با سووکایه‌تییه‌کانی تورکیا قبووڵ نه‌که‌ین!
کاوه ئهمینتورکیا له ژێر فشاری یه‌کیه‌تی ئه‌وروپادا و بۆ چاوبه‌ستکردنی رای گشتی ناوخۆ و جیهانییه‌کان

، گۆرانکارییه‌کی رووکه‌شانه‌ی له په‌ره‌گرافی 301 یاسای ئه‌و وڵاته‌دا کرد، که وه‌کو دیوارێک له‌به‌رده‌م ئازادی راده‌ربرین هه‌ڵچنراوه، به‌ڵام له ڕاستیدا گۆرانکاری له‌و ماده‌یه‌ی ده‌ستوودا به‌که‌ڵکی کورد نایه‌ت، چونکه ته‌نها تورکه‌کان سوودمه‌ند ده‌بن تێیدا، به هیچ شێوه‌یه‌ک کورد ناتوانن داخوازییه‌کانی خۆیان به ئازادی ده‌رببڕن و هه‌موو ڕه‌خنه‌یه‌کی کورد وه‌کو هه‌ڕه‌شه له‌سه‌روه‌ری تورکیا ته‌ماشا ده‌کرێت و دیسان هه‌ر به‌و ماده‌یه ده‌توانن نووسه‌ران و ڕۆژنامه‌نووسانی کورد ڕاپێچی زیندان بکه‌ن به به‌هانه‌ی به‌سووک ته‌ماشاکردنی ده‌وڵه‌تی تورک، ئاخر دیسان جارێکی دیکه له جیاتی ده‌سته‌واژه‌ی "تورکێتی" ده‌سته‌واژه‌یه‌کی دیکه‌یان داتاشیووه"نه‌ته‌وه‌ی تورک"، واته له پراکتیکدا گۆڕینی ئه‌م په‌ره‌گرافه له قانووی تورکیدا هیچ خێرێکی بۆ کورد تێدا نییه، هه‌ر بۆیه په‌رله‌مانتاره کورده‌کانی پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتی خوازیاری ئه‌وه بوون که ئه‌و ماده‌یه‌ی ده‌ستوور لاببردرێت. په‌ره‌له‌منتار سری ساکیک له گفتووگۆیه‌کدا ئه‌و پرسیاره ده‌کات:"ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌و ماده‌یه نه‌ته‌وه‌ی تورک ده‌پارێزن، ئه‌یه کێ و به کام یاسا کورد بتوانێت خۆی بپارێزێت له‌و ناهه‌قیانه‌ی رۆژانه به‌رانبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کرێت؟".
پلانه‌کانی تورکیا بۆ رووبه‌روو بوونه‌وه‌ی کورد یه‌ک و دوان نین. ئه‌وه بۆ چه‌ند مانگێک ده‌چێت ناو به ناو باشووری کوردستان له لایه‌ن فرۆکه جه‌نگییه‌کانی تورکیاوه بۆردومان ده‌کرێت و زه‌ره‌ر و زیانێکی زۆری به هاووڵاتیانی ناوچه‌کانی سه‌ر سنوور گه‌یاندووه. له‌م یه‌ک دوو هه‌فته‌یه‌ی دواییدا، تورکیا ده‌ستی کردووه به گه‌مه‌یه‌کی تر که راسته‌وخۆ ده‌یانه‌وێت هه‌رچۆنێک بێت و به‌هه‌ر نرخێک بووه هیزه‌کانی باشووری کوردستان به‌لای خۆیاندا رابکێشن. وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ری تورکیا عه‌لی باباجان باس له دروستکردنه‌وه‌ی پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ باشووری کوردستاندا ده‌کات و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته راوێژکارێکی خۆیان ره‌وانه‌ی به‌غدای پایته‌ختی عێراق کرد، به داخه‌وه سه‌رۆک وه‌زیرانی هه‌رێمی کوردستان به‌په‌له خۆی گه‌یانده به‌غداو له‌گه‌ڵ راوێژکاری ئه‌ردۆغان، ئه‌حمه‌د داود ئۆغلۆ، کۆبووه‌وه، راگه‌یاندنی باشووریش وه‌کو ئه‌وه‌ی ده‌رگاکانی به‌هه‌شتیان به‌سه‌ردا کرابێته‌وه، که‌وتنه بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵه و وه‌ک هه‌میشه گفتووگۆکانیان به ئیجابی هه‌ڵسه‌نگاند. له کاتێکدا که تورکیا نایه‌وێت نوێنه‌ری خۆی له‌و ئاسته نزمه‌شدا بنێرێته هه‌ولێر، نه‌ده‌بوو کورد به‌پێی خۆی رابکات بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ش نه‌ک به‌و مانایه‌ی که دانووساندن و گفتووگۆ ره‌تبکرێته‌وه، که هه‌ر ده‌یشچوون ده‌بوو حکوومه‌تی هه‌رێم وه‌فتێکی له ئاستی ئه‌وه‌ی تورکیادا بناردایه نه‌ک نێچیروان بارزانی خۆی بچوایه. دالی لاما سه‌رۆکی رۆحی و نه‌ته‌وه‌یی تیبێت که کێشه‌کی په‌نجا ساڵه‌یان له‌گه‌ڵ وڵاتێکی گه‌وره‌ی وه‌کو چین هه‌یه، دوو نوێنه‌ری خۆی نارد بۆ گفتووگۆکردن بۆ ئه‌و وڵاته. مه‌لا مسته‌فای بارزانی به درێژای شۆڕشی ئه‌یلوول ته‌نها جارێک نه‌چووه به‌غدا بۆ گفتووگۆکردن له‌گه‌ڵ عێراقدا به‌ڵکو هه‌میشه ئه‌وان ده‌هاتن بۆلای و وه‌کو پیره هه‌ڵۆیه‌ک هه‌نگاوێک له چیاکان نه‌هاته خواروه. بۆیه ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌سته‌پاچه‌یی ئه‌وان له کاری دیبلۆماسیدا ده‌رده‌خات. له لایه‌کی دیکه‌وه که کورد شاگه‌شکه بووه به‌و دانیشتنه‌ی له‌گه‌ڵ تورکیادا، له هه‌مانکاتدا که ئه‌وان له گفتووگۆدا بوون ته‌یاره‌کانی تورکیا بناری قه‌ندیلیان بۆردوومان کرد، ئه‌وه‌یش سووکایه‌تیی بوو به کورد و حکوومه‌تی هه‌رێم کردیان، تا ئێستا هیچ هه‌ڵوێستێک له‌لایه‌ن حکوومه‌تی هه‌رێمه له‌مه‌ڕ ئه‌و بۆردومانکردنه‌وه‌ی توریکا نیشان نه‌دراوه. تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌رچۆنێک بێت هێزه‌کانی باشوور رازیبکات تا شه‌ڕی پارتی کرێکارانی کوردستان بکه‌ن، ئاخر تورکیا له هه‌موو هه‌وڵه‌کانی دیکه‌یدا سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێناوه به‌تایبه‌تیش تێکشکانی هێرشه‌کانی ئه‌م دواییه‌ی بۆ سه‌ر باشووری کوردستان که بووته گڕێیه‌کی گه‌وره‌ی له‌سه‌ر دڵی سوپای تورکیا. داگیرکه‌ر باش ده‌زانێت ته‌نها ڕێگای سه‌رکه‌وتنیان شه‌ڕی نێوخۆی کورده، بۆیه له کۆتایدا هه‌موو ڕێگاکانی خۆی ده‌باته‌وه بۆ ئه‌و شه‌ڕه.
به‌ڵام پێ ده‌چێت تورکیایش د‌رکی به‌وه کردبێت که جارێکی دیکه خه‌ڵکی کورد شه‌ڕی یه‌کتر ناکه‌ن، ئه‌گه‌ر هێزه کوردییه‌کانیش بکه‌ونه ناو گه‌مه‌یه‌کی واوه ئه‌وا به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵکه ره‌شوڕووته‌که نابنه خۆراکی شه‌ڕێکی وا و خۆشبه‌ختانه‌یش هێزه کوردییه‌کانیش ئه‌و مه‌یله‌ی جارانیان نه‌ماوه بۆ شه‌ری کورد کوژی و ده‌بێت هه‌موو لایه‌ک شه‌ڕێکی وا به نه‌حله‌ت بکه‌ن.
گرنگ ئه‌وه‌یه کورد پشتی یه‌کتر بگرن نه‌ک له پێناوی ده‌رگایه‌کی کراوه‌ی تورکی به‌ڕووی باشووردا که ڕه‌نگه ژه‌هری لێوه بێته ژووره‌وه، ده‌یان ده‌رگای خۆمان به‌سه‌ر خۆماندا قفڵ بده‌ین و پرستیژی نه‌ته‌وه‌ییمان بێنینه خواره‌وه. به‌رپرسێکی پ‌ک‌ک جوانی گوتبوو کاتێک له(سایتی سبه‌ی)ی‌دا ده‌ڵێت:"ئه‌گه‌ر كوردستانێكمان هه‌یه چه‌نده هه‌ژار بێت، چه‌ندیش لاواز بێت، ئاساییه، به‌ڵام پێویسته وڵاتێكی به شه‌ره‌ف و به‌شه‌خسیه‌ت بێت".
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی (رۆژنامه)ی رۆژی 6/5/2008 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه