ئیتر که‌س ناتوانێت ناچارمان بکات گۆشتی یه‌کتر بخۆین
نووسینی: مو‌سا عه‌نته‌ر
گۆڕینی له پیتی لاتینییه‌وه: کاوه ئه‌مین
سه‌دان ساڵ، دووژمنانی کورد، کوردیان به‌رده‌دایه یه‌کتری. ئه‌وه‌نده کوردیان پارچه پارچه کردبوو ته‌نانه‌ت عه‌شیره‌ته کورده‌کانیشیان کردبوو به دوو سێ پارچه‌وه، وه‌ک میانک له کوردستاندا، دوای عه‌شیره‌تی بارزانییه‌کان، عه‌شیره‌تی عومه‌رییه‌کان دێت، که نه‌وه‌د گوند پێکده‌هێنن، له وڵاتی لۆکسمبورگ گه‌وره‌ترن. به‌ڵام عوسمانییه‌کان و پاشانیش کۆماری تورکیا ئه‌و عه‌شیره‌یه‌یان پاڕچه پارچه کرد‌و کردنیان به دوژمنی یه‌کتر. مه‌حموودی و ئه‌تمانییه‌کان به خۆیان و ئاغاکانیانه‌وه هه‌موو ئامۆزای یه‌کتربوون، به‌ڵام دوژمن کردنی به‌گژ یه‌کدا، وه‌کو ماڵی عوسمان، ماڵی سلێمان، ماڵی سمایل و ماڵی تاهیر. من ده‌بینم ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی ئێستای نێوان حکوومه‌ته‌کی ئێمه له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتووه. کورد هۆشیاربوونه‌ته‌وه، ئیتر شوێن مه‌لا و عه‌شیره‌ته‌کان ناکه‌ون، بوون به میلله‌ت، دووژمنایه‌تیان گۆڕیوه بۆ برایه‌تی.
که جاران ته‌ماشای ڕه‌وشی کوردم ده‌کرد، هه‌میشه ئه‌م چیرۆکه‌م ده‌هاته‌وه یاد.
چیرۆکه‌که به‌م شێوه‌یه‌یه:
ده‌ڵین له وڵاتێک، مشک خه‌ڵکیان هه‌راسان کردبوو و ده‌غڵ و دانیان نه‌هێشتبوو. حاکمی وڵات زۆر ناڕه‌حه‌ت ببوو. سۆفییه‌ک به حاکم ده‌ڵێت: من ده‌توانم ئه‌م مشکانه له‌ناوبه‌رم. حاکم پێی ده‌ڵێت: کوڕه ده‌برۆ، تۆ چۆن ده‌توانیت له‌ناویان به‌ریت؟ سۆفی ده‌ڵێت: بابی بابم، من پاره‌م له تۆ ناوێت، ته‌نها ئه‌وه‌یه که تۆ قه‌فه‌زێکی گه‌وره‌ی ئاسنم بۆ دروست بکه‌یت و با گوندییه‌کان ده‌ست بکه‌ن به مشک گرتن و بیهێنن به تۆی بفرۆشنه‌وه و پاشان به ساخی ده‌یانخه‌ینه نێو قه‌فه‌زه‌که‌وه. قه‌فه‌زێکی گه‌وره‌ی بۆ دروست ده‌که‌ن و سۆفی هه‌زار مشک ده‌هاوێته ناوییه‌وه و ده‌رگاکه‌یان لێ داده‌خات. ڕۆژێک و دوان و سیان، مشکه‌کان برسیان ده‌بێت و ده‌ست ده‌که‌ن به خواردنی یه‌کتری. له سه‌ره‌تادا، مشکه چکۆله و پیر و نه‌خۆشه‌کان ده‌خۆن و ورده ورده که‌م ده‌بنه‌وه. جارجارێکیش سۆفی که‌مێک خواردنیان بۆ فڕی ده‌داته ناو قه‌فه‌زه‌که‌وه و مشکه‌کان هه‌ر به حه‌واوه ده‌یخۆن. به‌ڵام کاتێک دێت که مشکه‌کان چیتر خواردنی ده‌ره‌وه ناخۆن، به‌ڵام که سۆفی مشکێکی کوژراویان بۆ ده‌خاته خواره‌وه، هه‌موویان هێرشی بۆ ده‌به‌ن و ده‌یخۆن. سۆفی ده‌بینێت که مشکه‌کان فێری خواردنی گۆشتی یه‌کتر بوون، دێت قه‌فه‌زه‌که ده‌کاته‌وه، له هه‌زار مشک ته‌نها چل په‌نجا دانه‌یه‌کیان ماون، به‌ڵام ئێستا سیفه‌تی پشیله‌یان وه‌رگرتووه و له‌ناو شار به‌ره‌ڵایان ده‌کات. مشکه‌کانی ناوشار، لێیان ناترسن، ئاخر ئه‌وانیش هه‌ر مشکن، به‌ڵام ئه‌وان سیفه‌تی پشیله‌یان وه‌رگرتووه و ده‌که‌ونه گیانی مشکه‌کانی ناو شار و به‌جارێک له‌ناویان ده‌به‌ن.
هه‌رچه‌ندێک ته‌ماشای مێژووی کورد ده‌که‌م، هه‌ر له سه‌رده‌می ئه‌مه‌ویی، عه‌باسی، سه‌لجووقی و عوسمانییه‌کانه‌وه، هه‌مانشتیان به‌سه‌ر کورد هێناوه. وه‌کو من له‌سه‌ره‌وه‌ش باسم کرد، ئه‌وه‌ی که عه‌ره‌ب و تورک و فارسی ناره‌حه‌ت کردووه، ئه‌وه‌یه که ئیتر ئێمه یه‌کتری ناخۆین
.
تێبینی: مامۆستا مو‌سا عه‌نته‌ر ئه‌م نووسینه‌ی له 18 نیسانی 1992 نووسیوه و له ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی ئازادیا وڵات ڕۆژی 8 مارسی 2008 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه، ڕۆژنامه‌ی ئازادیا وڵات له گۆشه‌یه‌کدا به‌ناوی(تیر) نووسینه‌کانی سه‌یدا مو‌سا عه‌نته‌ر بڵاو ده‌کاته‌وه. مو‌سا عه‌نته‌ر له لایه‌ن میتی تورکی له یه‌کێک له شه‌قامه‌کانی ئامه‌د (دیاربه‌کر) له 20 – 8 - 1992 له ته‌مه‌نی حه‌فتاودوو ساڵیدا، تیرۆر کرا.