رووداونێت- سوێد

هه‌فته‌ی پێش‌و، سه‌رۆکی کلوبی تیپی فوتباڵی به‌ناوبانگی کورد له سوێد، (دالکورد)، ڕه‌مه‌زان کزیل، به به‌هانه‌ی ئه‌وه‌ی که به زمانی کورد له کۆبوونه‌وه‌یه‌کی جه‌ماوه‌ری پارتی کۆمه‌ڵگایی دیموکراتیدا، به کوردی قسه‌ی کردووه، له لایه‌ن دادگه‌ری تورکیاوه لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ کرا، ئێستا مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که به شه‌ش مانگ زیندانی حوکووم بدرێت. زۆربه‌ی ڕۆژنامه به‌ناوبانگه‌کانی سوێدی وه‌کو (ئافتونبلاتد، داگینزنیهێته‌ر، بۆرلێنگه بلادتد، داله‌رناس تیدنینگه‌ر و زۆری دیکه) به په‌رۆشه هه‌واڵه‌که‌یان بڵاوکرده‌وه. له گفتووگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ ڕۆژنامه‌ی (ئافتونبلاتد) که ڕۆژانه یه‌ک ملیۆنی لێ ده‌فرۆشرێت، ڕمه‌زان کزیل ده‌ڵێت:- بێگومان من ناڕه‌حه‌تم و مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که بخرێمه زیندانه‌وه، به‌ڵام بۆ یه‌ک چرکه‌یش په‌شێمان نیم له قسه‌کانم. دادگایکردنی ڕه‌مه‌زان کزیل له کاتێکدایه که تورکیا بانگاشه‌ی ئه‌وه ده‌کات که ده‌یانه‌وێت کۆتایی به کێشه‌ی کورد بهێنن، ئه‌گه‌رچی ئه‌وان زیاتر مه‌به‌ستیان خاپاندنی گه‌لی کورد و به‌ده‌ستخستنی ده‌نگی زیاتره له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. ڕه‌مه‌زان ده‌ڵێت: زۆر که‌س پێێان وایه که تورکیا وڵاتێکی دیموکراتییه و مافی مرۆڤی کورد پارێزراوه، له کاتێکدا ئه‌وان به‌زمانی کوردی ته‌له‌فزیۆنیان کردۆته‌وه، به‌ڵام کاتێک خه‌ڵک به زمانی کوردی قسه ده‌کات، هه‌ڕه‌شه‌ی زیندانی لێ ده‌که‌ن.ئێلاڤان جیجین به‌رپرسی سپۆرتی کلوبی فتبۆڵی دالکورد له گفتووگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ (dt.se) ده‌ڵێت: به‌ڕاستی ئه‌م هه‌واڵه بۆ ئێمه زۆر ناخۆشه. ئێمه ئه‌وه‌ی له ده‌ستمان بێت ده‌یکه‌ین، هه‌موومان پشتیوانی له ڕه‌مه‌زان کزیل ده‌که‌ین، به‌ڵام هاوکات زۆر نیگه‌رانین له‌وه‌ی که مه‌ترسی هه‌یه بخرێته زیندانه‌وه.
بۆ زانیاری زیاتر ڕۆژنامه‌ی (ڕووداو) به ته‌له‌فون په‌یوه‌ندی به (ڕه‌مه‌زان کزیل)ه‌وه کرد که ئێستا له شارێکی باکووری کوردستانه، ڕه‌مه‌زان ئاوا بۆ ڕۆژنامه‌که‌مان دوا: کاتێک له متینگێکی پارتی کۆمه‌ڵگای دیومکراتیدا به کوردی قسه‌م کرد، قسه‌کانم له‌لایه‌ن میتی تورکییه‌وه تۆمارکرابوون، به‌ڵام له کاتی وه‌رگێرانی قسه‌کانمدا بۆ سه‌ر زمانی تورکی، زۆرێک له قسه‌کانمیان شێواندبوو و شتی دیکه‌یان پێوه نابوو که هیچیان قسه‌ی من نه‌بوون. ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یانه‌وێت چاوترسێنمان بکه‌ن، به‌ڵام ئێمه بڕیاری خۆمانمان داوه و شان به شانی گه‌له‌که‌مان به‌ره‌وه ئازادی هه‌نگاو ده‌نێین". له وه‌ڵامی پرسیارێکی (ڕووداو) دا که ئاخۆ ئه‌و ناتوانێت تورکیا به‌جێبهێلێت و بگه‌ڕێته‌وه بۆ سوێد؟ ئاوا وه‌ڵامی دایه‌وه: "به‌ڵی ده‌توانم به‌ڵام من خۆم نامه‌وێت، چونکه ئه‌وکاته دادگا ده‌توانێت بڕیاری نه‌گه‌ڕانه‌وه‌م بۆ کوردستان بدات، به‌ڵام من ده‌مه‌وێت هه‌رکاتێک پێویست بێت بگه‌ڕێمه نێو گه‌لی خۆم و وڵاتی خۆم، بۆیه چاوه‌ڕێ ده‌که‌م، ئێستا پارێزه‌ره‌کانم له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌دان که ئه‌و شکاته‌ی لێم کراوه، پوچه‌ڵ بکرێته".
سه‌رۆکی پارتی چه‌پ، لارش ئۆلی بڕیاری داوه که به‌داوچوون بۆ کێشه‌که‌ی ڕه‌مه‌زان کزیل بکات و له‌چه‌ندین لاوه هه‌وڵ بدات بۆ داکۆکی کردن له ڕه‌مه‌زان کزیل. لارش ئۆلی له گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ (dt.se) ده‌ڵێت:- ئه‌وه یه‌که‌مین جار نییه که که‌سێک له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که به زمانی کوردی له کۆبوونه‌وه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا له تورکیا، قسه‌ی کردووه، زیندانی بکرێت. من ده‌زانم که گه‌لی کورد چ زه‌حمه‌تییه‌ک ده‌کێشن له کاتی هه‌ڵبژاردنه‌کاندا. لارش ئۆلی به‌وه‌شه‌وه ناوه‌ستێت و ڕه‌خنه له یه‌کێتی ئه‌وروپا ده‌گرێت و ده‌ڵێت: ئێمه خوازیاری ئه‌وه‌ین که یه‌کێتی ئه‌وروپا زۆر به ڕاشکاوانه، شه‌رت و مه‌رج بۆ تورکیا دابنێت. لارش ئۆلی له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که په‌یوه‌ندی به وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد کارل بیلدت وه بکات تا ناڕه‌زایه‌تی دژی تورکیا ده‌رببڕێت. هاوکات لارش ئۆلی ده‌ڵێت: ئێمه هه‌موو ڕێگاکان ده‌گرینه به‌ر بۆ ئازادکردنی ڕه‌مه‌زان کزیل، ته‌نانه‌ت له ئاستی یه‌کێتی ئه‌وروپاشدا.

زانیاری له‌سه‌ر کلوبی داله‌کورد:کلوبی فوتبۆڵی، دالکورد، له ساڵی 2004 دا، دامه‌زاروه. له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا توانیویانه سه‌رکه‌وتنی
به‌رچاو به‌ده‌ست بهێنن. ئێستا له ئاستی که‌رتی دوو (دڤیشون)، یاری ده‌که‌ن. پێشتر، دالکورد له ئاستی خۆیاندا له که‌رتی چواردا، له‌سه‌ر ئاستی هه‌موو سوێد، ریکۆردی گۆڵکردنیان شکاندوه، 126 گۆڵیان کردووه. لۆگۆی دالکورد، ئاڵای کوردستانه و به وێنه‌ی دوو ئه‌سپ خه‌مڵینراوه که له سوێد به ئه‌سپی دالانا به‌ناوبانگه. لاپه‌ڕه‌ی وه‌رزشی ڕۆژنامه‌کانی سوێد گرنگی زۆر به یاریه‌کانی دالکورد ده‌ده‌ن، ئێستا دالکورد له لایه‌نی ئابووریشه‌وه دو‌ڵه‌مه‌نده و له لایه‌ن حه‌وت کۆمیته‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌کرێت، که زۆربه‌یان کوردن، به‌ڵام به‌شێکی به‌رچاو سوێدی و نه‌ته‌وه‌ی دیکه له نێو کلوبه‌که‌دا کار ده‌که‌ن. سه‌رۆکی کلوبی دالکورد، ڕه‌مه‌زان کزیله که کوردێکی وڵاتپارێزی باکووری کوردستانه.