مۆنۆمێنتی قوربانیانی كوردستان لە بەریتانیا دادەنرێكاوە ئەمین

رووداو - بەریتانیا
دوای یەك ساڵ هاتووچۆ و كۆڵنەدان، لە كۆتاییدا شارەوانی شاری پیتەربرا Peterboroughی بەریتانی رەزامەندی نیشاندا لەسەر داواكارییەكەی هیوا جاف، بۆ دروستكردنی مۆنۆمێنتێكی تایبەت بە شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان لەو شارەدا.
هیوا جاف گەنجێكی باشووری كوردستانە و، خەڵكی شاری سلێمانییە. 11 ساڵ پێش ئێستا چووەتە بەریتانیا، بەڵام وەك خۆی دەڵێت "هەمیشە لەگەڵ ئازار و خۆشی و ناخۆشییەكانی كوردستاندا دەژیم"، ئێستا جگە لەوەی سەرقاڵی خوێندنە، لەگەڵ دوو رێكخراوی خێرخوازی ئەو وڵاتەش خۆبەخشانە كار دەكات.
هیوا جاف، هەمیشە خەمی لەنەبوونی جێگەیەك خواردووە وەك رەمزێك بۆ كوردانی تاراوگەنشین ئەگەر بیانەوێت رێز لە قوربانییەكانیان بگرن و بچن سەردانی بكەن و تاجە گوڵینەی لەسەر دابنێن. هیوا دەڵێت "وەك كەسێكی كوردستانی هەموو شەهیدانی كوردستانی گەورە بەشەهیدانی خۆم دەزانم، چونكە هەموویان قوربانی سەربەخۆیی كوردستانن".
هیوا جاف هەوڵێكی زۆریدا تاوەكو بتوانێت لە شاری پیتەربرا، كە تەنها كاژێرێك لە لەندەنەوە دوورە، مۆنۆمێنتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی كوردستان دروست بكات. بۆ ئەوەش سەردانی شارەوانی شارەكەی كرد و چەندین رێكخراوی تێگەیاندن كە كوردیش وەك نەتەوەیەكی چەوساوەی زۆرلێكراو مافی ئەوەی هەیە مۆنۆمێنتێكی لەو شارەدا هەبێت. بەڵام هەموو جارێك بەبیانوویەك پێشنیازەكەی لەلایەن شارەوانییەكەوە رەتدەكرێتەوە. بەڵام پاش ساڵێك هاتووچۆ و كۆڵنەدان لە كۆتاییدا شارەوانی ئەو شارە پێشنیازەكەی هیوایان قبووڵ كرد.
دوای پەسەندكردنی پێشنیازەكە، هیوا دەستدەكات بە دروستكردنی مۆنۆمێنتەكە لە یەكێك لە پاركەكانی ئەو شارە و رۆژی 28/11/2009 بە بەشداری ژمارەیەك كوردو دۆستی كورد، لە یەكێك لەپاركەكانی ئەو شارەدا پەردە لەسەر مۆنۆمێنتەكە لادرا، كە بە زمانی ئینگلیزی لەسەر مۆنۆمێنتەكە نووسراوە "بۆ بیرهێناوەی هەڵەبجە، سەردەشت، ئەنفال، قەندیل و قامشلۆ و هەموو قووربانیانی كورد". هیوا بە (رووداو)ی راگەیاند"ئەو مۆنۆمێنتە رەمزێكە بۆ كوردستانی گەورە، چونكە نەدەكرا ناوی هەموو ئەو شار و گوندانەی كوردستان بنووسم كە كۆمەڵكوژیان تێدا كراوە".
هیوا جاف، گلەیی لە پارت و رێكخراوە كوردییەكان و راگەیاندنی كوردی دەكات، كە هەرچەندە پەیوەندی بە زۆربەیانەوە كردووە، بەڵام جگە لە كۆمیتەی یەكێتی لەبەریتانیا هیچ رێكخراوێك بەشداری كردنەوەی مۆنۆمێنتەكەی نەكردووە، هەر ئەوانیش كەمێك هاوكاری داراییان كردووە، چونكە خۆی نەیتوانییوە لایەنی ئابووری پرۆژەكە دابین بكات. هیوا گوتیشی "تەنها د.جەواد مەلا، سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانی كوردستان بە تەلەفون داوای لێبووردنی لێكردم كە بە هۆی سەرقاڵییەوە نەیتوانی بەشداری بكات".
ئەو رۆژەی پەردە لەسەر مۆنۆمێنتەكە لادرا، خۆشترین رۆژی هیوا جاف بوو "چونكە ئاواتەكەم هاتە دی"، هیوا ناوی خۆشی لەسەر مۆنۆمێنتەكە نەنووسیوە " ئەوكارەم بۆ نێوبانگ دەركردن و خۆدەرخستن نەكردووە، هەر بۆیە ناوی خۆمم لەسەر مۆنۆمێنتەكە نەنووسیوە، ئەوە تەنها وەفایەكە بۆ ئەوانەی بوونە قووربانی رزگاری و سەربەخۆیی كوردستان". هیوا جاف لەكۆتایی قسەكانیشیدا بۆ (رووداو) ئەو دروشمەی پاسۆكی بەبیر هێنایەوە كە دەڵێت "پێش ئەوەی هەر شتێك بین، دەبێ كوردبین".