دوا نامه‌ی ئیحسان فه‌تاحیان که ئه‌مڕۆ 11/11 له زیندانی شاری سننه له سێداره درا، ڕۆحی شاد و ڕێگای به‌رزو پیرۆزبێت، هاوخه‌می بنه‌ماڵه و هاوڕێیانی شه‌هید ده‌که‌م.
کاوه ئه‌مین

قه‌ت له مردن نه‌ترساوم
ئیحسان فه‌تاحیان (گرتووخانه‌ی سنه)
سێ‌شه‌ممه، ۱۰‌ی نوامبری ۲۰۰۹
له فارسییه‌وه: رێنێسانس نیور
دوایین زه‌رده‌په‌ڕی خورنشین
ئاماژه به‌و ڕێگایه ده‌که‌ن که بمنووسێت
خشه خشی گه‌ڵاکان له هه‌ره‌سی هه‌نگاوه‌کانمدا، ده‌ڵێن:
بهێڵه با هه‌ڵوه‌رێی
ئه‌وکات هه‌ناسه‌ی ئازادی ده‌دۆزییه‌وه.
قه‌ت له مردن نه‌ترساوم، ته‌نانه‌ت ئه‌مێستاو له‌م زه‌مه‌نه سه‌میمیه‌دا، که له هه‌ناوی رۆحمدا بۆنی ده‌که‌م و ده‌یناسمه‌وه. چوونکو هاوڕێی له‌مێژینه‌ی ئه‌م خاک و نیشتمانه‌یه. نه له‌گه‌ڵ خودی مه‌رگ، به‌ڵکو له‌گه‌ڵ هۆکاره‌کانی مه‌رگ ده‌مه‌وێ بدوێم.
ئێستا که تاوان ته‌نراوه و بۆ وه‌رگرتنی راستی و ئازادی لێکی ده‌ده‌نه‌وه، ده‌کرێ له ئاکامه‌که‌ی بترسین؟ (ئێمه) که له لایه‌ن (ئه‌وان) ـه‌وه به مه‌رگ مه‌حکووم کراوین، عه‌وداڵی رۆچنه‌یه‌ک بووین. ڕۆچنه‌یه‌ک به‌ره‌و ئاسۆیه‌کی روون، به‌ره‌و جیهانێکی دادپه‌روه‌ر، جیهانێک، نامۆ به چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ. به‌ڵام ئه‌وان ده‌زانن چی ده‌که‌ن؟
له شاری کرماشان چاوم به ژیان هه‌ڵێنا. شارێک که مه‌زنایه‌تیی وێردی سه‌ر زاری هه‌موانه. شارێک که لانکه‌ی شارستانیی نیشتمانه. کانگه‌ی ئه‌ندێشه‌م تا قووڵایی هه‌ڵاواردن و تاریکی په‌لکێشی کردم، ئه‌و تاریکییه‌ی که باڵی به سه‌ر نیشتمانی دایک و نیشتمانی ده‌روونمدا کێشابوو. هه‌ڵاواردنێک له ئاست من ـ ی تاک و من ـ ی کۆدا، به‌ره‌و گه‌رداوی پرسیاره‌کان په‌لکێشی کردم. ئه‌و پرسیارانه‌ی که هه‌زاران رێچکه و هه‌زاران رێکاری له ئه‌ندێشه‌مدا به‌رپا کرد. مه‌خابن و سه‌د مه‌خابن گێژه‌ڵووکه و گه‌رده‌لوولی تاوان به شێوازێک ئاسمانی حه‌قخوازی و دادپه‌روه‌ریی وڵاته‌که‌می ته‌نیبوو که مه‌جالێک بۆ هه‌ڵفڕینی هه‌ناسه‌یه‌کی ئازاد نه‌مابوو. بۆیه ڕه‌شماڵی چاره‌نووسم له هه‌وارگه‌یه‌کی دیکه‌دا هه‌ڵدا. بووم به پێشمه‌رگه‌ی کۆمه‌ڵه.
هه‌وارگه‌یه‌ک بۆ دۆزینه‌وه‌ی رۆحی له‌توپه‌ت کراوم، بۆ دۆزینه‌وه‌ی پێناسه‌ی دزراوم. هه‌ر چه‌ند دوورکه‌وتنه‌وه له نیشتمانی منداڵی و له زێدی ئاواته‌کانم، زامێکی به سۆ و کوشه‌نده‌بوو، به‌ڵام من گه‌لێ جار بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ی بیره‌وه‌رییه‌کان و تاسه‌ی کۆڕی یاران، به‌ره‌و هۆبه‌ی دایک ده‌گه‌ڕامه‌وه. به‌ڵام جارێک (ئه‌وان) هاتن و ژوانگه‌یان لێ تاڵ کردم، ژوانگه‌یان لێ زه‌وت کردم، ده‌ستبه‌سه‌ر کرام و خرامه قه‌فه‌سێکی تاریکه‌وه. له سه‌ره‌تای سه‌ره‌تادا و به‌و پێشوازییه مرۆڤ دۆستانه‌ی(!) که لێیان کردم، زانیم چاره‌نووسم هاوته‌ریبی تراژیدی ئه‌و هه‌زاران رێبواره‌یه که چاوه‌ڕێی ئه‌شکه‌نجه و دۆسیه‌سازی و دادگای کارتۆنی و سه‌رتاپێ کونترۆڵکراوه. زانیم که چاره‌نووسم هاوچاره‌نووسی ئه‌و رێبوارانه‌یه که چاوه‌ڕێی حوکمی نادادپه‌روه‌رانه‌ی سیاسی و له ئاکامدا چاوه‌ڕێی مه‌رگن.
بهێڵن خۆماڵیتر بدوێم: پاش ده‌ستبه‌سه‌رکردن له شاری کامیاران له رێکه‌وتی 87 / 4 / 24 و هه‌روه‌ها پاش چه‌ند کاتژمێر که له ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ئه‌و شاره‌دا میوان بووم، له کاتێکدا که له‌پچه له ده‌ست و به چاوی به‌ستراوه‌وه به چه‌شنێک که جووڵه و بزووتن و ڕوانینیان لێ زه‌وت کردبووم، که‌سێک که خۆی به جێگری دادستان ناساند، کۆمه‌ڵێ پرسیاری بێ‌بنه‌مای لێ کردم که لێوڕێژ بوون له تۆمه‌تی ناڕه‌وا و نا‌کرده. (جێگای ئاماژه‌یه که هه‌ر چه‌شنه لێپرسینه‌وه‌ی قه‌زایی، له ده‌ره‌وه‌ی بازنه‌ی دادسه‌را و دادگادا نایاساییه.) به‌م شێوه‌یه یه‌که‌م ده‌وره‌ی لێپرسینه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد. هه‌ر ئه‌و شه‌وه به‌ره‌و ئیداره‌ی ئیتلاعاتی پارێزگای کوردستان له شاری سنه رایان گواستم بۆ ئه‌وه‌ی شایی ڕاسته‌قینه له‌وێ ئه‌زموون بکه‌م.
