
چیا، به یه‌که‌مین به‌رده‌وه ده‌ست پێ ده‌کات
مرۆڤ، به یه‌که‌مین ژان...
زیندانی ڕه‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج، به‌ندی ژماره 5 ی زیندان، ته‌لیفۆنخانه‌ی ساڵۆنی 14
له پاڵ دیواری ته‌لیفۆنخانه ڕاوه‌ستابووم. چاوم له که‌سانی ده‌وروبه‌ری خۆم ده‌رکرد، هه‌موو جگه‌ره‌یان ده‌کێشا و خه‌و ده‌یبردنه‌وه. خومار بوون و به‌لاداهاتبوون. جاروباره‌ش جنێویان به یه‌کتر ده‌دا. له سه‌ر ڕووخساریان شوێنی برینی قووڵ به‌دی ده‌کرا و هیچ هیوایه‌ک وه‌به‌ر چاو نه‌ده‌هات. زۆربه‌ی گیراوانی ئه‌و به‌نده، چاوه‌ڕێی به‌ڕێوه چوونی حوکمی قه‌ساسن؛ یان گیرۆده‌ی نه‌خۆشیه‌کانی سیل، ئایدز و هیپاتیتن. هه‌ر به‌و شێوه‌یه که ئه‌وان له چاوه‌ڕوانی مردن دا، له ناو بیره‌وه ڕۆ چووبوون. به بێ ویستی خۆم چه‌ند دیمه‌نێک له بیره‌وه‌ریه‌کانی ڕابردوو، به وێنه‌ی فیلم له به‌ر چاوم دا تێپه‌ڕین و ده‌ستیان به جووڵه کرد. ئه‌و دیمه‌نانه‌ی که زۆرتر به مردن کات (1) ده‌کران. خاڵی هاوبه‌شی ئه‌و زیندانیانه و ئه‌وانه‌ی که مردنی ئه‌وانم دیتبوو، یه‌ک شت بوو: ((هه‌ر دوو لایه‌ن، قوربانیی نادادوه‌ریه‌کانی کۆمه‌ڵگا بوون )).
****
سکانسی یه‌که‌م، کێڵگه‌ی نۆک. له نێوان کامیاران- کرماشان
مردنی منداڵێک، ده‌توانێ هه‌بوونی خودا، بباته ژێر پرسیار . ( فێئۆدۆر داستایۆڤسکی )
تا ئه‌و شوێنه‌ی که چاو بڕ ده‌کات، مه‌زرای نۆکی زه‌رد، چاوه‌ڕوانی په‌نجه‌کانی ماندووی ئێمه بوو. سی تا چل منداڵ و نه‌ونه‌مام، که هه‌ر کامه‌مان سێ له یه‌کی مووچه‌ی کرێکارێکیان پێ ده‌داین و تا ئه‌و جێگایه‌ی بۆیان ده‌کرا، کاریان لێ ده‌کێشاین. ته‌پ و تۆز، له گه‌ڵ تامی سوێری ده‌سکه‌کانی زه‌ردی نۆک، له ناو زامان دا تامێکی تاڵ، به‌ڵام ئاشنای هه‌بوو.
خۆره‌تاوی سووتێنه‌ری هاوین، ئێشی که‌مه‌ر، بلۆقی ده‌ست، برژانه‌وه‌ی چاو، تێکه‌ڵ به ده‌نگی هات و هه‌رای سه‌رکارگه‌ری ئه‌و مه‌زرایه، خێرایی ده‌سته‌کانی ئێمه‌ی زۆرتر ده‌کرد. به‌ڵام نه فشاری کار کۆتایی ده‌هات، نه ده‌سکه‌نه‌ی نۆک.
خۆره‌تاو،شه‌رمی له ماندوویه‌تی ئێمه ده‌کرد و ئاوا ده‌بوو. کاتێک مووچه‌مان وه‌رده‌گرت،منداڵێک له تاو ماندوویه‌تی و بێ تاقه‌تی، له حاڵێکدا که سواری ئه‌و کامیۆنه ده‌بوو که ئێمه‌ی بۆ شار ده‌هێناوه، که‌وته خوار و له پێش چاوه‌کانی واق ماوی ئێمه دا، گیانی ده‌رچوو.
سکانسی دوو، گوندی ده‌ره ویان. ڕێگای کامیاران- ڕوانسه‌ر. به‌هاری 1385ی کۆچی.
