
سڵاوێکی کوردانه له زیندانه‌وه
بایرام ئاڵتون
وه‌رگێڕانی بۆ کوردی: کاوه ئه‌مین
له کاتی هه‌ڵبژاردنی شاره‌وانییه‌کانی ساڵی پار له تورکیا، پارتی دادوگه‌شه‌پێدان له ناوچه کوردییه‌کاندا پاشه‌که‌شه‌ی کرد. ئه‌و پارته چاوه‌ڕوانی سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وه‌ری ده‌کرد، به‌ڵام له جێگای ئه‌و پارتی سه‌ربه کوردان DTP سه‌رکه‌وتنێکی گه‌وه‌ری بۆخۆی مسۆگه‌ر کرد. DTP ژماره‌ی شاره‌دارییه‌کانی له 53 وه کرده 98 شاره‌وانی، سه‌رۆک شاره‌وانییه‌کانی دیاری کرد. به‌ڵام له پایی ئه‌و سه‌ر‌که‌وتنه، باجێکی گه‌وره‌ی دا. ساڵێک به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌کاندا تێپه‌ریوه و پارته‌که قه‌ده‌خه کراوه و ژماره‌یه‌کی زۆر له شاره‌داره‌کان له زینداندان. بایرام ئاڵتوان یه‌کێکه له‌وانه. بایرام جێگری سه‌رۆکی DTP بوو. له ڕۆژی 14 نیسانی 2009 دا ده‌ستگیر کرا. هه‌تا ئێستا ئه‌و نازانێت له‌سه‌ر چی گیراوه. له نامه‌یه‌کدا که له زیندانی (دیاربه‌کر)ه‌وه بۆ کچه کورد، یه‌کبوون ئاڵپ که هاوکات کاندیدی سۆسیالدیموکراته‌کانه بۆ په‌رله‌مانی سوێد باسی ڕه‌وشی خۆی و هاوزیندانییه‌کانی ده‌کات.
له زیندانی دیاربه‌کره‌وه گه‌رمترین سڵاوی ناخی دڵمتان بۆ ده‌نێرم. له‌م نامه‌یه‌دا هه‌وڵ ده‌ده‌م ڕه‌وشی خۆم و هاوڕیکانمتان بۆ باس بکه‌م.
له کاتی ئه‌و هێڕشانه‌ی که 14 نیسانی ساڵی ڕابردوو کرایه سه‌رمان، 53 که‌سایه‌تی سیاسی و نوێنه‌ری کۆمه‌ڵکه‌کان، ڕاپێچی زیندان کران. دوای چوار ڕۆژ هه‌موومان بڕیاری مانه‌وه‌مان له زینداندا درا و خستینیانه زیندانی دیاربه‌کره‌وه.
ئه‌وه بۆ 11 مانگ ده‌چێت ئێمه‌یان گرتووه و هه‌تا ئێستا هیچ مامه‌ڵه‌یه‌کی قانونیمان له‌گه‌ڵدا نه‌کراوه. ده‌ڵێن کێسه‌کانمان نهێنین. واته دوای 11 مانگ هێشتا نازانین بۆچی و له‌سه‌ر چی گیراوین.
ئه‌و هه‌ڵسووکه‌وته‌ی ده‌وڵه‌ت له‌گه‌ڵ ئێمه‌ی ده‌کات نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه که ئێمه به‌بڕیارێكی سیاسی گیراوین نه‌ک داده‌وری. چونکه ئێمه دڵنیاین له‌وه‌ی ئه‌گه‌ر وانه‌بوایه هه‌ر زوو دوای ده‌ستبه‌سه‌رکردنمان ده‌یانبردینه به‌رده‌م دادگا.
زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که له 14 نیسانی 2009 دا گیراون، که‌سایه‌تی سیاسیی کوردن، ده‌وڵه‌تی تورکیا به‌شێوه‌یه‌کی پلانبۆدارێژراو نزیکه‌ی چوار هه‌زار چالاکوانی کوردیان گرت و زیاتر له 1500 که‌سیان له زینداندا هێڵروانه‌ته‌وه. هیچ شکوگومانێک له‌وه‌دا نییه که هه‌موو ئه‌وانه‌ی گیراون خه‌باتکاری ئاشتی و دیموکراتین و به‌شێوه‌یه‌کی دیموکراتیانه سیاسه‌ت و کاری جڤاکی ده‌که‌ن. ئه‌وانه هیچ په‌یوه‌نده‌ییه‌کیان به ڕێکخراوێکی نایاساییه‌وه نییه، به پێچه‌وانه‌وه، ئه‌وانه دژی کاری توندوتیژین.
ده‌وڵه‌ت سه‌دان هێرشیان کرد‌و و ماڵانیان پشکنیوه به‌ڵام یه‌کجاریش ته‌نها چه‌کێکیان نه‌دۆزیوه‌ته‌وه.
هه‌وڕێیانی پارتیمان که له‌سه‌رکردایه‌تیدان و زیندانی کراوان هه‌موویان ئه‌ندامی DTP ی قه‌ده‌خه‌کراو و BDP ئێستان، نوێنه‌رایه‌تی ڕێکخراوی گه‌نجان و ژنانن، له‌لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه هه‌ڵبژێردراون یانیش چالاکڤانی ماڤی مرۆڤن. من خۆم جێگری یه‌کێتی شاره‌وانییه‌کانی سه‌ر به DTP م که زۆرینه‌ی ده‌نگه‌کانی به‌ده‌ست هێناوه.
زیندانیکردنی ئه‌و هه‌موو سیاسییه‌ی که له‌ژێر هێڵ و پرنسیپه دیموکراتییه‌کاندا کار ده‌که‌ن، له‌لایه‌ن خه‌ڵکی کورده‌وه وه‌کو هه‌وڵدانی ده‌وڵه‌تی تورکیا بۆ "کۆمه‌ڵکوژییه‌کی سیاسی" ته‌ماشا ده‌کرێت، ئه‌وه‌یش به ئامانجی تێکشان و بێئیراده‌کردنی سیاسیی کورده‌کانه.
ئێمه ئه‌م ده‌ستگیرکردنانه وه‌کو تۆڵه‌یه‌کی سیاسی ده‌بینین چونکه (ئاکه‌په) له ناوچه کوردییه‌کاندا به شێوه‌یه‌کی به‌رچاو دۆراندیان. ئه‌وان هیوایی ئه‌وه‌یان هه‌یه که له هه‌ڵبژاردنی داهاتویی پارله‌ماندا ئه‌و ده‌نگانه‌ی که DTP به‌ده‌ستی هێنا له‌و ناوچانه‌دا له ڕێگای گرتنی سیاسییه کورده‌کانه‌وه به‌ده‌ستی بهێننه‌وه. کاتێک AKP نه‌یتوانی له‌سه‌ر سندوقی ده‌نگدان به‌سه‌رماندا سه‌رکه‌وێت، ده‌ستیان کرد به گرتنی ئێمه.
ئایا ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئێمه چ جۆره په‌رچه‌کردارێک نیشان بده‌ین؟ ئایا ئێمه ده‌بێت ده‌ستبه‌رداری بیروڕاکانی خۆمان و ژیانێکی باشتر بۆ گه‌له‌که‌مان ببین؟ له داهاتودا واز له خه‌بات بێنین؟ ڕه‌نگه ئه‌وان بیانه‌وێت ناچارمان که‌ن ڕوو له چیاکان بکه‌ین؟
به‌ڵام ئێمه له داهاتویشدا سه‌ره‌ڕای چه‌وساندنه‌وه و به‌دواکه‌تنمان، خه‌باتێکی سیاسی ئاشتیانه په‌ره پێده‌ده‌ین، چونکه ده‌نگده‌رانمان ئه‌و مافه‌یان به ئێمه داوه. ئه‌وه سیاسه‌تی ئێمه‌یه، نه‌ک ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ڵبژێردراوی گه‌لین به‌ڵکو ئێمه سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌کین که زمان و فه‌رهه‌نگمان که‌وتۆته به‌ر شاڵاوی توانه‌وه و سیاسه‌تی پاکتاوکردن.
به‌داخه‌وه ئه‌وه ڕاستیی ژیانی ئێمه‌یه که ده‌بێت خه‌بات بکه‌ین بۆ مافه سه‌ره‌تاییه‌کانمان. ئێمه له داهاتویشدا داوای یه‌کسانی، عه‌داله‌ت و دیموکراتی ده‌که‌ین. ئێمه پێمان وایه که نه‌ته‌وه‌که‌مان وه‌کو هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی دیکه هه‌مان مافی ئازادی و دیموکراتی ده‌بێت پێ ڕه‌وا ببینرێت. ئێمه ده‌مانه‌وێت به ئازادانه به زمانی کوردی بخوێنین و بئاخڤین، هه‌موو ئه‌و یاسا ناڕه‌وایانه‌ی که دژایه‌تی، مافی ڕێکخراوه‌یی، زمانی دایک و ناسنامه‌مان ده‌که‌ن، هه‌ڵبگیرێن. ئه‌وانه ئه‌و داوایانه‌ن که پێشتر و له داهاتویشدا خه‌باتی بۆ ده‌که‌ین. ئه‌و مافانه‌ی ئێمه داوای ده‌که‌ین ناڕه‌وا نین، به‌ڵکو له هه‌موو وڵاتێکی دیموکراتیدا ددانیان پێدانراوه. به‌ڵام به داخه‌وه ده‌وڵه‌تی تورکیا ئه‌و داوایانه‌ی ئێمه وه‌کو هه‌ڕه‌شه چاولێده‌که‌ن، هه‌ر بۆیه ئێمه ئێستا خراوینه‌ته زیندانه‌وه.
له‌و ماوه‌ییه‌ی که ئێمه له زیندانداین چه‌ندین تۆمه‌تمان خراوه‌ته پاڵ. زۆرجار له ڕۆژنامه تورکییه‌کاندا مانشێتی گه‌وره ده‌خوێنییه‌وه و تاوانبارمان ده‌که‌ن. یه‌کێک له‌و تاوانه سه‌یروسه‌مه‌رانه‌ی که ده‌یخه‌نه پاڵ من ئه‌وه‌یه که من دژی دروستکردنی ئه‌و به‌نداوه‌م که ئه‌گه‌ر ته‌واو ببێت ئه‌وا شاری حه‌سه‌نکه‌یفی که‌وناره ده‌که‌وێت ژێر ئاوه‌وه، واته من تاوانبار ده‌کرێم به‌وه‌ی که کار بۆ ئه‌وه ده‌که‌م و بیروڕای جیاوازم هه‌یه له‌سه‌ر دروستکردنی به‌نداوی ئیلوسو. ئه‌وه‌یش وه‌کو جنایه‌تێک ته‌ماشا ده‌که‌ن. حه‌سه‌نکه‌یف میراتێکی فه‌رهه‌نگییه که له‌لایه‌ن ڕێکخراوی Unesco وه‌کو میراتێکی فه‌رهه‌نگی قبووڵ کراوه. پارێزگاری له‌و شاره مافێکی بێ چه‌ندوچونی دیموکراتیی منه. ئاخر چۆن مرۆڤ ده‌توانێت ئه‌وه وه‌کو تاوانێک ته‌مشا بکات؟
من له داهاتویشدا دژی دروستکردنی ئه‌و به‌نداوه ده‌وه‌ستمه‌وه، چونکه به‌شێکی گرنگی مێژووه‌که‌م ده‌که‌وێته ژێر ئاوه‌وه.
به‌ڕاستی شتێکی سه‌یره، به ئێمه ده‌ڵێن کێسه‌که‌مان مۆری نهێنی لێ دراوه و ته‌نانه‌ت پارێزگاره‌کانیشمان ناتوانن بیبینن، که‌چی ڕاگه‌یاندنه‌کانی نزیکی ده‌وڵه‌ت زانیاری بڵاوده‌که‌نه‌وه و پشت به کێسه‌کانی ئێمه ده‌به‌ستن.
