کاوه ئهمینلهم ڕۆژانه‌ی پێشوودا، ته‌له‌فزیۆنی سوێدی فیلمێکی دێکۆمێنتاری له‌سه‌ر له‌یلا خالید نیشاندا که که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی فه‌له‌ستینییه و یه‌که‌مین ژنه له مێژوودا که توانی له ساڵی 1970 دا، فرۆکه‌یه‌ک به بارمته بگرێت. به‌ده‌ر له‌وه‌ی که فه‌لستینییه‌کان چۆن سه‌یری کێشه‌کی کورد ده‌که‌ن و هه‌ندێک جار له به‌عسییه‌کان خراپتر له‌سه‌ر کێشه‌ی کورد قسه ده‌که‌ن، نابێت ئه‌و ڕاستییه‌مان له بیر بچێت، که یه‌کێکن له گه‌له خه‌باتکار و چه‌وساوه‌کانی دنیا. له‌و فیلمه‌دا، له‌یلا خالید که ئێستا له عه‌مانی پایته‌ختی ئه‌رده‌ن ده‌ژی و بۆ ساتێکیش له‌هیچ کام له‌و چالاکییانه‌ی که کردوونی بۆ فه‌له‌ستین په‌شێمان نییه، ده‌شلێت قیروسیا با خه‌ڵک هه‌ر بڵێن تیرۆریستن. کاتێک لێێان پرسی هه‌ندێک له کاره‌کانی ئێوه زه‌ره‌ری له فه‌له‌ستین داوه و کێشه‌که‌ی به تیرۆره‌وه گڕی داوه، له وه‌رامدا وتی:"ئه‌ڕی ئه‌وه کێیه، پێناسه‌ی تیرۆر ده‌کات؟ ئه‌وه‌ی که لای ئه‌وان تیرۆره لای خه‌ڵکانی وڵات داگیرکراو، خه‌باتێکی ڕه‌وا و هه‌قوازانه‌یه". ڕاست ده‌کات، مه‌گه‌ر داگیرکه‌ر و کۆلۆنیالیسته‌کان که‌میان تیرۆر کردووه.
هه‌ر له‌م ڕۆژانه‌شدا بوو که جۆرج ده‌بلیوو بووش، زۆر ئه‌حمه‌قانه، پارتی کرێکارانی کوردستانی به کرده‌ویه‌کی قێزونه‌وه گرێدا، ئه‌ویش بازرگانی کردن به ماده هۆشبه‌ره‌کانه‌وه. ئه‌مریکا ته‌نها به تیرۆریست ناسناندی کچان و کوڕانی کورد که بۆ مافه مرۆڤایه‌تییه‌کانی کورد خه‌بات ده‌که‌ن، دڵی ئاو ناخواته‌وه، به‌ڵکو بۆ خاتری تورکیا چی وه‌سفێکی ناشیرینه ده‌ینێت به کورده‌وه، که ده‌ڵێم کورد، ئاخر ناکرێت پارتێک که به سه‌د هه‌زار خه‌ڵک له ئه‌سته‌مبووڵ بۆ ئاشتی کۆ بکاته‌وه، له کورد داببڕدرێت، ئه‌مڕۆ کێ پێی ناخۆش بێت یان پێی خۆش بێت ئه‌وه ڕاستییه‌که، من کارم به سه‌ر سیاسه‌تی (PKK)وه نییه، ئه‌وه خه‌ڵکی باکووری کوردستانه که له‌سه‌ر چاکی و خراپی ئه‌و پارته بڕیار ده‌ده‌ن ، نه‌ک ئه‌مریکا و تورکیا. بزووتنه‌وه ئازادیخوازییه‌کانی دنیا، له خه‌ڵکی خۆیانه‌وه مه‌شروعییه‌تی خه‌باتی خۆیان وه‌رده‌گرن نه‌ک له زلهێزه‌کانه‌وه که ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵیان نه‌بێت و نۆکه‌ریان نه‌بێت به دوژمنی خۆیانی ده‌زانن. ئه‌مریکا تا سۆڤیه‌ت له ئه‌فغانستان وڵاتبه‌ده‌ر نه‌کرابوو، وه‌کو په‌روانه به ده‌وری سه‌ری موجاهیدینه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا ده‌خولایه‌وه و به ملیاردها دۆلار هاوکاری کردن، به‌ڵام هه‌ر که سۆڤیه‌ت ڕووخاو و نه‌بوونه نۆکه‌ری ئه‌مریکا، له شه‌و و ڕۆژێکدا بوون به تیرۆریست.
