حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن ده‌یه‌وێت فێڵ له خوا بکات
کاوه ئه‌مین
پێشتر ئه‌و شیعره‌ی (حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن)م که به ناوی(به‌عسی)ییه‌وه نووسیویه‌تی، خوێندبووه‌وه، ئێستا له ڕۆژنامه‌ی(هه‌ولێر)دا، دووباره بڵاوی کردۆته‌وه. بیروباوه‌ڕی سیاسی من و حه‌مه‌سه‌عید، ئاسمان و ڕێسمانه، زێده ڕۆیی نییه ئه‌گه‌ر بڵێم ئه‌و شیعره، یه‌کێکه له جوانترین شیعره سیاسییه‌کانی نووسه‌ر. به‌ڵام ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵ به‌ڵێنه‌کی خۆی وه‌فادار بوایه. ئه‌وه‌ی که جێگای سه‌رنجه ئه‌وه‌یه که نووسه‌ر زۆر به جددی و به‌و په‌ڕی بڕوا به‌خۆبوونه‌وه ده‌یه‌وێت نه‌ک به مرۆڤ به‌ڵکو به خواش بڵێت که به‌عسی بوون کرده‌وه‌یه‌کی هێنده دزێوه که ئه‌گه‌ر که‌سێک به‌عسی نه‌بووبێت و وه‌کو کاکه حه‌مه با کۆنه کۆمۆنیست‌یش بووبێت، با سه‌رده‌مانێک حزبه‌که‌ی به‌ره‌ی وه‌ته‌نیشی هه‌بوو بێت له‌گه‌ڵ به‌عس، به‌ڵام دیسان به‌هه‌شته جێگای که‌سێکی نابه‌عسی. هه‌تا ئێره بیرۆکه‌ی شیعره‌که زۆر جوان و له‌به‌ر دڵانه.
له‌م ڕۆژانه‌دا براده‌رێک نوکته‌یه‌کی بۆ گێڕامه‌وه له‌سه‌ر شۆڤینیستی تورک. ده‌ڵێن "له‌یه‌کێک له مزگه‌وته‌کانی تورکیادا، مه‌لایه‌ک له‌کاتی نوێژی هه‌ینیدا به ئاماده‌بووان ده‌ڵێت: ئه‌و که‌سه‌ی تورکی نه‌زانێت ناچێته به‌هه‌شت. ئه‌وانه‌ی له‌وێ ده‌بن هه‌موو له خۆشیاندا شاگه‌شکه ده‌بن، به‌ڵام یه‌کێک له ئاماده‌بوان ده‌ست ده‌کات به گریان، به‌ڵام چ گریانێک، کاتێک مه‌لاکه لێی ده‌چێته پێشه‌وه و پێی ده‌ڵێت: ئێ کوڕی خۆم تۆ بۆ وا به‌کوڵ ده‌گریت، خۆ شووکور تۆ هه‌م تورکیت و تورکیش ده‌زانیت و موسڵمانیشیت، ئیتر بۆ وا خۆت سه‌خڵه‌ت کردووه. کابرا ده‌ڵێت: قوربان گیان من بۆخۆم ناگریم به‌ڵکو بۆ پێغه‌مبه‌ری موسڵمانان ده‌گریم که نه تورک بووه و نه تورکیشی زانیوه".