خۆره‌تاو به دواترین ڕوانینی خۆی، زه‌وی گه‌سک ده‌دا و چیاکانیش ماندوو له کاری ڕۆژێکی به‌هاری، پشتی خۆیان ڕاست ده‌کرده‌وه، تا گه‌ڕانه‌وه‌ی خه‌ڵک به‌ره‌و ماڵه‌کانیان ته‌ماشا بکه‌ن و، له دیمه‌نی دڵڕفێنی ئاوابوونی خۆره‌تاو بڕوانن.له ژێر دار قه‌یسیه‌کان، نه‌وجه‌وانێک پیاسه‌ی ده‌کرد و له گه‌ڵ خۆی ده‌دوا. دواترین تۆوی شه‌مامه و خه‌یاری چاند بوو. ئه‌وانه‌ی که دایکی به‌ڵێنی دابوو، بۆن خۆشترین شه‌مامه‌کانی گوند ده‌بن. هێشتا باوکی بێ کار بوو. بیری له داهاتووی خۆی و حه‌سره‌تی کڕینی کامپیوتێرێک، به هه‌ر جۆره "پێنتیۆم"ێک، ده‌کرده‌وه.ئاگرێکی کرده‌وه. وا پێده‌چوو که بڕیاڕی خۆی گرتووه.شه‌و داهات، بۆ ئه‌وه‌ی دایک، که له به‌ر نه‌هاتنه‌وه‌ی ڕۆڵه‌که‌ی و ماڵاوایی غه‌ریبانه‌ی،دڵه‌ڕاوکێ دایگرتبوو، به‌ره‌و مه‌زرای بچکۆڵه‌یان ڕێ بکه‌وێت. له ناو بێده‌نگی سه‌رسام هێنه‌ری شه‌و دا، ته‌رمی هه‌ڵاوه‌سراوی ڕۆڵه‌که‌ی که‌وته به‌ر چاو، که له گه‌ڵ دواترین بڵێسه‌کانی ئاگر و له‌رزینی نه‌رمی گه‌ڵاکان، به هێمنی ده‌جووڵاوه و کۆتایی به ژیانی هێنابوو.
کات
****
سکانسی سێ، ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی ئیتلاعاتی سنه، ڕه‌زبه‌ری 1385ی کۆچی، دواترین داڵان.
من له گه‌ڵ ڕه‌گه‌زی دره‌خته‌کانم
هه‌ناسه‌دانی هه‌وای کۆن، په‌شۆکاوم ده‌کات.
ئه‌و باڵنده‌یه‌ی که مردبوو، ئامۆژگاری پێدام، فڕین به بیرم بسپێرم. ( فروغ فه‌ڕووخزاد) گوێمان له ده‌نگی ئاوازی کچێکی زیندانی، هانا یان ڕووناک (2)، ڕاگرتبوو، که ده‌یگووت:
ئه‌ی تریفه‌ی مانگه شه‌وی زێوینی ئاسمانبۆ به تۆسقاڵ جار به جارێ خۆت ئه‌ده‌ی نیشان
ده‌ربکه‌وه ڕووناکی پاک، بده سه‌رینم
بۆم ڕووناک که، ژووری تاریک به‌ندی که‌مینم(3)
له گه‌ڵ کۆتایی هاتنی ئه‌و گۆرانییه، زه‌ربه‌کانی مستی نادر(3)، که له دیواری ده‌کووتا، ئێمه‌ی به‌ره‌و ڕۆچنه‌ی سیللول ڕاکێشا. نادر، زیندانی به ئێعدام حوکم دراوی سیللوله‌که‌ی په‌نای من بوو، که چه‌ند ڕۆژ له‌مه‌و پێش له گه‌ڵ یه‌کتر ئاشنا بووین. ئه‌و، ئاگاداری نه‌خۆشی و لێدانی من بوو.
- سڵاو کاک فه‌رزاد، ڕه‌وشت باشتر بووه ؟!
- نا، ژانم هه‌یه. حاڵم زۆر خراپه.
- به هێز به مامۆستا. بڕیاڕ بوو بچیته ده‌رێ و ده‌نگی ئێمه به هه‌موو دونیا بگه‌یه‌نی. ئاوا ده‌تهه‌وێ بچیه ده‌رێ ؟
پێکه‌نی.- نادر گیان، ئێشم هه‌یه. له سه‌ر و چاویان کوتاوم.
- ده‌زانم مامۆستا. به‌ڵام ژانی من و تۆ، ژانی گه‌لێکه. له راستی دا هه‌م ده‌رده و هه‌م ده‌رمان. که‌وابوو به ته‌واوی هه‌بوونی خۆته‌وه، په‌سه‌ندی بکه، با ده‌ردی منداڵانی داهاتوو له ئێمه بکه‌وێت.
