ره‌نگه له‌م سه‌رده‌مه‌ی ئێستاماندا، سه‌رتاسه‌ری دنیا بگه‌رێیت هیچ وڵاتێک نه‌دۆزیته‌وه هێنده‌ی تورکیا به گه‌ل و حکوومه‌ته‌وه نووقمی شۆفینیزم بووبێت. هیچ وڵاتێک نییه هێنده تورکیا سه‌ره‌رای ئه‌و هه‌موو قه‌یرانه ئابووری و سیاسییه‌ی که تێیکه‌وتووه، سه‌رگه‌رمی پلاندانانی توانه‌وه و نه‌هێشتنی گه‌لێک بێت. ڕه‌نگه هیچ گه‌لێکیش نه‌بێت له دنیادا هێنده‌ی کورد خه‌مسارد بێت له‌به‌رانبه‌ر ئه‌و پلانانه‌ی له‌دژی ده‌کرێن. ئه‌وه دوو مانگ زیاتره تورکیا به به‌رده‌وامی قه‌ندیل بۆردوومان ده‌کات به‌ڵام

ئه‌و ده‌نگه سیاسییانه‌ی که دژی ئه‌و تاوانه به‌رزبوونه‌وه هێنده‌ی ژماره‌ی ئه‌و په‌له‌وه‌ر و گیاندارانه نییه که له‌قه‌ندیل تیاچوون.
ڕۆژانه له ڕۆژنامه حزبییه‌کاندا ده‌یان وتاری بێتام ده‌خوێنینه‌وه به‌ڵام چوار وتار که له‌خه‌می خه‌ڵکی ئاوه‌ره‌ی قه‌ندیلدا بێت نه‌نووسران، تورکیا باش سایکۆلۆجییه‌تی ئه‌و گه‌له‌ی ناسیووه بۆیه گاڤ به گاڤ پلانه‌کانی ده‌خا‌ته پراکتییکه‌وه.
کاتێک عه‌بدوڵڵا گول له شه‌وی هێڕشه‌که‌یاندا بۆ سه‌ر باشوور ته‌له‌فوون بۆ مام جه‌لال ده‌کات و داوه‌تی تورکیای ده‌کات ئیتر ڕاگه‌یاندنی حزبی و سایته‌کانی سه‌ر به‌ده‌سه‌ڵات هه‌موو به دوعاکه‌ی ده‌ڵێن ئامین. وه‌کو ئه‌وه‌ی شتێکی زۆر گرنگ ڕوویدا بێت، ئه‌وه سێ چوار ساڵه به سه‌دان وتار و هه‌واڵ له‌سه‌ر داوه‌تکردن و چوون و نه‌چوونی مام جه‌لال بۆ تورکیا ڕه‌شکراونه‌ته‌وه، بۆ؟ بۆ ده‌بێت نه‌ته‌وه‌یه‌ک هێنده خۆی به‌که‌م بزانێت، مام جه‌لالێک که چه‌ندین جار جۆرج ده‌بلیوو بوشی بینبێت و به‌که‌یفی خۆی له‌م په‌ڕی دنیاوه بۆ ئه‌و په‌ڕی دنیا بێت و بچێت و پێشوازی لێ بکرێت، ئیتر چ پێویستی به چوون یان نه‌چوون بۆ تورکیا هه‌یه؟
ئێستایش که تورکیا ده‌ستی به هێڕشه‌کانی بۆ سه‌ر باشووری کوردستان کردووه و پارتی کرێکارنی کردۆته به‌هانه، به‌ڵام ڕاستیه‌که‌ی پێده‌چێت پلانێکی نهێنی هه‌بێت بۆ داگیرکردنی بادینان و دابڕینی له سۆران به‌مه‌ش ده‌یه‌وێت که‌له‌برێکی گه‌وره بخاته نێو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتیمانی کوردستان که به‌داخه‌وه سه‌ره‌رای ئه‌و بنگاشه‌یه‌ی که بۆ پلانی ستراتیجی و یه‌کگرتووی ده‌کرێن، به‌ڵام پێده‌چیت هه‌ر قسه‌ی سه‌ر کاخه‌ز بن.
