
نەجمەدین غوڵامی : پارەم لە بارزانی وەرنەگرتووە
كاوە ئەمین
رووداو - سوێد
هەروەك خۆی دەڵێت هێشتا ڕژێمی شا لە ئێران لەسەر حوكم بوو كە دەستدەكات بە وتنی سروودی كوردی و بیروباوەڕی چەپگەرایی وای لێ دەكات كە لەسەرەتای هەڵگیرساندنی شۆڕشدا لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان ببێتە پێشمەرگەی پارتێكی چەپ. لە زۆرێك لە گوند و شارەكانی كوردستاندا بەشداری ئاهەنگە كوردییەكان دەكات و چەندین بیرەوەری تاڵ و شیرین دەبنە بەشێك لە ژیانی هونەرمەند نەجمەدین كە لە نێو شۆڕدا بە نەجمەی غوڵامیش ناوبانگ دەردەكات. ئەگەرچی ئەو چەكی پێشمەرگایەتی لەشاندا دەبێت بەڵام حزبەكەی ڕێگای پێ نادات بەشداری شەڕە پارتیزانییەكان بكات، بەڵكو بە سروود و گۆرانییەكانی هەستی نەتەوەیی كورد دەجووڵێنێت. دوای داگیركردنەوە ناوچە رزگاركراوەكان لەلایەن ئێرانەوە، نەجمەدینیش وەكو پارتە كوردییەكان، روودەكاتە باشووری كوردستان، چەندین كاسێت بڵاو دەكاتەوە، پاشان ئاوارەی وڵاتی سوێد دەبێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێت هەمیشە لەگەل ئازار و خەمی نەتەوەكەیدا دەژی. لە فێستیڤاڵی چاند و هونەری كوردی لە 19/9 دا، لە ستۆكهۆڵم یەكێك لە تازەترین گۆرانییەكانی بە ناوی "كوردستان"، پێشكەش بە بەشداربووان كرد. بۆ زیاتر ئاشنابوون بە بیروبۆچوونەكانی لەسەر هونەری كوردی ئەوسا و ئێستا، بەم جۆرە هەگبەی خۆی بۆ خوێنەرانی( رووداو) هەڵدەڕێژێت.
رووداو: بە بڕوای تۆ ئەمڕۆ هونەری گۆرانی و موزیكی كوردیی لەچ ئاستێكدایە؟
غوڵامی: ئەمڕۆ زۆربەی هونەرمەندان و هەموو راگەیاندیی كوردی بە بیسترا و بینرا و و رۆژنامەكانەوە، گلەیی لەو ڕەوشە دەكەن كە موزیكی كوردی تێكەوتووە. بەداخەوە تا ئێستا دەیان كۆبوونەوە لەسەر ئەو كێشەیە كراون بەڵام نازانم بۆچی كەس گوێیان بۆ ناگرێت؟ نازانم دڵسۆزی بۆ ئەو بەشەی هونەر نەماوە یان چی؟ دیارە ئەوە هیچ كە من پێموایە هەستی نەتەوەیی لە كوردستاندا بە گشتی كزبووە، من چوار پێنج ساڵ لەمەوپیش سەردانی كوردستانم كرد ئەوكاتە خەڵكەكە بە جۆرێكی دیكەبوون. با نموونەیەكتان بۆ بهێنمەوە، ماوەیەك لەمەوپێش لە كۆیە چوون كێڵی گۆڕەكەی دڵداری شاعیریان شكاندووە گوایە ئەو كافرە لەبەرئەوەی وەختی خۆی وتوویەتی دینمان و ئاینمان هەر نیشتمان، جا بزانە نەتەوەی ئێمە تا چ رادەیەك دەگەڕێتەوە بۆ دواوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە نەتەوەی ئێمە ئەنفال كراوە و كیمیابارانیان كردووە، واتە موزیكی كوردی لە ڕەوشێكی باشدا نییە.
رووداو: هۆكارەكان چین؟
غوڵامی: هۆكارەكەی ئەوەیە بەشێوەیەكی دڵسۆزانە كاری بۆ ناكرێت، ئەو میدیا كوردیانەی كە لە باشوور هەن دیارە من ناڵێم هیچیان نەكردووە ئەگەر وابڵیم غەدر دەكەم، بەڵام تا ئێستا كەسی شارەزا بۆ بوارە جیاجیاكان دانەنراوە، كەسی شایستە لە شوێنی شایستە كار ناكات، بۆیە ئەم سەرلێشێواوییەی ئێستا سەری هەڵداوە، ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت ئەوا دەبێت چاوەڕێی شتی زۆر خراپتر بكەین. دوژمنانی ئێمە پارە و خەڵكیان تەرخان كردووە تا موزیك و ئەدەبی نەتەوەكەمان چەواشە بكەن. تۆ سەیری تەلەڤزیۆنی توركی بكە بزانە بە ملیۆنان پارە بۆ موزیكی خۆیان تەرخان ناكەن، مەقامە كوردییەكانی ئێمە وا خەریكە ناویان دەسڕدرێتەوە كەچی توركەكان بە باشترین شێوە كاری لەسەر دەكەن و دەینووسن و دەیكەن بە موڵكی خۆیان.
رووداو: هەر لەم پەیوەندیەدا، ئەمڕۆ هێرشێكی فەرهەنگی بەربڵاو دەكرێتە سەر باشووری كوردستان لە لایەن دەوڵەتە داگیركەرەكانەوە، بە تایبەتی میوزیكی توركی و عەرەبی و تاڕاددەیەكیش فارسی، كورد چۆن دەتوانێت خۆی لەو هێرشە بپارێزێت، پێتوایە دەبێت فیلتەرێك و سانسۆرێك هەبێت لە باشووری كوردستاندا بۆ ڕێگاگرتن لەو دیاردەیە؟
غوڵامی: تەنها دڵسۆزی و كەسی شیاو و بەرنامەی تایبەت دەتوانێت ڕێگر بێت. مەبەست ئەوەیە بەرنامەیەك دابڕێژرێت كە ئامانجێكی لە پشتەوە بێت، كاتێك بەرنامەیەك دادەرێژرێت بۆ میدیایەكی كوردی خۆ دەبێت لێپرسینەوەیشی لەگەڵدا بكرێت، بۆ نموونە كاتێك تۆ دە گەنجی كورد دەهێنیت شتیان بۆ تۆمار دەكەیت دەبێت بزانیت ئامانجت لەوە چییە؟ گەرەكتە چی بكەیت؟ ئەمڕۆ دەبینین گەنجەكانی كوردیان وا لێ كردووە كە ئاشقی وڵاتی لوبنان و ئاشقی موزیكی عەرەبی بن، بەبڕوای من ئەوە كارێكی هەڵەیە، راستە ئەوانەی ئەو كارە دەكەن پێوەی ماندوو دەبن بەڵام هیچ كام لەو كارانە ناكەوێتە خانەی موزیكی كوردییەوە. لەم چەند ساڵەی دواییدا ئێمە شتێكی بە پێزمان لە باشووری كوردستان نەبینیوە، تەنها كاك عەبدوڵڵا جەمالی لێ دەرچێت كە چەند كارێكی كردووە مرۆڤ دەتوانێت بڵێت ئەوە هونەری كوردییە، بۆ نموونە ئەوەی كە شمشاڵەكەی قالە مەڕەی تێكەڵاوی سەمفۆنیایی كوردی كردووە، كەس ناوێرێت بڵێت ئەوە كارێكی خراپە بەڵكو دەبێت دەستخۆشی لێ بكرێت. دەبووایە لەم چەند ساڵەی كە باشووری كوردستان ئازاد بووە، سەدان كاری لەو جۆرە پێشكەش بە گوێگری كورد بكرایە. تۆ تەماشاكە، مهیرەجانی هونەری دەكرێت خەڵكانێك لە ئێرانەوە بانگ دەكرێن، گورانییەكانیان یان ئاینییە یانیش فارسییە، ئیتر نازانم بۆچی ناوی دەنێن مهیرەجانی موزیكی كوردی؟
رووداو: باشە ئێمە دەزانین لە ساڵانی هەشتاكاندا لەسەر دەمی بەعسدا، ئەوكاتە تۆ و ناسری رەزازی و خەڵكانی دیكە هەندێك كارتان كردووە تا ئێستایش مۆركە كوردییەكی خۆی هەر پێوە دیارە، بەڵام ئێستا گۆرانی بڵاو دەكرێتەوە تەنها وشەكان كوردین و دەنا موزیكەكەی عەرەبییە، سەرهەڵدانی ئەو دیاردەیە چۆن دەبینی؟
غوڵامی: ئاخر ئەو كەسە دڵسۆزانە ئێستا لە كوردستاندا هیچ حسابێكیان بۆ ناكرێت، ئەوكاتە تاریكی باڵی بەسەر كوردستاندا كێشابوو، هەر ئەو كەسانەی كە لەو رۆژانەدا هاوكاری ئێمەیان دەكرد، بۆ نموونە ئەو چەند كاسێتەی كە من لە باشووری كوردستاندا ئەوسا تۆمارم كردن هەموویمان بە نهێنی كرد. لە بیرمە جیهازی دەنگمان نەبوو، دەچووین پارەمان دەدا بە فەڕاشەكەی ئیتحادی ژنان بەشەو جیهازەكەی بۆ دەهێناین و بەیانی زوو دەبوو بیباتەوە بۆ جێگای خۆی. ژەنیارەكان هەموویان سەربازی فیراربوون و لەم كۆڵان بۆ ئەو كۆڵان و بەدزی كارەكانمان دەكرد. ئاخر بڕا بكەن هەر ژەنیارێكیان بگرتایە كە مۆزیكی بۆ من یان كاك ناسر لێ بدایە، لەسێدارەیان دەدا. ئەو كاتە دڵسۆزی هەبوو، بەبێ ئەوەی كەس داوای فلسێك بكات كارەكانمان دەكرد.
رووداو: دەبینین ئەمڕۆ لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی كوردستان، موزیكی كوردی زیاتر رەسەنایەتی خۆی دەپارێزێت، لە كاتێكدا دەبوو لە باشوور زۆر زیاتر بكرایە؟
غوڵامی : ئاخر كە ئێمەی هونەرمەندانی دڵسۆز رەخنە دەگرین هەندێك كەس زۆر بێویژدانانە بیر دەكەنەوە. بابە كاتێك ئێمە خەومان دەبینی بەوەی بستێك لە خاكی وڵاتەكەمان ئازاد بكرێت، ئێستا ئەو ئاواتەمان هاتووەتە دی نەك بستێك بەڵكو پارچەیەكی وڵاتەكەمان، ئازاد بووە. ئێمە چۆن دەمانەوێت دژایەتی ئەو ئازادییە بكەین، ئەو خەڵكانە زۆر بێویژدانن كە وا دەڵێن. ئاخر هونەر ناسنامەی نەتەوەییە. تۆ تەماشاكە ئەو میهرەجانانەی لە دیاربەكر دەكرێن كە من خۆم لەیەكێكیاندا بەشداریم كردووە و بە ملیۆنان كورد بەشداری تێدا دەكەن، بڕوا بكە هیچ حكوومەتێك ناتوانێت كاری وا شایستە بكات. باشە كاتێك باشووری كوردستان لە ژێر دەستی كورد خۆیدایە و بودجەیەكی باش هەیە، بۆ ناتوانن چوار كاری وەكو ئەوەی لە دیاربەكر دەكرێت بكەن؟ دەبێت دیسان دووبارەی بكەمەوە، ئەوە دەگەڕێتەوە بۆ كەسی دڵسۆز لە شوێنی شایستە. ئێمە هونەرمەندی دڵسۆزمان هەیە كە دەتوانێت هونەری كوردی لەو قەیرانە ڕزگار بكات، بەڵام چی بكەین دڵسۆزی و ڕەنگە شعورەكەیش نەبێت. تۆ سەیركە، كابرا جادەیەك قیرتاو دەكات، دەیان جار لە تەلەڤزیۆنەكانەوە باس دەكرێت و دەستخۆشی لێ دەكرێت، بەڵام هونەر كە ناسنامەی نەتەوەكەی تۆیە و دەتوانێت لاوەكانت پێبگەیەنێت و هەستی وڵاتخۆشەویستیان فێر دەكات، ئەو هەستە لە راگەیاندنی كورییدا بكەی ناكرێت.
رووداو: رات چییە لەسەر هێنانی ئەو هونەرمەندە ئێرانیانەی داوەت دەكرێن بۆ باشووری كوردستان و رێكلامێكی زۆریشیان بۆ دەكرێت؟
غوڵامی: من پێموایە ئەوەیش دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەندی، خەڵكانێك هەن مەسڵەحەتی گیرفانیان لەوەدایە، هەندێك لەوانەی دەیانهێنن وەك دەڵێن لێشبوونەتەوە. كەواتە ئەوە هیچ دڵسۆزییەك نییە بۆ هونەر بەڵكو بەرژەوەندی داراییە و هیچی دیكە.
رووداو: ئێستا تێكەڵاوییەكی هونەری و ئەدەبی باش لە نێوان كوردانی باشوور و رۆژهەڵات و باكووردا هەیە، پێتوایە ئەوە دەتوانێت كورد لەیەكتر نزیك بكاتەوە و سنوورەكان كاڵتربكاتەوە؟
غوڵامی : ئەو تێكەڵاو بوونە كارێكی فرە باشە و دەبێت بەردەوامیش بێت، دەبێت مهیرەجانی گەورەی ئەدەبی و هونەریی سازبكرێن و كوردی هەموو پارچەكان بەشداری تێدا بكەن، من ناڵێم نەكراوە بەڵام دەبێت زیاتر بكرێن و دیارە بەو جۆرەیش نین كە دڵی من ئاواتی بۆ دەخوازێت.
رووداو: باشە ئێوە كە ڕەخنە دەگرن بۆخۆتان چیتان كردووە تا هونەری كوردی لەو قەیرانە رزگاری بێت، بیرتان لە دامەزراندنی یەكێتییەكی هونەرمەندان لە دەرەوەی كوردستان نەكردووەتەوە؟
غوڵامی : هەوڵدراوە بۆ دامەزراندنی یەكێتیی هونەرمەندان لە دەرەوە بەڵام ئەوە كارێكی هەروا ئاسان نییە، كارێكی وا پێویستی بە هاوكاری ماڵی هەیە، بە تاكەكەس ناكرێت دەنا دڵسۆزیەكە هەیە. پاشان تۆ ئەگەر بچیت بۆ كوردستان هیچ هاوكارییەكت ناكرێت، بۆ نموونە من و چەند هونەرمەندێك بچین بۆ كوردستان بمانەوێت بۆ كەسووكاری ئەنفالكراوەكان لەو چوار پارێزگایەی باشووری كوردستان كۆنسێرت بكەین، كەس یارمەتیت نادات.
رووداو: بەرهەمی داهاتووت چییە؟
غوڵامی : بەرهەمم زۆرە، من خۆم بەدوای شیعری جواندا دەگەرێم و ئاوازیان لەسەر دادەنێم و تۆماریان دەكەم و دایان دەنێم، ئەو بارودۆخەی ئەم باسەمان لەسەر كرد، زۆر دڵساردی كردووینەتەوە، هەرچەندە من خۆم بە هونەرمەندێكی دڵسۆز دەزانم بۆ گەلەكەم، بۆیە هەوڵدەم بەردەوام شتێكی تازە لە كۆنسێرتەكان و تەلەڤزیۆنەكاندا پێشكەش بكەم. واتە بەردەوام شتی تازەم هەیە، بەڵام جارێ دەستم راگرتووە، ئاخر دوو ساڵ پێش ئێستا لەسەر خەرجی خۆم سیدییەكم بڵاوكردەوە، بڕوابكە تا ئێستایش یەك دینار لە پارەی ئەو سیدییە نەچۆتە گیرفانمەوە.
رووداو: دەربارەی كلیپە كوردییەكان چی دەڵێی؟
غوڵامی : كلیپیش وەكو گۆرانی كوردیی، ئەو پاشاگەردانییە ئەویشی گرتووەتەوە. گەنجێك حەزدەكات لە تەلەڤزیۆندا دەركەوێت، شەو گۆرانییەك تۆمار دەكات و بەیانی دەیكاتە كلیپ و ئێوارە بۆی بڵاو دەكرێتەوە، جا یان كەسێك دەناسێت، یانیش بەمۆبایل تەلفۆنێك بۆ كەسێك كە لەو تەلەڤزیۆنە كاردەكات دەكرێت یانیش مانگی سەد دۆلاری پێدەدات، ئەویش مانگی چەند جارێك بۆی دادەبەزێنێت، واتە ئەو قەیرانە كلیپیشی گرتووەتەوە، من ناڵێم هەموویان بەڵام زۆر و بۆرن.
رووداو: باشە خۆ خەڵكێكی زۆریش گلەیی ئەوە دەكەن پارەیەكی خەیاڵی دەدرێت بە گۆرانیبێژ و هونەرمەند لە باشووری كوردستان و دەرەوەی وڵات، یانیش زیاتر ڕێز لەو هونەرمەندانە دەگیرێت كە لە ئەوروپاوە دەڕۆنەوە بۆ كوردستان و هونەرمەندانی ناوخۆ پشتگوێ خراون؟
غوڵامی : من پێموایە ئەو هونەرمەندانەی سەر بە حیزبەكانن ئەوەیان بۆ دەكرێت، من خۆم تا ئێستا دوو جار ڕۆیشتوومەتەوە بۆ كوردستان و تەنانەت خەرجی ڕێگاكەیش خۆم داومە، هیچ یارمەتییەك یان پارەیەكی خەیاڵی بەمن نەدراوە، نازانم ئەو هونەرمەندانەی كە حیزبین ئەو یارمەتییەیان درابێت من ئاگادار نیم لێێ. دیارە دیاردەیەكی ناشیرین هەیە كە هەندێك هونەرمەند بوون بە هونەرمەندی دەربار، هونەرمەندێك كە پێویستیان پێی بێت دەیانهێننە سەر سەحنە، بۆ نموونە بۆ دەنگ كۆكردنەوە، هەرچەند هەندێك لەوانە ئاستی هونەرییان زۆر لە خوارەوەیشە، بەڕاستی من پێم سەیرە حیزبێك خاوەنی دەیان ساڵ خەبات و تێكۆشان و سەروەرییە، خاوەنی سەدان شەهیدە، دەچێت هونەرمەندێك دەهێنێت بە كوردستاندا دەیگێرێت بۆ دەنگ كۆكردنەوە، خۆ ئەگەر ئەو هونەرمەندە جێگا پەنجەی لە نێو شۆڕشی كوردستاندا دیار بێت، دیسانیش دەڵێین قەیناكا، بەڕاستی كارەساتە حیزب خاوەنی ئەو هەموو سەروەرییە بێت هێندە ئاستی خۆی بێنێتە خوارەوە كە پێویستی بە هونەرمەندێكی ئاوا بێت دەنگی بۆ كۆبكاتەوە، ئەمە ئیتر كارەساتە.
رووداو: باشە دەنگۆی ئەوە هەیە كە نەجمەدینی غوڵامی، چوارسەد هەزار كرۆنی لە كاك مەسعوود بارزانی وەرگرتووە؟
غوڵامی : ئەوە وەختی خۆیشی، شێرەی كلارنێت كاتێك لەگەڵمدا سواری ئەو ماشێنە مارسیدسە بوو بەڕەنجی شانی خۆم كریبووم، پێیوتم ئەرێ ڕاستە دەڵێن ئەم ماشێنە كاك مەسعوود بۆی كڕیویت؟ من لێرەدا بۆ مێژوو دەڵێم: نە كاك مەسعوود، نە كاك نێچیروان و نە حكومەتی سلێمانی پارەیان نەداوە بەمن، تەنها ئەوە نەبێت دەهەزار دۆلاریان داومەتێ ئەویش هەقی هاتووچۆكەم بووە، چونكە ژن و منداڵەكانیشم لەگەڵ بووە، بۆیە دەست دەكەم بەچاوی ئەوانەی كە ئەو شتانەم بۆ دروست دەكەن، من هەم ماڵەكەم و هەمیش ماشێنەكەم بە رەنجی شانی خۆم پەیدام كردوون و ئێستایش هەر قەرزارم لەسەریان، ئەگەر پێویست بكات هەموو دێكۆمێنتەكان بۆ میدیاكان دەخەمە ڕوو.