کاوه ئه‌مین
رووداو - ستۆکهۆڵمرووداو: پێم خۆشه سه‌ره‌تا هه‌ندێک باسی ئه‌و داستانه‌مان بۆ بکه‌یت که باوکتی تێدا شه‌هیدکرا، باسی هه‌ڵکوتانه سه‌ر ده‌بابه‌ی(حه‌مه گوڵپی) خۆی له خۆیدا چیرۆکێکه، به‌ڵام با له‌ده‌می ئێوه بیبیستین؟
فایه‌ق گولپێ: خێزانه‌کی ئێمه له شه‌ش که‌س پێکده‌هات، باوکم و دایکم و چوار کوڕ، من کوڕی گه‌وره‌ی ماڵه‌وه بووم، ماوه‌یه‌ک بوو باوکم ببوو به پێشمه‌رگه، شه‌وێکیان، دایکم قسه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کردو پێی ده‌گوت: واز له پێشمه‌رگایه‌تی بهێنه، ئه‌گه‌ر تۆ بکوژرێیت منداڵه‌کان بێسه‌رپه‌رشت ده‌مێننه‌وه و من ناتوانم به‌خێویان بکه‌م. به‌ڵام باوکم که زۆر بڕوای به پێشمه‌رگایه‌تی هه‌بوو له وه‌رامدا پێی وت: زۆر ئاساییه ئه‌گه‌ر من له پێناوی کورددا شه‌هیدبم، له پاشه‌ڕۆژدا کوڕه‌کانم لێی سوتمه‌ند ده‌بن، به ئیراده‌یه‌کی ئاواوه پێشمه‌رگایه‌تی ده‌کرد. هاوین بوو، من منداڵ بووم، باسی شه‌ڕێکی گه‌و‌ره‌یان ده‌کرد که له‌سه‌ر پردی زه‌ڵم ڕوویدابوو، ده‌یانگووت سووپای زه‌عیم سدیق هێڕشی هێناوه و ده‌یه‌وێت هێڕشبکاته سه‌ر ناوچه‌ی هه‌ورامان و بنکه و باره‌گاکانی هێزی پێشمه‌رگه داگیر بکات.
ئه‌وه بوو پێش ئه‌وه‌ی سووپا هێڕش بکات، پێشمه‌رگه چووبوونه سه‌ر جاده‌که و سه‌نگه‌ریان لێدابوو و چاڵیان هه‌ڵکه‌ندبوو و له‌گه‌ڵ دوژمن‌دا که‌وتبوونه شه‌ڕه‌وه. دیاره ته‌نها پێشمه‌رگه‌ش نه‌بوو، هێزی به‌رگریش چووبوون به‌ره‌و شه‌ره‌که، باوکیشم له‌وێ بوو، دوای سێ ڕۆژ خه‌به‌ر هات که پێشمه‌رگه شکاوه و دوانزده یانیش زیانزده که‌سیان لێ شه‌هیدکرابوو و یه‌کێک له‌وانه باوکم بوو.
ته‌رمی هه‌موو شه‌هیده‌کانی دیکه له‌وێ به‌جێمابوو و هێنانیانه‌وه، ته‌نها ته‌رمی باوکمیان بردبوو بۆ سه‌یدسادق. ئه‌وه‌ی که بیستمان ڕووداوی شه‌هیدکردنی باوکم ئاوا بووه، که شه‌ڕیان کردووه، باوکم تفه‌نگێکی پێنج تیر و ده‌مانچه و خه‌نجه‌ری پێبووبوو، ئه‌وه‌ی که‌بیستمان، کاتێک باوکم فیشه‌کی لێ ده‌بڕێت و ده‌بابه‌یه‌ک لێێ نزیک ده‌بێته‌وه له سه‌نگه‌ره‌که‌ی خۆی دێته ده‌ره‌وه و ده‌چێته سه‌ر ده‌بابه‌که و ده‌یه‌وێت به خنجه‌ره‌که‌ی شۆفێری ده‌بابه‌که بکوژێت، به‌ڵام ده‌بابه‌یه‌کی تر له دواوه ته‌قه‌قی لێده‌کات و شه‌هید ده‌بێت و ته‌رمه‌که‌ی ده‌که‌وێته خواره‌وه، کاتێک سووپاکه‌ی زه‌عیم سدیق ئه‌و ڕووداوه ده‌بین، ته‌رمه‌که‌ی باوکم له‌گه‌ڵ خۆیان ده‌به‌ن بۆ سه‌یدسادق، به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی که ده‌یگێڕنه‌وه له پردی زه‌ڵمه‌وه تا سه‌یدسادق که پانزه کیلۆمه‌ترێک ده‌بێت، ته‌رمه‌که‌ی ڕاده‌کێشن و له‌وێ باسی جۆری کوشتنه‌که‌ی ده‌که‌ن و ده‌ڵێن ئه‌مه به‌رپرسیان بووه بۆیه ته‌رمه‌که‌یمان به‌و شێوه‌یه له‌گه‌ڵ خۆمان هێناوه. ته‌رمه‌که‌ی لای خۆیان ده‌هێڵنه‌وه، پاشان خه‌ڵکی ئه‌وێ به‌تایبه‌تیش پیاوانی ئاینی ده‌چن داوای ته‌رمه‌که‌ی ده‌که‌نه و به به‌رپرسی هێزه‌که ده‌ڵێن: باشه ئه‌وه کوشتووتانه، ئه‌مه که‌سێکی موسڵمانه و ده‌بێت ته‌رمه‌که‌یمان بده‌نه‌وه تا بینێژین. ئیتر ئه‌وانیش ڕازیده‌بن و هه‌ر له سه‌یدسادق ده‌ینێژن. ڕاستییه‌که‌ی داستانی شه‌هیدکردنی باوکم به‌و شێوه‌یه له‌لایه‌ن دوژمن خۆیه‌وه بڵاوکرایه‌وه.
رووداو: باشه ئه‌م گێڕانه‌وه‌یه له‌ناو خه‌ڵکدا چۆن ده‌نگی دایه‌وه و چۆن باسی لێوه‌ده‌کرا؟
دوکتۆر: دیاره ده‌نگی دایه‌وه و بووه هۆی به‌رزکردنه‌وه‌ی وره‌ی پێشمه‌رگه، به‌تایبه‌ت باوکم ئه‌وکاته سه‌رپه‌ل بوو، بۆیه گێڕانه‌وه‌ی داستانه‌که و هه‌ڵکوتانه سه‌ر ده‌بابه به‌خه‌نجه‌رێکه‌وه، مۆرالێک بوو بۆ خه‌ڵک و بۆ ئێمه‌یش، من بۆ خۆم تا ئێستاش شانازی به‌وه‌وه ده‌که‌م که کوڕی ئه‌و پیاوه‌م.
رووداو: لێره‌دا به‌بێ ئه‌وه‌ی گوێ بده‌ین به‌وه‌ی که ئینتیمای سیاسی تۆ چییه و چی نییه، له باشووری کوردستاندا ده‌ستگایه‌ک هه‌یه به‌ناوی "ده‌ستگای ئه‌یلوول"، یارمه‌تی بنه‌ماڵه‌ی ئه‌و شه‌هیدانه ده‌ده‌ن که له شۆڕشی ئه‌یلولدا شه‌هیدکراون، ئایا بنه‌ماڵه‌ی ئێوه له‌لایه‌ن ئه‌و ده‌ستگایه‌وه هیچ یارمه‌تییه‌ک وه‌رده‌گرێت، دیاره مه‌سه‌له ئه‌وه نییه که ئێوه پێوستان پێیه‌تی یان نا، به‌ڵکو وه‌ک مه‌سله‌یه‌کی ئه‌خلاقی و وه‌فاداری؟
دوکتۆر: ڕاست ده‌که‌یت. دیاره ده‌بێت بڵێم مه‌سه‌له‌که ئاوایه، من له‌به‌ر ئه‌وه‌ی خۆم مرۆڤێکی خوێنده‌وار بووم و ئه‌گه‌ر بڵێین نه‌ختێک رۆحی یاخیبوونیشم تێدایه، له‌به‌ر ئه‌وه نه‌متوانی له ڕێبازی کوردایه‌تییه‌که‌ی باوکمدا، تێکۆشانی سیاسی بکه‌م. له‌به‌ر ئه‌وه به‌هۆی ئێمه‌وه تا راده‌یه‌ک ئه‌و قاره‌مانێتییه‌ی باوکیشم په‌راوێزخرا و زۆر درێژه‌ی نه‌کێشا. به‌تایبه‌ت دوای یانزه‌ی ئازار که ئێمه به‌ته‌واوه‌تی له پارتی دوورکه‌وتینه‌وه و هه‌ندێک هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌کرا.
دیاره دوکتۆر من مه‌به‌ستم زیاتر له‌و ده‌ستگایه وه‌کو ده‌ستگایه‌کی حوکوومی؟
دوکتۆر: دیاره به‌داخه‌وه ئه‌و ده‌ستگایه وه‌کو زۆربه‌ی ده‌ستگاکانی دیکه حوکوومی نییه و حیزبییه، تا ئێستا به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ئێمه‌یان به‌سه‌ر نه‌کردۆته‌وه، من برایه‌کی دیکه‌م ماوه، باوکم شه‌هید بوو، برایه‌کی دیکه‌م پێشمه‌رگه‌ی پارتی بوو شه‌هید بوو، برایه‌کی دیکه‌م و دایکم و خێزانی براکه‌م له کاره‌ساتی کیمیاوی بارانکردنی هه‌ڵه‌بجه‌دا شه‌هید بوون، ئێستا له خێزانه‌که‌مان ته‌نها من و برایه‌کم ماوین، ئه‌و برایه‌م وه‌کو شتێکی ره‌مزی وه‌کو شه‌هیدانه یارمه‌تییه‌کی وه‌رده‌گرت، وابزانم له‌م ماوه‌یدا ئه‌وه‌شیان بڕیوه. ئیتر نه له لایه‌ن پارتی و نه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی کاروباری شه‌هیدانه‌وه هیچ ئاوڕێکیان له ئێمه نه‌داوه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌وه، جارێکیان له یه‌کێک له به‌رنامه‌کانی زاگرۆز تیڤیدا که چووبوون بۆ ئه‌و ناوچه‌یه‌ی ئێمه، براکه‌م وتی من باسی ئه‌وه‌م کردووه که ئێمه کێین و چه‌ند براین، به‌ڵام له به‌رنامه‌کدا ناوی منیان سڕیبووه‌وه.
رووداو: واته کاریگه‌ری نه‌گه‌تیڤی تۆ له‌سه‌ر باوکت و هی باوکیشت له‌سه‌ر تۆ هه‌یه؟
دوکتۆر: به‌ڵی، من ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی که خۆم بروام پێیه‌تی، ڕاسته من قازانجم له ناوبانگی باوکم نه‌کردووه نه مادی و نه مه‌عنه‌وی، دیاره ده‌کرێت منیش نه‌ختێک زوڵمم له‌باوکم کردبێت، به‌ڵام من له‌به‌رژه‌وه‌ندی گشتیدا ئه‌وه‌م کردووه، ئێستاش که وازم له یه‌کێتی هێناوه و سه‌رکردایه‌تی پارتێکی دیموکراتیتر و نه‌ته‌وه‌یی تر ده‌که‌م، وه‌زعی خێزانی ئێمه له‌و ڕووه‌وه زۆر خراپتر بووه، زۆریش زه‌ره‌مان کردووه.
رووداو: باشه دوکتۆر، تۆ باوکت پارتی بووه، خۆت ده‌چیته ناو کۆمه‌ڵه یانیش یه‌کێتییه‌وه و پاشانیش پارتی چاره‌سه‌ری و هه‌مانکات ژنه‌که‌ت ئه‌ندامی یه‌کێتییه، چۆن هاوسه‌نگی ئه‌م هه‌موو ئاراسه‌ته پێچه‌وانانه ڕاده‌گریت؟
دوکتۆر: بڕاوبکه ئه‌و ژیانه‌ی من هه‌مه، موعه‌قه‌دترین ژیانه، نموونه‌یه‌کی وا زۆر زه‌حمه‌ته بدۆزیته‌وه. به‌ڵام ئه‌گه‌ر براده‌رانی پارتی و یه‌کێتی، ته‌عه‌سووبی حیزبایه‌تی خۆیان که‌مبکه‌نه‌وه من ده‌توانم به باشی له‌گه‌ڵ ئه‌وانیشدا بژیم و هاوسه‌نگیه‌ک له نێوان ئه‌و فکره‌یه‌ی که خۆم بڕوام پێی هه‌یه، ئه‌و بیروباوه‌ڕه‌ی ژنه‌که‌م هه‌یه‌تی و ئه‌و فکره‌یه‌یشی که باوکم خۆی بۆ به شه‌هیدکردندا، رابگرم، به‌ڵام ته‌عه‌سووبی حیزبایه‌تی ئه‌وه‌نده زۆره لای ئه‌وان که ڕێگا ناده‌ن ئه‌و هاوسه‌نگییه دروستبکه‌م. من ئاماده‌م چۆن ئێستا پێوه‌ندییه‌کی باشم له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا هه‌یه، به‌هه‌مان شێوه پێوه‌ندییه‌کی واشم له‌گه‌ڵ پارتی و یه‌کێتیدا هه‌بێت. ئه‌و ماوه‌یه‌شی که پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ پارتی کرێکارانی کوردستاندا هه‌بووه، وام کردووه که به قازانجی پێکه‌وه‌ژیانی هه‌موو لایه‌کمان بێت، کارێکم کردووه که پێوه‌ندییه‌ک له نیوان ئه‌و پارتانه‌دا هه‌بێت. من ده‌ڵێم ژیانی من که‌مێک موعه‌قه‌ده به‌ڵام مرۆڤ ئه‌گه‌ر بیه‌وێت ده‌توانێت کاری باش بکات، هاوسه‌نگی ڕابگرێت و که‌مێک قووڵتر بۆ مه‌سه‌له‌کان بچێت. ئێستا که سه‌رده‌م سه‌رده‌می فره‌ڕنگییه، سه‌رده‌می مافی ژنه، جا ئه‌م چه‌مکی دیموکراتی و مافی ژنه، تۆ ده‌بێت له پێشدا له خێزانه‌کی خۆتدا پیاده‌ی بکه‌یت، پاشان بچیت بۆ نێو کۆمه‌ڵگه و ده‌سته‌ڵات.
رووداو: باشه ئه‌و فکره‌ی یه‌کسانییه‌ی که لای تۆ هه‌یه و باسی لێوه ده‌که‌یت، لای هاوسه‌ره‌که‌شت هه‌یه؟
دوکتۆر: نه‌وه‌ڵڵا. بۆ نموونه ئه‌وه بیست شه‌وێکه له‌وێ نیم زۆر ئیسراحه‌تم، بۆ؟ چونکه ژنه‌که‌م له‌گه‌ڵم نییه تا پێم بڵێت وازبێنه، ئه‌وه چه‌ندین ساڵه به‌به‌رده‌وامی پێم ده‌ڵێت واز له فره‌که‌م بهێنم، ده‌ڵێت واز له‌و فکره‌یه‌ی خۆت بهێنه، ئه‌و فکره‌یه‌ی تۆ هه‌ڵه‌یه.
