
كابینەی شەشەم چۆن دەتوانێت سەركەوتوو بێت؟
گفتوگۆیهک لهگهڵ: کاوه ئهمین
ئامدهکردنی: ستیڤان شهمهزینانی
كوردستان راپۆرت: ئاماژە بەوە دەكرێ كە كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا رادەیەكی زۆر كابینەیەكی سەركەوتوو بوو، جەختیش لەوە دەكرێتەوە كابینەی پێنجەم وێڕای رووبەڕووبوونەوەی لە تەك دوو ئیدارەییەكەی كوردستان، توانی پڕۆژەی باشی هەبێ. ئێستا لەقۆناغێكی نوێدا كابینەی شەشەم دەستبەكار بووە، كار و ئەجیندای ئەم كابینەیە دەبێت چی بێت بۆ ئەوەی ببێتە كابینەیەكی نیشتمانی و خزمەتگوزار؟
كاوە ئەمین – نووسەر و چاودێری سیاسی: وەك ئێوەیش لەپرسیارەكەتاندا دیارتان كردووە، حكومەتی هەرێمی كوردستان هەر لەسەرەتای دەستبەكاربوونیەوە لەسەر شێوەی دوو ئیدارەیی بنیاتنرا، چونكە وەك دەزانین ئەو حكومەتە لەلایەن پارتی و یەكێتییەوە پەنجا بە پەنجا دابەشكرا و بنكەی جەماوەری ئەو دوو پارتە و شەڕی ناوخۆ وایكرد كە سلێمانی و هەولێر بەدوو ئاڕاستەی جیاوازدا سیستمی حكومڕانی بەڕێوەبەرن. دوای رووخانی رژێمی بەعس هەلێكی باش بۆ پارتی و یەكێتی رەخسا دوو ئیدارەكە بكەنەوە بەیەك، ئەگەرچی هەندێك شت كرا، بەڵام لەپراكتیكدا ئێستایشی لەگەڵدابێت نەتوانراوە وەزارەتی دارایی، پێشمەرگە و ناوخۆ بە تەواوەتی یەكبخرێنەوە، ئەوەیش كاریگەری خراپی لەسەر داهاتووی حكومەتی ئێستایش دەبێت. لە وڵاتانی دیموكراتی پێشكەوتوودا كاتێك حكومەتێك دەستبەكار دەبێت، پێش هەموو شتێك دەبێت بودجەی ساڵانەی حكومەت دیاربكرێت. پەروەردە و تەندروستی دوو لایەنن گرنگییەكی زۆریان پێدەدرێت و بودجەی باشیان بۆ دیاردەكرێت، چونكە ئەو دوو لایەنە پەیوەندی و كاریگەری راستەخۆیان لەسەر گەشەكردنی كۆمەڵگە دەبێت. ئارامی و ئاسایشی هەر وڵاتێك كاریگەری لەسەر بەرەوپێشچوونی وڵات هەیە، كابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێم لەو بوارەدا سەركەوتنی باشی بەدیهێنا، چونكە بە بەروارد لەگەڵ عێراق ئەو سێ پارێزگایەی كوردستان ئارامترین ناوچە بوون، سەرمایەدارانیش جا خۆماڵی بن، یان بیانی، دەیانەوێت لەژینگەیەكی وادا سەرمایەكانیان بخەنە گەڕ بۆ پارە پەیداكردن بۆ خۆیان و هاووڵاتیانیش بەهرەمەند دەبن تێیدا. بۆ ئەوەی هاووڵاتیانی باشووری كوردستان كابینەی شەشەم بەهی خۆیان بزانن و ئەوانیش بتوانن كارەكانیان بەباشی بەڕێوەبەرن، دەبێت دەستەڵاتی حزب لەناو حكومەتدا كەمبكرێتەوە، من ناڵێم با هەر نەمێنێت، چونكە لە وڵاتێكی وەكو كوردستاندا كە حزب و حكومەت ئاوێزانی یەكتر بوون، وەكو مامە دەڵێت "خەونی شاعیرانەیە"، بریا وابوایە و لەڕاستیشدا دەبێت هەروایش بێت.
