
که له کوردستان باس له رۆژنامه‌ی ئازاد ده‌کرێت، یه‌کسه‌ر خه‌ڵک خه‌یاڵیان بۆ ئه‌وه ده‌چێت که مه‌به‌ست ره‌خنه‌یه له ده‌سته‌ڵات، حکوومه‌تیش به خه‌یاڵی خۆی وا تێده‌گات به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی که پارووی چه‌ور ده‌گلێنن، مه‌به‌ستی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هلی رووخاندنی ده‌سته‌ڵاته. ئه‌مرۆ له کوردستاندا چه‌ند رۆژنامه‌یه‌ک هه‌ن که راسته‌وخۆ سێبه‌ری حزبیان به‌سه‌ره‌وه نییه، خۆ ئه‌گه‌ر له‌سه‌ره‌تاشدا وابووبێت ئه‌وا به هه‌وڵ و توانای ئه‌وانه‌ی ئه‌و رۆژنامانه به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ته‌واوه‌تی خۆیان له ده‌ستی حزب ڕاپسکاندووه و ئه‌گه‌ر سه‌د له‌سه‌دیش نه‌بێت هه‌نگاوی گه‌وره‌یان به‌ره‌و ئه‌هلی بوون هاویشتووه. دیاره له زۆربه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپا، رۆژنامه و گۆڤاره‌کان ساڵانه به ملیۆنان دۆلار له‌و پاره‌یه‌ی که ده‌وڵه‌ت بۆ راگه‌یاندن و بڵاو کردنه‌وه ته‌رخانیان کردووه، به‌هه‌رمه‌ند ده‌بن و که‌س منته‌یان به‌سه‌ردا ناکات. رۆژنامه‌کانیش له ڕه‌خنه و چاودێریکردنی ده‌سته‌ڵادران ناپرنگێنه‌وه، جا حکوومه‌ت به ده‌ست چه‌پ و سۆسیالدیموکراته‌کانه‌وه بێت یان راسته‌ره و موحافه‌زه‌کاره‌کان، هیچ له مه‌سه‌له‌که ناگۆڕێت، چونکه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت هی حزب نییه به‌ڵکو هی گه‌له، به‌ڵام ئه‌مه له کوردستاندا وانییه. هه‌ربۆیه ئه‌و رۆژنامه و گۆڤارانه‌ی که به پاره‌ی حزب ده‌رده‌چن، ئه‌گه‌ر ڕۆژێک له ڕۆژان له ده‌ستیان ده‌ربچێت، ڕه‌خنه‌یه‌ک له به‌رپرسێک بگرن با به‌ئاشکرا گه‌نده‌ڵیش بێت، ئه‌وا چاره‌نووسیان داخسته‌نه.
حکوومه‌تی هه‌رێم نابێت منه‌ت بکات به‌سه‌ر هیچ تاکێكی ئه‌و گه‌له‌دا، جا له دابین کردنی دوو گڵۆپی سه‌رجاده‌کانه‌وه بێت، دروستکردنی خه‌سته‌خانه‌یه‌ک، قوتابخانه‌یه‌ک، مزگه‌وتێک یان هه‌ر شتێکی گه‌وره و بچووکه‌وه بێت، چونکه ئه‌وه کاری حکوومه‌ته، ئه‌وانه‌ی که حکوومه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌ن به پاره کار ده‌که‌ن، خه‌ڵک بۆیه ده‌نگ ده‌دات بۆ ئه‌وه‌یه که کاری باشیان بۆ بکرێت، ده‌نا دیموکراسی و هه‌ڵبژاردن وپه‌رله‌مان هیچ مانایه‌کیان نییه.
پارتی و یه‌کێتی ئه‌وه بۆ حه‌ڤده ساڵ ده‌چێت به‌شێکی گه‌وره‌ی داهاتی کوردستان بۆ خۆیان ده‌به‌ن و باش خۆیان ده‌وڵه‌مه‌ند کردووه، هه‌ر بۆیه منه‌تیان نه به ده‌نگی خه‌ڵک هه‌یه و نه به ڕه‌خنه، تا دێت له خه‌تی دیموکراتی لا ده‌ده‌ن، له باشترین حاڵ‌دا ڕه‌خنه‌گران به سه‌گ ده‌چوێنن، پێیان وایه هه‌ر له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له کۆمه‌ڵگای ئێمه‌دا سه‌گ گیانبله‌رێکی گڵاوه، ئه‌وه‌یش سیفه‌تێکه له ئاینی ئیسلامه‌وه به‌سه‌ر سه‌گدا سه‌پێندراوه، بۆیه سه‌گ سیمبوڵی پیسی و خراپه‌کارییه، ده‌نا له ئه‌وروپا زۆرێک له خانه‌واده‌کان سه‌گیان هه‌یه و وه‌کو ئه‌ندامێکی خێزانه‌که‌ی خۆیان ته‌ماشای ده‌که‌ن.
ئه‌وانه‌ی ڕه‌خنه ده‌گرن و ناشیرینییه‌کانی حکوومه‌ت ده‌ستنیشان ده‌که‌ن، ده‌خرێنه لیستی ڕه‌شه‌وه، ڕه‌خنه‌کانیش زۆربه‌یان راست و درووستن و هه‌ڵبه‌ستراو نیین، کاتێک ڕۆژنامه‌نووسێک وتارێک له‌سه‌ر نه‌بوونی کاره‌با و ئاو ده‌نووسێت، کاتێک باسی خراپی سیسته‌می په‌روه‌رده ده‌که‌ن، کاتێک باسی گه‌نده‌ڵی و هه‌ڵاوسانی گیرفانی به‌رپرسان ده‌که‌ن، باسی ژن کووشتن و ناعه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووری ده‌که‌ن، حکوومه‌ت دوو وه‌رامی مه‌عقوولی پێ نییه، ئه‌گه‌ر وانییه با کوردستان بکه‌ن به رووناکستان و رۆژنامه‌نووسان به‌درۆ بخه‌نه‌وه. با بێنن سه‌روه‌ت و سامانی خۆیان وه‌کو فێربوون و وشه‌ی به شه‌فافییه‌ت بووه‌ته بنێشته‌خۆشه‌ی ده‌میان، بۆ ئه‌و خه‌ڵکه ئاشکرا بکه‌ن، بزانن پێش 1991 چی‌یان هه‌بووه و ئێستا چی‌یان هه‌یه و له کوێوه هێناویانه. ئه‌گه‌ر به‌رپرسێک مانگی پێنج هه‌زار دۆلاریشی هه‌بوو بێت، ئه‌وا ساڵی ده‌کاته شه‌ست هه‌زار دۆلار، خۆ ئه‌گه‌ر یه‌ک دۆلاریشیان خه‌رج نه‌کردبێت، به ده ساڵ ده‌کاته شه‌شسه‌د هه‌زار دۆلار، ئه‌ی باشه خانووی به‌رپرس هه‌یه بای یه‌ک ملیۆن دۆلاره وه‌کو باسی ده‌که‌ن، له کوێوه و چۆن په‌یدایان کردووه؟ غێر به کاری ناشه‌رعی و تاڵانی وڵات، ئه‌ی ئه‌گه‌ر وانییه، فه‌رموو معاشه‌کانتان ده‌ربخه‌ن و ئه‌گه‌ر ده‌زانن بوختانتان پێ ده‌کرێت، ده‌ست بکه‌ن به چاوی خه‌ڵکدا!.