به‌یانیه‌کی مانگی ڕه‌مه‌زان، به ده‌نگی کرانه‌وه‌ی ده‌رگای سیللولی نادر ڕاچه‌نیم. نادریان برد و ئیتر نه‌گه‌ڕاوه. هه‌ر چه‌ندی له دیوارم کوتا، (( نادر، نادر گیان، گۆرانی بڵێ، قسه‌یه‌ک بکه، پێ بکه‌نه )). نادر ئێعدام کرا، له حاڵێکدا که کۆڵێک باری ئێش و ده‌ردی منداڵانی وڵاته‌که‌ی، به کۆڵ ده‌کێشا.
****
سکانسی چواره‌م، زیندانی ڕه‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج، به‌ندی 5
نیوه‌ێ شه‌و به زۆری ، ژووری پڕ له هه‌ڵم و دووکه‌ڵی ساڵۆنمان به جێ هێشت. له نێو چوارسه‌د و په‌نجا که‌س سه‌رژمێری به‌ند، که‌سێک که‌م بوو. به هه‌ر شێوه‌یه‌ک ده‌بوایه بیدۆزنه‌وه، زیندوو یا مردوو، جیاوازی نه‌بوو. ته‌نیا ده‌بوایه بیدۆزنه‌وه. ژوور به ژوور، هه‌موو شوێنێکیان پشکنی و ئاخری له ناو ئه‌نبارێکی بچووکدا، لاوێکیان دیته‌وه که خۆی هه‌ڵاوه‌سی بوو. ئه‌وسا سه‌ربازه‌کان زۆر به ئاسایی و بزه‌ی سه‌رکه‌وتن له سه‌ر لێو، که‌یفخۆش به هۆی دیتنه‌وه‌ی که‌سی ونبوو، ته‌رمه‌که‌یان له گه‌ڵ خۆیان برد. زیندانیه‌کانیش گه‌ڕانه‌وه ژووره‌کانی خۆیان. وه‌ک بڵێی هیچ شتێک ڕوی نه‌دابێت و هیچ مرۆڤێک خۆی نه‌کووشتبێ. مردن، لێره وشه‌یه‌که، جار به جار هه‌بوونی هه‌ست پێ ده‌کرێ. سێبه‌ری قوورسی خۆی به سه‌ر هه‌موومان دا ده‌کشێ. مردن لێره ئاسایی ترین باس و سرووشتی ترین وشه‌یه. هیچ ترس و نه‌فره‌تێک له مردن نییه. هه‌رگیز به‌و ڕاده‌یه له گه‌ڵ مردن ئاوێته نه‌بووم، که‌وابوو ئاخرین کات، پێویست ناکات.
دانه دانه بیره‌وه‌ریه‌کانم ده‌هێنمه‌وه پێش چاو، که له ناکاو به ده‌نگی فرۆشیاری گه‌ڕۆکی به‌ند، که له ساڵۆنی سه‌ره‌وه دێت، وه‌خۆ دێمه‌وه، (( قابڵه‌مه، شه‌ڕواڵی شیرازی، حه‌شیش، شیشه، کڕاک، مه‌لافه، تریاک، تاوه، شیره‌ی باش و ... )) به پێش ئێمه دا ده‌رباز بوو. ئه‌و که‌سانه‌ش که چاوه‌ڕوانی ته‌له‌یفوون بوون، وه‌دوای که‌وتن. ئه‌وجار نۆره‌ی من هات که ته‌له‌یفوون بکه‌م. گووشیه‌که‌م هه‌ڵگرت:
-ئه‌لۆ، سڵاو که‌یوان گیان.
-سڵاو فه‌رزاد، چۆنی ؟
-ده‌ی که‌یوان گیان. له ده‌ره‌وه چ باسه ؟
- له کوردستان، دوو که‌سی دیکه‌ش به ئێعدام حوکم دراون. که‌سێکیش حوکمی بڕینه‌وه‌ی ده‌ست و لاقی به سه‌ر دا سه‌پێندراوه. که‌سێکی دیکه حووکمی دوورخستنه‌وه له زێدی پێ دراوه و مردنێکی گوماناویش له زیندانی تاکه‌که‌سی ئیتلاعاتی ئورمیه ڕوویداوه.
- ته‌ماشای ئه‌و ده‌نگوباسانه ! هه‌واڵه‌کانی تۆ هه‌میشه بۆنی مه‌رگیان لێ دێت.
- فه‌رزاد گیان، ئه‌من بڵێم چی، حاکمانی وڵاته‌که‌ت له‌و ڕۆژانه دا، به‌رده‌وام جاڕی حوکمی له‌سێداره‌دان لێده‌ده‌ن... ئه‌ها، خانمێکیش له شاری سلێمانیه‌وه په‌یامێکی به زمانی کوردی بۆ ناردووی، ماناکه‌ی نازانم، نووسیوه‌تی پێت بڵێین، خه‌م مه‌خۆ، ئاسۆ ڕوونه.وه من خۆشحاڵ، له‌وه‌ی که چیاکان، هێشتا ده‌سته‌وملانی خۆره‌تاون، به پێکه‌نینه‌وه گووشیه‌که‌م داخست و له به‌ر خۆمه‌وه گوتم:که‌وابوو هێشتا " ئاسۆ ڕوونه ". چ هه‌واڵێک له‌وه باشتر ...؟
مامۆستای به ئێعدام حوکم دراو- فه‌رزاد که‌مانگه‌ر
به‌ندی نه‌خۆشه‌کانی زیندانی ڕه‌جایی شه‌هری که‌ره‌ج.
****
په‌راوێزه‌کانی وه‌رگێڕ
(1) کات. به واتای بڕینه و له سینه‌ما دا زۆرتر به کار ده‌چێت. دوای کۆتایی هاتنی سکاسنێکی فیلم، نووسه‌ری سێناریۆ یان ده‌رهێنه‌ر، وشه‌ی کات، به واتای بڕین و کۆتایی ئه‌و سکانسه به کار ده‌هێنێت. وشه‌که Cut ی ئینگلیزیه که مانای بڕین، کۆتایی هێنان و...
(2) لێره دا ئاماژه‌ی به دوو کچی تێکۆشه‌ر کردووه، واتا ڕووناک سه‌فازاده و هانا عه‌بدی که ماوه‌یه‌ک فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له ژووره‌کانی تاکه‌که‌سی زیندانی سنه، سیللوله‌که‌ی له په‌نای ئه‌وان بووه. ئه‌و دوو کچه هاوڕێ له گه‌ڵ که‌سانێکی دیکه‌ی وه‌ک فه‌ردین مورادی، یاسر گوڵی، حوبیبوڵڵا له‌تیفی و چه‌ندین که‌سی دیکه له شاری سنه، به تاوانی هاوکاری په‌ژاک حوکمی گرانی زیندان و دوورخستنه‌وه‌یان به سه‌ر دا سه‌پێندراوه و ته‌نانه‌ت له ناویان دا، حه‌بیبوڵڵا له‌تیفی به ئێعدام حوکم دراوه. هانا و ڕووناک و گیراوانی دیکه به سه‌خت ترین شێوه شکه‌نجه کراون.
(3) ئه‌مه شێعرێکی کاکه‌ی فه‌لاحه که هونه‌رمه‌ندی گۆرانیبێژ ناسری ره‌زازی به‌ئاوازێکی جوان له‌گه‌ڵ ئورکست سه‌مفونیی زانکۆیه‌کی ئاڵمان، به ربه‌ریی مامۆستا ئیقباڵی حاجبی وه‌ک گۆرانی چڕیویه‌تی .ئه‌مه هه‌موو شێعره‌که‌یه:
ئه‌ی تریفه‌ی مانگه شه‌وی زێوینی ئاسمانبۆ به تۆسقاڵ جار به جارێ خۆت ئه‌ده‌ی نیشان
ئه‌وه ئێستاکه شه‌وانه من له جیاتی تۆ
له قه‌فه‌س دا ئێشکچیه‌تیم گرتۆته ئه‌ستۆ
ده‌ربکه‌وه ڕووناکی پاک، بده سه‌رینم
بۆم ڕووناک که، ژووری تاریک به‌ندی که‌مینم
تا ئه‌و کاته‌ی چوار ئێسکه‌که‌م ئه‌خرێته نێو چاڵ
بۆ کوردستان ئه‌سووتێم و ئه‌بم به زووخاڵ
(4) لێره دا ئاماژه به نادر مه‌حه‌مه‌دی ده‌کات که هاوڕێ له گه‌ڵ براکه‌ی کیومه‌رس مه‌حه‌مه‌دی به تاوانی هاوکاری په‌ژاک و کوشتنی جاشێک به ناوی ناسر بیگله‌ری، له سنه له سێداره دران. ئه‌و دوو برایه که پێشتر له ناو حیزبی دێمۆکرات دابوون و ئه‌ماننامه‌یان وه‌رگرتبوو، له ساڵه‌کانی دوایی دا له گه‌ڵ په‌ژاک هاوکاریان ده‌کرد، به‌ڵام له راستیدا هیچ نه‌خشێکیان له کوشتنی ناسر بیگله‌ری دا نه‌بووه و ته‌نانه‌ت له ژێر سه‌خت ترین ئه‌شکه‌نجه‌کانیش دا دانیان به هیچ شتێک دا نه‌نابوو. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش ڕژیم هه‌ر دووکیانی له سێداره دا. فه‌رزاد به هۆی ئه‌وه‌ی که سیللوله‌که‌ی دیوار به دیواری نادر بووه، ئاگاداری ڕه‌وشی ئه‌وان بوو.