
ڕاکردن منی ههڵبژارد
كاوە ئەمین
رووداو - سوێد
لە كۆتایی مانگی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)دا، ئیسماعیل عوسمان و ماتیاس شیلینگ، كتێبێكیان بە زمانی سوێدی بە نێوی (راكردن منی هەڵبژارد) بڵاوكردەوە كە لەلایەن كتێبفرۆشی هەرزان لە ستۆكهۆڵم چاپكراوە.
لە پێشەكی كتێبەكەدا بۆ خوێنەران روونكراوەتەوە كە كەسی سەرەكی لە كتێبەكەدا، ئیسماعیل عوسمانە و رۆژنامەنووسی سوێدی ماتیاس شیلینگ لە دارشتنەوەی كتێبەكەدا بەشداری كردووە و تەنها بە زمانی نووسینی كتێبەكەدا چووەتەوە. كتێبەكە بە زمانێكی ئاسان نووسراوە، هەروەك نووسەرانی كتێبەكەش خۆیان ئەوەیان دركاندووە كە كتێبەكە زیاتر بۆ ئەو گەنجە كوردانەیە كە ناتوانن بە زمانی كوردی بخوێننەوە، بەڵام هاوكات سوێدییەكانیش دەتوانن لە رێگەی كتێبەكەوە ئاشنایەتی تەواو لەگەڵ ئەو سیستەمە دیكتاتۆرییەی كە حیزبی بەعس و خودی سەددام حسێن لە ماوەی سی ساڵدا، ئەو وڵاتایەن پێ كردە زیندانێكی گەورە، زیندانێك كە سێبەری ترس و تۆقاندنی سەددام لە هەر ئان و ساتێكدا میوانی هەموو ماڵێك بووە، پەیدا بكەن. هەربۆیە ئەو سێبەری ترسە، لە لاپەڕەی یەكەمی كتێبەكەوە تاوەكو كۆتایی لەنێو هەموو وشە و دێرێكدا خۆی پیشانی خوێنەر دەدات.
هەرچەندە مرۆڤ لە سەرەتادا وا هەستدەكات كە ئیسماعیل عوسمان دەیەوێت بیرەوەرییەكانی خۆی بە وردی بگێڕێتەوە، بەڵام پاش چەند لاپەڕەیەك سنووری بیرەوەرییەكان كاڵ دەبنەوە و، خوێنەر رووبەڕووی مێژووی حیزبی بەعس و سەددام حسێن دەبێتەوە، هەر بۆیە زۆر لایەنی ژیانی نووسەر و خێزان و بنەماڵەكەیان، پیرە هەولێر و بەگشتی كوردستان كراونەتە قوربانی ترسی بەعس و سەددام حوسێن. هەروەك نووسەری كتێبەكەیش دانی پێدادەنێت بە هۆی زۆری رووداوەكان و ئەو ئازار و ئەشكەنجەیەی كە رووبەڕووی نەتەوەی كورد بووەتەوە، وایكردووە كە نەتوانێ بەتەواوەتی هەمبانەی دڵی خۆی هەڵڕێژێت.
ئیسماعیل عوسمان لە كتێبەكەیدا باسی سەردەمی منداڵی خۆی و خوێندنی باڵا لە زانكۆی بەغدا دەكات، هەر لەوێش ئاشنایەتی لەگەڵ سیاسەت و كوردایەتی پەیدا دەكات . چوار ساڵ ژیانی زانستگە لەسەردەمی شەڕی ئێڕان و عێراقدا بۆ خوێندكارێكی كورد ئاسان نەبووە، هەرچەندە خێزانەكەی بەو ئاواتەوە بوون كە رۆژێك بێت ئیسماعیل زانستگە تەواو بكات و هاوكاریان بكات بۆ ژیانێكی باشتر، بەڵام ئیسماعیل لەجیاتی ئەوە رێگەی بالیسان دەگرێتە بەر. لە كتێبەكەدا دیار نییە ئاخۆ نووسەر پێشتر پەیوەندی لەگەڵ پارتی گەلدا هەبووە یان نا، بەڵام لە كۆتایی ساڵی 1983دا، لە پرێكدا خۆی لە نێو كۆمەڵێك كادیری پارتی گەل دا لە ناوچەی بالیسان، دەبینێتەوە. پارتی گەل سكرتێرەكەی سامی عەبدولڕەحمان بوو، كە دوای هەڵبژاردنی 1992 لەگەڵ پاسۆك و سۆسیالیست پارتی یەكگرتنی پێكهێنا و دواتر چووە نێو پارتی دیموكراتی كوردستان.
نووسەر هەموو ئەو رووداوانەی كە سەددام حوسێن بەسەر گەلی كوردیدا هێناوە بەبیر خوێنەر دەهێنێتەوە، ئەنفالی بارزانییەكان، ئەنفالی گەرمیان و ناوچەكانی دیكەی كوردستان، ژەهربارانكردنی هەڵەبجە، كوشتن و راونانی كوردە فەیلییەكان، هەروەها شەڕی براكوژی نێوان پارتە كوردییەكانی باشوور و راپەڕین و هەڵبژاردنی پەرلەمان و دامەزراندنی بەرەی كوردستانی و زۆر شتی دیكە. نووسەر هەموو كێشەكانی عێراق بە كێشەی كوردەوە گڕێدەدات.
ئیسماعیل عوسمان دوای ئەوەی دەبێتە ئەندامی سەركردایەتی پارتی گەل كە سامی عەبدولڕەحمان سەركردایەتی دەكرد، یەكێكبووە لەو كەسانەی كە زۆر لە سامی عەبدولڕەحمانەوە نزیك بووە، لە زمانی سكرتێری پارتەكەیەوە دەگێڕێتەوە كە چۆن سەركردەكانی كورد كەمتەرخەمانە رووبەڕووی هەرەسی شۆرشی ئەیلول بوونەتەوە، سامی عەبدولڕەحمان جارێك بۆ نووسەری كتێبەكەی گێڕاوەتەوە:"كاتێك شۆڕش هەرەسی هێنا و خۆمان لە ئێڕان بینییەوە، سەركرایەتی كورد، لەجیاتی ئەوەی دراسەی ئەو رەوشە نوێیە بكەین، خەمی ئەوەمان بوو كە رەنگی پەردەی پەنجەرەكانمان چۆن بێت"!.
نووسەر كە لەنێو شۆرش و پارتی گەل دا بە (موهەندیس جەمال) ناسراوە، لە كتێبەكەیدا باسی بەشێك لە مێژووی پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان كە لە پارتی دیموكراتی كوردستانی – عێراق جیابووەوە، دەكات، كە لە نێوان بەرداشی شەڕی نێوان پارتی و یەكێتیدا وەك زۆر پارتی بچووكی دیكە نەیانتوانی ببنە ئەلتەرناتیڤ و بگرە زۆر جاریش وەك پاشكۆی ئەو دوو حیزبە مابوونەوە، هەر بۆیە لە دوای راپەرین، كاتێك قەبارەی سیاسی و جەماوەری خۆیان بۆ دەردەكەوێت، هەر زوو بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی پارتەكەیان لە دوو قۆناخی خێرادا، دەدەن، بەڵام وەك نووسەر ئاماژەی پێدەدات وەك زۆربەی بڕیاری پارتەكانی كوردستان و رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تەنها سكرتێر و سەرۆك دوا بڕیار دەدەن، بۆیە سامی عەبدولڕەحمانیش دوا بزمار لە تابووتی هەڵوەشانەوەی پارتی گەل دەدات. نووسەر دەگێڕێتەوە كاتێك لە سكرتێری پارتەكەی دەپرسێت هۆی چییە بڕیاری چوونە نێو پارتی دیموكراتی كوردستانیان داوە، ئەویش لە وەڵامدا دەڵێت "من نامەوێ هەموو ژیانم هەر بە موعارەزەیی بمێنمەوە، ئێستا كاتی ئەوە هاتووە كە ئێمەش بەشێك لەو كێكەمان بەركەوێت كە خەریكە بەهێزەكان قووتی دەدەن".
پارتی گەلیش وەك هەر پارتێكی دیكەی كوردستانی، سەرچاوەیەكی دارایی روونی نەبووە و تەنانەت ئیسماعیل عوسمان كە نزیكترین كەس بووە لە سكرتێری پارتی گەل نەیزانیووە سەرچاوەی دارایی پارتەكەی لەكوێوە هاتووە و ئەویش وەكو زۆر لە ئەندامانی پارتە كوردییەكان، قەناعەتی بەو چیرۆكە هێناوە كە وەك خۆی دەڵێت "ئابوونەی ئەندامان، هاوكاری دەوڵەمەندە كوردەكان و دەوڵەتی لیبیا".
نووسەر ئەگەرچی وەك خۆیشی دەڵێت، لایەنگرێكی سەرسەختی ئەمریكا نییە، بەڵام وەكو هەر كوردێكی دیكە خۆشحاڵ بووە كە ئەمریكا سەددامی لەكۆڵ كردوونەتەوە، ئەو ڕەوشەی ئێستایش عێراقی پێدا تێدەپەڕێت بە بڕوای نووسەر خەتاكەی بۆ ئەمركیا ناگەڕێتەوە بەڵكو ئەوە عێراق خۆیەتی كە هەر لەسەرەتای دامەزاندنییەوە و ئێستایشی لەگەڵدا بێت، توڕەهاتە، بۆیە بەدرێژایی دامەزراندنی ئەو وڵاتە، هیچ ئینتیمایەكی لای هاووڵاتیان بەتایبەتی كورد پەیدانەكردووە.
خاڵێكی گرنگ كە لە كتێبەكەدا باسی لێوە كراوە، دیاردەی كۆچكردن و پەنابەرێتییە بۆ سوێد و كێشەی لێك حاڵی نەبوونی سوێدییەكان و پەنابەرانە، نووسەر پێیوایە كە بەشێك لە سوێدییەكان بە هۆی زانیاری كەمەوە ناتوانن جیاوازی لە نێوان موسڵمانە تووندڕەوەكان كە كەمینەن و موسڵمانە میانڕەوەكاندا بكەن، هەندێك جار وا تێدەگەن كە هەر پەنابەرێك دەمووچاوێكی نا ئەوروپایی و سكندەنافیایی نەبێت ئەوا موسڵمان و لایەنگری بنلادنە، جا با خەڵكی ئەمریكای لاتینیش بێت، بۆیە نووسەر بەشێوەیكی جوان، باوكی وەك نموونەیەك دەهێنێتەوە كە كەسێك بووە رێزی هەموو ئەوانەی گرتووە كە سەر بە ئاینی دیكە بوون.
ئەم كتێبە سەرچاوەیەكی باشە بۆ ئاشنابوون بە: عێراق، بەعس و سەددام حوسێن، خەباتی ئازادیخوازی گەلی كورد لە باشووری كوردستان، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین كە زانیارییەكان هەمووی گێڕانەوەن و بەشێكیان لێرە و لەوێ پێشتر باسیان لێوە كراوە. نووسەر دەیتوانی لە رێگەی ئەو بەڵگەنامانەی كە لەو ماوە دوورودرێژەی ئەندامی سەركردایەتی پارتی گەل بووە، لە لای ماونەتەوە یانیش دەیتوانی بەدەستیان بخات، كتێبەكەی دەوڵەمەندتر بكات و زۆر شتی شاراوە بەتایبەتی لەسەر شەڕی براكوژی و پەیوەندییەكانیان لەگەڵ ئێران و سوریا ئاشكرا بكات، بەڵام رەنگە ئەوە بۆ خوێنەرێكی سوێدی زۆر جێگەی بایەخ نەبێت، بۆیە پێموایە ئەگەر كتێبەكە بكرێتە كوردی هەم شێوەی داڕاشتن و هەمیش شێوەی گێڕانەوەكان شێوەیەكی ئەدەبی جوانتریان پێبدرێت، چونكە نووسەر هەر وەك خۆشی دەڵێت، هەر لە منداڵییەوە و لەسەر دەستی باوكی رەحمەتی كە مەلایەكی نێودار و خوێندەوار بووە، عاشقی كتێب و ئەدەبی كوردی و فارسی و عەرەبی بووە، ئەوە جگە لەوەی كە شارەزاییەكی باشی هەیە لەسەر كولتوورەكانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بە گشتی و كوردستان و ئێران بەتایبەتی. شایەنی وتنە ئیسماعیل عوسمان ئەندامی پارتی گەلی سوێدییە و لە شارەوانی یێڤلە كەسێكی چالاك و وەرگێڕێكی دانپێدانراوە لە سوێد، هاوكات ئەندامی یەدەگی پەرلەمانی سوێدە لەسەر لیستی پارتی گەلی سوێدی.