هه‌ڵوێست وه‌رگرتن فشه‌کردن نییه
کاوه ئه‌مین
کاک گۆران محه‌مه‌د له ستوونه‌که‌ی خۆیدا له ژماره‌ی (322ی ڕۆژنامه‌ی میدیا) دا، هه‌ڵوێستی کۆم

ه‌ڵێک ڕۆژنامه‌نووسی، له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ شکاندنی ئابڵوقه‌ی ڕاگه‌یاندن له‌سه‌ر قه‌ندیل به فشه‌کردن پێناسه کردووه. له نووسینه‌که‌ی (گۆران)دا کۆمه‌ڵێک باسی دژ به‌یه‌ک به دوای یه‌کدا ریزکراون که ده‌کرێت بۆ هه‌ریه‌که‌یان چه‌ندین وتاری جۆراو جۆر بنووسرێن بۆ نمونه (ماده‌ی سه‌د و چل، هه‌ڵوێستی ئۆجه‌لان له کاتی گرتنیدا، بازرگانی تورکی، سیاسه‌تی پ‌ک‌ک به گشتی، سیاسه‌تی باشوور له‌مه‌ڕ که‌رکووک و ڕێپێوان بۆ حه‌مرین و کاره‌با و ئاو و زۆر شتی دیکه). ئه‌وه‌ی که من بیستبێتم و خوێندبێتمه‌وه، که‌س نه‌هاتووه بڵێت با حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بکرێته قووربانی گریلای باکووریی که کاک گۆران به‌بێ به‌رنامه ناوزه‌دیان ده‌کات، که‌سیش نه‌یگوتووه با حکوومه‌تی هه‌رێم هێڕش بکاته سه‌ر تورکیا و بڕاو ناکه‌م که‌سیش چاوه‌ڕوانییه‌کی وای له حکوومه‌تێک هه‌بێت که تا ئێستا پێم وابێت کاک گۆرانیش جارێک باسی کردبوو، نه‌یتوانی بێت، بستێک خاکی داگیرکراوی باشووری کوردستانی له دوای ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه، خستبێته سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، بۆ نموونه مه‌خموور که چه‌ند شه‌قاوێک له شوێنی کارکردنی (کاک گۆران)ه‌وه دوره. ئه‌وه‌ی که کاک گۆران وه‌کو شتێکی پۆزه‌تیڤ باسی لێوه ده‌کات و ده‌ڵێت:" ئاخر له کاتێکدا به‌شێکی گرنگی کاره‌بای کوردستان له تورکیاوه دێت، زۆربه‌ی پرۆژه گرنگه‌کان به‌ده‌ستی کۆمپانیای تورکییه‌وه‌ن و هتد"، ئه‌مه کاره‌ساته بۆ حکوومه‌تێک که شاده‌ماری ژیانی خۆی خستۆته ده‌ستی تورکایه‌که‌وه که نایه‌وێت ددان به حکوومه‌ت و سه‌رۆکی حکوومه‌ت و سه‌رۆکی هه‌رێم و ته‌نانه‌ت سه‌رۆک کۆماری عێراقیش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی کورده، بنێت. ئه‌مه به‌ومانایه نییه که ئیتر که‌س قسه‌یه‌ک نه‌کات ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی پێڵاوه‌کانی وه‌زیره‌کانیش له تورکیا ده‌کڕدرێن. تورکیا کوردستانێکی بێ که‌رکووکی قبووڵه، ئه‌وه تورکیا بوو که نه‌یهێشت ماده‌ی 140جێبه‌جێ بکرێت، نه‌ک گریلاکانی کوردستان که نه‌ک داوی قروشێک و پاروه نانێکیان له داگیرکه‌ران له‌سه‌ر حسابی کورد نه‌کردووه به‌ڵکه له حکوومه‌تی هه‌رێمێشیان نه‌کردووه، جار جار لێره‌و له‌وێ گوێبیستی ئه‌وه ده‌بین له به‌رپرسانی باشوور که (پ‌ک‌ک) له‌گه‌ڵ ڕێژمی سه‌ددامدا په‌یوه‌ندی هه‌بووه، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ئه‌وان ته‌نها پارچه کاغه‌زێکیان وه‌کو به‌ڵگه له‌و چه‌ند ته‌ن به‌ڵگه‌یه‌ی که له کاتی ڕووخانی ڕێژمێدا ده‌ستیان که‌وت په‌یدا بکردایه ئه‌وا ئێستا نه‌ک گوێی(پ‌ک‌ک) به‌ڵکه گوێی دنیاشیان لێ ئاخنیبوو.چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا که ئه‌و کاته حکوومه‌تی هه‌رێم هاوپه‌یمانی تورکیا بوو و باسکردنی پ‌ک‌ک به باشه له باشوور قه‌ستی سه‌ر بوو، له‌و ده‌روازه‌ی خاپووره‌وه به‌نده ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ڕۆژمانه‌ی میدیام پێ بوو ئه‌وه‌ی خوا پێی ناخۆش بێت جه‌ندرمه‌کانی تورکیا به‌منیان کرد، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌و نه‌خشه‌یه‌ی کوردستان که له‌سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی یه‌که‌می میدیا بڵاو ده‌کرێته‌وه، پێیان گوتم ئه‌وه نه‌خشه‌ی "قاحبه‌خانه‌یه"، من