کاتێک به‌راوردی وڵاتێکی بچکۆله‌ی وه‌کو کۆسۆڤۆ بکه‌ین که به گه‌ل و خاکه‌وه هێنده‌ی شاره‌زوور نابێت، له ماوه‌ی چوار ساڵدا توانیان نه‌ته‌وه‌یه‌ک دروستبکه‌ن و بیکه‌نه وڵات، پارته‌کانی ئه‌و وڵاته تازه له دایک بووه، به راست و چه‌پ و لیبراڵ و مه‌لایانه‌وه هه‌موو یه‌کده‌نگن. به‌ڵام باشووری کوردستان ئه‌وه شانزده ساڵه به‌ده‌ست سیاسه‌تی حزب حزبێنه‌وه ده‌ناڵێنێت نه‌ک گه‌لی باشوور بۆ سه‌ربه‌خۆیی په‌روه‌رده نه‌کراون به‌ڵکو گه‌نده‌ڵکاری کارێکی کردووه که هه‌موو بنه‌مایه‌کی داوده‌ستگای حکوومی بنبۆش کراون، که ڕه‌نگه به‌رگه‌ی بایه‌کی که‌مێک به‌هێزی ده‌ره‌کی نه‌گرن و یانیش تووره‌یی خه‌ڵک بگاته ئاستێک که ئه‌ستمه‌بێت پێشی پێ بگیرێت.
تورکیا زۆربه‌ی پلانه‌کانی خستۆته گه‌ڕ و له هه‌ندێکیاندا سه‌رکه‌ووتنی به‌ده‌ست هێناوه، بۆ نموونه پشتیوانی ئه‌مریکا و هه‌ندێک وڵاتی دیکه، چوونی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی تورکیا بۆ رووسیا هه‌ر بۆ ئه‌و مه‌به‌سته بوو. یه‌کێکی تر له پلانه‌که‌یان ئه‌وه‌یه ده‌یانه‌وێت به‌هه‌چ شێوه‌یه‌ک بێت که‌ناڵی ڕۆژ تیڤی دابخه‌ن، که ڕاستیه‌که‌ی ته‌نها که‌ناڵێکه تاوانه‌کانی تورکیا له‌قاو ده‌دات. هیچ دووریش نییه تورکیا چه‌کی کیمیاوی به‌دژی گریلاکان و خه‌ڵکی سڤیل هه‌م له قه‌ندیل و هه‌میش له گونده‌کانی باکووری کوردستان به‌کار بهێنێت، مه‌گه‌ر سه‌ددامیش هه‌مان کاری نه‌کرد و ئه‌مریکا و سۆڤیه‌تی ئه‌و کاته بۆیان په‌رده‌بۆش نه‌کرد. ته‌نها پلانێک که تورکیا تا ئێستا نه‌یتوانییه‌وه تێیدا سه‌رکه‌وتن به‌ده‌ست بهێنێت شه‌ڕی کوردی باکوور و باشووه. ئه‌وه‌ی جێگای تێڕوانیینه، هه‌ڵوێستی یه‌کێتی له‌به‌رانبه‌ر تورکیا هه‌ڵوێستێکی زۆر لاوازه ته‌نانه‌ت نایه‌نه‌وێت به‌ئاشکرا پشتیوانی له سه‌رۆکی هه‌رێم بکه‌ن، ده‌نا ده‌بوو به‌شێک له‌سه‌رکردایه‌تی یه‌کیه‌تی هه‌ر هیچ نه‌بێت بۆ پشتیوانی له کاک مه‌سعوود بارزانی له‌گه‌ڵیدا بچونایه‌ته دهۆک.
ده‌کرێت سه‌رله‌به‌ری سیاسه‌تی پارتی کرێکاران ڕه‌ت بکرێته‌وه و ڕه‌خنه‌ی لێ بگیرێت به‌ڵام نابێت له‌و هێڕشانه‌ی تورکیا بۆ سه‌ر گریلاکان که کوڕ و کچی ئه‌و گه‌له‌ن بێلایه‌نی نیشان بدرێت، شکستی پارتی کرێکاران دواجار شکستی یه‌ک له‌دوای یه‌کی هه‌موو پارته‌کانی کوردستانی به‌دواوه‌یه، بۆیه ده‌بێت هه‌موو هاوکارییه‌کیان بکرێت. کورد ده‌بێت له‌وه دڵنیا بێت که تورکیا ته‌نها به له‌ناوچوونی ئه‌و پارته کۆڵ نادات به‌ڵکو ئه‌وان ده‌مێکه وتوویانه باشترین کورد ئه‌و کوردانه‌ن که وان له‌نێو گۆڕدا. ئه‌وه‌ی که عه‌بدوڵڵا گول ده‌ڵێت: کوردی عێراق خزم و برای ئێمه‌ن و کوردستانی نوێ بۆی ده‌که‌ن به مانشێت(22/8) ته‌نها بۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی ئه‌وانه‌ن که ساویلکه‌ن. پیره‌مێردی نه‌مر فه‌رموویه‌تی:
که له‌گه‌ڵ دووژمن لێک ئاشکرا بووی
باوه‌ڕ به‌مه‌کری بکه‌ی تێدا چووی