شه‌ڕی هه‌شت ڕۆژه که تورکیا تێیدا دۆڕا!

کاوه ئه‌مین
هێڕشی سه‌ربازی بیستوپێنجه‌می تورک بۆ سه‌ر گریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان له‌ناوچه شاخاوییه‌کانی باشوور، شکستی هێنا. به‌ره‌نگاری و گیانبازی گریلاکانی کورد له ماوه‌ی شه‌ڕه‌که‌دا، سه‌ربه‌رزییه‌کی بێ وێنه‌ی بۆ گریلاکان و تێکشاکنێکی بێ وێنه‌ی سوپای دووه‌می ناتۆی تێدا تۆمارکرا. ئێستا له هه‌موو لایه‌که‌وه باسی دۆڕاندن(فیاسکۆی) ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌کرێت، ته‌نانه‌ت عه‌بدوڵڵا گولی سه‌رۆک کۆمار ده‌ڵێت: "تیرۆریسته‌کان" به‌رخۆدان ده‌که‌ن. هه‌ر له سه‌ره‌تای ساڵانی هه‌شتاکانه‌وه دروشمی "به‌رخۆدان ژیانه" بووه‌ته وێردی سه‌ر زمانی ئازدیخوازانی کورد. کاتێک له‌م ڕۆژانه‌ی پێشودا که‌ناڵی ڕۆژتێڤی وێنه‌ی ئه‌و گریلانه‌ی بڵاوکرده‌وه که بۆسه‌یه‌کیان بۆ هه‌لیکۆپته‌رێکی تورکیا نابۆوه و خستیانه خواره‌وه، به‌ئاشکرا ده‌رکه‌وت که ئه‌وه‌ی له‌دڵی گریلاکاندا نه‌بێت، ترسه. ئاخر خۆ له خۆڕا نییه، به ملیۆنان کورد دڵیان له‌گه‌ڵ دڵی گریلاکاندا لێ ده‌دات.
تورکیا ڕه‌نگه توانیبێتی دڵی وڵاته بێ‌ویژدان و به‌رژه‌وه‌ند په‌رسته‌کانی دنیا بۆ لای خۆی ڕاکێشابێ، به‌ڵام هاوکات بۆیه‌که‌مین جار به ملیۆنان کورد چاویان له ده‌ستی تفه‌نگی گریلاکان بڕیووه، یه‌که‌مین جاره که به‌لێشاو له پیرێژنێکی هه‌شتا ساڵه‌وه بگره تا منداڵیکی ده ساڵه، خۆیان به‌قوربانی ده‌ست و تفه‌نگ و مه‌چه‌کی گریلا ده‌که‌ن. له خۆپیشاندانه سه‌د هه‌زار که‌سییه‌کی ئامه‌د دا، مه‌لایه‌ک قورئانه‌که‌ی گرتبوو به ده‌ستییه‌وه دوعای بۆ گریلاکان ده‌کرد. ده‌یان شاعیر به شیعره‌کانیان گریلاکانیان لاوانده‌وه. دیاره هه‌ندێک ڕاگه‌یاندنی کورد له باشوور له کاوێژکردنه‌وه‌ی قسه‌کانی سه‌رفه‌رمانداری تورکیا نه‌که‌وتن و ته‌له‌فیزیۆنه‌کانیش وه‌کو هه‌میشه هه‌ر خه‌ریکی "قون بادان" و له رێکلامکردن بۆ دۆشاوی ته‌ماته‌ی تورکی نه‌که‌وتن.
تورکیا ته‌نها به چه‌ک ڕووبه‌ڕووی کورد نه‌بۆته‌وه به‌ڵکو ده‌ستگایه‌کی زه‌به‌لاحی ڕاگه‌یاندن له خزمه‌تیاندان تا وره‌ی سه‌ربازه‌کانیان به‌رزبکه‌نه‌وه و شه‌ڕی ده‌روونی له‌گه‌ڵ کورد بکه‌ن، ته‌نانه‌ت سوپای تورکیا داوای له خه‌ڵکی تورک کردووه که جگه له‌و هه‌واڵانه‌ی که ئه‌وان بڵاوی ده‌که‌نه‌وه باوه‌ڕ به هیچ هه‌واڵێکی دیکه نه‌که‌ن. به‌ڵام ته‌رمی سه‌ربازانی تورک ڕۆژانه به‌سه‌ر شاره‌کانی تورکیادا دابه‌ش ده‌کرێن و ناتوانن بیشارنه‌وه.
کێ ده‌ڵێت مێژوو دوپات نابێته‌وه، مه‌گه‌ر ئه‌لکسه‌نده‌ری مه‌که‌دۆنی و له‌شکره‌که‌ی، سێ سه‌د ساڵ پێش زاین له‌هه‌مان ناوچه‌دا تووشی شکست نه‌بووه و نه‌یانتوانی به‌سه‌ر پشتی شاخه‌کانی کوردستاندا باز بده‌ن بۆ داگیرکردنی ڕۆژهه‌ڵات. له مێژووی هاوچه‌خی کوردستان هیچ داگیرکه‌رێکی کوردستان وه‌کو ئه‌مجاره‌ی تورکیا له پۆرتی نه‌داروه، بۆیه شاردنه‌وه‌ی سه‌رکه‌وتنه‌کان شاردنه‌وه‌ی ڕاستییه‌کانه. ڕاپه‌رین و سه‌رهه‌ڵدانی کورد به‌تایبه‌تی له باکووری کوردستان و هه‌ندیك ده‌ڤه‌ری بادینان وه‌کو باتۆفه که ڕێگایان له تانکه‌کانی تورکیا گرت له پشته‌وه خه‌نجه‌ر له گریلاکان بده‌ن و هه‌روه‌ها خه‌ڵکی ئه‌نفالکراوی کفری و گه‌رمیان و خۆپیشاندانه‌کانی کورد له ئه‌وروپا و قاره‌مانێتی گریلاکان تابلۆیه‌که که کورد ده‌بێت شانازی پێوه‌بکات.
ڕه‌نگه تورکیا ده‌رس له‌م شکسته‌ی خۆی وه‌رنه‌گرێت و درێژه به داگیرکارییه‌کانی خۆی بدات، به‌ڵام هیچ گومان له‌وه‌دا نییه که ناتوانن چیدیکه خۆیان و دنیا و کوردیش بخاپێنن. ئیتر ده‌زانن که کوردستان، قووبرس نییه و ئه‌وه پێنج سه‌د ساڵه بۆیان قوت نه‌دراوه.
ده‌کرێت شه‌ڕی هه‌شت ڕۆژه‌ی گریلا و تورکیا که گریلا تێیدا سه‌رکه‌وت له‌گه‌ڵ شه‌ڕی شه‌ش ڕۆژه‌ی عه‌ره‌ب و ئیسرایل که له ساڵی 1967ڕوویدا، به‌راورد بکه‌ین، که ئیسرایل خه‌ونی یه‌کێتی عه‌ره‌بی تێدا شکاند و کاسی کردن. ئه‌م شکسته‌ی تورکیاش که هاوپه‌یمانی ئیسرایل و ئه‌مریکایه و هه‌موو هاوکارییه‌کی تورکیایان کرد، له‌و شکسته‌ی عه‌ره‌ب که‌متر نییه، ئاخر ئیراده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌ک که بۆ ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌موو فیداکارییه‌ک ده‌کات هه‌ر سه‌رده‌که‌وێت.
شه‌ڕی هه‌شت ڕۆژه ده‌کرێت ده‌یان وتار و لێکۆڵینه‌وه له‌سه‌ر بنووسرێت و بکرێته هه‌وێنی نووسینی ده‌یان ڕۆمان و چیرۆک، ئه‌و ڕۆژه‌ی که بیره‌وه‌رییه‌کانی کچه گریلاکان که له‌سه‌ر ئه‌م داستانه ده‌ینووسن، ده‌خوێنینه‌وه، مێژوویه‌ک ده‌خوێنینه‌وه که دوژمن نه‌ینووسیوه به‌ڵکو کورد خۆی ده‌ینووسێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مجاره وه‌ک سه‌رکه‌وتوویه‌ک مه‌گه‌ر ناڵێن: سه‌رکه‌وتووه‌کان مێژوو ده‌نووسنه‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی (میدیای ژماره 329) دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.