له‌و تارێکدا له کاتی خۆیدا هه‌ر له میدیادا، وتارێكم له‌سه‌ر ئه‌و سووکایه‌تییه نووسی، ئیتر نازانم چۆنه کاک گۆران له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئێستا تورکیا ڕۆژانه به فرۆکه باشووری کوردستان بۆردومان ده‌کات و ژن و منداڵی کورد ده‌کوژێت و سووکایه‌تی دنیا نه‌ک ته‌نها به تاکی کورد به‌ڵکو به به‌رپرسه کورده‌کانیش ده‌کات که له فرۆکه‌خانه‌کانی تورکیاوه هاتووچۆ ده‌که‌ن، وه‌کو ڕێگایه‌کی ئه‌مین و ئه‌مان نیشانی موسافیرانی کورد ده‌دات؟شه‌ڕی گریلا و ئه‌و ده‌وڵه‌تانه‌ی که کێشه‌یان هه‌یه تا ئێستا بایه‌خێکی زۆریان هه‌یه له لای ڕۆژنامه‌نووسانی جیهان و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش گه‌لێک ڕۆژنامه‌نووس له پێناوی گواستنه‌وه‌ی هه‌واڵ و شێوه‌ی ژیانی گریلاکان ژیانی خۆیان خستۆته مه‌ترسییه‌وه، ده‌یان ڕۆژنامه‌نووس و نووسه‌ری ناوداری جیهانی بۆ بینی مارکۆس سه‌رۆکی زاپاتیسته‌کان، هه‌رد و کێو و جه‌نگه‌ڵه‌کانی مه‌کسیکیان ته‌ی کردووه و ده‌که‌ن، ئیتر بۆ ده‌بێت ڕۆژنامه‌نووسی کورد نه‌توانن سه‌ردانی چیاکانی قه‌ندیل بکه‌ن بۆ په‌یداکردنی زانیاری له‌سه‌ر گریلاکانی(پ‌ک‌ک)؟ باشه بۆ ناپرسن ئه‌و هه‌موو دۆلاره‌ی که حکوومه‌تی هه‌رێم و پارتی و یه‌کیه‌تی له‌و براده‌ره کرمانجانه‌ی که دژی (پ‌ک‌ک)ن سه‌رف ده‌که‌ن و له هه‌ولێر باشترین ڤێلا و ده‌ستگای ڕاگه‌یاندن و کولتووریان بۆ ده‌که‌نه‌وه، بۆو له پێناوی چیدا؟ بۆ ده‌بێت سوپای تورکی له کوردستاندا ته‌ڕاتێنیان بێت و میتی تورکی له هه‌ولێر و سلێمانی به که‌یفی خۆیان بێن و بچن، تۆ بڵێی ئه‌وه‌یش هه‌ر له به‌رژه‌وه‌ندی کورد و حکوومه‌ته ساوه‌که‌یدا بێت؟ ده‌یان و سه‌دان بۆی دیکه که کاک گۆران له من باشتر ئاگای لێیانه.به‌رپرسانی باشووری کوردستان، باشترین کار که کردبێتیان به قازانجی(پ‌ک‌ک) ئه‌وه‌یه که بێ ناوه‌به‌ر به بیری تورکیای ده‌هێننه‌وه، که له‌ناوبردنی (پ‌ک‌ک) به شه‌ڕ کاری کرده‌نی نییه، ئه‌وان خۆیان ده‌ڵێن که چه‌ندین ساڵ شانبه‌شانی تورکیا دژی گریلاکانی(پ‌ک‌ک) شه‌ڕیان کردووه، به‌ڵام هیچ نه‌تیجه‌یه‌کی نه‌بووه و نابێت، پاشان (پ‌ک‌ک) له لای خۆیه‌وه چه‌ندین جار له‌سه‌ر داوی سه‌رکرده‌کانی باشوور شه‌ڕیی وه‌ستاندووه، به‌ڵام تورکیا هیچ شتێکی کوردیی قبووڵ ناکات، ئه‌وه‌تا تازه ئه‌ردۆگان ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر زمانی کوردی ئازاد بکه‌ین ئه‌و ڕێگا بۆ پارچه‌بوونی تورکیا خۆش ده‌بێت، ئاخر ئه‌وکاته چه‌رکه‌س و لاس و کێ و کێ داوا ده‌که‌ن به‌زمانی خۆیان بخوێنن".که‌واته هه‌ڵوێستی ئه‌و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی که ده‌یانه‌وێت ئابڵوقه‌ی سه‌ر قه‌ندیل بشکێنن، نه‌ک فشه‌که‌رێتی نییه، به‌ڵکو ئه‌رکێکی نه‌ته‌وه‌یی و مرۆڤانه‌شه. به‌ڵام به‌خوا هه‌قه به‌و هه‌موو به‌ڵێنه‌ی سه‌رکرده‌کانی کورد که به هه‌موو شتێک ده‌ڵێن هێڵێ سوور و که دێته سه‌ر کرداریش فووللایتی سه‌وزه لایان، بڵێن فشه، ئه‌رێ به‌ڕاست نه‌یانده‌گووت دنیا هه‌ستێت ده‌بێت ماده‌ی 140له کاتی خۆیدا جێبه‌جێ بکرێت؟ئه‌گه‌ر تورکیا به چوونی چه‌ند ڕۆژنامه‌نووسێک دڵی بێشێ و کاره‌باکه‌ی ئه‌دیسۆن ببڕێت با هه‌ر بیبڕێت، خۆ کورد بۆخۆی له حکوومه‌تی عێراقدا وه‌ک ده‌ڵێن موشته‌ره‌که به‌ڵام ئه‌وه نییه کاره‌با و نه‌وت نادات به کوردستان، فواد مه‌عسووم له گفتووگۆیه‌کدا وتبووی ئه‌گه‌ر حکوومه‌تی مه‌رکه‌زی یه‌ک مانگ پاره‌مان نه‌داتێ، ئه‌وا وه‌ی به حاڵمان، جا حکوومه‌تێک به‌رگه‌ی مانگێک نه‌گرێت، مه‌گه‌ر خوا هیدایه‌تی بدات، ده‌با هه‌موو بڵێن: ئامین