و: کاوه ئه‌مین
هه‌میشه وشه‌ی "ماڵه‌وه" که مه‌به‌ست له کوردستانه، له مێشکمدا ده‌زرنگێته‌وه. من له ڕێگای دایک و باوکمه‌وه، تێڕوانینێکی باشم له‌سه‌ر کوردستانه هه‌یه، هه‌میشه به شێوه‌یه‌کی پۆزه‌تیڤانه ته‌ماشام کردووه.
کۆچ، زۆر شتی باشی فێرکردووین، بۆ نموونه قبوڵکردنی خه‌ڵکانی دیکه وه‌کو خۆیان که هه‌ن، هه‌ر ئه‌وه‌یشه وای له من کردووه که تا ڕاده‌یه‌کی باش تێکه‌ڵاویی کۆمه‌ڵگه‌یی سوێد ببم. ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که من شانسێکی باشم هه

بوو که له وڵاتێکی دیموکراتیدا گه‌وره بووم و ناچار نه‌بووم ئه‌و ژیانه سه‌خته‌ی که دایک و باوکم به‌سه‌ریان بردبوو، به‌سه‌ر به‌رم. هه‌ڵبه‌ته لێره له سوێد، هه‌م وه‌کو کورد هه‌میش وه‌کو کۆچبه‌رێک رووبه‌روی شتی دیکه بوومه‌ته‌وه، به‌ڵام نامه‌وێت لێره‌دا به قوڵی بچمه نێو ئه‌و باسه‌وه.
من به زۆری خۆم به به‌شێک له کۆمه‌ڵگای سوێدی ده‌زانم، ئه‌وه‌یش زیاتر به هۆی کاره‌که‌مه‌وه‌یه. له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌یشدا، تا ده‌هات حه‌زه‌کانم گه‌وره‌تر ده‌بوون و وایان لێکردم که بیر له سه‌فه‌رێک بکه‌مه‌وه بۆ ماڵه‌وه (کوردستان). ئه‌وه بوو بڕیارمدا له مانگی گوڵانی 2006 دا سه‌فه‌رێک بکه‌م بۆ باشووری کوردستان، ئاخر به تاسه‌وه ئاره‌زووی بینینی کوردستانی ئازادم ده‌کرد، که ڕۆژانه له که‌ناڵه کوردییه‌کانه‌وه گوێبیستی ده‌بووم. له ماوه‌ی مانگێکدا هه‌لی ئه‌وه‌م بۆ ره‌خسا بگه‌ڕێمه‌وه بۆ ئه‌و وڵاته‌ی که پێناسه‌ی به‌شێک له‌وه ده‌کات که ئاخۆ من کێم.
له سه‌روبه‌ندی سه‌فه‌ره‌که‌مدا بیره‌ورییه خۆشه‌کانم به بیر خۆم ده‌هێنایه‌وه، به‌ڵام هه‌مانکاتیش ئه‌و بیره‌وه‌ریه خه‌منکانه‌ی که بۆ هه‌میشه جێگایان له نێو ژیانی مندا به‌جێهێشتووه. به‌شێک له‌و بیره‌وه‌رییه ناخۆشانه ئه‌وه‌یه که تا ئێستایش موچرکه به له‌شمدا دێت کاتێک گوێم له ده‌نگی فڕۆکه ده‌بێت، ئاخر کاتێک که منداڵ بووم به چاوی خۆم هێرشی فرۆکه‌کانم بینی بوو که چۆن هێرشیان ده‌کرده سه‌ر ئه‌و گوندانه‌ی که گومانی ئه‌وه‌یان لێ ده‌کرا داڵده‌ی پێشمه‌رگه‌یان داوه.
هه‌روه‌ها ئه‌وه‌یشم له بیره، کاتێک نه‌نکم چاودێری ئێمه‌ی منداڵی ده‌کرد له‌و کاتانه‌ی که دایکم سه‌ردانی باوکمی ده‌کرد له نێو چیاکان‌دا، هه‌روه‌ها ئه‌و کاتانه‌ی که زیندانی ده‌کراین دوای ئه‌وه‌ی رژێم ئاگادرای ئه‌وه ده‌بوو که دایکم سه‌ردانی باوکمی کردووه. ئاخر هه‌میشه به‌شی ئه‌وه‌نده خه‌ڵک هه‌بوو که له پێناوی چه‌ند هه‌زار دینارێکدا ئیخباری خه‌ڵکیان بکرادیه.