ئه‌ی تۆ دوکتۆر پێی ناڵێیت تۆ واز له فکره‌که‌ی خۆت بهێنه؟
دوکتۆر: نا، نایڵێم. به‌پێجه‌وانه‌وه من پێی ده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ئه‌و فکره‌یه‌ی من نه‌بوایه تۆ ئه‌و ئیسراحه‌ته‌ت نه‌ده‌بوو، هه‌موو که‌س به‌خیلی به ژیانی تۆ ده‌بات، له هه‌موو خێزانێکدا زیاتر عه‌قڵه‌یه‌تی پیاوسالاری زاڵه، به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی من هه‌ڵگری ئه‌و فکره‌یه‌م، فکره‌ی پارتی چاره‌سه‌ری فکره‌یه‌کی فراوانه، یه‌کێک له کۆڵه‌که‌کانی ئه‌و فکره‌یه، مافی ئازادی و یه‌کسانی بۆ ژنه، پێی ده‌ڵێم تۆ ئیستیفاده‌ت له‌و فکره‌ی من کردووه، ئه‌وه‌تا تۆ له حزبێکی تردا کارده‌که‌یت. به‌ڵام جار جار قه‌ناعه‌ت ده‌کات، به‌ڵام پاش ماوه‌یه‌ک دیسان ده‌ستپێده‌کاته‌وه.
من پێم وتووه مادام تۆ هه‌ر یه‌کێتیت، یه‌کێتییه‌کی باش به. خۆت پێش بخه، من زۆرم بۆ هێنا تا بچێت قانوون و سایسه‌ت بخوێنێت، له کاتێکدا ئه‌و بۆ خۆی تا شه‌شی ئاماده‌یی خوێندبوو، من پێم وتووه ماده‌م تۆ سیاسه‌ت ده‌که‌یت، باشتره له لایه‌نه ئه‌کادیمیه‌که‌شی تێبگه‌یت، تا له کاره‌که‌ی خۆتدا سه‌رکه‌وتوو بیت. من له هێزی ژن ناترسم، من حه‌زده‌که‌م ئه‌و ژنانه‌ی که له ڕێکخستنه‌که‌ی ئێمه‌دا کار ده‌که‌ن، چ کچم بێت چ ژنم بێت، چ خزمی ترم بێت، هه‌ر ژنێک بێت، ژنێکی به‌هێز و به‌توان بێت.
رووداو: له بیره‌وه‌ریه‌کانتدا، رووداوێکی سه‌رده‌می پیشمه‌رگایه‌تی ده‌گێڕیته‌وه که به‌لای منه‌وه، باڵکێش بوو. ئه‌ویش گرتن و شه‌هیدکردنی دوو هاوڕیی تۆیه له لایه‌ن جاشه‌کانه‌وه، به‌ڵام جاشه‌کان به یه‌کێکیان ده‌ڵێن خۆتان به‌ده‌سته‌وه بده‌ن له‌سه‌ر شه‌ره‌فی بارزانی هیچتان لێ ناکه‌یه‌ن؟ ئه‌وه چۆن بوو؟
دوکتۆر: دیاره ئه‌وانه سێ دوکتۆر بوون، دوکتۆر جه‌بار، دوکتۆر ئاسۆ و دوکتۆر دڵشاد. دوکتۆر ئاسۆ معاون توبی بوو، که جاشه‌کان ده‌وریان ده‌گرن، فیشه‌کێک به خۆیه‌وه ده‌نێت و خۆی ده‌کوژێت. پاش ماوه‌یه‌ک ئێمه به‌ته‌مای جه‌لال و دڵشادیش نه‌بووین. ڕۆژێکیان که ئێمه له بالیسان بووین سه‌یرده‌که‌م وا دوکتۆر دڵشاد دێت بۆلامان، منیش وتم ئه‌وه چۆن گه‌یشتوویته ئێره؟ ئه‌ویش بۆی گێراینه‌وه که چۆن جاش ده‌وریان ده‌گرن و دوکتۆر ئاسۆ خۆی ده‌کوژێت. جاشه‌کان به‌زه‌ییان پێمان‌دا ده‌هاته‌وه، داوایان لێ‌کردین ئه‌گه‌ر ته‌سلیم بین نامانکوژن، ئێمه‌ش بروامان پێ نه‌ده‌کردن، ئه‌وه بوو ئه‌وان ئه‌و سوێنده‌یان خوارد و ئێمه‌ش خۆمان ته‌سلیم کردن و ڕزگارمان بوو. دیاره مه‌سه‌له‌ی ئه‌و جاشانه، ره‌نگه هه‌یانبووبێت سه‌ر به حزبێک بووبێت و خه‌تمایل بووبن، چه‌کی بۆ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵگرتووه به‌ڵام بارزانی خۆشویستبێت، دیاره ئه‌و سوێنده‌ی که خواردبوویشیان جێبه‌جێیان کردبوو.
باشه ئێستا هه‌ردوولایان ماون؟ ناته‌وێت ناوی ئه‌و که‌سه به‌ریت؟
دوکتۆر: به‌ڵی هه‌رسێکیان ماون. جا با شتێکی خۆشت بۆ بگێرمه‌وه، ناوه‌که‌یم له‌بیر نییه، به‌ڵام ده‌زانم کابرا ئامر سریه بوو. دوای ڕاپه‌ڕین، من سه‌رۆکی سحه‌ی سلێمانی بووم، جارێکیان دوکتۆر دڵشاد هات بۆ لام وتی ئه‌و کابرایه‌ی که کاتی خۆی ڕزگاری کردین، ئێستا ئیشێکی هه‌یه، منیش به‌بێ ئه‌وه‌ی ته‌ماشای بکه‌م بۆم ئیمزاکرد. دیاره ده‌مێکه دوکتۆر جه‌لالم نه‌بینیووه، له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌له‌فون بۆ کردم بۆ ئه‌وه‌ی یه‌کتر ببینین، به‌ڵام له‌و ڕۆژه‌دا بوو که ناوی ئێمه له ڕۆژنامه‌ی هاوڵاتیدا بڵاوکرابووه گوایه تورکیا ئێمه‌ی ده‌وێت، ئه‌وه بوو له‌و ڕۆژه‌وه دوکتۆر جه‌لالم نه‌بینییه‌وه، دیار بوو ترسابوو.
رووداو: ئه‌مڕۆ له باکووری کوردستاندا، مۆدێلێکی سیاسی و سه‌ربازی بۆ ڕزگاری باکووری کوردستان له ئارادیه، له‌گه‌ڵ هه‌موو که‌موکورتییه‌کاندا، تا ڕاده‌یه‌ک هه‌ندێک سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه، پێت وایه ئه‌م مۆدیله سیاسیه بگوێزرێته‌وه بۆ پارچه‌کانی کوردسات، به‌تایبه‌ته باشوور؟
دوکتۆر: کێشه‌ی کورد له رۆژهه‌ڵاتی ناویندا، یه‌ک کێشه‌یه، به‌ڵام هه‌ر پارچه‌و هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه، له شته ئه‌ساسیه‌کاندا، له ئایدۆلۆژیای نه‌ته‌وه‌ییدا، له ستراتیژی نه‌ته‌وه‌ییدا، ده‌توانین هه‌ماهه‌نگییه‌ک بکه‌ین بۆ هه‌موو کوردستان. دیاره به گوێری قۆناخی خه‌بات جیاوازییه‌ک هه‌یه و تایبه‌تمه‌ندی تایبه‌ت هه‌ن. بۆ نموونه له باشووری کوردستان، خه‌بات و تێکۆشان له چله‌کانه‌وه ده‌ستی پێکردووه و تا ئستا به‌رده‌وامه، بۆ نموونه هه‌ندێک هێز و لایه‌نی دیکه ماوه‌یه‌کی زۆره ده‌سته‌ڵاتی ساحه‌که‌یان به‌ده‌سته‌وه‌یه، پاشان ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستان سیاسه‌تکردن به‌رانبه‌ر به داگیرکه‌ر نییه، به‌ڵکو به‌رانبه‌ر به‌هێزێکه که خۆی ڕزگار کردووه، به‌ڵام ئه‌و هێزه که‌مکوڕی هه‌یه له سیاسه‌تدا. لێره‌دا، ده‌بێت ئه‌و مۆدیله‌ی باکوور، خه‌باته چه‌کدارییه‌کی لێ ده‌رهاوێژین، چونکه ئه‌و ئه‌زموونه‌ی باکوور خه‌باتێکی سه‌ربازی، سیاسی و جه‌ماوه‌ری ده‌کات، دژی ڕێژێمێک که نکۆڵی له بوونی کورد نه‌که ته‌نها له باکوور به‌ڵکو له شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیش. که‌واته لێره‌دا، بی ئه‌م لاو لا ده‌بێت له باشوور خه‌باته عه‌سکه‌رییه‌که وه‌لا نێین. ده‌مێنێته‌وه سیاسه‌ت. به‌بڕوای من له باشووردا، لاوازی زۆره، بۆ نموونه لایه‌نی فکری زۆر لاوازه، که فکر لاواز بوو سیاسه‌ت لاواز ده‌بێت، که سیاسه‌تیش لاواز بوو، به‌ڕێوه‌بردن لاواز ده‌بێت و بواره‌کانی دیکه‌ی ژیانیش لاواز ده‌بێت. هه‌روه‌ها له مه‌سه‌له کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا ئه‌و ئه‌زموونه‌ی باکوور له ڕووی کۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه گۆرانکاری گرنگی خوڵقاندووه، بۆ نموونه له ئاستی تاکدا، تاکه‌کانی وا په‌روه‌رده کردووه له ڕووی دیسپلین و هۆشیاری نه‌ته‌وه‌یی و له رووی ئیلتیزامات به ماف و ئازادی ژنه‌وه، واته کۆمه‌ڵگایه‌کی تایبه‌ت و پێشکه‌وتووی دروست کردووه. ئه‌و دیسپلین و لایه‌نه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی باکوور، ده‌توانین بگوێزینه‌وه بۆ باشوور و که‌ڵکی لیوه‌ربگرین، به‌ڵام دیسان له‌وه‌شدا ده‌بێت هه‌ندێک تایبه‌تمه‌ندی باشوور ڕه‌چاو بکرێت، بۆ نموونه نزیکبوونه‌وه له خه‌ڵک له باکوور جیاوازی هه‌یه له خه‌ڵکی باشوور، ئه‌مه‌ش پێوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه که ئێمه له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا ژیاوین و ئه‌وان له‌گه‌ڵ تورک‌دا و هه‌ندێک گؤرانکاری کولتووری په‌یدا بووه. بۆیه لایه‌نه سه‌ربازییه‌که‌ی نه‌بێت، ده‌توانین که‌ڵک له لایه‌نه‌کانی دیکه‌ی ئه‌زموونی باکووری کوردستان و پارتی کرێکارانی کوردستان وه‌ربگرین، به ڕه‌چاوکردنی ئه‌و شتانه‌ی باسم کردن.
رووداو: له کاتی ئازادی خۆتدا به‌چییه‌وه خه‌ریکی، ده‌چیت بۆ سینه‌ما و شانۆ، دوا کتێب که خوێندبێته‌وه؟
دوکتۆر: نا، من ناچم بۆ سینه‌ما و شانۆ، ئه‌وه‌ش پێوه‌ندی به باری ئه‌منییه‌وه هه‌یه، به‌ڵام سه‌یری فیلم ده‌که‌م، دوا کتێبیش که خوێندوومه‌ته‌وه کتێبێکه به‌ناوی "گه‌شتی تیوو"، ڕۆمانایكی ئاینییه، ڕۆمانێکه له‌سه‌ر ئاینه‌کان، زۆربه‌ی نه‌ته‌وه‌کان ئاینی تایبه‌ت به‌خۆیان هه‌یه، کورد نه‌بێت.