ژۆرووچکه‌یه‌کی پیس و ئاوده‌ستێکی قیزه‌ون و چه‌ند په‌توویه‌ک که پێده‌چوو ده‌یان ساڵ بێت ئاویان به‌رنه‌که‌وتبێ! له‌مه‌و به‌دوا شه‌و و رۆژه‌کانی ئه‌م سێ مانگه، من و داڵانی خواروو و ژووره‌کانی لێپرسینه‌وه و مه‌زه‌ی لێدان و ئه‌شکه‌نجه‌ی تاقه‌تپڕووکێن له گێژه‌نێکی بێکۆتاییدا ده‌سووڕاینه‌وه. بازجووه به‌ڕێزه‌کان له به‌ریانی به‌رزکردنه‌وه‌ی پله و پایه‌ی خۆیان و گیرکه‌وتنی چه‌ند قه‌رانێکی بێ قابله‌وه له‌م سێ مانگه‌دا هه‌ر رۆژه‌و تاوانێکی سه‌یر وسه‌مه‌ره‌یان ده‌خسته پاڵم که خۆیان باشتر له هه‌موو که‌س ده‌یانزانی که وا نییه. سه‌رباری تاقیکردنه‌وه‌ی هه‌موو رێگاکان (وایان نیشان ده‌دا) که من له چالاکیی چه‌کدارانه‌دا به‌شداریم کردووه، ئه‌مه تاوانێک بوو که ئه‌وان گه‌لێ هه‌وڵیان دا بیسه‌لمێنن. ته‌نیا تاوانی سه‌لمێنراو، ئه‌ندامبوونم له کۆمه‌ڵه و ته‌بلیغ دژی نیزام بوو که باشترین شاهیده بۆ هاوده‌نگی له‌گه‌ڵ دادگای سه‌ره‌تاییدا، لقی یه‌که‌می دادگای شۆڕشی ئیسلامی سنه حوکمی ده ساڵ زیندان هاوکات له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه‌م بۆ به‌ندیخانه‌ی (رامهرمز) ی ته‌ئیید کرد.
پێکهاته‌ی ئیداری و سیاسی ئێران هه‌میشه تووشی په‌تای ناوه‌ندیگه‌ریی بووه به‌ڵام له پێوه‌ندی له‌گه‌ڵ حوکمه‌که‌ی مندا وادیار بوو که سه‌ربه‌خۆ بڕیاریان داوه. له‌م دواییانه‌دا ئیختیار و شیاوبوون له پێداچوونه‌وه به سه‌ر حوکمی تاوانباره سیاسییه‌کان له به‌رزترین ئاستدا – ته‌نانه‌ت ئێعدام – له دیوانی باڵا وه‌رگیراوه و دراوه به دادگای ئۆستانه‌کان، کاتێ دادستانی کامیاران له ئاست حوکمه سه‌ره‌تاییه‌که‌دا ناڕه‌زایه‌تی نیشان دا و به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمان و به پێچه‌وانه‌ی قانوونه په‌سه‌ندکراوه‌کانی خودی ئێران، لقی چواری دادگای پێداچوونه‌وه‌ی ئوستانی کوردستان حوکمی ده ساڵ به‌ندیخانه‌ی گۆڕی بۆ ئیعدام. به پێی مادده‌ی 258ی یاسای پێداچوونه‌وه‌ی تاوان، دادگاکانی پێداچوونه‌وه ته‌نیا کاتێ ده‌توانن به سه‌ر حوکمێکی سه‌ره‌تاییدا بچنه‌وه که حوکمی ده‌رکراو له که‌مترین سزا دیاریکراوه‌کانی قانوون که‌متر بێت. به پێی کیفرخواست دادستان تۆمه‌ت ـ واته موحاربه ( دوژمنایه‌تی خودا) ـ لانیکه‌م له‌م یه‌ک نموونه‌یه‌دا یه‌کساڵه. ئێستا مه‌ودای ده ساڵ هاوکات له‌گه‌ڵ دوورخستنه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌م حوکمه لانیکه‌مه‌دا به‌راورد بکه‌ن تا بزانن که حوکمی ئێعدام چه‌نده ناقانوونی، دژه ماف و سیاسییه.
نابێ له بیرمان بچێ که ماوه‌یه‌کی کورت دوای گۆڕینی حوکمه‌که، سه‌ر له‌نوێ له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی سنه‌وه بۆ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعات راگوێزرام و له‌وێدا داوام لێ‌کرا دیمانه‌یه‌کی ڤیدۆیی بکه‌م و دان به تاوانی ناکرده‌دا بنێم و دژ به رێبازی خۆم بوه‌ستمه‌وه. سه‌رباری زه‌ختی زۆر، ملم به داوا ناڕه‌واکه‌یان نه‌دا و ئه‌وانیش به راشکاوی پێیان وتم حوکمه‌که‌م ده‌که‌ن به ئێعدام، دیاره زۆر زوو قسه‌ی خۆیان برده سه‌ر و ملکه‌چبوونی دادگایان له ئاست ده‌سه‌ڵاته ئه‌منییه‌تی و نادادوه‌رییه‌کاندا سه‌لماند. باوه‌ڕ ناکه‌م ئیتر مرۆڤ بتوانێ لۆمه‌یان بکا؟!
