
بێریڤان ئۆنگۆرور، لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێ"بەهۆی كوردبوونم و گەورەبوونم لە خێزانێكی سیاسیدا، ئارەزووی من بۆ
سیاسەت شتێك نەبوو كە هەڵی بژێرم، بەڵكو هەر بە شیری دایكمەوە خواردوومە". بێریڤان، وەك چوارەمین ناو لە ریزبەندی لیستی پارتی چەپی سوێدی، بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنەكانی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ دیاریكراوە. بێریڤان پەیمان دەداتە كورد، كە ئەگەر بووە ئەندامی پەرلەمان ئەو توانایە تازەیەی بەدەستیدێنێ وەك پێشوو بۆ خزمەتی چارەسەركردنی كێشەی كورد بەكاربێنێ.بۆ ئەوەی لە نزیكەوە لە كار و چالاكییەكانی بێریڤان ئاشنابین، ئەم هەڤپەیڤینەمان لەگەڵ كرد.
كاوە ئەمین
رووداو - سوێد
رووداو: بەڕای تۆ هۆی چییە زیاتر لە یەك ملیۆن كوردی ئەوروپا تا ئێستا نەیانتوانیوە،جگە لە فەلەكناس ئوجا لە دوو خولی رابردوودا، هیچ كوردێك بگەیێننە پەرلەمانی ئەوروپا؟
بێریڤان: لەبەر چەندین هۆكاری سەرەكی. بەداخەوە ئێمە هێشتا هێندە نەچووینەتە پێشەوە لە ئەوروپا بە گشتی. شتێكی باشە كورد چالاكن و خۆیان تەرخان كردووە بۆ سیاسەت، بەڵام ئێمە لە زۆر پارتی سیاسیدا چالاكین و تێڕوانینی جیاوازمان هەیە، ئەوەش كاریگەری هەیە كە دەنگ بە كێ دەدەین. شتێكی واقعی نییە چاوەڕوانی ئەوە بین كە هەموو ئەو كوردانەی لە لیستەكاندان هەڵببژێردرێن بۆ پەرلەمانی ئەوروپا، چونكە هەمووان لە لیستەكاندا لەو شوێنەدا نین كە راستەوخۆ هەڵبژێردرێن، بەڵكو دەبێت دەنگ بێنن. ئەگەر مرۆڤ ریالیستیانە بیربكاتەوە و بە گرنگی بزانین كوردێك ببێتە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، ئەوا زیاتر ستراتیجیانە دەبێت ئەگەر هەموو تواناكان كۆ بكرێنەوە بۆ یەك پاڵێوراو وەكو ئەوەی بۆ فەلەكناس ئوجا كرا لە ئەڵمانیا. دەنا مەترسی ئەوە هەیە كە دەنگەكانمان پەرشوبڵاو ببن و هیچ كام لە پاڵێوراوەكان هەڵنەبژێردرێن، ئەوەش لە بەرژەوەندی كێشەی كورددا نییە. بەو هۆیەوە من پێموایە كە دەبێت هەموو كوردەكان دەنگی خۆیان بەكاربهێنن و دەنگ بدەن بەوەی كە بڕوایان پێیەتی.
رووداو: ئەگەر تۆ هەڵبژێردڕێیت، چ دەكەی بۆ چارەسەری ئاشتیانەی كێشەی كورد؟بێریڤان: من هەر لە زووە خۆم تەرخان كردووە بۆ پرسە نێونەتەوەییەكان بەگشتی و خەباتی گەلی كورد بۆ دیموكراتی، مافە مرۆڤایەتی و مافی چارەی خۆنووسین، بە تایبەتی. هەر ئەوەش بوو كە وای لێكردم خۆم بگەیێنمە ژمارەیەك رێكخراوی كوردی و نێونەتەوەیی كە بۆ مافەكانی مرۆڤ كار دەكەن. من هەمیشە و بەهەموو جۆرێك، كار بۆ مافەكانی گەلی كورد دەكەم، جا وەك پەرلەمانتار بێت یانیش وەكو دیكە. بەڵام ئەگەر هەڵبژێردرێم ئەوا بە دڵنیاییەوە هەوڵدەدەم پلاتفۆرمێكی گەورە دروستبكەم بۆ گرنگیدان بە كێشەی كورد. هەروەها ئەگەر ببمە ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا توانام زیاتر دەبێ بۆ ئەوەی كێشەی كورد بخەمە رۆژەڤەوە. هەروەها ئەگەر ببمە ئەندام پەرلەمان، كارێكی گرنگ كە دەیكەم ئەوەیە كە پەیوەندی دیبلۆماتی لەگەڵ باشووری كوردستان بگەیێنمە ئاستێكی بەرز و بەو شێوەیەش پردی نێوان حكوومەتی كوردستان و یەكێتیی ئەوروپا، قایمتر دەكەم. هەروەها پشتیوانی یەكێتیی ئەوروپا لە فۆرمی جۆاروجۆردا گرنگە تا ببێتە هاندەرێك بۆ چوارچێوە دیموكراتییەكان بۆ بەهێزكردن و گەشەكردنی ئەو پرۆسە دیموكراتییەی ئەمڕۆ لە باشووری كوردستاندا هەیە. پرنسیپێكی گرنگ و مێژوویی و پرسێكی گرنگی كورد بۆ كورد ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركووكە. ئەوەش لە دەستووری عێراقدا نووسراوە، پێویستە هەموومان بە شێوەیەكی چالاكەنە كار بۆ ئەوە بكەین شارەكە بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی. لە باكووری كوردستان، پێویستمان بەوە هەیە كە یەكێتیی ئەوروپا بەكاربێنین بۆ گوشار خستنە سەر توركیا تا بە تەواوەتی رێز لە مافەكانی كورد و كەمایەتییەكانی دیكەی ئەو وڵاتە بگرێت. تەنها ئەوە بەس نییە كە دان بە مافە كولتوورییەكانی كورد دا بنێت، ئەوە هەر هیچ كە نابێت تەنها بە كەناڵێكی كوردیی رازیبین، بەڵكو توركیا دەبێت دەستبەرداری ئەو میراتە بێت كە لە سەردەمی جونتا سەربازییەكانیدا بۆی ماوەتەوە، دەبێت رێز لە هەموو مافە سیاسییەكانی گەلی كورد بگرێت. من دەمەوێت ئەو پرسەی كە پێوەندی بە زیندانییە سیاسییەكانی كوردەوە هەیە بێنمە بەر باس و دەبێت ئازاد بكرێن، هەروەها دەبێت لێبووردنێكی گشتی بۆ هەموو ئەو كوردە پەنابەرە سیاسیانەی كە ئەمڕۆ لە ئەوروپا دەژین و مافی ئەوەیان نییە بگەڕێنەوە بۆ باكووری كوردستان، دەربچێت. هەروەها هیوادارم كە توركیا كۆتایی بەو لێكۆڵینەوانە بێنێت ئەوەی كە پێیدەڵێن گڵۆڵەی ئەرگەنەكۆن، كە شۆڕبووەتەوە بۆ نێو ناوەندی دەوڵەتی توركیا و، لە دەسەڵاتداری پایەبەرزی سەربازییەوە بگرە هەتا دەگاتە، دادوەر و كارمەندانی دەوڵەت تێوە گلاون. زۆر گرنگە كە لێكۆڵینەوەیەكی دروست و كاریگەر لەسەر بنكە ئەسڵییەكانی ئەرگەنەكۆن بكرێت و هەموو كارتەكان بخرێنە ڕوو. زۆر گرنگە روونبكرێتەوە كە ئاخۆ هیچ پێوەندییەك هەیە لە نێوان ئەرگەنكۆن و سەرنگومكردن و كوشتنی سیاسی كە لە ماوەی ئەم سی ساڵەی دواییدا كراون.هەروەها دەزانم كە هەڵاواردن و چەوساندنەوەی كوردانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای كوردستان بەردەوامە . ئەو بەشانەی كوردستان هەتا بڵێی پشتگوێ خراون و رووناكیان ناخرێتە سەر، من دەمەوێت كەڵك لە هەموو دەرفەتێك وەربگرم تا تیشك بخەمە سەر چەوساندنەوەی سیاسی و كۆمەڵایەتی لەو دووبەشەی كوردستاندا. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە یەكێتی ئەروپا دەسەڵاتی سیاسی خۆی بخاتە گەڕ و گوشاری زیاتر بخاتە سەر هەردوو رژێمی نا دیموكراتی ئێران و سوریا تا رێز لە مافەكانی گەلی كورد بگرن.