کاتێک فڕۆکه‌که‌مان له‌سه‌ر خاکی کوردستان نیشته‌وه، ئیحساسێکی وا گرتمی که ناتوانم به وشه ده‌ری ببڕم، سه‌ربازه کورده‌کانم بینی که به شانازییه‌وه پێشوایان له ئێمه ده‌کرد که له سوێده‌وه گه‌ڕابووینه‌وه، کاتێک پاسپۆرته‌کانیان کۆنترۆڵ کردین ئه‌و که‌سه‌ی که چاوی له پاسپۆرته‌کان ده‌کرد پێ گوتین (به‌خێر بێن بۆ کوردستان)!، هه‌مانکات ئاگادرای کردین له بیرتان نه‌چێت ئێوه که هاووڵاتی سوێدین ده‌بێت له ماوه‌ی ده ڕۆژدا داوای مانه‌وه‌ی کاتی بکه‌ن بۆ ئه‌و ماوه‌یه‌یی که له کوردستان ده‌مێننه‌وه.
- له دڵی خۆمدا وتم : په‌حا، سه‌یره، داوای ئیقامه بکه‌ین!
هه‌رچه‌ندێکم ده‌کرد نه‌مده‌توانی خۆم له‌و ئیحساسه ڕزگار بکه‌م که بۆ ده‌بێت له وڵاتی خۆمدا داوای ئیقامه و مانه‌وه بکه‌م.
کاتێک له فڕۆکه‌خانه ڕزگارمان بوو و چوینه ده‌ره‌وه تا خزمانمان ببینین که زۆر به‌گه‌رمی به‌خێریان هێناین. کاتێکیش به‌ره‌و ماڵی خزمه‌کانمان که‌وتینه ڕێگا، من به هه‌ر چوارده‌وری خۆمدا ده‌مڕوانی. شاره‌که‌م گۆڕابوو. پێم خۆش بوو، به ئاسووده‌یی هه‌ناسه‌م ده‌دا.
له هه‌موو لایه‌که‌وه هه‌ر خانوو و باڵاخانه بوو دروست ده‌کرا. پاشه‌ڕۆژێکی ڕووناکامان ده‌بێت. ئاڵای کوردستانم ده‌بینی که له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌شه‌کایه‌وه و جێگای ئاڵای عێراقی گرتبووه‌وه که باش له بیرم مابوو. شانازیم ده‌کرد!
که گه‌یشتینه ماڵی خزمه‌کانمان، به پرسیار دایانگرتینه‌وه. هێنده‌ی نه‌خایاند که ده‌نگۆی هاتنه‌وه‌ی ئێمه بڵاوبووه‌وه و خزم و دۆسته‌کانمان که‌و‌تنه میوانداری کردنمان. من له‌و ماوه‌یدا هه‌ر خه‌یاڵم لای نه‌نکم بوو که له لادێ ده‌ژیا، بیرم ده‌کرده‌وه که چه‌ند خۆش ده‌بێت کاتێک له ئامێزم ده‌گرێت.
شاری هه‌ولێر وه‌کو هه‌ولێره‌که‌ی جاران نه‌مابوو، که من به جێمهێشتبوو، شوێنه‌کانم نه‌ده‌دۆزییه‌وه وه‌کو غه‌ریبێکم لێهاتبوو له شاره‌که‌ی خۆمدا.
له‌م سه‌فه‌رمه‌دا، ئه‌زمونێکی نوێم په‌یدا کرد که ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که نه‌توانم ئه‌و مرۆڤه‌ی پێش سه‌فه‌ره‌که‌م بم، ئاخر هه‌ستم به دووره‌په‌رێزی ده‌کرد و ئه‌و هه‌سته‌ی که هه‌مبوو بۆ گه‌ڕانه‌وه ڕیالیستیانه نه‌بوو. هه‌ندێک پیێان وابوو که من زۆر گۆراوم. هه‌ر ئه‌و تێگه‌یشتنه‌یشه که وامان لێ ده‌کات جیاواز بین و ئه‌و جیاوازییه‌یش ده‌بێته به‌ربه‌ستێک له‌به‌رده‌م نزیکبوونه‌وه‌ی مرۆڤه‌کان له یه‌کتری. ئێمه‌ی مرۆڤ نامانه‌وێت لێکچوونه‌کانمان ببینین که ناوکۆیی نێوانمانه، که‌چی له جیاتی ئه‌وه کوێرانه پێ له‌سه‌ر جیاوازییه‌کانمان داده‌گرین. من ئه‌وه‌م هه‌م له کوردستان و هه‌میش له سوێد بینیوه، ئه‌گه‌رچی ئه‌و دیارده‌یه له سوێد زیاتر هه‌ستی پێ ده‌کرێت.
