
له وه‌ڵامی پرسیارێکی رۆژنامه‌ی کوردستان راپۆرتدا (ئامه‌ده‌کردنی: نامیق هه‌ورامی)
به‌شێک له ده‌سته‌ڵاتی عێراق نا‌یانه‌وێت که‌رکوک بخه‌نه‌وه سه‌ر کوردستان
کێشه‌ی که‌رکوک یه‌کێکه له کێشه هه‌ر بنه‌ڕتییه‌کانی نێوان عێراق و کوردستان، حکومه‌ته یه‌ک له‌دواییه‌که‌کانی عێراق به‌وه‌ی ئێستاشه‌وه، هه‌میشه بۆ لوشدانی که‌رکوک و لێسه‌ندنه‌وه‌ی مۆرکه کوردستانییه‌که‌ی ئه‌وه‌ی له ده‌ستیان هاتبێت کردوویانه و ده‌یکه‌ن. به‌داخه‌وه تا ئه‌م چرکه‌ساته‌ش ئه‌وان براوه و کوردیش دۆڕاوه. که‌رکوک کاتێک دۆرا که کورد به ده‌ستی خۆی ده‌یه‌وێت راپرسی له‌سه‌ر بکات، نه‌بووه و نییه له دنیادا هیچ میلله‌تێک راپرسی له‌سه‌ر به‌شێک له خاکی خۆی بکات. فه‌ڵه‌ستیینییه‌کان هیچ کاتێک نه‌ک بیریان له ڕاپرسی له‌سه‌ر قودس نه‌کردۆته‌وه به‌ڵکو هه‌میشه داوای گه‌ڕانەوە‌ی ده‌که‌ن بۆ سه‌ر خاکی خۆیان، خۆ ئه‌گه‌ر بۆشیان نه‌گه‌ڕێته‌وه ئه‌وا له نێو خۆیاندا و له سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تیشدا به خاکێکی داگیرکراویان داوه‌ته قه‌ڵه‌م. کورد ئه‌و کاره‌ی نه‌کردووه و ئه‌گه‌ر که‌رکوک نه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ر کوردستانیش ئه‌وا ده‌کرێت وه‌کو خاکێکی داگیرکراو و کۆلۆنیکراو چاوی لێ بکرێت و نه‌ده‌بوو سازش له‌سه‌ر که‌رکوک بکرێت، ئێستاش که ده‌ستمان له بنی هه‌مانه‌که‌وه ده‌رچووه و مادده‌ی شومی 140 یان بۆ داناوه، نه‌ک به شه‌ش مانگ به‌ڵکو به شه‌ش ساڵیش ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێ ناکرێت، پێداگرتنی کوردیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ده‌بێت ئه‌و مادده‌یه جێبه‌جێ بکرێت بووه‌ته کورده نامووسی، ده‌نا سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد له باشوور باش ده‌زانن که ئه‌وه ته‌نها خۆ خه‌ڵه‌تاندنه.
شۆڕشی ئه‌یلوول له‌سه‌ر که‌رکوک گلا، ده‌نا خۆ ئه‌وکاته‌یش ده‌توانرا ئه‌و سێ پارێزگایه‌ی ئێستا ناویان ناوه هه‌رێمی کوردستان، قبوڵ بکه‌ن و حکومه‌تی عێراقیش پێنه‌ده‌چوو لاری له‌وه هه‌بێت. دوای راپه‌رینیش عێراق هه‌موو ده‌سته‌ڵاتی خۆی له‌و سێ پارێزگایه کێشایه‌وه و چه‌ندین ساڵیش بوو شێوه په‌یوه‌ندییه‌کی ناڕاسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ عێراقدا هه‌بوو، ته‌نانه‌ت ره‌نگه حکومه‌تی عێراقی ئه‌وسا و ئه‌وه‌ی ئێستایش هیچ لارییه‌کی له سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و سێ پارێزگایه نه‌بێت به‌مه‌رجێک که‌رکوکی تێدا نه‌بێت.
که‌رکوک ته‌نها کاتێک ده‌توانرا بۆ هه‌تاهه‌تایه رزگار بکرێت ئه‌و کاته بوو که پێشمه‌رگه چوونه ناو که‌رکوکه‌وه و ژماره‌یه‌ک له عه‌ره‌بی هاورده رایانکرد، به‌ڵام که کورد به قسه‌ی ئه‌مریکا له که‌رکوک کشایه‌وه و پاشانیش ئه‌و شه‌ڕه په‌ڕۆیه‌ی دوو هێزه گه‌وره‌که ده‌ستی پێ‌کرد، عه‌ره‌به‌کان نه‌ک که‌رکوکیان چۆڵ نه‌کرد، به‌ڵکو به‌سه‌دان ماڵی دیکه‌ی عه‌ره‌بیشیان له‌گه‌ڵ خۆیان هێنا، ته‌نانه‌ت زۆرجار باسی ئه‌وه ده‌کرێت که هه‌ندێک خێڵ و ماڵی عه‌ره‌ب هه‌ندێک جار وه‌ره‌قه‌ی هه‌ردوو پارتی کوردیان له باخه‌ڵدا بووه، ئه‌وه‌یش به‌هۆی ململانێی پارتایه‌تی و حزب حزبێنه‌ی پارتی و یه‌کێتییه‌وه بوو. ده‌نا بۆ خانه‌قین پاککرایه‌وه له عه‌ره‌بی ته‌عریب، خۆ ئه‌وێیش هه‌ر کوردستانه‌و ئه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی که له‌وێ هه‌ندێک به‌رپرسی خانه‌قینی هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه بڕیاری خۆیان دابوو سه‌ریشکه‌وتن و ده‌ستیشیان خۆش بێت.
