
سه‌دان ساڵه!
کاوه ئه‌مین
له سه‌روبه‌ندی ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی عێراقدا که ته‌نانه‌ت وای له هاووڵاتییه‌کی هۆڵه‌ندی کردووه که به وڵاتی گوڵوگوڵزار ناسراوه، واز له هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی خۆیان بهێنێت و بێت به کوردی ڕووماڵی چه‌له‌حانێی لیسته کوردییه‌کانمان بۆ بکات و وێنه‌یه‌کی "ڕاسته‌قینه‌ی" خۆمانمان به کوردی نیشانبدات، ته‌له‌فزیۆنێکی کوردی هه‌یه تازه بیریان که‌وتۆته‌وه ده‌ڵێن: هه‌موو شتێک به کوردی خۆشه! تا ئێره ئاساییه، به‌ڵام ئه‌و کاکه‌یه جار جار که له فه‌یسبووک به ئینگلیزی ده‌نووسێت، له جیاتی ئه‌وه‌ی بنووسێت کوردستان ده‌نووسێت "باکووری عێراق" به‌ڵام که من وتاره‌کانی له (ڕووداو)دا ده‌خوێنمه‌وه ده‌ڵێی کۆنکه کاژیکه، ئاخر ئه‌وروپییه‌کان زیره‌کن ده‌زانن چۆن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرسه گرنگه‌کاندا بکه‌ن، ئه‌گه‌رچی زۆرجار نه‌ک که‌باب به‌ڵکو شیشی نه‌ته‌وه داگیرکراو و دابه‌شکراوه‌کانیان تواندۆته‌وه له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندی خۆیاندا، به‌ڵام خۆ ده‌بێت جار جارێکیش هاوسه‌نگییه‌که ڕابگرن. کێ ئاوا خوا ده‌یداتێ، هه‌ژده ساڵه به ئاواته‌وه‌م نه‌ورۆزیك له کوردستان بم.
تۆ بڵێی له خۆشی خه‌ڵکی ئه‌فغانستان بێت، وڵاتێکی وه‌کو سوێد که من به‌بێ هیچ مه‌راییه‌ک به وڵاتی دووه‌می خۆمی ده‌زانم، سه‌ربازی خۆی ده‌نێرێت بۆ ئه‌فغانستان، یان هۆڵانداکه‌ی کاک ولادیمیر ڤان که هێنده به‌لایانه‌وه گرنگه ته‌نانه‌ت ئاماده‌ن حوکوومه‌ته‌که‌شیانی بۆ هه‌ڵوه‌شێننه‌وه؟ بێگومان وه‌ڵامه‌که‌ی لای من نه‌خێره، چونکه ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست وه‌کو له‌واشه‌یه‌کی له ڕۆن هه‌ڵکێشراو وایه، جا وه‌ره برسیشت بێت! دیاره ئه‌وه ئه‌حمه‌قی ئه‌و گه‌لانه‌یه که وا خۆیان کردۆته په‌ندی زه‌مانه و هه‌رکه‌س دێت شه‌پشه‌پێنیان پێ ده‌کات، چونکه ئێمه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی فێرین بۆ سووک کردنی باری سه‌رشانی خۆمان خه‌تاکان ده‌خه‌ینه سه‌ر شانی خه‌ڵکی دیکه. مه‌گه‌ر خومه‌ینی نه‌یگوتووه ئه‌گه‌ر دوو ماسی له به‌حرێکدا شه‌رێان بێت ئه‌وا بێ‌شک، ده‌ستی ئه‌مریکایی تێدایه، خۆ ڕه‌نگه وایش بێت، به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خومه‌ینییه فه‌توای ده‌دا تا کورد زینده‌به‌چاڵ بکرێن و ته‌نانه‌ت ئه‌و مافه‌ی که خوا به مرۆڤی داوه که زمانی دایکه، به کوردی ڕه‌وا نابینن پێی بخوێندرێت.