قازی سوێندی خواردووه له هه‌موو شوێنێ، له هه‌ر کات و هه‌ر سه‌رده‌مێک و له ئاست هه‌ر که‌س و هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کدا بێ لایه‌ن بێ و ته‌نیا " به چاوی ماف و قانوونه‌وه تماشای جیهان بکا"، گه‌لۆ ئه‌مینبوونی قازیی ئه‌م نیشتمانه ئاڵۆزکاوه ده‌توانێ بڵێ که سوێنده‌که‌ی نه‌شکاندووه و ئێستاش بێ لایه‌ن و دادپه‌روه‌ر ماوه‌ته‌وه؟ ...نا، ئه‌م قازییانه ناگه‌نه په‌نجه‌کانی ده‌ستیش. کاتێ تێکڕای سیستمی قه‌زایی ئێران چاو له‌ده‌می بازجوویه‌کی هیچ نه‌زان و مافنه‌ناسه تا حوکمی گرتن، له به‌ندیخانه په‌ستاندن و قڕکردنی که‌سه‌کان جێبه‌جێ بکا، ئیتر بۆ ده‌بێ لۆمه‌ی چه‌ند ورده قازییه‌کی ئوستانێکی دایمه چه‌وساوه‌ی ژێر چه‌پۆک بکه‌ین؟ به‌ڵێ، ماڵ له بنێڕا په‌ر‌پووته...
ئێستا سه‌رباری ئه‌وه‌یکه دادستانی ده‌رکه‌ری سکاڵانامه‌که له به‌ندیخانه‌ی شاری سنه و له کاتی دوایین دیدارماندا به‌ڕێوه‌چوونی حوکمه‌که‌ی له‌م سه‌روبه‌نده‌دا به ناقانوونی زانی، به‌ڵام بۆ دووه‌مین جار ده‌یانه‌وێ حوکمه‌که جێبه‌جێ بکه‌ن. روون و ئاشکرایه که ئه‌م سووڕبوونه له سه‌ر جێبه‌جێکردنی حوکمه‌که‌دا، نیشانه‌ی زه‌خت و فشاری مه‌حفیله ئه‌منییه‌تی و سیاسییه‌کانی سه‌ره‌وه‌ی ده‌زگای قه‌زاییه. ئه‌ندامانی ئه‌و مه‌حفیلانه له روانگه‌ی به‌رژه‌وه‌ندی و مه‌به‌ست و نیازی سیاسیی خۆیانه‌وه چاو له مه‌سه‌له‌ی مه‌رگ و ژیانی به‌ندییه‌کی سیاسی ده‌که‌ن، لای ئه‌وان (( مه‌سه‌له‌یه‌ک)) بوونی نییه که له ده‌ره‌وه‌ی ئامانجه ناڕه‌واکانیانه‌وه قابیلی باس و خواس بێت، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر مافی بنچینه‌یی مرۆڤ، واته مافی ژیانیش بێت. مانیفێفسته جیهانی و نێونه‌ته‌وه‌ییه‌کان به لایه‌ک، ئه‌وان ته‌نانه‌ت رێزی یاسا و رێساکانی خۆشیان ناگرن.
به‌ڵام دوایین وته‌م: ئه‌گه‌ر فه‌رمانڕه‌وا ملهوڕه‌کان پێیان وایه به کوشتنی من ده‌توانن کێشه‌یه‌ک به ناوی کێشه‌ی کورد بسڕنه‌وه ده‌بێ بڵێم خه‌یاڵتان خاوه. نه مه‌رگی من و نه‌ک هی هه‌زاران ئه‌م زامه به سۆیه سارێژ ناکا، بگره ئاگره‌که‌ی بڵێسه‌دارتر ده‌کا. راسته ده‌ڵێن "هه‌ر مردنێک ئاماژه‌یه‌که بۆ ژیانێکی دیکه".