانی خۆی بۆ باس بکات. هیلدا پاش مینجه‌مینج کردنێک، ڕازای بوو. هه‌ریه‌که‌یان به جیا، سنووریان به‌زاند و هه‌روه‌ک به‌رنامه‌ڕێژیان کردبوو له مه‌کسیکۆ ستی به‌یه‌ک گه‌یشتنه‌وه.
دوکتۆر چێگڤارا
چێگڤارا هه‌رزوو لهGeneral Hospital کاری په‌یداکرد، مووچه‌که‌ی زۆر نه‌بوو به‌ڵام ئه‌و حه‌زی له وه‌بوو که خه‌ریکی کاری لێکۆڵینه‌وه بێت. به‌رپرسی خه‌سته‌خانه‌که دوکتۆر سالازار مالێن بوو. موناقه‌شه‌ی زه‌ماوه‌نده‌که‌یان هه‌ر درێژه‌ی هه‌بوو، ڕۆژ دیاری کراو ، دواخرا، وه‌ک ده‌ڵێن هیلدا وه‌ستاندبووی. لێکۆلینه‌وه‌که‌ی به باشی ده‌چووه پێش و به‌رنامه‌ی ئه‌وه‌ی دانابوو که دوکتۆرا بکات. ده‌ستیکردبوو به نووسینی یه‌که‌مین وتاری له‌سه‌ر ده‌رمان له‌ده‌ره‌وه‌ی ولآته‌که‌ی، له‌و کاته‌دا ڕوداوێکی گرنگ ڕویدا.
چێگڤارا دوو برای بینی که ئه‌وه‌ش بۆ خۆی گوڕانی به‌سه‌ر هه‌موو ژیانیدا هێنا.
ڕۆژێکیان له‌ناو کوبایه‌کاندا پیاوێکی گه‌نج په‌یدابوو، به‌ناوی ڕاویل کاسترۆ. کابرایه‌کی کۆمۆنیست بوو، قسه‌ی له‌سه‌ر ئازادی مرۆڤه‌کان له چنگی دیکتاتۆره‌کان ده‌کرد. برا گه‌وه‌ره‌که‌ی ڕاویل، فیدڵ، دوای ئه‌وه به ماوه‌یه‌کی که‌م گه‌یشته مه‌کسیکۆ ستی. فیدڵ و جێگڤارا، بۆ یه‌که‌مین جار له یونی 1955 دا یه‌کتریان بینی. ماوه‌ی 10 سه‌عات به‌بێ پشوودان گفتوگۆیان کرد.
چێگڤارا به هه‌وڵدانه‌که‌ی فیدڵ بۆ ئه‌نجامدانی کوده‌تایه‌ک که پێشتر ویستبووی بیکات، سه‌رسام بوو. فیدڵ، له جزیره‌یه‌ک بۆ ماوه‌ی چه‌ند ساڵ زیندانی ده‌کرێت، به‌ڵام به‌ر لێبوردنێکی گشتی که‌وتبوو، ئازاد کرابوو ، هه‌ڵه‌یه‌کی چاره‌نووس سازه‌نه که باتیستای دیکتاتۆر کردی.
فیدڵ هه‌تا بڵێی کابرایه‌کی کاریزما، بیرتیژوو، ستراتیجی و خه‌باتکار بوو، ئه‌و ده‌یویست ژیانی خۆی پێشکه‌ش به ئازادی کوبا بکات. چێگڤارا پێیانه‌وه په‌یوه‌ست بوو، نه‌یتوانی به‌ربه‌ره‌کانێیان بکات .
به‌ڵام هاوکات خه‌ریکی لێکۆڵینه‌وه‌که‌ی بوو، وتاره‌که‌شی قبوڵکرا له کۆنگره‌ی ئه‌له‌رگی له شاری ڤیراکروز. ئه‌و ده‌یویست بچێت بۆ ئه‌وه‌ێ، به‌ڵام هیلدا نه‌یده‌ویست له‌گه‌ڵیدا بچێت. بۆچی؟
ڕوداوێکی چاوه‌ڕواننه‌کراو
هیلدا هه‌ستی به‌وه ده‌کرد که دوگیانه! چێگڤارا له‌سه‌ره‌تاوه بڕوای پێنه‌ده‌کرد، به‌لآم خۆشحاڵ بوو به هه‌واڵه‌که. به بڕوای چێگڤارا، ده‌بوو ئێستا بیهێنێت. ئه‌و دوکتۆرێکی ده‌ناسی له خه‌سه‌تخه‌نانه، که هاوکات پارێزگاری ناوچه‌یه‌کی بچوک بوو، له مه‌کسیکۆ. ئه‌و هه‌قی ئه‌وه‌ی هه‌بوو که هاوسه‌ر هه‌ڵبژێرێت و هیچ ناڕه‌زیه‌تیه‌کی نه‌بوو.
