
نامه‌کانی فه‌رزادی که‌مانگه‌ر
کاوه ئه‌مین
ده‌وڵه‌تی داگیرکاری ئێران به به‌رچاوی جیهانه‌وه و به‌بێ ئه‌وه‌ی هیچ حسابێک بۆ هه‌ست و شعوری ملیۆنان مرۆڤی کورد بکات، مامۆستا فه‌رزاد که‌مانگه‌ر و چوار تێکۆشه‌ری دیکه‌ی مافی مرۆڤیان له‌سێداره‌دا. به‌ڵی کوردبوون بووته تاوانێک و حوکمه‌که‌یشی مردنه، رژێمی سووریا که هاوئاینزای ئێرانه هه‌مان شت دژی رۆله‌کانی کورد ده‌کات و تورکیایش ده‌ستخۆشیان لێ ده‌کات. به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان کورد وه‌کو جارانی دیکه بێده‌نگ نه‌بوو، هاوهه‌ستییه‌ک که چاره‌نووسی کورد ده‌به‌ستێته‌وه به‌یه‌که‌وه له ئاماده‌وه تا کرماشان، زنجیره‌چیاکانی زاگرۆسی به‌هه‌ردوو دیودا راچه‌ڵه‌کاند. شێرکۆ بێکه‌س له وتارێکدا خۆی کرد به تاڵه‌قژی شیرین عه‌له‌م هوولی و ناوێکی تازه‌ی کرد به‌به‌ری کۆماری ئیسلامی‌دا، کۆماری سێداره که پڕ به‌پێستی ڕژێمێکه، ته‌نها به‌زمانێک ئاشنایه، زمانی چه‌ک، زمانی سێداره و زمانی کوشتن.
فه‌رزادی که‌مانگه‌ر له‌ماوه‌ی مانه‌وه‌ی له زینداندا چه‌ندین نامه‌ی به‌زمانی فارسی نارده ده‌ره‌وه، چه‌ند مانگێک پێش ئێستا له لایه‌ن (کاک سیاوه‌ش گۆده‌رزی)ه‌وه کرانه کوردی و له دووتوێی کتێبێکی نایابدا له سوێد چاپکران. زیندانه‌کانی ئاماد و موسڵ و سننه و شوێنه‌کانی دیکه‌ی کوردستان زۆرشتی هاوبه‌شیان هه‌یه، لێدان، سووکایه‌تی و ته‌عدا و نکۆڵی لێکردن له نه‌ته‌وه‌یه‌ک، به‌ڵام له‌هه‌مووی به‌رچاوتر ئه‌وانه‌ی که له‌و شوێنانه ئه‌شکه‌نجه‌ده‌رێن کوردن، جیاوازیی ئه‌و زیندانانه‌یش ئه‌وه‌یه که سه‌جانه‌کانن، تورک و عه‌ره‌ب و فارسن.
له نامه‌یه‌کیدا فه‌رزاد باسی راگواستنی ده‌کات بۆ زیندانی ئه‌وین، ناوێک که لای زۆربه‌ی کوردانی ڕۆژهه‌ڵات و ئێرانییه‌کان ناوێکی ئاشنایه: "کاتێک له قولینچکی چاوه‌کانمه‌وه، تابلۆی گرتووخانه‌ی "ئه‌وین"م خوێنده‌وه، ئه‌وه‌ی هه‌ر له کۆنه‌وه له‌باره‌ی ئه‌م زیندانه خوێندبوومه‌وه یان له یادمدا مابوو، سه‌رله‌نوێ وه‌بیرم که‌وتنه‌وه. له ناکاو "خوێنی ئه‌رخه‌وانه‌کان" (سروودێک له بیژه‌نی جه‌زه‌نی) دیسان که‌وته بیرم. ئه‌م سرووده‌م زۆر خۆشده‌ویست، خۆزگه له به‌رم کردبا. هه‌رکه پێم نایه داڵانه‌کانی 209 و سلووله تاکه‌که‌سییه‌کانی، بۆنێکی نه‌ناسراو غه‌ریبم هه‌ست پێ‌کرد، به خۆم گوت ڕه‌نگه ئه‌مه بۆنی زیندان و بۆنی داپڵۆسین و خنکاندن بێت."