ڕاستییه‌که‌ی من که له کوردستان بووم هه‌ستم ده‌کرد که زیاتر به هه‌ڵسه‌نگاندنه سوێدییه‌کانم راهاتووم، شتێک که پێش سه‌فه‌ره‌که‌م بروام پێیان نه‌بوو. هه‌ندێک جار ده‌که‌وتمه نێوان به‌رداشی دوو کولتوورییه‌وه، چونکه ئه‌و جۆره‌ی که من بیرم ده‌کرده‌وه له‌گه‌ڵ ده‌وروبه‌ره‌که‌مدا نه‌ده‌گونجا. ئه‌و بیره‌وه‌ریانه‌ی که بۆ ده‌وروبه‌ره‌که‌مم باس ده‌کرد، لای ئه‌وان بووبوون به مێژوو. پرسیارێک که به‌رده‌وام یه‌خه‌ی ده‌گرتم ئه‌وه‌بوو که چۆن بتوانم خۆم له‌گه‌ڵ ژیانی کوردستاندا ڕابهێنم، له کاتێکدا که من ده‌مزانی ئه‌ڵته‌رناتیڤێکی دیکه‌م له‌به‌رده‌مدا هه‌یه له سوێد؟
له بیرم دێت کاتێک که له زانستگه ده‌مخوێند، له سمینارێک‌دا مه‌سعوود که‌مالی پرسیارێکی ئاراسته کردین که به سێ وشه پێناسه‌ی ئیدێنتیتێتی خۆمان بکه‌ین. ئه‌و کاته من "کورد"م وه‌کو گرنگترین وشه هه‌ڵبژارد، پاشان وشه‌کانی دیکه‌م ریز کرد که خۆم تێدا ده‌بینینه‌وه. به‌ڵام ئه‌و سه‌فه‌ره‌ی کوردستان بیرێکی دیکه‌ی خستۆته مێشکمه‌وه ئه‌ویش: "هاووڵاتی جیهان"ییه، ره‌نگه ئه‌وه باشتر بگونجێت.
کاتێکیش سواری فرۆکه بووم به‌ره‌و سوێد، ڕاستییه‌که‌ی بیرم ده‌کرده‌وه که ئاخۆ له سه‌ر خاکی "وڵات – ماڵه‌وه" ده‌نیشمه‌وه، یانیش هه‌ر ئێستا له له "وڵاته‌که‌مه‌وه" گه‌راومه‌ته‌وه. به‌ڵام کاتێک خێزانه‌که‌مم بینی له فرۆکه‌خانه‌ی ئارله‌ندا (ستۆکهۆڵم) که هاتبوون به پیرمه‌وه به خۆمم وت: "ئۆخه‌ی که هاتمه‌وه بۆ ماڵه‌وه"، ئاخر من ئه‌و هه‌سته‌م هه‌بوو. ئه‌ندامانی خێزانه‌که‌م که چاوه‌روانییان ده‌کردم و نزیکم لێیانه‌وه، ئه‌و که‌سانه‌ن که ژیانی خۆمم له‌گه‌ڵدا دابه‌ش کردوون و به‌و هیوایه‌ی که له دواڕۆژیشدا هه‌روابم. کاتێکیش دایکمم بینی زۆر دڵخۆش بووم و ده‌سته‌کانیم ماچ کرد.
دایکم له ئامێزی گرتم و وتی: کچه‌که‌م، به‌خێربێیته‌وه بۆ ماڵه‌وه!.
سه‌رچاوه: گۆڤاری سوێدی - کوردی سیروان.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی (رووداو) دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.