له 18 ئابدا چێ و هیلدا، بوونه هاوسه‌ر. ڕاستیه‌کی ده‌بوو هه‌ردوو برا کاسترۆکان ببوونایه‌ته شایه‌ت، به‌لآم ئه‌وان ماوه‌یه‌ک بوو نه‌یان ده‌ویست خۆیان پیشان بده‌ن، هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه دوو هاورێی تریان به‌وکاره هه‌ستان. هاورێیه‌کی چێگڤارا نوێنه‌رایه‌تی لایه‌نی په‌یمانه عاده‌تیه‌که‌ی کرد.
ئه‌م هه‌واڵه به هاورێکه‌ی چێگڤارا، ئه‌لبیرتۆ گراندۆ، گه‌یشت، له پیرۆ. ماوه‌یه‌کی که‌می پێچ‌و که نامه‌یه‌ک گه‌یشته ده‌ستی چێگڤارا که له‌ڕاده به‌ده‌ر خۆشحاڵی کرد. نه‌خۆشه‌کانیش که له حاڵێکی باش‌دا بوون، به ده‌سته‌کانیان که به نه‌خۆشی خراپ بووبوون، نامه‌ی پیرۆزباییان بۆ به‌ڕێکربوو، هه‌ندێک وێنه‌ی کۆنی کاتی یاریکردنی فوتبۆڵیان بۆ ناردبوو. چێگڤارا له لای ئه‌وان دوکتۆرێکی خۆشه‌ویست و دڵسۆز بوو. له نۆڤێمبه‌ردا، هاوسه‌ران چێگڤارا، سه‌فه‌رێکی یه‌ک مانگه‌یان کرد، بۆ به‌سه‌ر بردنی مانگی هه‌نگوینی. نازانم بۆ، به‌لآم نه‌ختێک عه‌جیبه که چێگڤارا و مانگی هه‌نگوینی به‌یه‌که‌وه گرێ بدرێت. ئه‌وان چوون بۆ خواروی مه‌کسیک بۆ سه‌یرکردنی پاشماوه‌کانی مایا. پاشان به‌ره‌و ده‌ریای ئارام، به‌لآم له Acapulco خۆیان پاراست که" جوان، به‌ڵام به‌ته‌واوی beautiful, but completely ynakeefied" بوو. جێگای تر هه‌بوو که ئه‌وان له خۆر و مه‌له‌کردنه‌که‌ی له‌زه‌تیان ده‌برد.
پاشان به‌ره‌و مه‌کسیکۆ ستی گه‌رانه‌وه.
تا ده‌هات زیاتر له‌گه‌ڵ کوباییه ئاواره‌کان تێکه‌ڵ ده‌بوون. چێگڤارا وازی له لێکۆلینه‌وه‌که‌ی هێنا، به‌ڵام ماوه‌یه‌کی تریش هاوکاری نه‌خۆشه‌کانی کرد. کۆتایی به‌م کاره‌شی هێنا.
له 15 مارسدا کچێک‌یان بوو. چێگڤارا ناوی نا، هیلدا بارتیکس. ئه‌وی دواییان ناوی خزمێکیان بوو که زۆری خۆش ده‌ویست.
کچه‌که‌یان به ناوی هیلدیتا (هیلدای بچکۆله) ناو ده‌برد. به‌لآم هه‌ندێک جاریش چێگڤار به " ماۆ بچکۆله‌که‌ی بابه" بانگی ده‌کرد. له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هیلدا توخمی ئیندیانه‌کانی پێوه بوو، بۆیه کچه‌که‌یان که‌مێک چاوه‌کانی که‌چ بوون.