له شوێنێکی دیکه‌دا، فه‌رزاد باسی ئه‌و "میوانانه‌ی" که پێش ئه‌و ڕه‌نگه بۆ دواجار یاداوه‌رییه‌ک یانیش ته‌نها ناوی خۆیان له‌سه‌ر دیواری ژووره تاکه‌که‌سییه‌کان هه‌ڵکۆڵیبێت، باسی یه‌کسانی ده‌کات، یه‌کسانییه‌ک که ته‌نها رژێمه دیکتاتۆرییه‌کان په‌یره‌و‌ی ده‌که‌ن و هه‌موو زیندانییه‌کان به‌بێ جیاوازی ره‌گه‌زی و ئێتنیکی ئه‌گه‌ر هه‌ر هیچ تۆمه‌تێکیان بۆ نه‌دۆزرایه‌وه بیخه‌نه پاڵیان، تۆمه‌تی "دژی خوا"یان بۆ هه‌ڵده‌به‌ستن: "وه‌ک ئه‌وه وایه له نێو 209دا عه‌داله‌ت له حه‌قی هه‌موو که‌سێکدا به شێوه‌ی یه‌کسان به بێ جیاوازی، ئیتنیک، ڕه‌گه‌ز، مه‌زهه‌ب و چین په‌یره‌و کراوه‌و هه‌موو که‌سێک به بێ جیاوازی و به یه‌کسانی هاتوونه ئه‌م زیندانه."
نامه‌کانی که‌مانگه‌ر فێری زۆر شتمان ده‌که‌ن، خۆشه‌ویستی نیشتیمان، خۆشه‌ویستی مرۆڤ، بۆنی خاک و پێکه‌وه‌لکاندی وشه به‌زمانی دایک، زمانی کوردیی، زمانێک که سه‌دان ساڵه قه‌ده‌غه‌یه، که‌چی سه‌دانی وه‌کو که‌مانگه‌ر خۆیان به غوڵامی کردووه و هه‌تا ئه‌م سه‌رده‌مه‌یان هێناوه. که‌مانگه‌ر له دوا گفتوگۆی ته‌له‌فونی که بۆ ته‌له‌فزیۆنێکی کوردی چه‌ند رۆژێک پێش له سێداره‌دانه‌که‌ی به‌دزییه‌وه له زیندانه‌وه کردوویه‌تی، توڕه دیاره، توڕه‌یه له‌وه‌ی که له نامه‌یه‌کیدا گوایه ئه‌و وتوویه‌تی کورد "قه‌ومه"، بۆیه به‌ز‌مانیکی ساکار ده‌ڵێت، من له‌سه‌ر کورد له سێداره ده‌درێم ئیتر چۆن به نه‌ته‌وه‌که‌ی خۆم ده‌ڵێم "قه‌وم". له زمانی فارسی‌دا وشه‌ی "قه‌وم" وه‌کو سووکایه‌تییه‌ک بۆ نه‌ته‌وه‌کانی غه‌یری فارس به‌کارده‌هێنرێت.
خۆزگه ڕۆژێک نامه‌کانی فه‌رزاد که‌مانگه‌ر ده‌کرانه نێو سیستێمی په‌روه‌رده‌وه و نه‌ک ته‌نها منداڵانی کورد به‌ڵکو منداڵانی جیهان بیانخوێندایه چونکه تژین له خۆشه‌ویستی و په‌یڤی جوان و سروشتپارێزی.