مه‌سه‌له‌یه‌کی کوردیی هه‌یه که ده‌ڵێت: "به‌ته‌مای چێشتی درواسێ بیت ده‌بێت به بێ شێو سه‌ربنێیته‌وه"، به‌ڵام به‌داخه‌وه کورد ئه‌و په‌نده‌ی خۆیی نه‌خستۆته کرداره‌وه، زۆربه‌ی جار چاو له‌ده‌ستی بێگانه بووه. له‌سه‌ره‌تایی هاتنی ئه‌مریکییه‌کانه‌وه به‌چاک و خراپ وایان له خه‌ڵک گه‌یاند ئیتر مافه‌کانمان پارێزراوه ته‌نانه‌ت وه‌کو دوکتۆر مه‌حمود جارێک وتبووی هه‌موو دنیا بگه‌ڕێی وه‌کو کورد له مه‌لایه‌وه هه‌تا ئه‌و په‌ڕیی چه‌پی، ئاوا ئه‌مریکا به دۆستی خۆی نازانێ، به‌ڵام ئه‌وه‌تا ده‌بینین که چۆن له‌پێناو به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی خۆیدا له به‌عسیی و تاڵیبانه‌کان که خۆیی تڕۆیی کردن، ده‌پاڕێته‌وه گفتوگۆیی له‌گه‌ڵ بکه‌ن! پانزده ساڵ پێش ئێستا هاوڕێیه‌ک وتارێکی جوانی نووسیبوو به ناونیشانی "بێ سه‌رین یان بێ پشتین"، په‌یامه‌که‌ی ئه‌وه بوو که ئێمه‌ی کورد سه‌رمان نییه چونکه ئه‌گه‌ر سه‌رمان هه‌بێت ئه‌وا بێگومان پشتیشمان ده‌بێت.
کاتێک سه‌رۆکی کۆمیسۆنی لکاندنی موسڵ به عێراقه‌وه له دوایی جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه دێته ناوچه‌که تا ڕایی خه‌ڵکی بزانێت، له سه‌رۆک عه‌شیره‌تی شه‌مه‌ره‌کان ده‌پرسێت ئایا تۆ ده‌ته‌وێت موسڵ سه‌ربه تورکه‌کان بێت یانیش "عێراق"، له وه‌ڵامدا ده‌ڵێت هیچیان به‌ڵکو ده‌بێت سه‌ربه عه‌ره‌به‌کان بێت. کاتێک هه‌ر هه‌مان که‌س له سه‌رۆک خێڵێکی کورد که دووسه‌ت چه‌کدار ده‌وره‌یان داوه هه‌مان پرسیار ده‌کات له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێت: "ڕاستییه‌که‌ی من هیج ده‌وڵه‌تێکم ناوێت، چونکه ده‌وڵه‌ت ده‌ست ده‌خاته کاروباره ناوخۆییه‌کانمه‌وه". هه‌مان پرسیار له کوردێکی دیکه ده‌کات که ئاخۆ ئه‌و چی ده‌ڵێت. له وه‌ڵامدا پێی ده‌ڵێت تۆ جارێ پێم بڵێ بزانم ئه‌وه‌ی پێشخۆم چیی وتووه، چونکه ئه‌و هه‌چییه‌کی وتبێ من پێچه‌وانه‌که‌ی ئه‌وم ده‌وێت. کابرای ئه‌وروپی که سوێدیی بووه به گاڵته‌وه نووسیویه‌تی: ئه‌مه تێڕوانینی ئه‌و پیاوه‌یه بۆ کێشه‌کانی وڵاته‌که‌ی.
که ئه‌م وشانه ده‌نووسم مه‌به‌ستم سووککردنی خۆمان نییه، به‌ڵام خۆ ده‌بێت بپرسین ئه‌رێ خێره ئێمه پاش سه‌د ساڵ هه‌ر ده‌بێت به‌پێچه‌وانه‌ی یه‌کتره‌وه باژوین، ئه‌وه نییه میسیۆ ولادیمیر ڤانیش هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراقی پێ خۆشتره تا هۆڵه‌ندا، چونکه له کن ئه‌وان وه‌ک خۆیی ده‌ڵێت: له هۆڵه‌ندا ده‌سته‌ڵادار و پۆلیس ته‌قه له خه‌ڵک ناکه‌ن و سیاسه‌ت ڤانه‌کان پاره ناده‌ن به خه‌ڵک تا ده‌نگیان پێ بده‌ن و ... وه‌ک له کوردستان ده‌کرێت.
مهابادی وته‌نی ده‌لێ گه‌ڕێ پیاو! مه‌گه‌ر مامۆستا په‌شێوه نه‌یگوتووه: سه‌دان ساڵه مشکه‌کوێریی گۆشه‌ی متبه‌قی سوڵتانین.
تێبینی: ئه‌م وتاره له چاپی ئه‌وروپایی ڕووداو دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.