ده‌وڵه‌تی ئه‌مریکا، ده‌وڵه‌تێکی شه‌ڕنگێزه و کولتووری توندوتیژی و کوشتن و لوتبه‌رزی نه‌ک به سووپاکه‌یانه‌وه به‌ڵکو به کۆمه‌ڵگه‌که‌شیاندا ڕۆچووه، ساڵانه ده‌یان تاوانی کوشتن له قوتابخانه و زانستگه‌کانی ئه‌مریکا رووده‌ده‌ن و ده‌یان که‌س له سێداره ده‌درێن، به‌ڵام هه‌موو ساڵێک وڵاتی چین و هی دیکه به‌وه تاوانبار ده‌کات که خه‌ڵک له سێداره ده‌درێت له‌و وڵاتانده‌دا. ئه‌مریکا سووکایه‌تی دنیا به موسڵمانه‌کان ده‌کات، ئه‌وه‌تا کتێبی قوورعان ده‌هێنن ده‌یکه‌ن به نیشانه، ته‌عدا له زیندانییه‌کان ده‌که‌ن و پاشانیش هه‌ر خۆیان وێنه‌کنیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه، ئه‌وه ته‌نها بۆ ئه‌وه‌یه که که‌رامه‌تی مرۆڤی رۆژهه‌ڵاتی وردوخاش بکه‌ن.
به‌گوێره‌ی وتارێکی گۆڤاری (فۆکوس)ی سوێدی، خاوه‌نی شه‌ریکه‌ی بلاکوته‌ر، ئێریک پرینس که به‌قۆنته‌رات زۆربه‌ی دا‌و ده‌ستگا عێراقی و سیاسییه‌کانی ئه‌و وڵاته ده‌پارێزێت له ئیسلامییه توندره‌وه‌کان، بۆ خۆی که‌سێکی مه‌سیحی توندره‌وه و یه‌کێکه له‌وانه‌ی سه‌رسه‌ختانه دژایه‌تی منداڵ له‌به‌رخستن ده‌کات چونکه دژی بنه‌ماکانی مه‌سیحییه‌ته. ئه‌مانه که گوایه پارێزگاری عێراق ده‌که‌ن ساڵانه ده‌یان و بگره سه‌دان خه‌ڵکی سڤیل به‌ناهه‌ق ده‌کوژن و تا ئێستا که‌سێک له‌وانه‌ی ئه‌و تاوانانه‌یان کردووه، دادگایی نه‌کراون، یانیش به‌بیانووی جۆراو جۆر به‌ره‌ڵایان کردون. سه‌یره‌که له‌وه‌دایه کاتێک ئێریک پرینس باسی ئارامی و ئه‌منییه‌ت ده‌کات، ئینجیل ده‌کاته سه‌رچاوه‌ی سیاسه‌تی ئه‌منییه‌ت و که‌سیش ناڵێت چۆنه ئاین و سیاسه‌ت و ئه‌منییه‌ت به‌یه‌که‌وه گڕی ده‌ده‌یت، خۆ ئه‌گه‌ر کۆلکه مه‌لایه‌کی موسڵمان شتێکی وا بڵێت، دنیایی لێ ده‌که‌ن به چه‌رمی چۆله‌که!.
