نۆزدەساڵ پێش ئێستا، بۆیەكەمین جار، خەڵكی باشووری كوردستان بەیەكدەنگ و یەكدەست دژی دیكاتۆریی بەعس راپەرین. رانییە بووە دەروازەی كردنەوەی ئازادییەك كە نۆزدە ساڵە بە هەموو كەموكورتییەكانیشیەوە چەند ملیۆن مرۆڤ لێی سوودمەند بوون. خەسڵەتی بەشێكی زۆر لە شۆڕشگێرانی وڵاتان وابووە كە پێش هاتنە

سەرحوكم هەموو دیموكراتن، سۆسیالیست و دادپەروەرن، بەڵام كە جێگەی خۆیان لەسەر كورسی دەسەڵات خۆشدەكەن، شتی نەخوازراو و قێزەون دووپاتدەبنەوە كە كوتومت لەوەی پێش خۆیان دەچێت. زۆربەی بزووتنەوە ئازادیخوازەكانی ئەفریقیا، ماندێلای لێ دەرچێت هەموویان بوونە دیكتاتۆر. كوبا ئەوە نیو سەدەیە لەنێو بازنەیەكدا دەخولێتەوە، ئەگەرچی بەبەراورد لەگەڵ هەندێك وڵاتی دیكەدا بۆنموونە خوێندن و خەستەخانە بەخۆڕاییە، بەڵام دیسانیش مرۆڤەكان هەست ناكەن كە ئازادن.
لە باشووری كوردستانیش سەرەڕای هاوار و خوایشتكردنی كۆمەڵێك لە خەڵكانی نیشتیمانپەروەری كورد، كەچی ئاراستەی ئازادییەكە بەئاقارێكی دیكەدا بردرا، دیموكراسی وەك پێویست گەشەی نەكرد، یەكسانی نێوان مرۆڤەكان تا دێت بەشێوەیەك ناهاوسەنگ دەبێت كە چیدی خەڵك تەحەمولی ناكات و بەدوای چارەسەریدا دەگەڕێت، چونكە خەڵك ناتوانێت تا ئەبەد لەڕابردوودا بژی و بۆ رابردوو بمرێت، شۆڕشگێرەكان پیر دەبن و سیمبوولەكان چیدیكە ئەو مانایەی جارانیان نامێنێت، گلۆبالیزم چاك یان خراپ زۆر شت لە گرێژنە دەبات. منداڵێك كە نۆزدەساڵ پێش ئێستا لەدایكبووبێت و بە دڵی خۆی تێر ئاوی پاكی نەخواردبێتەوە و تێر بەدڵی خۆی لەبەر رۆشنایی كارەبادا دانەنیشتبێت، نەیتوانیبێت تەنانەت لە سنووری شارەكەی خۆی دووربكەوێتەوە، ناتوانێت لە خەیاڵ و رابردوویەكدا بژی كە گەورەكان هەمووكات بە گوێیاندا دەدەنەوە. جارێك رەخنەم لە پیاوێكی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئەو پارتەی كە تێیدا ئەندامە گرت، بێ سێودوو پێی گوتم بەقەد نیوەی تەمەنی تۆ زیاتر پێشمەرگەبووم. منیش پێم وت كاكە گوناهی من چییە كە من زووتر لە تۆ لە دایك نەبووم؟
راستە ئێمە دەبێ رێز لەوانە بگرین كە خەباتیان كردووە، كە شەهید بوون و كە زیندانیان كێشاوە، كە گوندیان خاپووركراوە كە سووكایەتییان پێكراوە، بەڵام نابێ رێگاش بدەین ئەوانە بكرێنە پاساو بۆ ناعەدالەتی! منداڵی شەهیدێك ئەگەر خۆی هیچی تێدا نەبێت، چۆن دەبێت فەزڵی بدرێت بەسەر منداڵێكی دیكەدا كە خۆی ماندوودەكات و خۆی پێدەگەیێنێ؟
نۆزدە ساڵ رۆیشتووە، چاك و خراپی بەكەس ناگەڕێتەوە.زۆرشت گۆڕاوە، كوردستانێكی كاول و ێرانكراو، ئاوەدانییەكی باشی بەخۆیەوە بینیوە، جاران كورد خواخوای بوو دوو رۆژنامە بەخراپیشبێت باسی بكەن، ئێستا كۆنسوڵخانەی چەندین زلهێزی دنیا لە هەولێرن، جاران ئەوەی چەكی پێ نەبووایە بە "پیاویان" دانەدەنا، ئێستا خەڵك شەرم دەكات چەكی پێ بێت. جاران چل وەزیرمان هەبوو، پەرلەمانێكی نووستوو، هەموو رەنگەكان زەرد و سەوز بوون، ئێستا وەك پەلكەزێڕینەی لێهاتووە. جاران حیزب زیندانی تایبەت بەخۆی هەبوو و، ببووە حوتێك هەمووشتێكی هەڵدەلووشی، هەموو شتێك پەنجا بە پەنجا بوو تەنانەت جنێوەكانیش، پاش نۆزدەساڵ ئێستا وا خەریكە قۆلی رەش و سپیمان بۆ دەردەكەوێت.
ئەوەی كە هەروەكو خۆی ماوەتەوە كەركووكی داگیركراوە كە ئێستا بە دەستەواژەی ناقۆڵای وەكو ناوچەی دابڕاو و جێناكۆكی لەسەر دەیانەوێت خۆڵ بكەنە چاوی خەڵكی كوردستان بەگشتی و كەركووك بەتایبەتی. فەلەستینییەكان وەكو كورد دەسەڵاتێكی خۆجێیان هەیە، بەڵام ئەوە نیو سەدە زیاترە ئێستایشی لەگەڵدا بێت قودس هەر بە داگیركراو دادەنێن.
نۆزدەساڵ ئازادی، تەمەنێكە دەبوو زۆرشتی لێوە فێربووینایە، زۆرشت هەیە كە دەبوو بكرایە و نەكرا، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا دەكرێت ئایندەمان رووناكتر بێت، ئەگەر كەڵك لە كەموكورتییەكانی رابردوو وەربگیڕێن و بەچاك بڵێن چاك و بە خراپیش بڵێین خراپ.
یادی بەخێر بێت راپەڕین!
تێبینی: ئهم وتاره له یادی ڕاپهڕیندا له ڕۆژنامهی (ڕووداو)ی ژماره 104 دا بڵاوکراوهتهوه.