ئێمه پێمان سه‌یره که چۆن ڕاگه‌یاندنی تورکی بۆیان هه‌یه کێسه‌کانی ئێمه هه‌ڵده‌نه‌وه به‌ڵام محامییه‌کانمان بۆیان نه‌بێت بیبینن. ئێمه پێمان وایه که ده‌وڵه‌ت به هۆشیارییه‌وه ئه‌و کاره ده‌کات تا ئێمه له‌به‌رچاوی ڕایی گشتی ڕه‌ش بکه‌ن.
ئێمه ئێستا له ڕه‌وشێکی زۆر حه‌ساس داین. هه‌وڵی جددی له لایه‌ن کوردانه‌وه ده‌درێت بۆ چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورد به‌شێوه‌یه‌کی ئاشتیانه. هه‌وڵدانی ده‌وڵه‌ت بۆ بچوککردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی کورد ته‌نها ڕێگرییه‌ک نابێت بۆ پرۆسه‌ی دیموکراتی له تورکیا به‌ڵکو برینداریشی ده‌کات. ئێمه ده‌مێکه وتومانه که پرسی کورد گرنگترین کێشه‌یه له تورکیا، ئه‌گه‌ر ئه‌و وڵاته بییه‌وێت پێگه‌ی دیموکرات به‌هێز بێت، ده‌بێت چاره‌سه‌ر بکرێت.
گه‌وره‌ترین ڕێگریی له‌به‌رده‌م گه‌شه‌کردن و دامه‌زراندنی وڵاتێکی مۆدێرن و قانوونی، دژایه‌تی کردنی چاره‌سه‌رکردنی پرسی کورده. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که پارتی ده‌سته‌ڵاتدار ناوی لێناوه "ڕیفۆرمی کوردیی" یانیش "کرانه‌وه"، هیچ بایه‌خێکیان نییه. ئامانجی ئه‌وان گۆرانکارییه‌کی بنه‌ڕه‌تی نییه به‌ڵکو ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت ده‌یکات بردنه‌وه‌ی کاته تا چه‌مکێکی تازه بێننه ئاراوه.
ئێمه له‌هه‌موان زیاتر ده‌مانه‌وێت کێشه‌که به ڕێگایه‌کی ئاشتیانه و دیموکراتیانه چاره‌سه‌ر بکڕیت. ته‌نها چاره‌سه‌ریش له‌و ڕێگایه‌وه ده‌بێت که هه‌ردوولا، دانوساندن بکه‌ن. هه‌وڵدانی ئێمه به‌و ئاراسته‌یه‌یه. ئێمه ئاماده‌ین پشتیوانی خۆمان له هه‌ر ده‌ستپێشخه‌رییه‌کی جددی بکه‌ین.
ئێمه ئاشتی و دیموکراتیمان گه‌ره‌که هه‌روه‌ها کۆتایی هێنان به‌شه‌ڕ. ئه‌وه‌یش ده‌بێت له ڕێگای ڕیزلێنان له هه‌ر که‌ڤرێکه‌وه بێت که ده‌کرێته بناخه‌ی دروستکردنی کۆمه‌ڵگه. ئێمه ده‌مانه‌وێت کورد و تورک له برایه‌تییدا بژین و ڕه‌وشێکی سه‌ربه‌خۆیانه بخوڵقێنرێت. ئێمه چاوه‌ڕوانیی ئه‌وه‌مان هه‌یه هه‌موو که‌س به به‌رپرسیارێتییه‌وه به‌شداری ئه‌و پرۆسه‌یه بکات.
بایرام ئاڵتون، جێگری سه‌رۆکی پێشووی پارتا جڤاکا دیموکراتی
زیندانی دیاربه‌کرد
سه‌رچاوه: ڕۆژنامه‌ی ڕۆژانه‌ی ئۆپسالا نییه‌تیدنینگ
وه‌رگێرانی له سوێدییه‌وه: کاوه ئه‌مین
تێبینی: له ڕۆژنامه‌ی ڕوداوی 26 ئاپریلدا بڵاو کراوه‌ته‌وه