ئێستا بمانه‌وێت و نه‌مانه‌وێت زۆر لایه‌ن ده‌ستیان خستۆته ناو کێشه‌ی که‌رکوکه‌وه، به‌تایبه‌تی تورکیا که دوژمنێکی سه‌رسه‌ختی کورده و دۆستێکی نزیکی ئه‌مریکا و ئیسرائیله که ئه‌مڕۆ سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر په‌نجه‌ی ئه‌وان ده‌خوڵێته‌وه. نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان کێیه؟ مه‌گه‌ر ده‌توانن به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌مریکا هیچ بڕیارێک بده‌ن؟ به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر له‌به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وان و هاوپه‌یمانه‌کانیان نه‌بێت. ئه‌مریکا ئه‌گه‌ر بیویستایه هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه که‌رکوکی ده‌خسته‌وه سه‌ر ئیداره‌ی کوردی، بۆیه به‌ڕاستی گه‌شبینی بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی که‌رکوک خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه. ئه‌گه‌ر ده‌وڵه‌تی عێراق که له‌سه‌ر ده‌ستی کورد دامه‌زرایه‌وه و ئێستا کورد خۆی به‌شێکه له ده‌سته‌ڵاتی عێراقی نه‌یه‌وێت که‌رکوک بخاته‌وه سه‌ر کوردستان له‌کاتێکدا که جاری وا هه‌یه ناتوانن ماڵ و حاڵی خۆشیان بپارێزن، ئه‌وا به ئارامبوونه‌وه‌ی عێراق و دامه‌زراندنه‌وه‌ی سوپا و دام‌و وده‌زگاکانی نه‌ک هه‌ر که‌رکوک به‌ڵکو گوندێکی ده‌ڤه‌ری مه‌خمووریش ناده‌نه‌وه به کورد.
ئه‌مریکا ملیاردها دۆلاری له داگیرکردنی عێراقدا سه‌رف کردووه و چه‌ند هه‌زار سه‌ربازێکی بۆ به‌کوشت داوه، له پێناوی نه‌وتی ئه‌و وڵاته‌دا ئه‌وه‌ی کردووه، بۆیه ئێستا که‌رکوک لایه‌نه ئابوورییه‌که‌شی گرنگییه‌کی زیاتری پێده‌درێت، له داهاتوودا ده‌بێت عێراق دۆلار به دۆلاری ئه‌و پاره‌یه‌ی که ئه‌مریکا له پڕۆژه سه‌ربازییه‌کانیدا سه‌رفی کردووه بداته‌وه، ئه‌وه‌یش ته‌نها به داهاتی نه‌وت ده‌کرێت، که‌رکوکیش له‌و به‌شه‌دا پشکی شێری به‌رده‌که‌وێت. عێراق ئێستا نه‌ک رازی نابێت نه‌وتی که‌رکوک بۆ کورد بێت، به‌ڵکو ئه‌وه‌تا هه‌موو ئه‌و گرێبه‌ستانه‌ی حکومه‌تی هه‌رێم له بواری نه‌وتدا واژۆی کردوون به نایاسایی له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات، ئه‌مریکایش هه‌ڵوێستێکی روونی نییه و به‌ڵکو ره‌نگه ئه‌و بێده‌نگییه‌ی له‌وه‌وه سه‌رچاوه بگرێت که له ژێره‌وه به‌ڵێنی به عێراقییه‌کان و وه‌زیری شارستانی دابێت و دنه‌یان ده‌ده‌ن، ده‌نا عێراق و وه‌زیری نه‌وت، ئه‌و جورئه‌ته‌یان هه‌یه به‌بێ ره‌زامه‌ندی ئه‌مریکا وا خۆیان گیڤ بکه‌نه‌وه؟
عێراقییه‌کان پێنج ساڵه کورد ده‌هێنن و ده‌به‌ن و تا ئێستا له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌رکوکدا یه‌ک هه‌نگاوی جدییان نه‌هاویشتووه، بۆیه ته‌نها مه‌سەلەكە کات کوشتن نییه، به‌ڵکو ده‌یانه‌وێت زۆر فاکته‌ری سیاسی و ئابووری و نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان به‌کاربهێنن، نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان نایه‌وێت کێشه‌ی که‌رکوک به‌و شێوه‌یه‌ی کورد ده‌یه‌وێت حه‌ل بکات، بۆیه ئه‌گه‌ری ئه‌وه هه‌یه که له کۆتایيدا که‌رکوک وه‌کو هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆ که زیاتر له به‌غداوه نزیک بێت لێ بکه‌ن، به‌داخه‌وه ئه‌مڕۆ که‌رکوک وه‌کو که‌شتییه‌کی لێهاتووه و به به‌رمیلله باڕووت بارکراوه و چه‌ندین که‌شتیه‌وانی شێتیش له نۆره‌دان بۆ لێخوڕینی.
که‌رکوک ته‌نها کاتێک دێته‌وه ژێر ده‌سته‌ڵاتی کورد که به‌رپرسانی کورد به جددی هه‌ڕه‌شه له عێراق بکه‌ن ئه‌گه‌ر مل بۆ داخوازییه‌کانی کورد نه‌ده‌ن، ئه‌وا کورد خۆی له حکومه‌ت بکشێنێته‌وه و حکومه‌تی مالیکی فه‌شه‌ل پێ بهێنن، ئه‌وکاته ئه‌مریکاش ناچار ده‌بێت گۆڕانکاری له سیاسه‌تی خۆیدا بکات، مه‌گه‌ر هه‌موو جارێک جۆرج ده‌بلیوو بوش به سه‌رۆکی هه‌رێم و مام جه‌لال ناڵێت ئێوه ئه‌ڵقه‌ی لێکنزیکردنه‌وه‌ی لایه‌نه جیاوازه‌کانی عێراقن!
به‌داخه‌وه ئه‌وه‌ی که ئه‌مڕۆ ده‌یبینین وا نییه و کورد خۆی به که‌شتییه شه‌ق و شڕه‌که‌ی عێراقدا هه‌ڵواسییه‌وه و به ئامان و زه‌مان ده‌ستبه‌رداری نابێت. ئه‌وکاته‌ی که ئه‌مریکا بتوانێت سوننه‌کانی عێراق وا لێبکات که به‌شداری پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌و وڵاته‌دا ببن، ئه‌وا به جارێک قوڕه‌که بۆ کورد خه‌ستتر ده‌بێته‌وه و محاڵه کورد بتوانێت که‌رکوک بخاته‌وه ژێر ده‌سته‌ڵاتی خۆی. ئه‌و کاته ره‌نگه کورده‌کانی که‌رکوکیش چیتر به‌ر‌گه‌ی ئه‌و گوریس کێشه‌کێیه نه‌گرن و ته‌سلیمی ئه‌مری واقیع ببن. حکومه‌تی هه‌رێم که به‌ده‌ست گه‌نده‌ڵییه‌وه ده‌ناڵێنێت ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ری ئه‌و کێشه‌یه نه‌کات و قانون و دادگا رێزی لێ نه‌گیرێت و کێشه‌ی ئاو و کاره‌با و پێداویستییه‌کانی خه‌ڵک دا‌بین نه‌که‌ن و سنوورێک له نیوان حزب و حکومه‌تدا نه‌کێشن، ئه‌وا جه‌ماوه‌ری کوردیش هێنده‌ی دیکه لێیان تووڕه ده‌بن و متمانه‌یان نامێنێت و زه‌ره‌رێکی زۆریش له که‌رکوک و کێشه‌که‌ی ده‌دات. که‌واته کورت و کورمانجی به‌م سیاسه‌ته‌ی که کورد ئه‌مرۆ پیاده‌ی ده‌کات نه‌ک ناتوانێت که‌رکوک بگه‌ڕێنێته‌وه، به‌ڵکو به رۆیشتنی کات زۆر شتی دیکه‌ش له ده‌ستده‌دات. ئاخر ئه‌وه پێنج ساڵه به‌ڵێن ده‌ده‌ن و تا ئێستا یه‌ک به‌ڵێنی خۆیان له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ که‌رکوکدا نه‌بردۆته سه‌ر، ده‌بوو ده‌یان به‌رپرس له‌سه‌ر ئه‌و قسه قه‌بانه‌ی ده‌رباره‌ی مادده‌ی 140 ده‌یانکرد و هیچیشی وا ده‌رنه‌چوو، ده‌ستیان له‌کاره‌کانیان بکێشایه‌ته‌وه، که‌چی له جیاتی ئه‌وه قسه کۆنه‌کانیان بۆیاخ ده‌که‌نه‌وه و به کوردی ده‌فرۆشنه‌وه.
بۆ بینینی وه‌ڵامه‌که له کوردستان ڕپۆرتدا کلیکی ئه‌و لینکه بکه: