پێویستیمان پێ نییە!
كاوە ئەمین - سوێد
هاوبیری هێژا هاوڕێ باخەوان لە وتارێكدا كە لە ڕۆژنامەی (ڕووداو) دا، بڵاوكراوەتەوە، قسەی دڵی ئێمەی كەسووكاری شەهیدانی كردووە، چەند جوانی بۆ چووە كە دەڵێت: نەوەی شەهیدێكی ئەنفال و بێناو بكەنە وەزیری ئەنفال و شەهیدان، ئەو دەزانێت بێباوكی چ كارەساتێكە! كاك هاوڕێ لە دڵسۆزییەوە و وەكو خەمخۆرێكی نەوەی ئەوانەی كە شەهید كران، برینی نەبوونی و هەژاری و بێباوكی كولاندینەوە، هەر ئەوهیش بوو وای لێكردم ئەم چەند دێرە بنووسم. كاتێك باوكم شەهید بوو لە شۆڕشی ئەیلول دا، ئەگەرچی شەهیدێكی بێناو و نیشانیش نەبوو، بەڵام دنیای بەسەردا رووخاندین، ئەوەی هەبوو نەبوو لە ماڵی دنیادا، تەنها كڵاشینكۆفێك بوو بۆی بەجێهێشتبووین كە ببوو بە بەڵا بۆمان، بەڵام چونكە ببووە بەشێك لە ژیانی ئێمە، لە خۆمانمان زیاتر خۆش دەویست. لە بیرم دێت كاتێك سەربازانی ڕژێم هاتن بۆ كاولكردنی گوندەكەمان، نەنكم و دایكم وەكو مردوویەكی خۆشەویستیان بنێژن، لە تاقێكی ئەو خانووە قوڕینەی كە دوژمن پێی رەوا نەدەبینین، شاردیانەوە. تەنها شتێك كە تۆقاندبووینی ئەوەبوو كە قوڕەكە وشك نەدەبووەوە، ئاخر ئەگەر سەربازەكان بیاندۆزیایەوە، هەموومان دەزانین بە چ دەردێكیان دەبردین. گوند كاولكراو، كڵاشینكۆفیش سەری تێدا چوو، ئێمەیش لە شاری سلێمانی گیرساینەوە. دایكێك بە خۆی و پێنج منداڵەوە، گێڕانەوەی ئەو رۆژانە و ئازاری نەبوونی و ترس و دڵەڕاوكێ، كە ببوونە بەشێك لە ژیانمان، كورد وتەنی گێڕانەوەی بە دەم خۆشە. شتێك كە ڕەنگە تەنها بە مردن لە كۆڵی من و خوشك و براكانم و كەسوكاری ئەوانەی باوك و دایكیان خۆیان كردە سووتەمەنی شۆڕش، ببێتەوە، ئەو وشە ناشیرین و دزێوەیە كە تا ئێستایش رقم لێی دەبێتەوە، ئەویش وشەی "هەتیو"ە. من پێموایە ناونانی منداڵان بە هەتیو، سزایەكی گەورەیە كە كۆمەڵگەی ئێمە بەسەر ئەوانەیدا دەسەپێنێ كە دایك و باوكیان كۆچی دوایی دەكات. لە بیرم دێت كاتێك مەفرەزە سەرەتاییەكانی دوای نسكۆی 1975، دەهاتنە گوندەكەمان، لە پێش هەمووانەوە ڕامان دەكرد بۆ لایان، بەڵام كاتێك دایاندەمەزراندن بەسەر ماڵەكاندا، یەكێك لەو ماڵانەی كە بەهەق دەبوو پێشمەرگە نانی لێ بخواردایە ماڵی ئێمە بوو، بەڵام بە بیانووی ئەوەی كە ئێمە "هەتیو" بووین و گوایە خاتریان دەگرتین یانیش وەكو دەڵێن نانی ماڵی "هەتیو" گوناحە، هەموو جارێك بێ میوان دەگەڕاینەوە. یەكێك لەو پێشمەرگانەی كە دوایی خۆیشی شەهید بوو، كاك ئەنوەری مەجید سوڵتان بوو، جێگای بەهەشت بێت، ئەو داو و نەریتەی شكاند، كاتێك زانی ئێمە باوكمان شەهید كراوە و كێیە، جارێكیان بەبێ ئەوەی گوێ لەوانە بگرێت كە دایاندەمەزراندن، وتی من دەمەوێت نانی ماڵی شەهید بخۆم، ئای لەو ڕۆژە، ئێستاش وا دەزانم باوكمی زیندووكردووەتەوە، بۆیە هەر كاتێك بڕۆمەوە بۆ كوردستان و سەردانی گردی سەیوان بكەم، بێگومان سەردانێكی دواماڵی شەهید ئەنوەر دەكەم، ئەگەر ئەمجارە بێمەوە دەبێت بە دەنگێكی بەرز زۆر شتی بۆ بگێڕمەوە.لە بیرم دێت كاتێك لە قوتابخانەی مەحوی سەرەتایی درێژەم بە خوێندن دا، دەبوو هەر یەكێك لە قوتابییەكان خۆی بناسێنێ، یەكێك باوكی مامۆستا، یەكێكی دیكە كرێكار، یەكێكی دیكە دوكتۆر و بەو جۆرە تا نۆرە گەیشتە سەر من، منیش وتم: من باوكم پێشمەرگە بوو و شەهید كراوە و دەستم كرد بەگریان. مامۆستاكە كە بەداخەوە ناوەكەیم لەبیر نەماوە زۆر ڕێزی لێگرتم و دوای وانەكە، بانگی كردم بۆ لای خۆی و زۆر دڵنەوایی دامەوەو وتی: نابێت جارێكی دیكە وا بڵێیت، چونكە تووشی دەردەسەریی دەبیت. بەڕاستی منیش نەمدەزانی بۆ، وتم خۆ گوناحم نەكردووە، ئەی بڵێم باوكم چی بووە و كێیە؟ دوایی كە فامم كرد، زانیم مامۆستاكەم بۆ وای پێ وتم.ئێستا كە من گەورەبووم و ئەوەی پێی بوترێت گرفتی شەخسی نیمە، تەنها خەمی وڵات و نەتەوەكەم نەبێت، بەڵام كاتێك كە باسی كەسووكاری ئەنفالكراو و هەڵەبجە و شەهیدانی دیكە دەكرێت، كاتێك كە دەبینم دایكانی ئەنفال بە خۆیان و گونییە پر لە پەڵپینە و گیای بەهارییەوە لەسەر شۆستە و جادەكانی شار دادەنیشن بۆ پەیداكردنی پاروە نانێك، كسپە لە جەرگەمەوە هەڵدەستێت، ئاخر بیری ئەو رۆژانە دەكەمەوە كە دایكم هەتا لە قوتابخانە دەهاتینەوە، سینییە پڕ لە دەنكە هەنار و ترۆزی بە ترش و خوێی وردەوە یانیش محەلەبی و كاستەری بۆ ئامادە دەكردین، دەبوو نەحەسێینەوە و فریایی فرۆشتنی بكەوتینایە، ئێوارانیش بەدیار ئیزاعە شەقوشڕەكەی شۆڕشەوە دادەنیشتین و كەیفمان دەكرد و ماندوبوونمان دەحەسایەوە كاتێك گوێمان لە چالاكیی پێشمەرگە دەبوو. كورد دەڵێت: بەڕە لای تەنكییەوە دەدڕێت! جارێكیان دایكم كە لە ماڵی دنیادا پێنج دیناری شك دەبرد، لێی كەوتبوو، ئیتر وەكو ئەوە وابوو دنیامان بەسەردا ڕما بێت، نازانم چەند ڕۆژ پرسەمان بۆ ئەو پێنج دینارە دانا! بەڵێ، بەو شێویە دایكم ئێمەی گەورە كرد، گومانم لەوە نییە كە بەسەرهاتی زۆر لە بنەماڵەی شەهیدە هەژارەكان لە ئێمە باشتر نەبووە، بەڵام دیسانیش خۆمان بە سەربەرز دەزانی و تەنانەت فریای ئەوە كەوتین كە بەشداری لە شۆڕشدا بكەین، بەڵام خۆشبەختانە هیچ كاتێك بەشداری شەڕی كورد كوژیمان نەكرد و ڕۆژێك لە ڕۆژان لەبەر برسێتی و هەژاری، پەنامان بۆ بەعس نەبرد، بگرە پارووی دەمی خۆمانمان دەدا بە پێشمەرگە، زۆر لەوانە ئێستا ماون و بەرپرسی گەورەن، ئەگەر لە بیریان نەچووبێتەوە. ڕاپەڕین و كەرایەتی سەددام، هەلێكی بۆ كورد رەخساند كە ببێتە خاوەن بەشێك لە ماڵی خۆی، بەڵام لەو ماڵەدا بەشی كەسوكاری شەهیدەكان و ئەنفالكراوان لە هەمووان كەمتر بوو، حكوومەتی كوردی نەیتوانی نازی منداڵە شەهیدەكان بكێشێت، لە جیاتی ئەوە كەوتنە ڕازاندەنەوەی ماڵەكانی خۆیان و تەنانەت خائین و بەعسییەكانیشیان شاباش كرد و كوژراوەكانیشیان خزاندە نێو لیستی شەهیدەكانەوە. ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كەسووكاری شەهیدەكان بێ گوێدانە ئەوەی سەر بە كام حیزبن، خۆیان جیابكەنەوە و خۆیان نوێنەر بۆ خۆیان هەڵبژێرن و بە دەنگێكی بەزر بڵێن، شەهید، وەزیری بۆ چییە، كە خۆیان وەزیری خۆیان بن، ئەگەر ئێمەی كەسوكاری شەهید لە ڕۆژە ڕەشەكاندا توانیبێتمان خۆمان بژیێنین، ئێستاش دەتوانین ئەو كارە بكەین و منەتی هیچ كەسێك هەڵنەگرین و تەنانەت دەتوانین هاوكاری بنەماڵەی شەهیدە سەربەرزەكانی پارچەكانی دیكەی كوردستانیش بكەین و خاوەندارێتیان لێ بكەین. بە ڕازاندنەوەی گلكۆی شەهیدەكانمان بە ئاڵای كوردستان، بۆ ساتێكیش بێت ئازارەكانیان كەم بكەینەوە و بیری عێراقچێتی بۆ هەتا هەتایە توڕ بدەین و بیری نەتەوەیی و مرۆڤانەی كوردایەتی بكەینە ئامانجمان و پاسۆك وتەنی: كەم بین یان زۆر هەر دەبێت بگەین بە خۆر.
تێبینی: ئهم وتاره له ڕۆژنامهی (ڕووداو) دا، بڵاو کراوهتهوه.