زۆرجار رژێمه دیکتاتۆرییه‌کان بۆ شکاندنی که‌سایه‌تی زیندانییه‌کان داوایان لێ ده‌که‌ن که په‌شێماننامه‌یه‌ک بنووسن و داوا له "سه‌رۆکی به‌خشنده‌ی" وڵات بکه‌ن تا بیانبه‌خشێت، سه‌جانه‌کانی زیندان هه‌مان پێشنیاز بۆ فه‌رزاد و هاوڕێکانی ده‌که‌ن به‌ڵام فه‌رزاد له نامه‌یه‌کیدا ده‌ڵێت: ئێستا به پێی ئه‌و شته‌ی که نووسیومه(مه‌به‌ست نامه‌کانییه‌تی)، ئایا من شایانی سزای له سێداره‌دانم؟ ئایا من بۆ پاراستی ژیانی خۆم ده‌بێ داوای لێ بوردن بکه‌م؟ لێ بوردن له کامه گونا و له چی و له کێ؟ ئایا ئه‌و که‌سانه‌ی ته‌نانه‌ت یاسای نووسراوه‌ی خۆشیان زۆر جار پێشێل ده‌که‌ن و به پێی یاسای نه‌نوسراوی خۆیان ئه‌شکه‌نجه و ئیعدام دابه‌ش ده‌که‌نه‌وه، و له‌م رێگه‌یه‌شدا له هه‌موو که‌س ده‌ست و دڵ بازترن، پێویست نییه ئه‌وان داوای لێبوردن بکه‌ن؟
ده‌ڵێن هاوسه‌ری یه‌کێک له‌و پۆله شه‌هیده، فه‌رهاد وه‌کیلی له سه‌ردانێکیدا بۆ ئه‌و گاڵته‌جاڕییه‌ی ناویان ناوه دادگا، دوو منداڵه‌که‌ی له‌گه‌ڵ خۆی ده‌بات، دادوه‌ر لێی ده‌پرسێت بۆچی ئه‌و منداڵانه‌ت هێناوه له‌گه‌ڵ خۆت؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت تا ده‌موچاوی بکوژه‌که‌ی باوکیان له‌بیرنه‌چێته‌وه. تۆ بڵێی پارته‌کانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان له‌م په‌یڤانه شه‌رمدایان بگرێت و واز له‌و په‌ره‌ته‌وازییه بێنن؟
فه‌رزاد که‌مانگه‌ر له دوا په‌یڤه‌کانی خۆیدا سێ رۆژ پێش له سێداره‌دانی گله‌یی ده‌کات که بۆ کورد یه‌کناگرن که بۆ کوردانی ئه‌وروپا که‌مته‌رخه‌من و ده‌نگیان به دنیا ناگه‌یه‌نن! کاتێک چه‌ندین جار گوێم له‌و قسانه گرت، شه‌رم دایگرتم، به‌ڵام فه‌رزاد گیان چی ده‌که‌یت له‌گه‌ڵ دنیایی سۆزانیدا که نایانه‌وێت قسه‌کانی تۆ بشنه‌ون و ته‌نانه‌ت راگه‌یاندنی وڵاتێکی وه‌کو سوێد له سێداره‌دانی ئێوه‌یان باس نه‌کرد، به‌ڵام هه‌واڵی له‌سێداره‌دانی قاچاخچیه هێرۆین فرۆشه‌کان بڵاو ده‌که‌نه‌وه!!
تۆیه‌ک که له مردن نه‌ترسایت، فه‌رهاد وه‌کیلییه‌ک که ده‌ڵێت مردن بۆ زۆر که‌س وه‌کو دێوه‌زمه‌یه‌ک وایه به‌ڵام لای من له مێروله‌یه‌ک ده‌چێت و کاتێکیش که له تۆ ده‌پرسن ئایا له سێداره ده‌ترسیت تۆیش به خه‌نده‌یه‌که‌وه ده‌ڵێت: کاتێک خۆر به‌ره‌و ڕۆژئاوابوون ده‌چێت، ئه‌ستێره‌کان به‌دواییدا هه‌ڵدێن!
تۆ راست ده‌که‌یت، تۆ خۆریت و قوتابییه‌کانت ئه‌ستێره.
تێبینی: له رۆژنامه‌ی رووداوی رۆژی 17 – 5 دا بڵاوکراوه‌ته‌وه.