ئێستا ئه‌وان خه‌ریکی پلانێک بوون که پاشان به به پلانی- گراندما ناوبانگی ده‌رکرد. چه‌ند که‌سێک به به‌له‌مێکی ساده، به‌ناوی گراندما، له ناوچه شاخاویه‌کانی سیریا مێسترا، له باشووری کوبا پیاده‌بن و ده‌ست ده‌که‌ن به خه‌باتی پارتیزانی، به‌و مه‌به‌سته‌ی که ڕێژیمی باتیستا بڕوخێنن. سه‌رۆکیش به دڵنیاییه‌وه: (فیدڵ کاسترۆ)یه. براکه‌ی ڕاویڵ و ژماره‌یه‌ک کوبایی له تاراوگه، خۆبه‌خشانه ده‌یانه‌وێت، به‌شداری بکه‌ن.
چێگڤارا یه‌ک سانیه‌ش دوودڵی نیشان نه‌دا له به‌شداریکردن. به‌رپرسیاریه‌تی له هیلدا و هیلدیتا، هێنده‌ی ئه‌و به‌شداریکردنه کێشیان نه‌بوو له ته‌روازوی ئه‌خلاقی ئه‌ودا. به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌و ده‌یویست له کاتی پێویستدا، که‌ڵک له شاره‌زایه‌تی خۆی وه‌ربگرێت وه‌کو دوکتۆرێک، به‌ڵام ئه‌و ئه‌وه‌شی له هیلدا نه‌شارده‌وه که به‌هه‌موو شێوه‌یه‌ک له شه‌ڕدا به‌شداری ده‌کات.
هێڵی دوکتۆری کۆتایی پێدێت
ئه‌وانه‌ی که به‌شداریان ده‌کرد، ده‌بوو هه‌م مه‌شق بکه‌ن و هه‌میش پلان دابڕێژن. ئه‌وه‌ش ده‌بوو زۆر به‌نهێنی بکرێت، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش ئه‌و گروپه گێڵگه‌یه‌کی دووره‌په‌رێزیان به‌کرێ گرت، له مه‌کسیکۆ ستی. له‌و شوێنه، هه‌م مه‌شقی فیزیکیان ده‌کرد، هه‌م نیشانه پێکاندن، تاکتیک و به‌رنامه‌ڕێژیی.
ڕۆژێک دوای ئه‌وه هیلدا له ڕۆژنامه‌دا هه‌واڵی گرتنی بیست که‌سی خوێنده‌وه، که خه‌ریکی مه‌شقکردن بوون، له‌ناویاندا دوکتۆرێکی ئه‌رجه‌نتنی به ناوی ئێرنیست چێگڤارای تێدابوو.
پۆلیسی مه‌کسیکی وایان زانیبوو، که ئه‌وگروپه خۆیان بۆ چالاکیه‌ک له‌ناو مه‌کسیکدا ئاماده ده‌که‌ن. به‌ڵام ئه‌وان نه‌یانتوانیبوو، به‌به‌ڵگه‌وه ئه‌وه بسه‌لمێنن. دیاره ئاشکرایه ئه‌وانه‌ی که گیرابوون، پلانه‌کانی خۆیان، ئاشکرانه‌کردبوو. پاش دوو مانگ زیندانی کردن، ئازادکران.
به‌هۆی چه‌ندین هۆی جیاوازه‌وه، چێگڤارا نه‌یده‌توانی چیتر درێژه به پیشه‌ی دوکتۆریه‌که‌ی بدات. ئیتر ئه‌وه دوا هه‌نگاوی ئه‌و بوو له‌و ڕێگایه‌دا.
دوکتۆر و سه‌رباز له جلی سه‌ربازیدا
٨٢ دوو که‌س، که له‌هیچ شتێک باکیان نه‌بوو، خۆیان خسته ناو ده‌ریایی کاریبییه‌وه. سه‌فه‌ره‌که‌یان هه‌تا بڵێی سه‌خت بوو، به‌هۆی تۆفانی ده‌ریاوه. خه‌ڵک هه‌بوو وه‌کو پشیله ده‌ڕشانه‌وه. چێگڤارا دووچاری هێرشێکی سه‌ختی ڕه‌بوو هات.
