په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن!
کاوه ئهمینسهردێری ئه‌م بابه‌ته، ناونیشانی کتێبێکی نه‌وشیروان مسته‌فایه له ساڵی 1997 له ئه‌ڵمانیا چاپ کراوه، کتێبه‌که باسی ڕووداوه‌کانی نێو بزوونه‌وه‌ی کورد له باشوور یان وه‌ک ئه‌و ده‌ڵێت کوردستانی عێراقه له نێوان ساڵانی 1979 تا 1983. لێره‌دا من نامه‌وێت کتێبه‌که هه‌ڵسه‌نگێنم به‌ڵکو ده‌مه‌وێت له دیدێکی دیکه‌وه چه‌ند سه‌رنجێک له‌سه‌ر نووسینه‌که‌ی ئه‌م دواییه نه‌وشیروان و کۆسره‌ت ڕه‌سووڵ ده‌رببڕم که مشتومرێکی زۆری له‌سه‌ر ده‌کرێت به‌ڵام ئه‌وه‌ی تا ئێستا ده‌یخوێنییه‌نه‌وه لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی بابه‌تیانه‌ی بێلایه‌نانه نین به‌ڵکو هه‌ر که‌سه هه‌وڵده‌دات کموکوڕییه‌کان بخاته سه‌رشانی لایه‌نی به‌رانبه‌ر و شته پۆزه‌تیڤه‌کانیش وه‌کو گوڵ بدات له‌به‌رۆکی خۆی. به‌داخه‌وه، مێژووی کورد تژییه له‌م جۆره گێرانه‌وانه که ته‌نها لایه‌کی ڕاستییه‌کان ده‌خاته ڕوو، واته یان ئه‌هریمه‌ن یانیش فریشه. تا ئێستا هیچ مێژوونوسێکی کورد نه‌هاتووه به‌شێویه‌کی ئۆبجه‌کتیڤ لێکوڵینه‌وه له‌سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازی کورد بکات، ئه‌گه‌ر ئێمه خاوه‌نی دێکۆمێنت و نووسین نه‌بین له‌سه‌ر مێژووی کۆنی خۆمان که وه‌ک میراتێک له باب و باپیرانمانه‌وه بۆمان مابێته‌وه ئه‌وا مێژوونوسی کورد به ئاسانی ده‌توانێت ده‌ستی به سه‌دان و هه‌زارن دێکۆمێنت بگات که گه‌واهی ڕاستیی و چه‌وتییه‌کانی نێو بزووتنه‌وه‌ی ئازادیخوازای کورد ده‌ده‌ن، به‌ڵام هیچ مێژوونوسێکی کورد نه‌هاتووه ڕاستییه‌کان وه‌کو خۆیان که هه‌ن بگوازێته‌وه بۆ سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی مێژووه‌که‌مان ئه‌وه‌یش نه‌ک بۆ کولانه‌وه‌ی برینه‌کان که ئێستا بووته باو و بنێشته‌خۆشه‌ی سه‌ر ده‌می ئه‌وانه‌ی که پێیان گوایه باسکردن و هه‌ڵدانه‌وه‌ی ئه‌و لاپه‌ڕانه ده‌بێته هۆی بارگرژی که‌ش و هه‌وای سیاسی کوردستان و سه‌نگه‌رله‌یه‌گرتن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد ته‌حه‌مولی ڕاستییه‌کان نه‌که‌ین و چاره‌سه‌رییان بۆ نه‌دۆزینه‌وه و به‌جورئه‌ته‌وه پێ له‌هه‌ڵه‌کانی خۆمان نه‌نێین ئه‌وا دره‌نگ یان زوو ئه‌و مێژووانه دووباره ده‌بنه‌وه. ئه‌وه‌ی که نووسینه‌کانی نه‌وشیروان له هی خه‌ڵکانی دیکه جیاده‌کاته‌وه ئه‌وه‌یه که زۆرجار به به‌ڵگه‌وه قسه ده‌کات، به‌ڵام به‌ڵگه‌کانی ته‌نها بۆ ئه‌و گوڵه‌یه که ده‌یه‌وێت بیدات له یه‌خه‌ی خۆی، ده‌نا چۆن ده‌کرێت که‌سێکی وه‌کو نه‌وشیروان و ئه‌وانه‌ی که ئێستا حکومڕانی باشووری کوردستان ده‌که‌ن به تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی که‌سێکی تێدانه‌بێت که به‌رپرسیارێتییه مێژوویه‌کان بخاته سه‌ر شانی خۆیی و پێ به‌جه‌رگی خۆیدا بنێت و هه‌ر هیچ نه‌بێت داوای لێبووردن بکات، هه‌ڵبه‌ت ئه‌وه‌ی که‌مێک شاره‌زایی و ئاگایی له‌سه‌ر سیستێمی پارتایه‌تی کوردستان و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست هه‌بێت ده‌زانێت که بڕیاری کۆتایی هه‌موو شته باش و خراپه‌کان له ده‌ستی سه‌رۆکی حیزبه‌کاندایه.
ئه‌گه‌ر ئێمه بێین ته‌نها نووسینه‌کانی ئه‌و "نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووسانه‌ی" که له‌سه‌ر داوای پارته‌کانیان چۆنیان بوێت وا ده‌یهۆننه‌وه به‌راورد بکه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ی که نووسیویانه ڕاستبن ئه‌وا ژماره‌یه‌کی زۆر که‌م نه‌بێت هه‌موو ئه‌وانه‌ی ڕۆژێک له ڕۆژان ده‌ستیان له هه‌ڵگیرسانی بزووتنه‌وه‌ی کورد له‌م په‌نجا ساڵه‌ی دواید هه‌بووه، ده‌بێت هه‌ر به‌و به‌ڵگانه‌ی که خۆیان بڵاویان کردوونه‌ته‌وه داداگایی بکرێن یانیش له باشرترین حاڵه‌تدا ده‌بێت هه‌موویان ده‌ستبه‌رداری کاری سیاسی ببن و له ماڵه‌کانی خۆیاندا سه‌ری خۆیان کز بکه‌ن.
