هه‌ڵدانه‌وه‌ی لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کان
کاوه ئه‌مین
کوشتنی خوێندکاری کورد زه‌رده‌شت عوسمان جگه له‌وه‌ی کارێکی دڕندانه و نامرۆڤانه و ناکوردانه‌یه

هه‌روه‌ها کورد وته‌نی دۆ و دۆشاوی سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردی تێکه‌ڵ کرد. ئه‌وه‌ی من ده‌مه‌وێت له‌م چه‌ند دێره‌دا له‌سه‌ری بدوێم ئه‌و لاپه‌ڕه ڕه‌شانه‌یه که له هه‌موو کات و ساتێکدا هه‌ڵده‌درێنه‌وه، ئێمه رق و کینه‌مان له دڵی خۆماندا هه‌ڵگرتووه و چاوه‌ڕێی هه‌لێکین بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه له‌یه‌کتری ئه‌وه‌یش سروشتی کۆمه‌ڵگای عه‌شایه‌رییه، هه‌تا ئه‌و کاته‌ی یاسایه‌کی مۆدێرن دانه‌ڕێژرێت که ڕێزگرتن له مافی مرۆڤ به بنه‌ما بگیرێت و هه‌موو تاکێک به‌یه‌ک چاو ته‌ماشا بکات ناکرێت لاپه‌ڕه ره‌شه‌کان که مێژووی مۆدێرنی کوردیی به‌تایبه‌تی مێژووی باشووری کوردستانی پڕکردۆته‌وه و تا ئێستا که‌س هه‌وڵی نه‌داوه به‌جددی لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکات، چونکه پارتی کوردیی و ئه‌وانه‌ی ده‌سته‌ڵاتدارن یانیش ئۆپۆزسیۆنن هێنده په‌رێزیان پاک نییه چاوه‌ڕیی هیمه‌تێکی وایان لێ بکه‌یت هه‌رهیچ نه‌بێت له‌م کاته‌دا که نه‌وه‌ی ئه‌م دوو ده‌یه‌یی دوایی تێکه‌ڵ به‌و لاپه‌ڕه ڕه‌شانه نه‌کرێن و لاپه‌ره‌یه‌کی سپییان لێ بنووسرێته‌وه. ئێستا له‌شکرێک له رۆژنامه‌نووس، رووناک‌بیر، رۆشنبیر و فه‌یله‌سوف که له رواڵه‌دا هه‌موو خۆیان به غاندی و نیلسۆن ماندێڵا ناگۆڕنه‌وه به‌ڵام له کرده‌وه‌دا ناڵێم هه‌موویان به‌ڵام به‌شی هه‌ره‌زۆریان له‌ژێر سه‌رینه‌کانیاندا چه‌کیکی تۆڵه‌یان شاردۆته‌وه و له‌سه‌رپێن بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه.
ئێمه بۆیه له هه‌موو شتێک له‌شکرێکمان هه‌یه چونکه پێناسه‌مان بۆ هیچ شتێک نییه. کابرا چووزه‌له لیده‌دات، حه‌یران ده‌ڵیت، وانه ده‌ڵێته‌وه، دوکتۆره، مامۆستایه، مه‌لایه، قه‌شه‌یه و ده‌یان پیشه‌ی دیکه که‌چی زۆر به ئاسانی ده‌کرێت به‌هه‌موویان بڵێین مامۆستا، رۆژانه له ته‌له‌فزیۆنه کوردییه‌کانه‌وه وشه‌ی مامۆستا ده‌به‌خشرێته‌وه، له‌م ڕۆژانه‌دا له که‌ناڵیکه‌وه گوێم لێ‌بوو به گۆڵچییه‌کان ده‌وت مامۆستا، پێشکه‌رکارێک به گۆرانییبێژێکی ده‌گوت مامۆستا، فه‌قیره شه‌رمی له‌خۆیی ده‌هات چونکه خۆی باش ده‌یزانی که ئه‌و مامۆستا نییه. ئه‌و نموونه‌یه‌م بۆیه هێنایه‌وه چونکه ئێمه نازانین کێ مامۆستایه، کێ خوێندکاره، کێ رۆژنامه‌نوسه، کێ رووناکبیره، له سوێد ته‌نها به‌وانه ده‌ڵێن مامۆستا که له قوتابخانه‌کاندا وانه ده‌ڵێنه‌وه ئه‌گه‌ر پێشکه‌شکارێک له سوید به گۆرانیبێژێک بڵێت مامۆستا، ئه‌وا هه‌ر نۆ ملیۆنکه بۆی له قاقای پێکه‌نین ده‌ده‌ن.
