ئۆباما و به‌ره‌کانی شه‌ڕ
کاوه ئه‌مین

عومه‌ر فاروق ئه‌بدولموته‌لیب، گه‌نجێکی توندڕه‌وی ئیسلامی خه‌ڵکی وڵاتی نێجیریایه، له کۆتایی ساڵی ڕابردوودا هه‌وڵی ته‌قاندنه‌وه فرۆکه‌یه‌کی مه‌ده‌نی ئه‌مریکایی دا که ده‌یویست 289 سه‌رنشین له ئه‌مسته‌ردامه‌وه بگوازێته‌وه بۆ Detroit، به‌ڵام هه‌وڵه‌که‌ی سه‌ریی نه‌گرت چونکه ئه‌و ته‌قه‌مه‌نییه‌ی که له خۆی به‌ستبوو نه‌ته‌قه‌ییه‌وه. سه‌رۆکی ئه‌مریکا ئۆباما له وتارێکدا هه‌موو ئه‌و که‌موکوڕیه ئه‌منییه‌کانی خسته سه‌ر شانی خۆیی که دا‌و ده‌ستگا ئه‌منییه‌کانی ئه‌و وڵاته نه‌یانتوانییوه له کاتی خۆیدا، عومه‌ر ده‌ستگیر بکه‌ن. ئۆباما هه‌مان ئاوازی جۆرج ده‌بلیوو بوشی لێدایه‌وه: ئێمه له شه‌ڕداین، ئێمه له شه‌ڕداین له‌گه‌ڵ ڕێکخراوی ئه‌لقه‌یده.
دووباره کردنه‌وه‌ی قسه‌کانی بوش به‌ڵام به‌شێوه‌یه‌کی دیکه له کاتێکدایه که شه‌ڕ له ئه‌فغانستان به‌رده‌وامه و پاکستان خه‌ریکه به‌ته‌واوه‌تی له شه‌ڕی تالیبانه‌کانه‌وه ده‌گلێت، ئێستا له نیمچه دورگه‌ی عه‌ره‌بیش له یه‌مه‌ن، ئه‌لقیده به‌ره‌یه‌کی نوێی شه‌ڕی کردۆته‌وه که مه‌ترسی ئه‌وه هه‌یه که ئارامی هه‌موو ئه‌و ناوچه‌یه تێک بدات، ئه‌مه‌یش ده‌بێته هۆی ئه‌وه‌ی که ئه‌مریکا له چه‌ندین لاوه له‌شه‌ڕێکه‌وه بگلێت که نه‌تیجه‌که‌ی ڕوون نییه، به‌تایبه‌تی گه‌رانتی هیچ سه‌رکه‌وتنێکی نییه و دوور نییه ئه‌مریکا له‌و شه‌ڕانه‌دا دووچاری هه‌مان شکستی سۆڤیه‌ت ببێته‌وه که له کۆتایی هه‌شتاکاندا له ئه‌فغانستان تووشی هات. بڕیاری ناردنی هێزی زیاتر بۆ ئه‌فغانستان له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ته‌رازووی شه‌ڕ له‌به‌رژوه‌ندیاندا نییه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی که حکوومه‌ته‌کی کارزایی یه‌کێکه له گه‌نده‌ڵترین حکوومه‌ته‌کانی دنیا له کاتكێکدا که ناتۆ و نه‌ته‌وه‌یه‌گرتووه‌کان چاودێری باری ئه‌منی ئه‌و وڵاته ده‌که‌ن. له عێراق ده‌بینین که چۆن ئه‌و دیموکراتییه‌ی که ئه‌مریکا به‌ڵێنی دابوو له‌وێوه به‌سه‌ر باقی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا بیبه‌خشێته‌وه، خه‌ریکه به‌ته‌واوه‌تی فه‌شه‌ل ده‌هێنێت، ئاخر له هیچ وڵاتێک‌دا نه‌بووه له گۆتره ژماره‌ی دانیشتوانی شاره‌کان بقه‌بڵێندرێت که هه‌ندێک شار جگه له‌وه‌ی له بارێکی ئه‌منی خراپ دایه، ڕێژه‌ی دانیشتوانه‌که‌ی دووقات زیادی کردبێت، گه‌نده‌ڵی دارایی و سیاسیی له‌و ناوچانه‌ی که ئه‌مریکا حاکمه لێی تا دێت به‌رفراوانتر ده‌بێت.
هه‌ندێک سه‌رچاوه باس له‌وه ده‌که‌ن که ئه‌مریکا بۆ خۆ ڕزگاکردن له‌و ته‌نگه‌ژانه له ژێره‌وه له‌گه‌ڵ به‌عسییه‌کاندا دانوساندن ده‌کات و له ئه‌فغانستانیش خوازیاری ئه‌وه‌یه که کارزایی له‌گه‌ڵ تالیبانه‌کاندا بکه‌وێته گفتوگۆه‌وه، ئه‌وه تالیبانه‌کانن که هه‌موو دانیشتنێک ره‌ت ده‌که‌نه‌وه، چونکه ئه‌وان پێێان وایه که کارزایی پیاوێکی ئه‌ڵقه‌له‌گوێیی ئه‌مریکایه و هیچی تر.
