
كلایس نوردمارك
قارەمانێكی راست، هەستێك دەگوێزێتەوە. دەكرێت ئەو هەستە، هەستی ئازادی بێت، هەستی گۆڕانكاری یانیش هەستی ئومێد بەخشین بێت. هەتا گرووپێك زیاتر بچەوسێنرێتەوە، تاسەی ئازادیشیان زیاتر دەبێت . هەتا ئەو حەسرەتەیش زیاتر بێت بۆ ئازادی، ئەوا ژمارەیەكی زیاتریش قارەمان دێنە مەیدانەوە.كورد وەكو زۆر كەمینەی دیكەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، ماوەیەكی زۆرە لە ژێر چەوساندنەوەدان . ئەوانە ژمارەیەكی زۆر قارەمانیان تێدا هەڵكەوتووە، قارەمانی ئەم سەردەمەیشیان، لەیلا زانەیە. ساڵی 1994 لە بەرئەوەی بە كوردی لە پەرلەمانی توركیادا، قسەی كرد، حوكمی دە ساڵ زیندانیان بۆ بڕییەوە، ئەوەیش بە بەهانەی ئەوەی كە هەڕەشەیە بۆ ئەمنییەتی توركیا. بۆ رێزنان لە تێكۆشانی، چەندین خەڵاتی نێونەتەوەیی پێدراوە، بۆ نموونە خەڵاتی ساخارۆڤی یەكێتیی ئەوروپا "بۆ ئەو خەباتە بەنرخەی كە بۆ دیموكراتی و مافی مرۆڤ كردوویەتی". سەرەڕای ئەوەی كە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا لە ساڵی 2001 وە داوای ئازادكردنی لەیلا زانای كردبوو، بەڵام ئەو لە زیندان دا هەتا ساڵی 2004، هێلرایەوە. ئێستا جارێكی دیكە، لەیلا زانا بە دە ساڵ زیندانی حكومدراوە. بە گوێرەی دادگای توركیا یەكێك لە تاوانەكانی ئەوەیە كە"پشتیوانی بۆ سەرۆكی زیندانیكراوی پارتی كرێكارنی كوردستان، عەبدوڵڵا ئۆجەلان دەربڕیوە و هەروەها بە باشووری رۆژهەڵات وباشووری رۆژهەڵاتی ئەنادۆڵی وتوە، باكووری كوردستان و بە باكووری عێراقیشی وتوە باشووری كوردستان". بەڵام هۆكاری سەرەكی ئەوەیە كە ئەو یەكێكبووە لە پاڵێوراوە سەرەكییەكان بۆ شاری باتما

ن كە لە نێوەڕاستی مانگی مارسدا هەڵبژاردنی هەرێمی دەكرێت، شتێك كە هێزە ناسیۆنالیستەكان دەیانەوێت بە هەر نرخێك بووە، رێگەی لێ بگرن. هێشتا ساڵی 1994 بوو كە لەیلا زانا وتی"من دوو منداڵ، مێردێك و ژمارەیەكی زۆر هەڤاڵی خۆشەویستیم هەیە، من حەزم لە ژیانە، بەڵام حەزو ئارەزووم بۆ دادوەریی بۆ گەلەكەم كە بۆ ژیانێكی شایستە و بۆ ئازادی تێدەكۆشیت، گەورەترە. ژیانێك كە كۆیلایەتی، سووكایەتی و بێنرخی بێت بە ناسنامەكەت (ئیدێنتیتێت)، هیچ نرخێكی نییە". لەیلا زانا، نێلسۆن ماندێلای كوردە. هەردووكیان بە رێگەیەیكی ئاشتیانە دژی چەوساندەوە خەباتیان كردووە و بە بەهانەی بێبناخە زیندانیكراون، هەردووكیشیان لە ماوەی ژیانیاندا گەیشتوونەتە ئاستی قارەمانێتی. نێلسۆن ماندێلا، پێش ئەوەی لە زیندان بەرببێت و چەساندنەوە لە باشووری ئەفریقا هەرەس بێنێت، 27 ساڵ ژیانی لە بەندیخانەدا بەسەر برد. پرسیارە سەرەكییەكە ئەوەیە كە ئاخۆ دەبێت لەیلا زانا چەند ساڵی دیكە لە زیندان دا بێت تا چەوسانەوە لە توركیایش هەرەس بێنێت؟ ئەگەر ئەو پرسیارە لە لەیلا زانا بكرێت ئەوا دەشێت لە وەڵامدا بڵێت:"چەند ساڵ پێویست دەبێت با ببێت". لەیلا زانا وەكو كەسێكی خۆنەویست لە بەردەم چەوساندنەوەدا وەستاوە و بەو شێوەیەیش هەستی ئازادی و هیوایی بە ملیۆنان مرۆڤی چەوساوە، بەخشیوە. لەیلا زانا، قارەمانێكی راستینەیە.
وەرگێڕانی لە سوێدییەوە: كاوە ئەمین
*كلاس نوردمارك، جێگری سكرتێری نێونەتەوەیی پارتی سۆسیالدیموكرتی سوێد، سكرتێری كۆمیتەی پشتیوانی لە مافەكانی مرۆڤە لە توركیا و سەرۆكی تۆڕی كوردیی سۆسیالدیموكراتەكانی سوێدە.
تێبینی: له ڕۆژنامهی رووداو دا بڵاو کراوهتهوه