لێره‌دا من مه‌به‌ستم نییه له‌سه‌ر ئیسلام بکه‌مه‌وه، به‌ڵکو ئه‌وه راستییکه و ده‌بێت باسی بکرێت. ئه‌مریکا بۆ ئه‌وه‌ی ده‌سته‌ڵاتێکی گوێ له مستی فه‌له‌ستینی بێنێته سه‌ر کار، سه‌ری زمان و بنی زمانیان هه‌ڵبژاردن بوو، چونکه پێیان وابوو که رێکخراوی فه‌تح سه‌رده‌که‌وێت، کاتێک خه‌ڵکی فه‌له‌ستین ده‌نگیان به حه‌ماس دا، یه‌کسه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کانی خۆیان بچران له‌گه‌ڵ فه‌له‌ستینییه‌کان و دووچاری قه‌یرانێکی سیاسی و ئابووری قوڵیان کردن. واته ده‌نگی زیاتر له یه‌ک ملیۆن که‌سیان به‌هیچ وه‌رنه‌گرت، به‌ڵام له هه‌ڵبژاردنه‌کانی خۆیاندا، جاری واهه‌یه به هه‌زار ده‌نگ کۆمارییه‌کان له دیموکراته‌کانی ده‌به‌نه‌وه، یانیش به پێچه‌وانه‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان دیموکراتییه و ده‌بێت ڕێزی لێ بگیرێت، ئه‌وه‌ی فه‌له‌ستینییه‌کانیش ئیرهابه.
پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی له باکووری کوردستان نزیکه‌ی شه‌ست شاره‌دارییان به‌ده‌سته‌وه‌یه و بیست ئه‌ندام په‌رله‌مانیان هه‌یه له په‌رله‌مانی تورکیا، هه‌موو که‌سێکیش ده‌زانێت که ئه‌وانه‌ی ده‌نگیان داوه به‌و که‌سانه لایه‌نگری پارتی کرێکارانی کوردستانن، واته ئه‌مریکا ئه‌وانه‌یش ده‌خاته لیستی ڕه‌شی خۆیه‌وه، نه‌ته‌وه‌یه‌ک ده‌کاته قاچاخچی و پشتیوانی له تیرۆری ده‌وڵه‌تی تورکیا ده‌کات.
ئه‌مریکا به‌م سیاسه‌ته‌ی ئاو ده‌کات به ئاشی داگیرکه‌راندا و دڵی ملیۆنان مرۆڤ له خۆی ده‌ره‌نجێنێ، به‌ڵام لای ئه‌وان گرنگ چاڵه نه‌وته‌کانه، مه‌گه‌ر له کاتی ئه‌نفالدا به به‌رچاوی مه‌هواره‌کانی ئه‌مریکاوه هه‌زاران کورد ئه‌نفال نه‌کران و سه‌ددامیان نه‌کردبووه دابه‌سته‌یه‌ک بۆ خۆیان.
لێره‌دا دیسان قسه‌که‌ی له‌یلا خالید ده‌که‌مه‌وه که ده‌ڵێت ئه‌وه کێیه پێناسه‌ی تیرۆر ده‌کات؟ نیلسۆن ماندێلا بیستوحه‌وت ساڵ له زینداندا بوو، ئه‌وسا تیرۆریست بوو، به‌ڵام ئێستایش ناوی له لیستی تیرۆری ئه‌مریکا لانه‌براوه و ته‌نانه‌ت پارتی و یه‌کێتیش تا ئێستا له‌و لیسته‌یه‌دا ناویان لانه‌براوه.
ئه‌مریکا با هه‌ر بۆ خۆی بڵێت، ئه‌وه گه‌له که بڕیار ده‌دات ڕیکخراوه‌کانی ئازادیخوازن یان تیرۆریستن، مێژووی ئه‌مریکا تژییه له تیرۆر له زه‌مانی جۆرج واشنتۆنه‌وه هه‌تا ده‌گاته جۆرج بوشی باوک و کوڕه، به‌ڵام ئه‌وه گه‌لی ئه‌مریکایه بڕیار ده‌دات و هه‌ر به پشتیوانی نه‌ته‌وه‌یی ئه‌مریکایه ده‌یانه‌وێت ببن به که‌ڵگایی دنیا، بۆیه کورد و نه‌ته‌وه بنده‌سته‌کانی دیکه‌یش خۆیان بڕیاری ئه‌وه ده‌ده‌ن که چین، با ئه‌مریکا هه‌ر ئاسنی سارد بکوتێت.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژانه‌می (میدیا) له ڕۆژی 10 / 8 بڵاو کراوه‌ته‌وه.