گه‌وره‌ترین کێشه که ڕووبه‌رووی ئه‌فغانستان و عێراق بۆته‌وه، گه‌نده‌ڵییه، که وه‌کو میکرۆبێک هه‌موو لاشه‌ی سیستێمی سیاسی ئه‌و وڵاتانه‌ی گرتۆته‌وه و ئه‌گه‌ر فریایی خۆیان نه‌که‌ون ئه‌وا له‌په‌لوپۆیان ده‌خات و داده‌ڕمێن. مامۆستایه‌کی قۆناخی ئاماده‌یی له ئه‌فغانستان بۆ ڕۆژنامه‌یه‌ک ده‌ڵێت:"له هه‌ڵبژاردنی ساڵی 2004 دا، خه‌ڵک به ده‌هۆڵ و زوڕناوه پێشوازیان له دیموکراتی و ئه‌و پاره‌یه‌ی له ده‌ره‌وه هات کرد و پێمان وابوو وڵاته‌که‌مان ده‌که‌وێته سه‌ر پێی خۆی، به‌ڵام ئه‌وه‌تا له‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی دواییدا بینیتان که خه‌ڵک زۆر به‌که‌می به‌شداریان له هه‌ڵبژاردنه‌کاندا کرد، چونکه پیاوه‌کانی حکوومه‌ت هه‌چی پاره‌ی ئه‌م وڵاته‌یه لووشیان داوه."
ئه‌مریکا له‌م شه‌ڕانه‌دا سه‌رناکه‌وێت، چونکه ئه‌وان هیچ کاتێک مه‌به‌ستیان نه‌بووه و نییه، ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دیموکراتی به‌و مانایه‌یی که له ڕۆژئاودا باوه، به‌خۆیه‌وه ببینێت، ئاخر کاتێک دیموکراتی هه‌بێت، هاووڵاتیان زیاتر کاتی بیرکردنه‌وه‌یان ده‌بێت، که ئه‌وه‌شیان بوو زیاتر تێده‌گه‌ن مافه‌کانیان چ وه‌کو تاک و چ وه‌کو نه‌ته‌وه چییه، ئه‌و کاته‌یش خه‌ڵک هه‌روا به‌سانایی ڕازی نابێت سه‌روه‌تی سه‌ر زه‌ویی و ژێر زه‌ویی به‌تاڵان ببرێت، یانیش زۆربه‌ی بودجه‌ی وڵات بۆ چه‌ک کڕین له وڵاتانی وه‌کو ئه‌مریکا ته‌رخان بکرێت. ڕه‌نگه ئه‌مریکا بتوانێت هه‌ندێک ڕژێم چه‌ند ساڵێکی دیکه‌یش به پێوه بوه‌ستێنێت، وه‌ک چۆن بۆ شای ئێران و سه‌ددام و هه‌ندێک وڵاتی ئه‌مریکایی لاتین و ئه‌فریقا کردیان، به‌ڵام ئه‌مریکا چه‌ندیش به‌هێز بێت ناتوانێت له‌و هه‌موو به‌ره‌ی شه‌ڕانه‌دا سه‌رکه‌وێت.
جۆی لیبیرمان، سێناتۆری ئه‌مریکی که له‌م ڕۆژانه‌دا له عێراق بووه ده‌ڵێت: دوێنێ شه‌ڕی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ڕیی ئه‌فغانستان و ئه‌گه‌ر فریایی خۆمان نه‌که‌وین، یه‌مه‌ن ده‌بێته ساحه‌ی شه‌ڕیی سبه‌ینێمان.
به‌ڵام ئه‌مریکا نایه‌وێت ئه‌وه به‌بیر خۆی بهێنێته‌وه که عومه‌ر ئه‌بدولموته‌لیبی، نێجیرییایی، له له‌نده‌ن په‌یوه‌ندی به قاعیده‌وه ده‌کات و له یه‌مه‌ن مه‌شق ده‌کات و له ئاسمانی دیترۆید ده‌یه‌وێت خۆی بته‌قێنێته‌وه. عومه‌ره‌کانی ئه‌لقه‌یده له‌و کۆمه‌ڵگایانه‌وه په‌یدا ده‌بن که گه‌نده‌ڵه‌کان دوا پارووی مه‌مره‌و مه‌ژێوی له ده‌م هه‌ژاره‌کان ده‌فرێنن، هه‌تا ئه‌و ژینگانه‌یش هه‌بێت که ئه‌مریکا خۆی له ئافراندنیاندا، شاره‌زایه، گۆره‌پانی شه‌ڕه‌کان زیاتر ده‌بن، نه‌ک به پێچه‌وانه‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له ڕۆژنامه‌ی (ڕووداو) دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه.