كاوە ئەمین
رووداو - سوێد

دوای ئەوەی شەوی 11لەسەر 12/8/2009، پەنجا پۆلیسی دانیماركی بە چەكەوە هەڵیانكوتایە سەر كڵێسای برورسۆن لە كۆپنهاگن كە ماوەی نزیكەی سێ مانگە چەندین پەناخوازی كورد و عێراقی لە ترسی بەزۆر ناردنەوەیان بۆ كوردستان و عێراق پەنایان بۆ بردووەو لە ئەنجامدا 18 كەسیان لێ دەستگیركردن، دانیمارك لە هەموو لایەكەوە كەوتە بەر لێشاوی رەخنە، بەڵام پارتی گەلی دانیماركی دەستخۆشی لەو هێرشە دەكات و بە "كارێكی گونجاو" لەقەڵەمی دەدا. ئێستا ئەو گیراوانە مانیان لە نانخواردن گرتووە. بەپێی هەواڵێكی رادیۆی دانیماركی، لەو كاتەوە دەستگیركراون هیچیان نەخواردووە.
رۆژێكی خەمناك بۆ دانمارك
هاوكات راگەیاندنی دانیماركی باسی بەكارهێنانی هێز و تووندوتیژی پۆلیس دژی ئەو هاووڵاتییە دانیماركیانەش دەكات كە ویستوویانە رێگە لە گرتنی پەناخوازان بگرن. لە گفتوگۆیەكدا ئاری كوردستانی، كە برایەكی لە نێو گیراوەكاندایە، هەواڵی مانگرتنی پەناخوازانی بۆ رادیۆی دانیماركی پشتڕاست كردەوە و دەڵێ"گیراوەكان بۆ سەرنجڕاكێشانی خەڵكی دانیمارك و پشتیوانیكردنیان دەستیان بە مانگرتن كردووە و بڕیاریانداوە تا بتوانن درێژە بە مانگرتنەكەیان بدەن".قەشەی كڵێسای برورسۆن، پێر رامسداڵ، لە گفتوگۆیەكدا لەگەڵ رۆژنامەی( پۆلیتیكن)ی دانیماركیدا دەڵێ"بەڕاستی رۆژێكی خەمناكە بۆ دانیمارك، ئەم كردەوەیە تاوانێكە دژی ئەو یاسا نەنووسراوانەی كە كڵێسا بە شوێنێكی پیرۆز دادەنێن. ئەوە یەكەمین جارە لە مێژووی دانیماركدا پۆلیس هێرشێكی وا تووندوتیژ بكاتە سەر كلێسایەك لە دانیمارك".بەڵام پۆلیسی دانیماركی دەڵێن ئەوان ناچاربوون هێز بەكاربێنن بۆ گرتنی پەناخوازان دوای ئەوەی ماوەی دوو كاژێر لەگەڵیاندا دانوساندنیان كرد، بێ ئەوەی هیچی لێ شین ببێ.وەریاندەگرێتەوە بەپێی ئەو راپرسییەك كە رادیۆی دانیمارك ئەنجامیداوە، %54ی هاووڵاتیانی دانیماركی پێیانوایە كە پۆلیس بە "باشی" كاری خۆی راپەڕاندووە. وەزیری كۆچ Brithe Horn Bech پشتیوانی ئەو هەڵمەتەی پۆلیسی كرد و گوتی"من دڵنیام ئەگەر ئەو پەنابەرە رەتكراوانە عیراقی بن، دەوڵەتی عێراق وەریاندەگرێتەوە". وەزیری دادی ئەو وڵاتەش هەمان هەڵوێستی هەبوو و رایگەیاند ئەو پەناخوازانە بە بەردەوامی ئاگادار كراونەتەوە كە دەبێ بگەڕێنەوە وڵاتەكەی خۆیان بگەرێنەوە و ئێستاش كاتی ناردنەوەیانە. بەڵام ژمارەیەكی بەرچاو لە هاووڵاتیانی دانیماركی دژی هەڵكوتانە سەر كڵیسە و گرتن و بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازانن، لەو پێوەندییەدا زیاتر لە 15 هەزار كەس كە %90 یان بە بنەچە دانیماركی بوون، ئێوارەی 14/8/2009 بۆ پشتیوانی لەو پەناخوازانە خۆپیشاندانێكی گەورەیان رێكخست. هەر لەو بارەوە سەرۆك وەزیری پێشووی دانیمارك، لە حیزبی سۆسیالدیموكرات پۆل راسمسن گرتنی ئەو پەناخوازانەی شەرمەزاركردو گوتی"دانیمارك بێ نرخ بووە".
سوێدیش تووڕە بوو
هەمان رۆژ لە ستۆكهۆڵمی پایتەختی سوێد، نزیكەی 30 كەس بۆ ناڕەزایەتی دژی دانیمارك چوونە ناو باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە، بەڵام هەر زوو لەلایەن پۆلیسەوە كرانە دەرەوە، بەڵام لە بەردەم باڵیۆزخانەكەدا درێژەیان بە خۆپیشاندنەكەیان دا. ئێلۆف هێلسترۆم، یەكێك لە بەشدرابوونی خۆنیشاندانەكە بە رۆژنامەی (ئاربێتەر)ی راگەیاند"هەڵكوتانە سەر كڵێسا بە شەو، كارێكی هەتا بڵێی قێزەونە، بۆیە داوا دەكەین بە زووترین كات هەموو گیراوەكان ئازاد بكرێن".لە لایەكی دیكەوە كۆمیساریای باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەكگرتوەكان UNHCR ئەو هەڵوێستەی دانیماركی بە تووندی شەرمەزار كرد و داوا دەكا بەشێوەیەكی مرۆڤانە هەڵسوكەوت لەگەڵ پەناخوازاندا بكرێت. ئەو رێكخراوە و كۆمەڵێك رێكخراو دیكەی پاراستنی مافەكانی مرۆڤ داوایان لە دانیمارك كردووە كە بە هۆی ئەو ماوە زۆرەی ئەو پەناخوازانە لەو وڵاتەدا ماونەتەوە، بڕیارێكی تایبەتیان بۆ دەربكەن و وەك پەنابەر وەربگیرێن.
دانیمارك سوورە لەسەر بەزۆر ناردنەوە
وڵاتانی ئەوروپا تا دێت سیاسەتێكی تووندتر دژی ئەو پەناخوازانەی كە روودەكەنە وڵاتەكانیان، پیادە دەكەن، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس و دڵەڕاوكێ لەنێو پەنابەراندا. زۆربەی ئەو پەناخوازانەی بۆ ژیانێكی باشتر ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و پەنا بۆ وڵاتانی ئەوروپا دێنن، خەڵكی ئەو شوێنانەن كە وڵاتەكەنیان دەیان ساڵە رووبەڕووی شەڕی ناوخۆ و داگیركاری بوونەتەوە، وەكو عێراق، كوردستان، ئەفغانستان و سۆماڵیا. دانیمارك یەكێكە لەو وڵاتانەی كە سوورە لەسەر بەزۆر ناردنەوەی پەناخوازانی عێراقی و كوردستانی، ئەمەش بووەتە هۆی بڵاوبوونەوەی ترس لە نێو پەناخوازان لەو وڵاتەدا و ژمارەیەكی زۆر لە پەناخوازان خۆیان شاردووەتەوە، یانیش روویان كردووەتە وڵاتانی دیكە. سێ مانگ پێش ئێستا ژمارەیەك پەناخوازی كورد و عێراقی كە بەشێكی زۆریان ژن و منداڵن، بۆ خۆپاراستن لە بەزۆر ناردنەوەیان، پەنایان بردووەتە بەر كلێسای برورسۆن. هەواڵی هەڵكوتانە سەر ئەو كڵێسایە لە ماوەیەكی كەمدا سنوورەكانی دانیماركی بەزاند، هەر ئەوەش بوو كە رێكخراوە مەدەنی و پارێزگارانی مافی مرۆڤ بە تووندی رەخنەیان لە سیاسەتی كۆچ و پەنابەری لە دانیمارك گرت. دوای بڵاوبوونەوەی ئەو كاریكاتۆرانەی كە لەسەر پێغەمبەری ئیسلام، محەممەد، دروستكران، موسڵمانانی جیهان بەگشتی و وڵاتانی عەرەبی كەوتنە لۆمە و سەرزەنشتی دانیمارك، بەڵام پارتە نەژادپەرستەكانی دانیمارك بە تایبەتی پارتی گەل لە جاران زیاتر كەوتە دژایەتیكردنی پەنابەران. پارتی گەل كە پشتیوانی لە مانەوەی حكوومەتی ئێستای دانیمارك دەكات، حكوومەتیان ناچار كرد لە پێناوی مانەوەی خۆیدا كۆمەڵێك یاسا دەربكات كە رێگە لە دانی مۆڵەتی مانەوە لەو وڵاتەدا دەگرن.
رێككەوتنی ژێراوژێر
هەرچەندە حكوومەتی عێراق سەرزارەكی دژی ناردنەوەی پەنابەرانە بە زۆر، بەڵام پێدەچێ لە ژێرەوە لەگەڵ هەندێك لەو حكوومەتانەدا رێكەوتبێت بۆ وەرگرتنەوەی پەنابەران. لە گفتوگۆیەكدا كە ماوەیەك پێش ئێستا (رووداو) لەگەڵ ئەندام پەرلەمانی سوێد، بودیل سێبالۆس، كردی، ئەوەی پشتڕاستكردەوە كە دەوڵەتی عێراق و پاشتریش حكومەتی هەرێمی كوردستان رەزامەندییان بۆ سوێد نیشانداوە لەسەر ناردنەوەی پەنابەران، هەرچەندە لەو رێككەوتننامەیەدا هاتووە كە نابێ پەنابەران بەزۆر ڕەوانە بكرێنەوە، بەڵام هاوكات خاڵێكی تێدایە كە تێیدا عێراق بەپێی مادەی چوارەمی رێككەوتننامەكە، رەزامەندی نیشاندەدات بە ناردنەوەی پەناخوازانی عێراقی لەو وڵاتە، بەرامبەر لابردنی قەرزەكانی لەسەر عێراق. بەڵام عەبدولباری زێباری، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند كە ئەوان وەك لیژنەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەرلەمان، لە داوایەكدا بۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق داوایانكردووە عێراق ئەو رێككەوتنامەیە هەڵوەشێنێتەوە، چونكە گەڕاندنەوەی ئەو پەناخوازانە كێشە بۆ ئەو پەناخوازنە و عێراق دروستدەكات.
هەڵمەتی میدیای دانیماركی
دانیمارك یەكێكە لەو وڵاتانەی پێدادەگرێ لەسەر ناردنەوەی پەناخوازانی كورد بۆ باشووری كوردستان. هەر لەبەرئەوە ئێستا كوردانی دانیشتووی دانیمارك مەترسی ئەوەیان هەیە كە دوای دەستپێكردنی هەڵمەتێكی راگەیاندنەكانی ئەو وڵاتە لەسەر گەندەڵكاریی چەند بەرپرسێكی كورد، كە لە دانیمارك خۆیان خانەنشین كردووەو لە كوردستان و عێراق مووچەیەكی زۆر وەردەگرن، كاربەدەستانی دانیماركی لە حیزبە پارێزگارەكان و دانیشتوانی ئەو وڵاتە زیاتر گوشار بخەنە سەر پەنابەران و ئەوانەی بوونەتە هاووڵاتی دانیماركی و بە وردی چاودێرییان بكەن.ئاشكرایە كە ئەو هەڵمەتانە ئاوی زیاتر دەكەنە سەر ئاشی پارتە رەگەزپەرستەكانی ئەو وڵاتە و دەبێتە هۆی زیاتركردنی لایەنگرانیان و ئەوەش لە بەرژەوەندیی پەنابەراندا نییە.فیدراسیۆنی سەرانسەری پەنابەرانی عێراقی، پێیوایە ئەو هەڵمەتەی میدیای دانیماركی دژی ئەو بەرپرسانەی كوردستان و عێراق وەڕێیخست "بۆ ناشیرینكردن و لەبەرچاوخستنی رەڤەندی عێراقی بوو لەبەرچاوی خەڵكی دانیمارك"، هەروەها ئەو رێكخراوە لە بەیاننامەیەكدا دژی ئەو هەڵمەتەی پۆلیسی دانیمارك دژی پەناخوازان دەریكردووەو وێنەیەكی لێداوەتە (رووداو)، زیاتر لەسەر ئەو خاڵە رادەوەستێ و دەڵێ" لایەنی راستڕەو لەنێو حكومەت و خەڵكدا، دەستی بۆ كۆنەپەرستترین و نائینسانیترین و ناشەرعیترین شێواز برد بۆ جێبەجێكردنی ئامانجەكانی".