
ده‌بێت پارتی سۆسیال‌دیموکراتی سوێد، ددان به کۆمه‌ڵکوژی ئه‌نفال و Seyfo دا بنێت
کاوه ئه‌مین / سوێد
که‌سایه‌تی سیاسی سۆسیال‌دیموکراتی سوێد و دۆستی گه‌لی کورد، کلاس نوردمارک، که هاوکات به‌رپرسی تۆڕی کورده له نێو سۆسیالدیموکراته‌کان و سکرتێری کۆمیته‌ی سوێدییه بۆ مافه‌کانی مرۆڤ له تورکیا و به‌پرسی په‌یوه‌ندییه‌کانی سۆسیالدیموکراته‌کانی سوێده له ستۆکهۆڵم، پێشنیاز ده‌کات که له کۆنگره‌ی پار‌ته‌که‌یدا که له ڕۆژانی 28 ئۆکتۆبه‌ر تا 1 نۆڤێمبه‌ر ده‌به‌سترێت، تاوانی ئه‌نفال و کۆمه‌ڵکوژی ئاسووری، کلدانی، یۆنانییه پۆنته‌کان و رۆمه‌کان که به (Seyfo) ناوبانگی ده‌رکردوه و له لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عوسمانییه‌وه له نێوان ساڵانی 1914 تا 1918 کرا، وه‌کو کۆمه‌ڵکوژی بناسرێن.
کلاس نوردمارک له پێشنیازه‌که‌ی خۆیدا به بیری ده‌هێنێته‌وه، ئه‌گه‌رچی توێژه‌ره‌وه‌کان نه‌یانتوانیووه ژماره‌ی ئه‌و قوربانیانه به ته‌واوه‌تی دیاری بکه‌ن به‌ڵام مه‌زنده ده‌کرێت که ده‌وڵه‌تی عوسمانی حه‌وسه‌دوپه‌نجا هه‌زار که‌سی کۆکوژ کردبێت. ده‌رباره‌ی تاوانه‌کانی ئه‌نفالیش کلاس نوسیویه‌تی که له له ماوه‌ی شه‌ش مانگدا له ساڵی 1988، سه‌دوهه‌شتاودوو هه‌زار کورد له لایه‌ن ڕژێمی به‌عسه‌وه کۆکوژ کران و زیاتر له ملیۆنێکیش ئاواره بوون. نوردمارک له پێشنیازه‌که‌یدا ده‌نووسێت:"بۆ ئه‌وه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بتوانێت به‌ره‌و پێشه‌وه هه‌نگاو بنێت له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه‌دا، ده‌بێت برینه‌کان سارێژ بکرێن". هه‌ر بۆیه ده‌بێت کۆمه‌ڵکوژییه‌کان ددانیان پێدا بنرێت و ڕووناکیان بخرێته سه‌ر. کلاس نوردمارک پێ له‌سه‌ر ئه‌وه داده‌گرێت که ده‌بێت سۆسیالدیموکراته‌کانی سوێد ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه له سوێد و ئه‌و‌روپا و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان وه‌کو جینۆساید قبووڵ بکات، هاوکات پێشنیاز ده‌کات که کۆنگره‌یه‌ک له‌سه‌ر هه‌ردوو کۆمه‌ڵکوژییه‌که له سوێد رێکبخرێت تا زانیاری زیاتر له‌سه‌ر ئه‌و کۆمه‌ڵكوژیانه بڵاو بکرێته‌وه. هاوکات داوا ده‌کات که 16 ئادار، ڕۆژی بۆمبارانکردنی هه‌ڵه‌بجه بکرێته ڕۆژێکی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ ئه‌و قوربانیانه‌ی که بوونه قوربانی چه‌کی کیمیاوی.
.
له گفتوگۆیه‌کدا له‌گه‌ڵ گۆڤاری ئاسوورییه‌کان hujada.com، نوردمارک ده‌ڵێت: من هیچ چاوه‌ڕوانییه‌کم له حوکوومه‌تی ئێستای سوێد نییه که کۆمه‌ڵکوژی کورد و ئاسووریه‌کان وه‌کو جینۆسیاد قبوڵ بکات، هه‌تا کارل بیلدت وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی سوێد بێت نابێت چاوه‌ڕوانییه‌کی وامان هه‌بێت". پێویسته ئاماژه به‌وه بکرێت که وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێستا سوێد، دۆستایه‌تییه‌کی باشی له‌گه‌ڵ تورکه‌کان هه‌یه.
نوردمارک هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندییه‌دا له وتارێکدا نووسیوه‌یه‌تی و ئاواته خوازه که سۆسیالدیموکراته‌کان پێشنیازه‌که قبوڵ بکه‌ن.
له به‌یاننامه‌یه‌کدا که دانه‌یه‌کی نێردراو بۆ (ڕووداو)، ڕیكخراوی کوردۆساید – چاک، داوا له کۆنگره‌ی سۆسیالدیموکراته‌کان ده‌کات که پێشنیازه‌که‌ی نودمارک قبووڵ بکرێت و هه‌ردوو کۆمه‌ڵکوژییه‌که وه‌کو جینۆساید بناسێنرێن.
چاوه‌ڕوان ده‌کرێت، ئێواره‌ی پێنجشه‌ممه، 29 ئه‌م مانگه گفتوگۆ له‌سه‌ر پێشنیازه‌که‌ی نوردمارک بکرێت و بخرێته ده‌نگدانه‌وه.