تورکیا و کێشه‌ی کورد له باکوور
کاوه ئه‌مین

بۆ یه‌که‌مین جار کێشه‌ی کورد له نێو په‌رله‌مانی تورکیادا له 13ی نۆڤێمبه‌ردا، گفتوگۆی له‌سه‌ر کرا و ئه‌و بڵقه‌ی که سه‌ره‌تا ناویان نا "کرانه‌وه‌ی کورد" و پاشان گۆڕیان بۆ "کرانه‌وه‌ی دیموکراتی" ته‌قی. پارته نه‌ژاد په‌رسته‌کانی وه‌کو پارتی کۆماری گه‌ل و مه‌هه‌په به ئاشکرا دوژمنایه‌تی خۆیان بۆ کورد و کێشه ڕه‌واکه‌ی نیشان دا و پارتی داد و گه‌شه‌پێدانیش که‌وته‌وه کاوێژکردنه‌وه‌ی ئه‌و به‌ڵێنانه‌ی که چه‌ندین ساڵه دووپاتیان ده‌کاته‌وه و تا ئێستا له پراکتیکدا هیچ شتێکی وای نه‌کردووه که بتوانێت که‌مێک له تینوێتی کورد بۆ ئازادی بشکێنێت. ئه‌وه‌ی جێگای سه‌رنجه سه‌رکردایه‌تی سیاسی باشووری کوردستان له هه‌موو که‌س گه‌شبینترن به به‌ڵێنه‌کانی ئه‌ردۆغان به‌شێوه‌یه‌ک هه‌ندێک جار له ئه‌ردۆغانیش زیاتر پشتیوانی له ئاکه‌په ده‌که‌ن وه‌کو ئه‌وه‌ی سی ساڵه کورد له و به‌شه‌ی کوردستاندا هیچیان نه‌کردبێت، خه‌باتی ملیۆنان کورد که شه‌و و ڕۆژ کار بۆ ئازادی و مافه‌کانیان ده‌که‌ن و به سه‌دان و هه‌زاران قووربانی نه‌ته‌وه‌یه‌ک پشت گوێ ده‌خرێت و باسی لێوه ناکرێت. به‌ڵام ئه‌و هه‌موو دوژمنایه‌تیه‌ی بزاڤی ئازادیخوازی کورد له باکوور نه‌یتوانیوه بۆ ساتێکیش خه‌باتکارانی پارتی کۆمه‌ڵگای دیموکراتی و پارتی کرێکارانی کوردستان بوه‌ستێنێت.
ده‌وڵه‌تی تورکیا که نایه‌وێت هه‌ردوو پارتی (PKK و DTP ) که نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی کوردن له باکووری کوردستان، وه‌کو لایه‌نی به‌رانبه‌ر قبوڵ بکات و به‌ڵکو هه‌موو ئه‌و بانگاشانه‌ی که بۆ چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد ده‌یکه‌ن ته‌نها بۆ لاوازکردنی ئه‌و پارتانه‌یه و ئێستا ده‌یانه‌وێت سیناریۆیه‌کی سیاسی ڕێکبخه‌ن و هه‌ندێک کوردی ده‌سته‌مۆ کراو له خۆیان کۆ بکه‌نه‌وه و وه‌کو نوێنه‌ری گه‌لی کورد به دنیایان بناسێنن، چۆن؟
ماوه‌ی چه‌ند سالێکه ده‌وڵه‌تی تورکیا له هه‌وڵی ئه‌وه‌دایه که که‌مپی ئاواره‌کانی مه‌خموور دابخه‌ن و به قه‌سه‌ی خۆش و هه‌ندێک جاریش به هه‌ڕه‌شه و گوڕه‌شه بیانگێرنه‌وه بۆ تورکیا، به‌ڵام ئێستا به‌ته‌واوه‌تی له‌وه دڵنیا بوون که ئاواره‌کانی مه‌خموور به‌هیچ شێوه‌یه‌ک نایه‌نه‌وێت هه‌روا سوک و ئاسان خۆیان به‌ده‌سته‌وه بده‌ن و ته‌نها (PKK و DTP ) ده‌توانن قه‌ناعه‌تیان پێ بکه‌ن بۆ گه‌ڕانه‌وه. پێده‌چێت عه‌بدوڵڵا ئۆجه‌لان هه‌ستی به‌و پلانه کردبێت بۆیه داوای کرد دوو گروپی ئاشتی بگه‌ڕێنه‌وه بۆ تورکیا، ئه‌و پێشوازییه گه‌وره‌ییه‌ی که له لایه‌ن گه‌لی کورده‌وه لێێان کرا، ڕیسه‌که‌ی ده‌وڵه‌تی تورکیایی کرده‌وه به خوری و هاوکات ده‌نگدانه‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ی جیهانی لێ که‌وته‌وه و کێشه‌ی کورد، جارێکی تر به نێونه‌ته‌وه‌یی کرایه‌وه، که‌چی لێره‌شدا خه‌ڵکانێک له سه‌رکردایه‌تی باشووری کوردستان ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی کوردیان وه‌کو ئیستیڤزازیه‌ت له قه‌ڵه‌م دا، به‌ڵام ئه‌وه هه‌ستی نه‌ته‌وه‌یی خه‌ڵکێکه که ده‌یان ساڵه ڕۆژانه ته‌رمی "برا و خوشکه‌کانیان" بۆ ده‌هێنانه‌وه، خۆ ساڵانه ده‌یان فیستیڤاڵی وا ده‌کرێن له باکوور، بۆ نموونه له نه‌ورۆزدا به ملیۆنان مرۆڤ هه‌مان ئاواز ده‌چڕن، به‌ڵام تورکیا و هاوپه‌یمانه‌کانیان بۆیه ناڕه‌حه‌تن، چونکه گوێ بۆ به‌یت و بالۆره‌کانی ئه‌وان ناگرن. ساڵانه به ملیۆنان دۆلار له‌و کورده ده‌سته‌مۆکراوانه‌ی باکووری کوردستاندا سه‌رف ده‌کرێت تا دژایه‌تی پارتی کرێکارانی کوردستان بکه‌ن و به‌ڵکو خوایه ببنه ئه‌ڵته‌رناتیڤ، به‌ڵام تا بێت ته‌ریکتر ده‌بنه‌وه، مه‌گه‌ر پارتی هه‌ق پار، که هه‌موو که‌س ده‌زانێت کێ پشتیوانیان ده‌کات، ئه‌وه ده ساڵه نه‌یانتوانییوه شاره‌وانی گوندێک نه له تورکیا و نه له باکوور ببنه‌وه، به‌ڕاستی کورد وته‌نی به پاره‌ی خه‌ڵکی هه‌ژار و ئه‌نفالکراوی کورد، گره‌و له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیوو ده‌که‌ن. پارتی کرێکارانی کوردستان ده‌ڵێن، له مه‌ودوا تا ڕه‌وشه‌که نه‌گۆڕێت، هیچ گروپێکی ئاشتی نانێرنه‌وه بۆ تورکیا، ئه‌مه‌یش هه‌م ده‌وڵه‌تی تورکیا و هه‌م ئه‌وانه‌یشی ده‌یانویست نان و پیڤاز به‌و ده‌نگۆیانه‌وه بخۆن، وا لێکردووه که ده‌بێت به‌دوای ڕێگایه‌کی دیکه‌دا بگه‌ڕێن. به‌گوێری هه‌ندێک هه‌واڵ که لێره و له‌وێ دزه ده‌که‌ن و هه‌وڵدانه ئاشکرا‌کانی تورکیا بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی هه‌ندێک که‌س بۆ باکووری کوردستان، که هیچ ئیعتیبارێکیان نییه، ده‌یانه‌وێت وا له خه‌ڵک بگه‌یه‌نن که لێشاوی به‌ره‌و تورکیا چوونه‌وه، به‌رده‌وامه. پێده‌چێت میتی تورکی له‌گه‌ڵ هه‌ندێک که‌سی وه‌ک عوسمان ئۆجه‌لان و چه‌ند که‌سێکی دیکه که ڕه‌دویی که‌وتن و ئێستا له باشوور نیشته‌جێن و هیچ ده‌ورێکی سیاسی و سه‌ربازیان نه‌ماوه، هه‌روه‌ها که‌مال بورقای و چه‌ند که‌سێکی دیکه له ئه‌وروپاوه ببنه‌وه تورکیا. ده‌وڵه‌تی تورک ده‌یه‌وێت له‌و رێگایه‌وه ده‌رگایه‌کی دیکه له‌گه‌ل یه‌کێتی ئه‌وروپا بکاته‌وه و هه‌روه‌ها له ناوخۆیی ئه‌و وڵاته‌یش ڕای گشتی تورک هێوربکاته‌وه و بڵێ ئه‌وه‌تا چه‌ندین "سه‌رکرده" به‌پێی خۆیان ته‌سلیمی تورکیا بوونه‌ته‌وه. تورکیا پێشتریش کۆمه‌ڵیک به‌ناو ڕوناکبیری کوردی له سوێد و وڵاتانی دیکه بردۆته‌وه و ئێستا موچه‌یه‌کی خه‌یاڵی بۆ بڕیونه‌ته‌وه و له ته‌رته شه‌ش کار ده‌که‌ن، له ته‌له‌فزیۆنێک که ته‌نانه‌ت ناتوانن ناوی کوردستان به‌رن و دوو چه‌پکه گوڵی که‌سک و سوور و زه‌رد له په‌نای یه‌کتردا له ستودیۆکانیان دابنێن. به‌ڵی تورکیا کوردی ئاوای ده‌وێت، چی له ئه‌حمه‌د تورک و له‌یلا زانا و عوسمان بایده‌میر بکات که سازش له‌سه‌ر کێشه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌یان ناکه‌ن! عێراق و ئێران و سووریاش نکۆڵی له کوردی له جۆری عوسمان ئۆجه‌لان ناکه‌ن.
