نامه‌ی مامۆستایه‌کی کورد بۆ خوێندکاره‌کانی له زیندانه‌وه که حوکمی له سێداره‌دانی به‌سه‌ردا بڕاوه

ئه‌رسه‌لان عه‌زیزی
هێشتا تارمای سێبه‌ری مه‌رگ له‌سه‌ر عه‌دنان حه‌سه‌نپوور، به‌ته‌واوی لانه‌چووه؛ که هه‌واڵی په‌سه‌ندکردنی حوکمی ناڕه‌وای له سێداره‌دانی نووسه‌ر و مامۆستا و چالاکوانێکی فه‌رهه‌نگی تری کوردستان، بووه سه‌ردێری هه‌واڵی به‌شێکی زۆر له هه‌واڵنێره‌کانی دنیا و جاریكێ دیكه ئه‌و راستیه‌ی سه‌لماند، که ئه‌گه‌ر ئێران زیندانێکی به‌رین و گه‌وره‌یه بۆ نووسه‌ران و رؤژنامه‌وانانی سه‌رجه‌م نه‌ته‌وه‌کانی تری ئه‌م وڵاته، له هه‌مانکاتدا قه‌تڵگایه‌کی گه‌وره‌تره بۆ نووسه‌ران و روناکبیرانی کوردستان. فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، نووسه‌ر و مامۆستا و چالاکی فه‌رهه‌نگی شاری کامیاران، که زیاتر له چوارده مانگه له ژێر ئه‌شکه‌نجه و ئازارێکی له‌راده‌به‌ده‌ردا به‌سه‌رده‌بات، له کاتێکدا حوکمی ناڕه‌وای له سێداره‌دانی به‌سه‌ردا سه‌پاوه، سه‌رئه‌نجام له زیندانی ره‌جایی شاری که‌ره‌جه‌وه نامه‌یه‌کی بۆ قوتابیه‌کانی خۆی نووسی؛ که لێوانڕێژه له هه‌ست و ئیحساسی ئینسانی و به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گری دیکه‌شه، بۆ ره‌تکردنه‌وه‌ی ئه‌و تۆمه‌ت و به ناو به‌ڵگانه‌ی که دادگاکانی سۆڕشی ئیسلامی، نزیک به سی ساڵه رۆڵه‌کانی گه‌لانی ئێران به گشتی و گه‌لی کورد به تایبه‌تی، پێ زیندان و ئه‌شکه‌نجه و گوله‌باران ده‌کات.
له‌گه‌ل ئاره‌زوی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی هه‌رچی زووتری ئه‌و حوکمه ناره‌وایه و ئازادی خێرای فه‌رزاد که‌مانگه‌ر، له خواره‌وه وه‌رگێڕدراوه‌ی کوردی ئه‌و نامه‌یه‌تان له گه‌ل ده‌قه فارسییه‌که‌ی پێشکه‌ش ده‌که‌م
(به ناوی ئازادی)
منداڵه‌کان سڵاو!
دڵم بۆ هه‌مووتان ته‌نگ بووه و لێره‌دا، شه‌و و رۆژ به خه‌یاڵ و به بیره‌وه‌رییه شیرینه‌کانتانه‌وه سێعری ژیان ده‌هۆنمه‌وه و هه‌موو رۆژێک له‌بری ئێوه، رۆژباش ده‌ڵێم به هه‌تاو و له ته‌نیشت ئه‌م دیواره به‌رزانه‌وه، له‌گه‌لتاندا له خه‌و راده‌بم و له‌گه‌لتاندا پێده‌که‌نم و له‌گه‌لیشداندا ده‌نوومه‌وه. هه‌ندێ جاریش (شتێک وه‌ک دڵته‌نگی) سه‌رتاپای له‌شم داده‌گرێت.
خۆزگه ده‌کرا وه‌ک رابردوو، له‌کاتێکدا کفت و ماندووی چاوپێکه‌وتن و پشکنین بووین، که بۆ خۆمان گه‌شتی زانیاریمان ناو لێنابوو، ماندوو له‌و هه‌مووه قرمووقاڵه؛ ته‌پووتۆزی رێگاکه‌مان له‌گه‌ل خاوێنی کانیاوی گوند، له بیرخۆ ده‌برده‌وه. خۆزگه ده‌کرا وه‌ک رابردوو (گوێمان به ترپه‌ی پێی ئاو) و له‌شمان به نه‌وازشی گوڵ و گیا ده‌سپارده‌وه و له‌گه‌ل سه‌مفونیای جوانی سروشتدا، پۆله‌کانی وانه‌وتنه‌وه‌مان ده‌ستپێده‌کرده‌وه و کتێبی بیرکاری پۆله‌که‌شمان به هه‌موو مه‌جهولاته‌کانیه‌وه، له ژێر به‌ردێک قایم ده‌کرد. ئاخر کاتێک بابه، نانی نییه، هه‌تا پێشکه‌ش به سفره‌که‌ی بکات. چ جیاوازییه‌کی ده‌بێت؛ ئه‌گه‌ر ره‌قه‌می پیی، سێ کۆما چوارده بێت، یان سه‌د کۆما چوارده. وانه‌کانی زانیاریشمان، به‌هه‌موو ئاڵوگۆڕه‌کانی فیزیا و کیما له جیهاندا، ده‌نایه لاوه‌وه و به هیوای گۆڕانێک له توخمی (ئه‌وین و موعجزه)، ماڵئاوایمان له سروه‌ی باو و له په‌ڵه‌هه‌وره‌کانی سه‌ر رووبه‌ری ئاسمان ده‌کرد. چاوه‌ڕێی گۆڕانێک ده‌که‌ین، که چی تر کوورش، هاوپۆله خوێنگه‌رمه‌که‌تان له ناو پۆلی وانه‌وتنه‌وه، ره‌وانه‌ی کرێکاری نه‌کرێ و له ته‌مه‌نی مێرمنداڵیدا، بۆ په‌یداکردنی نان، له سه‌ر بینا به‌رزه‌کانه‌وه به‌رنه‌بێته‌وه و بۆ هه‌میشه ماڵئاوایمان لێنه‌کات. چاوه‌ڕێی گۆڕانێک ده‌که‌ین، که بۆ جێژنی نه‌ورۆز، جووتێک پێڵاوی نوێ و جلوبه‌رگێکی جوان و سفره‌یه‌کی پڕله نوقڵ و نه‌بات، بۆ هه‌مووان به‌دیاری بێنێت.
خۆزگه ده‌کرا سه‌رله‌نوێ به‌دوور له چاوی چاوه‌دێره مۆنه‌که‌ی قوتابخانه‌که‌وه، پیته کوردییه‌کانمان سه‌ر له‌نوێ ده‌وره‌ده‌کرده‌وه و به زمانی دایکیمان بۆ یه‌کتری شێعرمان ده‌خوینده‌وه و پاشان ده‌ست له ناو ده‌ستی یه‌ک، هه‌ڵده‌په‌ڕین و هه‌ڵده‌په‌ڕێن و هه‌ڵده‌په‌ڕین.
خۆزگه دیسان ده‌بوومه‌وه به گۆڵێری قوتابییه‌کانی پۆلی یه‌که‌م و ئێوه له ناو خه‌ونی بوون به روناڵدوودا، گۆڵتان له مامۆستاکه‌تان ده‌کرد و یه‌کترتان له ئامێز ده‌گرت. به‌ڵام مخابن، نازانن له وڵاتی ئێمه‌دا، خه‌ون و ئاواته‌کان، پێش قاپی عه‌کسه‌کانمان تۆزی فه‌رامووشییان لێده‌نیشێت. خۆزگه دیسان ده‌بوومه‌وه به که‌سی هه‌میشه‌یی حه‌ڵقه‌ی یاریی (عه‌موو زه‌نجیرباف)ی کچانی پۆلی یه‌که‌م، ئه‌و کچانه‌ی که ده‌زانم ساڵانی دواتر، له سووچێکی ده‌فتری بیره‌وه‌رییه‌کانیاندا به دزییه‌وه ده‌نووسن؛ خۆزگه به کچی له دایک نه‌ده‌بووم.
ده‌زانم گه‌وره بوون و مێرد ده‌که‌ن، به‌ڵام بۆ من هه‌ر ئه‌و فریشته پاک و بێخه‌وشانه‌ن که هێشتا، (شوێنی ماچه‌که‌ی ئه‌هوورامه‌زدا)، له نێوان چاوه جوانه‌کانتانه‌وه دیاره. به‌ڕاست کێ ده‌زانێ، ئه‌گه‌ر ئێوه فریشته‌کانی له دایکبووی نیشتمانی ره‌نج و هه‌ژاری نه‌بووناێ، قاقه‌ز به‌ده‌ست بۆ که‌مپه‌ینی ژنان ئیمزاتان کۆنه‌ده‌کرده‌وه؟. یان له‌م سووچه (زه‌ویه له‌بیرکراوه‌ی خوا‌دا)، ئه‌گه‌ر له دایک نه‌ده‌بوون، ناچارنه‌ده‌بوون له ته‌مه‌نی سێزده‌ساڵیدا به چاوی پڕله فرمێسک و حه‌سره‌ته‌وه، له ژێر تارای شووکردندا، بۆ دواجار ماڵئاوای له قوتابخانه‌که‌تان بکه‌ن و (چیرۆکی تاڵی، جنسی دووه‌م بوون)تان، به ئێسک و پێسته‌وه هه‌ست پێبکه‌ن.
کچانی نیشتمانی ئه‌هوورایی! سبه‌ی ئه‌گه‌ر ویستان له داوێنی سروشتدا، پووننه بۆ منداڵه‌کانتان بچنن، یان تاجه گوڵینه‌یه‌کیان له وه‌نه‌وشه بۆ سازکه‌ن؛ حه‌تمه‌ن له بیری نه‌که‌ن، که یادێک له‌و هه‌مووه خاوێنی و شادییه‌ی سه‌رده‌می منداڵیتان بکه‌نه‌وه.
کوڕانی سروشتی هه‌تاو! ده‌زانم چی تر ناتوانن له گه‌ل هاوپۆۆله‌کانتاندا دابنیشن، بخوێنه‌وه و پێبکه‌نن، چوون پاش موسیبه‌تی به پیاو بوونتان، تازه خه‌می نان یه‌خه‌ی گرتوون، به‌ڵام له بیرتان بیت که به شێعر و گۆرانی وتنه‌وه، پشت نه‌که‌ن له له‌یل و خه‌ونه‌کانتان. منداڵه‌کانتان فێر که‌ن بۆ نیشتمانه‌کایان و بۆ ئه‌مرۆ و سبه‌ی، رۆڵه‌یه‌ک بن له توخمی (شێعر و باران). ده‌تانسپێرمه ده‌ستی هه‌تاوو با، تا سبه‌یه‌کی نه زۆر دوور، وانه‌ی ئه‌وین و دڵ‌پاکی بۆ نیشتمانه‌که‌تان بهۆنه‌وه.
هاوڕێ، هاویاری و مامۆستای سه‌رده‌می منداڵیتان
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر
به‌ندیخانه‌ی ره‌جایی شاری که‌ره‌ج9
/2/1386
سه‌رچاوه: سایتی ڕێنێسانس