ئه‌وان هه‌ر که گه‌یشتنه ناو وشکانی، ده‌ستبه‌جێ ته‌قه‌یانلێکرا و ژماره‌یه‌کی زۆر له سه‌ربازه‌کانی ناو گانداما، کوژران. فیدڵ و ڕاوێڵ و چێگڤارا له ناو ئه‌وانه‌دابوون که ڕزگاریان بوو.
ئه‌وان سه‌رکه‌وتنیان به‌ده‌ستهێنا له‌و شوێنه‌ی که ئه‌مریکا تێیدا سه‌رنه‌که‌وت له‌و به‌نده‌ره‌دا، ئه‌ویش لێدانی سه‌نگه‌ر بوو. توانیان خۆیان بگه‌یه‌ننه ناوچه‌یه‌کی سه‌ختی ده‌ست پیانه‌گه‌یشتوو. ئاره‌ق به ناوشاندا فواره‌ی به‌ستبوو، سیه‌کان ده‌یانویست بتقه‌نه‌وه و سکیشیان هێشتا هه‌رله ناڕه‌زایه‌تیدا بوو. ئه‌مه ئه‌و سه‌ختیه بوو که تا دوو ساڵ ده‌بوو ڕووبه‌رویی ببنه‌وه.
ماوه‌یه‌کی که‌می پێنه‌چوو، سه‌ربازێکی-باتیستایان ده‌ستگیر کرد و پاشان ئاشکرابوو که یه‌کێک له‌و سه‌ربازانه‌بوو که به‌فیشه‌کی وی، هاورێکانی چێگڤارا و ئه‌وان کوژرابوون. چاره‌نووسی ئه‌و دیاریکرابوو، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی که گرتبوویان دوودڵبوون.
چێگڤارا بۆ یه‌ک سانیه‌ش دوودڵی نیشان نه‌دا. ده‌مانچه‌که‌ی ده‌رهێنا و نای به‌ته‌وقی سه‌ریه‌وه. ئیتر ئه‌و بوو بوو به سه‌رباز. ئه‌خلاقی دوکتۆری ئه‌و خرایه بوخچه‌وه. ئیتر یان ده‌بوو بکوژێت یان بکوژرێیت.
به‌ڵام ئه‌و له کاتی شه‌ڕه‌که‌دا، یارمه‌تی سه‌ربازه برینداره‌کانی خۆیان و دوژمنیشی ده‌دا. ئیمکانی ئه‌و زۆر سنووردار بوو، چونکه ئه‌و ده‌رمان و پێداویستیه‌کانی عه‌مه‌لیاتکردنی له‌لا نه‌بوو.
له‌گه‌ڵ (ڕه‌بوو)ه‌که‌شیدا هه‌میشه له به‌ربه‌رکانێدا بوو. تاره‌ده‌یک ژماره‌یه‌کی زۆر ده‌رزی ئه‌ندریالینی پێ‌بوو. کاتێک پێویستی به ئه‌ندریالین بوایه، هه‌ر له‌سه‌ر جله‌کانه‌وه ده‌رزیه‌که‌ی له‌خۆی ده‌دا.
له داوجاردا، پارتیزانه‌کان هه‌م شوێنیان ڕزگارکرد و هه‌میش لایه‌نگریان بۆ په‌یدابوو. ژماره‌یه‌کی زۆر سه‌رباز هه‌ڵده‌هاتن. چێگڤارا له‌لایه‌ن فیدڵ کاسترۆه کرا به کۆماندانت (comandante)، ئه‌ستێره‌که‌ی به کڵاوه‌که‌یه‌وه دووری. ئه‌و به‌رپرسیاری سه‌ربازی بوو له کاتی شه‌ڕه خوێناویه‌که‌ی شاری سانتاکلارا.
پاش ئه‌وه ئیدی جاده به‌ره هاڤانا ته‌خت بوو. چێگڤارا به ناو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی تینوی سه‌رکه‌وتنی شاره‌کاندا، له ده‌بابه‌یه‌کدا دانیشتبوو. جگه‌ره‌ی ده‌کێشا و بۆشیی ده‌کۆکی. باتیستا، ڕای کردبوو، سه‌رکه‌وتن مسۆگه‌رببوو.
