
کوردانی فه‌یلی
ماڵ و گیان دزراوه‌کان
کاوه ئه‌مین
راونان و کۆمه‌ڵکوژی له‌سه‌ره‌تایی دروستبوونی ده‌وڵه‌تی عێراق و لکاندنی ولایه‌تی موسڵ که هه‌موو باشووری ئێستایی کوردستان ده‌کات به‌و وڵاته‌وه، به‌شێک بوون له‌و سیاسه‌ته ره‌گزه‌په‌رستانه‌ی که ده‌وڵه‌تی مه‌لیکی و پاشان کۆماریی ئه‌و وڵاته به‌رانبه‌ر کورد پیاده‌یان کردووه. کورده فه‌یلییه‌کان وه‌کو به‌شێکی دانه‌بڕاو له نه‌ته‌وه‌یی کورد له هه‌موان زیاتر رووبه‌رووی چه‌وساندنه‌وه‌ی عێراق بوونه‌ته‌وه ئه‌وه‌یش به‌هۆی جێگای دانیشتنیانه‌وه که به‌شێکیان له ده‌ره‌وه‌ی سنووری جوگرافیایی کوردستان ده‌ژین که له به‌غداوه درێژده‌بێته‌وه تا به‌سره به هه‌ردوو دیوی ئه‌و سنوورانه‌ی پێیان ده‌وترێت سنووری نێونه‌ته‌وه‌ی عێراق و ئێران. به گوێره‌ی هه‌ندێک سه‌رچاوه کورده فیلییه‌کان له نێوان ساڵانی 1623 – 1929 دا، حکومڕانی ئه‌و ناوچانه‌یان کردووه و به‌غدادایان کردووه‌ته پایته‌ختی خۆیان.
تراژدیایی کورده فه‌یلییه‌کان له سه‌ره‌تایی شه‌ڕیی عێراق و ئیران‌دا گه‌یشته لوتکه، به‌شێوه‌یه‌ک زۆر به ئاسانی ده‌کرێت له‌گه‌ڵ شێوه‌ی کوشتن و له‌ناوبردن و گواسته‌نه‌وه‌ی جووله‌که‌کاندا له سه‌رده‌می جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌دا، به‌راورد بکرێت، که تا کۆتایی ساڵی1990 درێژه‌ی کێشا. به‌ڵام راستییه‌کی ئه‌و سیاسه‌ته‌ی عێراق ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ساڵی 1941، پاشان له نێوان ساڵانی 1968 تا 1972 سه‌دان هه‌زار کوردی فه‌یلیی له عێراقه‌وه به‌ره‌و ئێران به‌زۆره‌ملێ کۆچیان پێکرا. کورده فه‌یلییه‌کان خۆیان ده‌ڵێن که به‌غداد ناوه‌ند و شوێنی نیشته‌جێبوونیان بووه به درێژی سه‌دان ساڵ هه‌ربۆیه به‌شێکی گه‌وره‌ی بورای ئابووری و بازرگانی ئه‌و شاره له‌ده‌ست ئه‌واندا بووه تا ساڵی 1980. له 4 ئاپریلی 1980 دا، وه‌زیری بازرگانی عێراق به بیانووی گفتوگۆکردن له‌سه‌ر هاورده‌ی بازرگانی. له‌گه‌ڵ بازرگانه گه‌وره‌کانی کوردی فه‌یلیی کۆده‌بێته‌وه به‌ڵام له ڕاستیدا ئه‌وه سه‌ره‌تایی ئه‌نفالکردنی کورد بوو که له کورده فه‌یلییه‌کانه‌وه ده‌ستی پێ‌کرد و پاشان بارزانییه‌کان و له کۆتایشدا گه‌رمیان و ناوچه‌کانی که‌رکووک. ده‌وڵه‌تی عێراق هه‌موو ئه‌و بازرگانه کوردانه‌ی ره‌وانه‌ی ئێران کرد به‌بیانووی ئه‌وه‌ی که ئه‌وانه بێگانه‌ن و هاووڵاتی عێراقی نین ئه‌وه له کاتێکدابوو که هه‌موویان ره‌گه‌زنامه‌ی عێراقیانه هه‌بوو و سه‌ددان ساڵ بوو له به‌غداد و ئه‌و ناوچانه‌ی باسکران ده‌ژیان.