پارته کوردییه‌کان به بچوک و گه‌وره‌یانه‌وه دره‌نگ یان زوو هه‌ر ده‌بێت نه‌وشیروانێکیان تێدا هه‌ڵبکه‌وێت جا به‌هه‌ر مه‌به‌ستێک بێت بۆ کردنه‌وه‌ی ده‌رگای گفتوگۆیه‌ک تا ئه‌وه‌ی له‌ژێر به‌ڕه‌دایه بهێنرێته سه‌ر به‌ڕه، دیاره ئه‌وه‌ی که نه‌وشیروان له‌سه‌ر یه‌کێتی ده‌یڵێت شتێکی نوێ نییه به‌ڵکه پێشتر که‌سانێک که ته‌نها به‌خه‌م نه‌ته‌وه‌که‌یانه‌وه بوون و هیچ به‌رژه‌وه‌ندییه‌کی شه‌خسیان نه‌بووه ئه‌و ڕه‌خنانه‌یان ڕووبه‌ڕووی پارته کوردییه‌کان به تایبه‌تی پارتی و یه‌کێتی کردۆته‌وه، به‌ڵام ئه‌و پارتانه هه‌میشه به تابووری پێنجه‌م ناویان بردوون و گوێیان به ڕه‌خنه‌کانیان نه‌داوه. ئێساتیش کاتی ئه‌وه هاتووه که هه‌موو ئه‌و دێکۆمێنتانه‌ی لای پارته کوردییه‌کان هه‌ن و ئه‌وانه‌ی که له سه‌رده‌می به‌عسدا که‌وتوونه‌ته ده‌ستیان بدرێنه ده‌ست چه‌ند مێژوونوسێکی بێلایه‌نی کورد تا به شێوه‌یه‌کی بابه‌تیانه لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێت و هه‌موو که‌موکوڕیی و شته‌باشه‌کان هه‌ڵسه‌نگێندرێن، ئه‌وه‌یش له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌ی کورد به گشتی و پارته کوردییه‌کان به‌تایبه‌تی، دایه. ڕه‌نگه کارێکی وا بتوانێت بۆ هه‌تاهه‌تایه ده‌رگا له‌سه‌ر ترسی هه‌ڵگیرسانه‌وه‌ی شه‌ڕی نێوان "براکان" دابخات.
ده‌مه‌وێت ئه‌م چه‌ند وتاره به چه‌ند دێڕیک له کتێبکه‌ی نه‌وشیروان مسته‌فا، په‌نجه‌کان یه‌کتری ده‌شکێنن کۆتایی پێ بهێنم که به ده‌می خۆی باسی شه‌ڕێکمان بۆ ده‌گێڕێته‌وه که خۆی سه‌رپه‌ڕشتی کردووه، له لاپه‌ڕه‌ی 319 کتێبکه‌یدا نووسیویه‌تی:"یه‌کێ له‌و دیمه‌نانه‌ی هه‌رگیز له بیرم ناچێته‌وه له کاتی سه‌رکه‌وتن دا پێشمه‌رگه‌یه‌کی تیپی سه‌فین ناوی فاروق بو به سه‌ختی بریندار بوبو، له بن به‌ردێک دا دانیشت بو خوێن له برینکه‌ی ئه‌چۆڕا، دوای مردنی که گیرفانی گه‌را بون 250 فلس له گیرفانی دا بو، که سه‌رکه‌وتم بۆ شه‌رگه و لاشه‌ی کوژراوێکی پارتییان پیشان ده‌م 200 تمه‌ن له گیرفانی دا بو، له دلی خۆم دا به زه‌ییم به خۆم و به گیانبازه‌کانی گه‌له‌که‌م دا هاته‌وه. له‌م شاخه به‌ره‌زه له‌سه‌ر چی شه‌ر ئه‌که‌ن؟". به داخه‌وه ئه‌م چیرۆکه ده‌یان جاری دیکه‌یش دوای ئه‌وه دووباره بووه‌وه نه‌ک له شاخ به‌ڵکو له نێو شاره‌کانیشدا، ته‌نها جیاوازییه‌که ڕه‌نگه ئه‌وه بووبێت که قووربانییه‌کان هه‌موویان ڕه‌نگه یان هیچیان له گیرفاندا نه‌بوو بێت یانیش ته‌نها چه‌ند فلس و دینارێکیان پێ بووه، تۆ بڵێی به‌زه‌یی سه‌رکرده‌کانی کورد هێنده سه‌رڕێژ بووبێت که جارێکی دیکه چیرۆکی وا قێزێون نه‌چنه‌وه نێو لاپه‌ڕه‌ی کتێب و ڕۆژنامه‌کانمان؟ ئێمه نامانه‌وێت په‌نجه‌کان چی دیکه یه‌کتری بشکێنن ئه‌وه‌یش ته‌نها به‌وه ده‌کرێت که به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی و ڕێزگرتن له مافی مرۆڤی کورد و ئازادی ڕاده‌ربڕین و سیاسه‌تکردن له‌سه‌روی هه‌موو شتێکه‌وه بن، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه!
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی ڕووداو چاپی کوردستان و ئه‌وروپادا بڵاوکراوه‌ته‌وه.