که جارێکی دیکه شیعره‌که‌ی حه‌مه‌سه‌عیدم خوێنده‌وه و ئه‌و نوکته‌یه‌ی ئه‌و براده‌ره‌شم به‌بیر هاته‌وه، وتم به‌خوا کاکه حه‌مه‌ش له کورده‌که‌ی هه‌ردوو جه‌ژنه‌که بووه. ئاخر هه‌ر چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وپێش کاکه حه‌مه له به‌رنامه‌یه‌ک که له ته‌له‌فزیۆنی نه‌ورۆزی هه‌ولێردا بۆ بیرهێنانه‌وه‌ی قووربانیانی هه‌ڵه‌بجه ئاماده‌کرابوو، به‌شداری کرد. ئه‌و که‌سه‌ی که به‌رنامه‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌کرد کۆنه به‌عسییه‌و کاکه حه‌مه‌ش باش ده‌زانێت، زۆرێک له ژماره‌کانی رۆژنامه‌ی هاوکاری سه‌رده‌می به‌عس وتاری ئه‌و کابرا به‌عسییه‌ی تێدایه که به‌سه‌ر و سمێڵێ سه‌ددام و به‌عس و قادسییه‌یدا هه‌ڵداوه، جا نازانم له‌و دنیا چۆن حه‌مه‌سه‌عید بتوانێت به هه‌ڵله‌رزینه‌وه فێڵ له خوا بکات که ئاگای له خشه‌ی مار و مێرووه، حه‌تمه‌ن ده‌شزانێت کێ به‌عسی بووه و کێ له‌گه‌ڵیان دانیشتووه!. هه‌موو دینه ئاسمانییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌وه کۆکن که خوای گه‌وره که‌سێکی میهره‌بانه و که‌رامه‌تداره و که‌س بڕوا ناکات بتوانێت فێڵی لێ بکات، خۆ رۆژی مه‌حشه‌ر ده‌شتی هه‌ولێر نییه به‌ئاره‌زووی خۆت چۆنت بوێت وا لێ بخوڕیت، یان (جه‌لالینامه‌یه‌ک) بنووسیت و نانت بکه‌وێته ڕۆنه‌وه. ئه‌ی که‌وا بێت کاک حه‌مه‌سه‌عید چۆن وه‌ڵامی خوا بداته‌وه له‌کاتێکدا له‌گه‌ڵ کۆنه به‌عسییه‌کدا بێت باسی قووربانیانی هه‌ڵبجه بکات.
چه‌ند ساڵێک پێش ئێستا، یه‌کێک له شاعیر و نووسه‌ره ناوداره‌کانی کورد سه‌ردانی کوردستانی کردبوو، بۆی گێڕامه‌وه" هه‌ر به گه‌یشتنم بۆ هه‌ولێر ئه‌و کابرا به‌عسییه ته‌له‌فوونی بۆ کردم و داوای گفتووگۆیه‌کی لێ کردم، به‌ڵام وتی به‌یه‌ک نه‌خێری گه‌وره وه‌رامم دایه‌وه، هه‌رچه‌نده ده‌ڵێن فه‌قیره به‌عسییه‌کی بێوه‌یش بووه".
ده‌ڵێم نه‌وه‌ک خوانه‌خواسته کاکه حه‌مه وا تێبگات که بوختانم بۆ کردووه، بۆیه ده‌ڵێم ئه‌و کابرایه‌ی که حه‌مه‌سه‌عید له‌گه‌ڵی دانیشتبوو باسی "په‌یامنێرتان له هه‌ڵبجه‌وه‌ی" بۆ ده‌کرد، شێرزاد عه‌بدولره‌حمانه، ئه‌گه‌ر ده‌شڵێت به‌عسی نه‌بووم فه‌رموو با به‌درۆم بخاته‌وه.
تێبینی: شیعره‌که‌ی حه‌مه‌سه‌عید حه‌سه‌ن له ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر ژماره(248) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه
به‌عسی
دوێنێ شه‌و
له خه‌وما مردبووم،
له‌به‌رده‌م باره‌گای یه‌زدانا،
به ترس و له‌رزه‌وه،
بێ ئومێد، چاوه‌ڕێی دۆزه‌خ بووم،
ئه‌و کاته‌ی نۆره‌م هات،
خوا فه‌رمووی:
(له‌به‌ر چی ئه‌وه‌نده ده‌ترسی؟
به‌هه‌شته جێی که‌سێ،
له سایه‌ی دۆزه‌خی به‌عسدا ژیابێ و
نه‌بووبێ به به‌عسی.)