حکوومه‌تی هه‌رێم، وته‌بێژێکی هه‌یه، بروا ناکه‌م هیچ حکوومه‌تێکی ئه‌م سه‌ر ئه‌رزه که‌سێکی وا له‌خۆبایی و هه‌ڵه‌وه‌ڕیی تێدا هه‌ڵکه‌وتبێت، به هه‌ق و ناهه‌ق دیفاع له حکوومه‌ت ده‌کات و په‌لاماری ڕۆژنامه ئه‌هلییه‌کان ده‌دات و زۆر پێ په‌روا ده‌ڵێت: من لێدوان بۆ ڕۆژنامه‌ی ها‌وڵاتی ناده‌م و تاوانبرایان ده‌کات که ده‌ستێک له‌پشت ئه‌م ڕۆژنامه ئه‌هلیانه‌وه هه‌یه که هه‌موویان ژماره‌یان له په‌نجه‌کانی یه‌ک ده‌ست تێناپه‌ڕێت، خۆشییه‌که‌شی ئه‌وه‌یه هه‌موو جارێک ده‌ڵێت: ئاخر ده‌توانم ناوی ئه‌وانه بڵێم که‌وان له پشت ئه‌و ڕۆژنامانه‌وه، به‌ڵام من دڵنیام که ڕاست ناکات، ده‌نا ده‌فه‌رموو ناوی یه‌کێکیان بڵێ، من دڵنیام که‌وایش نییه به‌ڵام مه‌گه‌ر ته‌نها ده‌ستی داگیرکه‌ر هه‌بێت که خه‌ڵک لێی ناڕازی بێت، ده‌نا هه‌ر ده‌ستێکی کوردیی و دوڵه‌مه‌ندی کوردی له پشت ئه‌و ڕۆژنامانه‌وه بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له ناو حزبه‌کانیشدا بێت، خه‌ڵک ئه‌و ده‌سته ده‌گوشێت، ده‌ستێک که گه‌نده‌ڵییه‌کان ئاشکرا ده‌کات و دزه‌کان له قاو ده‌دات، مه‌گه‌ر ته‌نها ئه‌وانه‌ی که خۆیان شه‌ریکه دز بن، باسی بڕینه‌وه‌ی ئه‌و ده‌ستانه بکه‌ن.
جه‌مال عه‌بدوڵڵا، وته‌بێژی حکوومه‌تی هه‌رێمه و ته‌نها کارێک که ده‌توانێت بیکات، دانی زانیارییه له‌سه‌ر پرۆژه و کاره‌کانی حکوومه‌ت، ئه‌و بڕیار به‌ده‌ست نییه و مافی ئه‌وه‌شی نییه ته‌نها هه‌گبه‌ی حکوومه‌ت بۆ ده‌ستگا حزبییه‌کان بکاته‌وه، به‌ڵکو واجبی سه‌رشانێتی نه‌ک بۆ رۆژنامه‌ی ها‌وڵاتی به‌ڵکو ده‌بێت وه‌رامی هه‌موو تاکێکی خه‌ڵکه‌که بداته‌وه که ده‌یانه‌وێت زانیاری وه‌ربگرن.
هه‌ر هاووڵاتییه‌کی سوێد، ئه‌مریکا، یان هه‌ر وڵاتێکی دیکه‌ی دیموکراتی مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه نامه ئاراسته‌ی کام به‌رپرس گه‌وره‌یه له‌و وڵاتانه بکات و وه‌رامی خۆشی وه‌رده‌گرێته‌وه، ئه‌مه‌ی جه‌مال عه‌بدوڵڵا ده‌یکات مه‌گه‌ر ته‌نها له ده‌ست و پێوه‌نده‌کانی به‌عسی سووری بووه‌شێته‌وه، پێم وایه ئه‌وانیش بۆ خۆیان پرنسیپێکیان هه‌یه، هه‌ر هیچ نه‌بێت خۆ نایه‌ن له سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فیزیۆنه‌وه به ئاشکرا په‌نجه راوه‌شێنن، ئه‌گه‌ر بیشی که‌ن له‌ودیوو دیواری زیندانه‌کانه‌وه ده‌یکه‌ن.
ئه‌گه‌ر دیموکراتی ئه‌وه بێت که وته‌بێژی حکوومه‌ت ده‌یکات، پێم وانییه که‌س گه‌ره‌کی بێت.
تێبێنی: ئه‌م نووسینه له ڕۆژنامه‌ی (هاولاتی)دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.