كابینەی شەشەم دەبێت، ریفۆرمێكی رادیكاڵانە لەسیستمی پەروەردەو خوێندنی باڵادا بكات، لەهەر وڵاتێكدا بنەماكانی دیموكراتی تێیدا رەگی داكوتابێ، زانستگە لەدەرەوەی حزبایەتیدایە، ئاخر ناوی خۆی بەخۆیەوەیەتی، كاری ئەوان زانستە و پەروەردەكردنی كادری زانستییە، من تائێستا نەمبیستووە زانستگەیەكی كوردستان دكتۆرایەكی تێدا كرابێت كە بووبێتە جێگەی سەرنجی گۆڤار و رۆژنامەكانی جیهان، جا چ بگاتە زانستگەكانی جیهان و تەنانەت دەوروبەری كوردستانیش، تەنانەت تائێستا دوو داڕشتنی زانستی كە دوو خوێندكاری كورد پێی هەستابن لە گۆڤارێك یان رۆژنامەیەكی كوردستاندا بڵاو نەكراونەتەوە كە خرابێتنە پراكتیكەوە. باشە حكومەت ناپرسێت بۆ تائێستا چوار خوێندكار هەڵنەستان بە تۆماركردنی ناوی ئەنفالكراوەكان و گوندە كاولكراوەكانی كوردستان؟ ئێمە دەڵێین چوار هەزار گوندمان كاولكراوە، خۆ رەنگە زیاتریش بێت، بەڵام كوا بۆ دوو دكتۆرا لەسەر بۆ نموونە شارباژێڕ یان شارەزوور و گەرمیان نەكران؟ سەد ساڵ پێش ئێستا بیانییەكان ناوی هەندێك گوڵ و گژوگیای كوردستانیان تۆمار كردووە، ئەی بۆ دوو كتێبی زانستی لەسەر ئەو هەموو گوڵ و گژوگیا و دار و درەختەی كوردستان نەنووسران كە خوێندكاران و قوتابیان كەڵكی لێ وەربگرن؟ لەكوردستان كەرەستە و بابەتی لێكۆڵینەوە هێندە زۆرن كە دەكرێت سەرنجی جیهان و ناوچەكەیان بۆ رابكێشرێت، بەڵام بۆ زانستەگاكان ئەو كارە ناكەن، ئەوەیشی كە كراوە زیاتر كەسانێك وەكو ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانی كردوویانە، نەك وەكو كارێكی ئەكادیمی. ئەمە لەبواری تەندروستیشیدا هەر وایە، نەخۆشی ئێمە تا ئێستایش دەبێت روو بكەنە ئێران و ئوردون و شوێنانی دیكە. ئێمە شانازی دەكەین كە مرۆڤ لە كوردستانەوە دەستی بە كشتوكاڵ كردووە و گوندی چەرموو باشترین نموونەیە، ئەی بۆ دەبێت بۆ سەلكە پیازێك پەنا بۆ دەرەوە بەرین؟ بەهۆی خراپی رێگەوبانەوە ساڵانە بەسەدان كەس بەهۆی رووداوی ئۆتۆمۆبیلەوە گیانیان لەدەستدەدەن. ژینگەی كوردستان تابێت بەرەوە خراپی دەڕوات، ئێستا لەجیهاندا ژینگە بووەتە خەمێكی گەورەی دەوڵەتەكان، بۆیە كوردستانیش كە ژینگەیەكی جوانی هەیە بەهۆی سروشتی جوگرافیاكەیەوە دەبێت كابینەی شەشەم بە جددی كار لەو بوارەشدا بكات، دیارە هاووڵاتیانی كوردستانیش ئەركێكی نەتەوەیی و ئەخلاقییان دەكەوێتە سەرشان لەو بوارەدا.
من پێموایە دەبێت ئەوانەی كە لەسەرەوە باسمكردن ببنە ئەجێندای كاروباری كابینەی شەشەم و هەرچی زووترە پلانی كورتخایەن و درێژخایەن لە رێگەی كەسانی شارەزاو دڵسۆزەوە دابڕێژرێن و حكومەت دەست بە جێبەجێكردنیان بكات، لە هەموویشی گرنگتر دەبێت بەرنامەی كارا بۆ كەمكردنەوەی بێكاری لەكوردستاندا دابڕێژرێت، چونكە بەشێكی زۆری گرفتەكانی خەڵك لە بێكارییەوە سەرهەڵدەدات، بۆ نموونە نەخۆشی و بەرزبوونەوەی رادەی تاوان و زۆر شتی دیكە. ئەوانە بەشێكن لەو كارانەی كە كابینەی شەشەم دەبێت بیانكات و بەرنامەیان بۆ داڕێژێت ئەگەر بیەوێت ببێتە كابینیەكی سەركەوتوو و نیشتمانی، هەڵبەت حكومەت دەبێت ئەوەیش بزانێت كە ئەوە ئەركی سەرشانیانە و هەر بۆ ئەو مەبەستەیشە خەڵك دەنگی پێیان داوە، كابینەی شەشەم كاتێكی زۆری لەبەردەمدایە تا نیشانی خۆمان و دەرەوەی بدات كە بەڕاستی لەخەمی خەڵكدان، دیارە دەبێت هەموو لایەكیش بە ئۆپۆزیسیۆن و خەڵكیشەوە هاوكاری حكومەت بن لەكارە باشەكاندا، چونكە كورد وتەنی چەپڵە بە دەستێك لێنادرێت.