تورکیا له هه‌وڵێ ئه‌وه‌دایه، شوان په‌روه‌ری گۆرانیبێژیش بخنه نێو ئه‌و کاروانه‌وه، به‌ڵام به دڵنیاییه‌وه هه‌ر که‌سێک به‌بێ هه‌ڵکردنی چرای سه‌وزی (PKK و DTP ) بڕواته‌وه، له باکووری کوردستان پێشوازی لێ ناکرێت و هیچ چاره‌سه‌رییه‌کیش به‌دوای خۆیاندا ناهێنن، بۆیه شڤان په‌روه‌ر نایه‌وێت بکه‌وێته گه‌مه‌یه‌کی واوه که پرستیشی سی ساڵ خه‌باتی ده‌خاته ژێر پرسیاره‌وه و به‌با ده‌چێت. کاتێک عوسمان ئۆجه‌لان و ئه‌و چه‌ند که‌سه‌ی له‌گه‌ڵیدا خۆیان ته‌سلیمی ئه‌مریکا و پارتی و یه‌کێتی کرد وایان نیشان دا که له نزیکترین کاتدا، گریلایه‌ک له قه‌ندیل و باکووری کوردستان نامێنێت و شوێن هه‌وه‌سبازی و دیموکراتییه‌که‌ی ئه‌وان ده‌که‌ون، به‌ڵام زۆری پێ نه‌چوو له‌سه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه‌یی بۆیان بڕایه‌وه ده‌ستیان نایه بینه‌قاقای یه‌کتری و پاشان جیابوونه‌وه، تورکیا سوور ده‌زانێت که ئه‌وانه هیچ کاریگه‌رییه‌کیان نییه له‌سه‌ر خه‌ڵکی کورد به‌ڵام ئه‌مڕۆ که نایه‌نه‌وێت پرسی کورد وه‌کو کورد ده‌یه‌وێت چاره‌سه‌ر بکه‌ن، بۆیه په‌نا بۆ ئه‌و که‌سانه ده‌به‌ن.
هیچ گومانێک له‌وه‌دا نییه که چاره‌سه‌ری کێشه‌ی کورد به چه‌ک ناکرێت و له دواجاردا هه‌رده‌بێت په‌نا بۆ ئاشتی به‌رن، به‌ڵام ئاشتی له‌گه‌ڵ خاوه‌نی پرسه‌که‌دا ده‌کرێت که ئه‌مڕۆ، پارتی کرێکارانی کوردستان و پارتی کۆمه‌ڵگه‌ی دیموکراتییه، هه‌موو هه‌وڵێکی دیکه کات کوشتن و خۆ هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنه، تورکیا و ئه‌ردۆغان کاتێک نایانه‌وێت باسی گۆڕینی یاسایی بنچیننه‌ی ئه‌و وڵاته بکه‌ن که تێیدا کورد هیچ ستاتویه‌کی نییه جگه له خزمه‌تکارێتی، ئیتر چۆن کێشه‌ی کورد چاره‌سه‌ر ده‌کرێت. ئه‌مڕۆ یان سبه‌ی هه‌ر وه‌ک چۆن تورکیا جاران نکۆڵی له بوونی کورد ده‌کرد به‌ڵام دوای سه‌رهه‌ڵدانێکی سی ساڵی چۆکیان دادا و په‌شێمان بوونه‌وه، به دڵنیاییه‌وه ڕۆژێک دێت که به ناچاریش بێت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی ڕاسته‌قینه‌ی گه‌لی کورد بکه‌ونه وتوێژه‌وه، کوردی باکوور ئێستا له پراکتیکدا له رێگای شاره‌وانییه‌کانه‌وه خۆیان خۆیان به‌ڕێوه ده‌به‌ن و پرسیشیان به تورکیا نه‌کردووه تا له ماڵه‌کانی خۆیان به کوردی قسه بکه‌ن، نه‌ک ئه‌وه له په‌رله‌مانی تورکیادا به کوردی قسه ده‌که‌ن و به ده‌یان ته‌له‌فزیۆنی کوردیش هه‌ن، کورت و کورمانجی ئه‌وه‌ی ئاکه‌په ده‌یه‌وێت به کوردی بدات، چه‌ند ساڵیکه کورد خۆی به‌بێ گوێدانه ڕازیبوونی ده‌وڵه‌تی تورک، تاقیده‌که‌نه‌وه. شاره‌داری ئامه‌د، عوسمان بایده‌میر له کۆبوونه‌وه‌یه‌ک له‌گه‌ڵ به‌شێک له کوردانی دانیشتووی سوێد به ئاشکرا وتی: ئێمه به‌و ته‌شته ئاوه‌ی ئه‌ردۆغان ناکه‌وینه مه‌له، بابزانین چیان له هه‌گبه‌دایه، ئه‌و کاته ئێمه‌یش بریاری کۆتایی خۆمان ده‌ده‌ین.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی (ئاوێنه) دا له ژماره‌ی ڕۆژی 24 نۆڤێمبه‌ر دا، بڵاو کراوه‌ته‌وهhttp://www.awene.com/Rojname/199/19913.pdf