رووداو: دەوڵەتی توركیا دەیەوێت ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا، ئایا تۆ لەگەڵ ئەوەدای ببێتە ئەندام؟
بێریڤان: پێموایە زۆر گرنگە توركیا ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا،چونكە ئەوكات دەبێ توركیایەكی جیاواز لەوەی ئێستا بێت، بەو مەرجە دەبێتە ئەندام. خاڵی یەكلاكەرەوە ئەوەیە كە چاوپۆشی نەكەین و بەردەوامبین لەوەی كە دەبێت توركیا پێوەرەكانی كۆپنهاگن . بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، توركیا هەنگاوی ئیجابی لە بوارە جۆراوجۆرەكاندا دەنێت و گرنگە كە هاندەر بین. ئەمڕۆ ژمارەیەكی زۆر هێزی فاشستی لە توركیا هەن كە نایانەوێت ئەو وڵاتە ببێتە ئەندامی یەكێتی ئەوروپا. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوە، لەو بڕوایەدام لەئەنجامدا ئەندامبوونی توركیا بە قازانجی گەلی كوردە و دەبێتە هۆی لاوازبوونی دەسەڵاتی سەربازی، ئەوەش رێگە بۆ گەشەكردنی پرۆسەی دیموكراتی خۆشدەكات، هەر بۆیە من لەگەڵ ئەوەم كە توركیا ببێتە ئەندام.
رووداو: دەوڵەتی سوێد و زۆر لە دەوڵەتانی یەكێتی ئەوروپا، سیاسەتێكی دژوار لەمەڕ پەنابەران پیادە دەكەن، ژمارەیەكی زۆر پەناخوازی كورد هەڕەشەی گەڕاندنەوەی بە زۆریان لێدەكرێت بۆ كوردستان، پلانی ئێوە بۆ گۆڕینی ئەو سیاسەتە چییە؟
بێریڤان: تۆ دەستت خستە سەر یەكێك لە سەرەكیترین و گەورەترین پرسە سیاسییەكانی من، ئەویش سیاسەتی پەنابەری و كۆچكردنە. یەكێتی ئەوروپا سیاسەتێكی نامرۆڤانە لــــــەوبـوارەدا پەیڕەو دەكات، وەك تـــاوانبارانی ناو زیــــندان هەڵســـوكەوت لەگەڵ پەناخوازان دا دەكات. من وەكو پەرلەمانتارێك دژی هـــــەمــــوو ئەو پێشنیازانە دەبــــــم كە كۆمیسیۆنەكان كردوویانن و، هەوڵی هۆشیاركردنەوەی رای گشتی دەدەم لەبارەی ئەم پرسە گرنگە.
ڕووداو : چۆن خۆت دەگەیێنییە دەنگدەرانی كورد و ئەو هۆكارانە چین كە ببنە هۆی ئەوەی كورد دەنگت پێ بدەن ؟
بێریڤان: ئەركی من ئەوەیە كە لە كەناڵی جیاوازەوە، جا ڕاستەوخۆ بێت یانیش لە رێگەی راگەیاندن و رێگای دیكەوە، كارێك بكەم كە كورد بزانن من دەمەوێت چی بكەم و بۆ كێی دەكەم. پاشان ئەوە بۆ دانیشتوانی كورد بە جێدەهێڵم ئاخۆ متمانەم پێ دەكەن یان نا. من وەكو ژنێكی گەنجی كورد بەشداری هەڵبژاردن دەكەم كە بە شێوەیەكی بەرچاو خۆم بە كێشەی كوردەوە خەریك كردووە. من بە پلەی یەكەم رووی خۆم دەكەمە خەڵكی كورد نەك پارتە سیاسییەكان، تا متمانەم پێ بكەن كە دەبمە دەنگی ئەوان لە پەرلەمانی ئەوروپادا. بۆ من زۆر گرنگە كە سەربەخۆ بم لە پێوەندی لەگەڵ پارتە كوردییەكاندا، چونكە من دەمەوێت بە شێوەیەكی بەربڵاو كار بكەم و هاوكاریی هەموو پارتە دیموكراتخوازەكانی هەر چوار پارچەی كوردستان دەكەم، بەڵام خۆم نابەستمەوە بە پارتێكی دیاریكراوەوە، هەمیشە بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد لەبەرچاو دەگرم.
بێریڤان ئۆنگۆرور
-پێش 29 ساڵ لە شاری دێركی باكووری كوردستان لەدایكبووە.
-لە تەمەنی 5 ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی هاتوونەتە سوێد.
-جێگری سەرۆكی لقی پارتی چەپی سوێدە لە شاری یێڤلا.
-ئەندامی ئەنجوومەنی شارەوانی هەمان شارە.
- ئەندامی بەڕێوەبەرایەتی كۆمەڵەی منداڵپارێزانی كوردستان (كۆمەك)ە.