ژنێکی گه‌نجی جوان
کاتێک چێگڤارا گه‌یشته ناو هاڤانا، ژنێکی گه‌نجی جوانی له‌گه‌ڵدابوو. ئه‌وان نه‌یان ده‌شارده‌وه که تاچ ڕاده‌یه‌ک هاورێی یه‌کترین.
ئه‌و ژنه ناوی (ئالیدیا مارچ) بوو، ته‌مه‌نی 22 ساڵ بوو. ژنێکی شۆڕشگێر بوو، چێگڤارا له کاتی ڕزگارکردنی کوبادا ناسیبووی و، عاشقی ببوو.
ئه‌و بیری له‌وه ده‌کرده‌وه که داوای جیابوونه‌وه له هیلدا بکات، هه‌رواشی کرد کاتێک ئه‌و هات بۆ هاڤانا، چه‌ند هه‌فته‌یه‌ک دوای ئه‌وه‌ی که هاڤانا ڕزگار کرابوو.
دایک و باوکی که شه‌ش ساڵ بوو نه‌یانبینبوو، هاتن بۆ فرۆکه‌خانه. یه‌که‌مین پرسیار لێیان ئه‌وه‌بوو که ئاخۆ که‌ی ده‌گه‌رێته‌وه بۆ ئه‌رجه‌نتین، تا وه‌کو دوکتۆر کار بکات.
ئه‌وان نه‌یان ده‌زانی که ئه‌و گۆڕاوه. دایه سیلیا کوڕه‌که‌ی خۆی بینیه‌وه، ڕیش و قژێکی درێژ، جلی سه‌ربازی له‌به‌ردا، ئاخۆ ده‌بێت "تێتی"ه بچکۆلانه‌که‌ی له کوێ بێت؟
چێگڤارا و ئالیدا گواستیانه‌وه لای یه‌ک له هاڤانا. جێگای سه‌رنجه فیدڵ کاسترۆ، دوکتۆر چێگڤارای کرد به سه‌رۆکی بانکی میللی و وه‌زیری پیشه‌سازی.
به‌ڵام بۆ نه‌یکرد به وه‌زیری ته‌ندروستی؟
چێگڤارا، ئه‌و پاره نوێیانه‌ی که تازه چاپیان ده‌کرد، به ناوی نازناوه‌که‌یه‌وه cheئیمزا کرد. له گۆڤاری
" New England journal of Medicine " وتارێکی باڵکێش به ناوی "چێگڤارا: ئه‌نتی قاره‌مان Guevara: the antihero Che " بڵاو کرده‌وه. ئه‌و وتاره له ساڵی ١٩٦٩ دا نوسرابوو، له جه‌رگه‌ی شه‌ڕی ڤێتنام و دوای داستانی-ماککارسی، له‌مه‌ڕ تێروانییه‌نکانیان بۆ کۆمۆنیسته‌کان. جێگڤارا هه‌م له لایه‌ن پارتی کۆمۆنیست و هه‌میش له‌م لاولاوه، گازنده‌ی لێده‌کرا، یه‌کێک له‌هۆیه‌کان "ئیهمالی" ئه‌و بوو، کاتێک له‌کاتی ئیمزاکردنی له‌سه‌ر ئه‌و پاره نوێیه ته‌نها "Che" نووسیبوو.
له‌گه‌ڵ هاوسه‌ره‌که‌ی، به‌دوای یه‌کدا ئه‌م منداڵانه‌یان بوو: کچ ئه‌لیندا (١٩٦١)، کوڕ کامیلۆ(١٩٦٢)، کچ سیلیا (١٩٦٣) و کوڕ ئێرنیستۆ(١٩٦٥). ئه‌م ماوه‌یه بۆ ئه‌لیندا پڕبوو له ده‌ردی سه‌ری، چونکه چێگڤارا له ماوه‌ی ئه‌و چه‌ند ساڵه‌دا، سه‌فه‌رێکی زۆری کرد و له وڵاتانی سۆسیالیستی له هه‌موو دنیادا، زۆر مایه‌وه،.
ڕه‌بووکه‌ی چێگڤارا
ئه‌م نه‌خۆشییه له ته‌مه‌نی سێ ساڵیه‌وه که له بوینۆس ئایرس بوو، هه‌تا دوا ساته‌کانی ژیانی له کۆڵی نه‌بووه‌وه. زیاتر له‌و کاتانه‌ی که خۆی زه‌حمه‌ت ده‌داو و له‌وکاته‌ی فشاری زۆر بۆ بهاتایه، نه‌خۆشیه‌که هێرشی بۆ ده‌هێنا. هه‌ر بۆیه مرۆڤ به ئاسانی له‌وه تێده‌گات که ئه‌و زوو زوو دووچاری ئه‌و نه‌خۆشیه بووه. ئه‌و که‌سه‌ی یه‌که‌م جار بیبینیایه له کاتی تووشبوونه‌که‌یدا، ده‌تۆقی. ئه‌و وه‌کو ئه‌وه‌ی که بخنکێت و دوا هه‌ناسه‌کانی بدات، هه‌ناسه سواری و کۆکه کۆکێکی یه‌کجار زۆری ده‌کرد.
چێگڤارا زۆر ئارامانه ده‌رزیه‌کی ده‌رده‌هێنا و پاش که‌مێک دوای ئه‌وه باشتر ده‌بوو.
له سه‌ره‌تای ١٩٥٠ دا، شتێکی تر دۆزرایه‌وه.
ئه‌وه‌ش یه‌که‌مین جار بوو که پێیان ده‌وت (نیبولیساتۆرن)، (جیهازێک بوو که مرۆڤ ده‌یتوانی ده‌رمانێکی پێ هه‌ڵمژێ)، ئه‌ویش ده‌رمانێکی له خۆده‌گرت که پێیان ده‌وت ئیسئوپریل، وه‌کو ته‌واوکه‌رێک له کاتی هاتنی ڕه‌بوویه‌کی لاواز.
وا پێده‌چێت که چێگڤارا کاتێکیش له‌ناو دارستانه‌کاندا ده‌ژیا، هه‌میشه ده‌رمانه‌کانی په‌یدا کردبێت.
له هه‌ندێک وێنه‌دا چیگڤارا (که‌مێک وه‌زنی چۆته سه‌ره‌وه و، ده‌موچاوی ئاوساوه) که ئه‌وه‌ش نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه، که هه‌ندێک جار ده‌رمانی گونجاو: کۆرتیسۆنی،به‌کارده‌هێنا.
له‌مانگی یونی ٢٠٠١ دا بۆ چه‌ند ڕۆژێک له هاڤانا، کوبا، کۆنفرانسێک له‌سه‌ر ڕه‌بوو به‌سترا. به‌شێکی کۆنفرانسه‌که بۆ نه‌خۆشیه‌که‌ی چێگڤارا ته‌رخانکرا.
ئه‌و که‌سه‌ی که سه‌رپه‌رشتی کۆنفرانسه‌که‌ی کرد، کچه‌که‌ی چێگڤارا، ئه‌لیدا چێگڤارا بوو، که دوکتۆری منداڵان و شاڕه‌زای حه‌ساسیه‌ت(ئه‌له‌رگی)یه له خه‌سته‌خانه‌ی"ویلیا‌م سۆلێر" له هاڤانا. ئێمه هه‌م به ته‌لفون و هه‌م به ئیمه‌یل په‌یوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ کربوو و قسه‌مان کردبوو، که‌سێکه که توانای زانیاریدانی یه‌کجار به‌ر‌فراوانه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و ته‌نها ته‌مه‌نی شه‌ش ساڵان بووه که باوکی کوژراوه.
ڕۆحێکی بێقه‌راری هه‌میشه‌یی
له ساڵی ١٩٦٥ دا به‌شێوه‌یه‌کی سه‌رسورهێنه‌ر چێگڤارا، بزربوو. دیوارێک له‌به‌ینی ئه‌و و فیدڵ کاسترۆدا، دروستبوو بوو، ئه‌و "هاوڵاتیی شه‌ره‌ف"ه‌ی که له کوبا پێیاندابوو، ڕه‌تکرده‌وه. له پرێگدا وه‌کو ئه‌وه‌ی هه‌ڵیانلووشیبێ، بزربوو. ته‌نانه‌ت ژنه‌که‌شی نه‌یده‌زانی له‌کوێیه. به‌ڵام ژنه‌که‌ی ڕاهاتبوو، چونکه چێگڤارا هه‌میشه له سه‌فه‌ردا بوو.
چێگڤارا به‌ره‌و وڵاتی گۆنگۆ، ملی ڕێگای گرتبوو، بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری له شه‌ڕه‌کاندا بکات. هه‌روه‌ک ده‌زانرێت شه‌ڕێکی ته‌ڤله‌هه‌ڤ بوو، گه‌لێک لایه‌ن به‌شداربوون تێیدا. ئه‌م کرده‌وه‌یه‌ی به ته‌واوه‌تی شکستی خوارد.
پاشان گه‌ڕایه‌وه بۆ کوبا، به‌ڵام هه‌ر زوو خه‌یاڵی بۆ لای وڵاتێکی تر چوو که پێی وابووه ده‌توانێت شتێک به‌شتێک بکات، ئه‌ویش بۆلیڤیا بوو! ئه‌و وڵاته‌ی که هه‌ژاران و برسێتی و ناخۆشی لێ بینیبوو.
ئیتر لێره‌دا ده‌بێت مرۆڤ به گومانه‌وه چاو له هه‌ڵسه‌نگاندنه‌کانی چیگڤارا، بکات. ئه‌و به پاسپۆرتێکی ته‌زویر کراو، ڕیشی بۆ تاشیبوو، به جلی بازرگانییه‌وه، سه‌فه‌ری کرد.
له بۆلیڤیا، گروپێکی بچوک سه‌رباز، په‌یوه‌ندیان پێوه‌کرد. هه‌ر له سه‌رتاوه "چالاکیه‌که"،دیاربوو که سه‌رناگرێت. ئه‌وه کوبایه‌کی نوێ نه‌بوو، که له پێشوازیاندا بوو. ده‌بوو له‌به‌رانبه‌ر سوپایه‌کی به‌وه‌فا، شه‌ڕیان بکردایه، له‌ناو دارستانه‌کاندا، له وڵاتێک که به شه‌وقه‌وه هاواریان بۆ ڕزگاری نه‌ده‌کرد، وه‌کو خه‌ڵکی کوبا.
جارێکی تریش له یاری شه‌ترنجدا، دۆراندن. سه‌ربازه‌کان یه‌کجار، که‌م بوون. له ٩ ئۆکتۆبه‌ری ساڵی ١٩٦٧ دا، چێگڤارا، کش‌وماتی پێکرا.
دوا وته
ئه‌وه‌ی که وتبویان لاشه‌ی ئێرنیستۆ "چێ" گێڤارا، سوتێنراوه و کراوه‌ته خۆڵه‌مێش، درۆ بوو. به‌ڵام پرسیاره‌که ئه‌وه بوو ئه‌ی له کوێ شاردبوویانه‌وه؟
له ساڵی ١٩٩٥ دا، یه‌کێک له‌و سه‌ربازانه‌ی که له ساڵی ١٩٦٧ دا، ئاماده‌بوو، ڕایگه‌یاند که چێگڤارا له نزیک فرۆکه‌خانه بچکۆله‌که نێژدراوه. مرۆڤ‌ناس و زه‌ویناسانی کوبایی به‌په‌له خۆیان گه‌یانده ئه‌و شوێنه. ئه‌وان پاشماوه‌ی لاشه‌ی پێنج که‌سیان دۆزییه‌وه. به‌ڵام هیچ کام له پاشماوه‌ی لاشه‌کان ه‌ی چێگڤارا ده‌رنه‌چوون.
له ٢٣ ئاپریلی ١٩٩٧ دا، کچه‌که‌ی چێگڤارا، نامه‌یه‌کی چاوه‌ڕاوننه‌کراوی پێگه‌یشت، که له لایه‌ن کوباییه‌کی تاروگه‌نشین له فلۆریدا، گوستاڤۆ ڤالۆلدۆ، نێردرابوو. ئه‌م پیاوه به‌ماوه‌یه‌کی که‌م دوای شۆڕش، جێگاگۆڕکێ ده‌کات و ده‌چێت بۆ ئه‌مریکا، له‌وێ ده‌بێت به سیخوڕی(CIA) .