لاوانی کوردی فه‌یلیی ئه‌وانه‌ی ته‌مه‌نیان له نێوان 12 تا 17 ساڵدابوو له تاقیگه‌کیمیاوییه‌کاندا وه‌کو که‌روێشکی تاقیگه به‌کاریانهێنان، ئه‌وانه‌ی که ره‌وانه‌ی ئێران ده‌کران به‌شێکی زۆریان له‌کاتی په‌رینه‌وه به‌ناو کێڵگه‌ی میندا گیانیان له‌ده‌ست دا. هه‌ر بۆیه شتێکی سه‌یر نییه که له‌ناو ئه‌و سه‌دان گۆڕه به‌کۆمه‌ڵه‌ی که له عێراق و باشووری کوردستاندا دۆزراونه‌ته‌وه، تا ئێستا ئاساواری کورده فه‌یلییه‌کان به‌دی نه‌کراوه.
له دوایی رووخانی رێژیمی به‌عسه‌وه هه‌تا ئێستایش زۆربه‌ی کێشه‌ی کورده فه‌یلییه‌کان به هه‌ڵپه‌سێردراوی ماونه‌ته‌وه، ده‌یان هه‌زار چاوه‌ڕێی ئه‌وه ده‌که‌ن که مافی هاوولاتێتیان بۆ بگێرنه‌وه و له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه قه‌ره‌بووی مادی بکرێنه‌وه، کورده فه‌یلییه‌کان له نێوان به‌رداشی نه‌ته‌وه‌بوون واته کوردبوونیان و هه‌روه‌ها هه‌ڵگری مه‌زهه‌بی شیعه‌دا گیریان خواردووه و کورد وته‌نی له کورده‌که‌ی هه‌ردوو جه‌ژنه‌که بوون. ره‌نگه ته‌نها چاره‌یه‌ک بۆ کورده فه‌یلییه‌کان تا بتوانن گوشار بخه‌نه سه‌ر ده‌سته‌ڵادرانی عێراقی و کوردستانی، خۆڕێکخستنیان بێت له رێکخراوێکی به‌هێزدا که هه‌م مافه نه‌ته‌وایه‌تیی و هه‌میش مافه ئاینییه‌کانیان به بنه‌ما بگرێت و بپاریزێت.
له‌یه‌کێک له رۆژنامه‌کانی سوێددا له سه‌ره‌تای رووخانی به‌عسدا دایکێکی فه‌یلیی که له شه‌وێکی 1980 دا له‌لایه‌ن به‌عسه‌وه کوره 22 ساڵه‌که‌ی بێسه‌روشوین ده‌کرێت ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر پێش رووخانی به‌عس هیوایه‌کمان هه‌بوو که کوڕه‌کانمان ڕه‌نگه زیندووبن و رۆژێک بێت سه‌روه‌ت و ماڵوموڵکی داگیرکراومان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه و قه‌ره‌بوو بکرێینه‌وه، به‌ڵام ئێستا ئه‌و هیوایه‌مان له‌ده‌ست داوه، ئێستا ته‌نها به‌و هیوایه‌وه ده‌ژین که ئێسکوپروسکی منداله‌کانمان بۆ بگێرنه‌وه، ئه‌وه‌مان له هه‌موو شتێک لا گرنگتره.
به‌راستی شه‌رمه له ولاتێکدا که کورد گوایه خۆی هاوبه‌شه له حکومکردنیدا، دایکانی کورد هێشتا به ئاواتی ناشتنی ته‌رمی بێسه‌روشوینکراوی رۆله‌کانیانه‌وه سه‌ربنێنه‌وه. ئاخر خۆ له خۆرا ناڵێن کورد گه‌رانتی یه‌کپارچه‌یی خاکی ئێراقی کردووه و ده‌کات، ئه‌وه‌یش کاتێک ره‌گوریشه‌ی خۆیی داکوتا که "رووناکبیرانی" کورد له کۆتایی بیسته‌کان و سه‌ره‌تایی سییه‌کانی سه‌ده‌ی رابردوودا، سووپای "نه‌به‌زیی" عێرقیان دامه‌زراند. ئێستایش زۆرجار که باسی سووپای عێراقی ئێستا ده‌کرێت، هه‌ندێک به‌رپرسی کورد به شانازییه‌وه باسی ئه‌وه ده‌که‌ن که پێشمه‌رگه پاسه‌وانی عه‌لاویی و مالیکی و ئه‌وانه‌ی دیکه‌یان کردووه.
تکایه ئه‌گه‌ر هیچ بۆ فه‌یلییه‌کان ناکه‌ن، به‌ڵگه‌کان بخه‌نه روو بزانین ته‌رمی لاوه‌کانیان له کوێن، با ئه‌و چه‌ند دایکه کورده‌ی که ماون هیچ نه‌بێت بتوانن پێش مردنیان مشتێک ئێسکی به‌جێماوی لاوه‌کانیان بنێژن.
تێبینی: له رۆژنامه‌ی رووداو دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.