ڤالۆلدۆ له گه‌لێک وڵات به‌دوای چێگڤارا دا گه‌ڕابوو: له کۆنگۆ، کۆماری دۆمۆنیکا و له‌دواجاریشدا له بۆلیڤیا. ئه‌و بۆ خۆی له ڤالاگراندا ده‌بێت، کاتێک به هه‌لیکۆپته‌ر جه‌نازه‌که‌ی چێگڤارا ده‌هێنن. ئه‌و ده‌یزانی که ئه‌و دوکتۆره‌ی جه‌نازه‌که‌ی چێگڤارای ته‌شریح کرد بوو، فه‌رمانی پێ‌درابوو که هه‌ردوو ده‌ستی ببڕێته‌وه. ده‌سته‌کان، که به قسه‌ی پیاوکوژه‌کانی ئه‌و "ئه‌و کاره چه‌په‌ڵه‌یان" ئه‌نجامدا. پاشان ڤالۆلدۆ و هاوپیشه‌کانی، چێگڤارا و دوو سه‌ربازی تر، به بیلدۆزه‌ر و چاڵهه‌ڵکه‌ن، ده‌که‌ن به‌ژێر گڵه‌وه، له‌نزیک فرۆکه‌خانه‌که‌وه، ته‌نها چه‌ند شه‌قاوێک له‌نزیک ئه‌و جێگایه‌ی که ساڵی ١٩٩٥ به‌دوایدا گه‌ڕابوون.
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌و ڕقێکی زۆری له وڵاته کۆنه‌که‌ی خۆی(کوبا)یه، ڤالۆلدۆ، ئه‌و نهێنیه‌ی وه‌کو بارێکی قورس له‌سه‌ر شانی خۆی ده‌بینی. ئه‌و پێی وابوو که که‌سوکاری چێگڤارا، هه‌قی ئه‌وه‌یان هه‌یه که بزانن لاشه‌که‌ی چێگڤارا له کوێیه، بۆیه ئه‌و نامه‌یه‌ک پاش ٣٠ ساڵ، نووسی. ئه‌مه وایکرد که جارێکی تریش بچن به‌دوای پاشماوه‌ی لاشه‌که‌یدا بگه‌رێن، ئه‌وان قه‌برێکیان دۆزییه‌وه که ٧ که‌سی تێدا نێژرابوو، که جێگای باوه‌ڕی ڤالۆلدۆ نه‌بوو. "من سێ که‌سم ناشتووه، که‌چی ئه‌وان ٧ لاشه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه". یه‌کێک له لاشه‌کان ئێسقانی ده‌سته‌کانی پێوه نه‌بوو. پاشان ئه‌وان، دانه‌کانیان فه‌حس کرد و به‌راودریان کرد له‌گه‌ڵ وێنه‌ی دانه‌کانی چێگڤارا که له کوبا بوون. به‌و شێوه‌یه شته‌که کۆتایی پێهات. به به‌ڵگه‌وه لاشه‌که‌ی چێگڤارایان دۆزییه‌وه.
له مه‌راسمێکی شکۆداردا، لاشه‌که‌یان برده‌وه بۆ کوبا. له شاری سانتا کلارا، که چێگڤارا، سه‌رکه‌وتنی گه‌وره‌ی تێدا تۆمارکرد، له ژێر هه‌یکه‌لێکی گه‌وره‌دا، ئارامی گرتووه.
تێبینی. ئه‌م وتاره له گۆڤاری (هه‌نگاو) ی ژماره ٦ زستانی ٢٠٠٣ دا بڵاو کراوه‌ته‌وه، به‌ڵام به داخه‌وه هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی تێ که‌وتبوو، که ئێستا هه‌وڵی ڕاستکردنه‌وه‌یانم داوه، ئه‌وه سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی که له‌وێدا نوسراوه له فه‌ره‌نسییه‌وه وه‌رمگێڕاوه، ڕاستییه‌که‌ی ئه‌م وتاره له سوێدییه‌وه کردومه‌ته کوردی.
سه‌رچاوه:
Magnus Carlson, 2002, Från mjälbrand till Che Guevara, s. 137-159
-nedslag i medicinhistorien.
Natur och kultur/LTs Förlag
سه‌رچاوه‌ی وێنه:
www.che-lives.com