خۆ ئه‌وه ته‌نها کورد نییه که له سه‌رده‌میکی مێژووکه‌یدا دووچاری شه‌ڕیی ناوخۆ بووه، له ئیسپانیاوه بگره هه‌تا رووسیا، چیلی، چین و ده‌یان وڵات و نه‌ته‌وه‌ی دیکه تووشی شه‌ڕیی ناوخۆیی بوون، به‌ڵام چونکه دوای ئه‌و تراژدیانه هه‌وڵیان داوه نه‌وه‌کانی دوای خۆیان به‌و ده‌رده‌وه نه‌تلێنه‌وه، قامکیان کردووه به برینه‌کانیاندا و له‌ڕێگای کۆمیسۆنی تایبه‌تییه‌وه هه‌موو ئه‌وانه‌ی که تاوانانیان کردووه دادگایی کراون به‌بێ گوێدان به‌وه‌ی که تاوانبار جه‌نراڵێک بووه یان کۆمۆنیستێک، قه‌شه‌یه‌ک یان هه‌ر چییه‌کی دیکه بووبێت. کێشه‌ی ئێمه ئه‌وه‌یه که تا ئێستا که‌س دان به تاوانه‌کانیدا نانێت به‌ڵام ئاماده‌یه ده‌یان ساڵ تاوانی خه‌ڵکانی به‌رانبه‌ری بڵێته‌وه و ترشوخوێشی پێوه بکات. ئه‌نفالچییه‌کی کورد چۆن ده‌توانێت و له ڕووی دێت باسی تاوانی ئه‌نفال بکات، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ک هه‌بێت له‌سه‌روی داڵده‌ره‌کانییه‌وه بێت؟ ئێمه تائێستایش له‌سه‌ر تیۆری دوژمنی دوژمنه‌که‌م دۆستمه سیاسه‌ت ده‌که‌ین، چونکه زۆربه‌مان به‌رانبه‌ره‌که‌مان که کورده به دوژمنی خۆمان ده‌زانین. چۆن ده‌کرێت خائینێک با نووسه‌ر و "رووناکبیریش" بێت بخه‌یته هه‌مان خانه‌ی نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسێک که نه‌یزانیوه خیانه‌ت چییه، بۆ نموونه سۆرانی مامه‌حه‌مه. خۆ من ئه‌وه‌یش باش ده‌زانم که ئه‌و نووسه‌ره‌ی له که‌رکووک کوژرا له‌سه‌ر خیانه‌ته‌که‌ی نه‌بوو کوژرا و نه‌ده‌بوو به‌و ده‌رده بچێت به‌ڵام تێکه‌ڵکردنی پاک و پیس ته‌نها بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه، گه‌مژه‌ییه و نابێت به عانه‌یه‌ک بیکڕین.
ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی پارتی به تیرۆرکردنی زه‌رده‌شت عوسمانی خوێندکاره‌وه نه‌ک (رۆژنامه‌نووس) تاوانبار ده‌که‌ن له که‌میندا نه‌بووبوون چۆن پاش چه‌ند سه‌عاتێک زانیان پارتیی ئه‌و کاره‌ی کردووه و به ده‌یان زمانی جۆراوجۆر هه‌واڵه‌که‌یان بلاو کرده‌وه؟ ئه‌ی ئه‌وانه‌ی له راگه‌یاندنی پارتییه‌وه باسی کوشتنی خه‌ڵک به‌ده‌ستی فڵان ده‌که‌ن چۆن نه‌یانپرسیوه ئه‌گه‌ر کابرا ئاوا تاونباره بۆ هاوپه‌یمانی و حکومه‌تیان سه‌رده‌مانێک په‌نجا په‌نجا له‌گه‌لدا دابه‌ش کرد؟ یان هه‌موو لایه‌ک ده‌یانه‌وێت خۆل بکه‌نه چاومانه‌وه و لاپه‌ڕه ڕه‌شه‌کان له چه‌کمه‌جه‌ی مێزی به‌رپرساندا ئاماده‌کراون بۆ رۆژی ته‌نگانه! خۆ ئه‌گه‌ر کۆمیسۆنێکی نه‌ته‌وه‌یی و بێلایه‌ن هه‌بێت و بیه‌وێت ڕاستییه‌کان ئاشکرا بکات پیویستی به‌وه نییه به‌دوای به‌ڵگه نهێنیه‌یکاندا بگه‌ڕێت، هه‌ر ئه‌و قسه و وتارانه‌ی که له‌م رۆژانه‌دا بڵاوکرانه‌وه به‌ڵگه‌ی زیندوون و ده‌توانرێت لێکۆڵینه‌وه‌یان له‌سه‌ر بکرێت و له‌پایی تاوانه‌کانیان راپێچی دادگا بکرێن.
به‌بڕوای من بۆ ئه‌وه‌ی چی دیکه نه‌ته‌وه‌که‌مان نه‌که‌ین به سینه‌مای دنیا، هه‌رچی زووتره کۆمیسۆنێک که زۆربه‌یان له خه‌ڵکانی بێلایه‌ن پێک هاتبێت پێکبهێنرێت و پێش هه‌رشتێک له تاوانه‌کانی شه‌ڕیی ناوخۆیی کورد بکۆڵێته‌وه و خاتری که‌س نه‌گرێت و چاویله‌که‌ی تۆڵه‌کردنه‌وه لاببرێت چونکه هه‌چییه‌ک له ئێستا و داهاتوودا به‌سه‌ر ئه‌و گه‌له‌دا بێت به‌هۆی پریشکی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌یه، ده‌نا ئه‌م گه‌ره‌لاوژه‌یه‌یی ئه‌مڕۆ له باشووری کوردستاندا هاتۆته ئاراوه ده‌یان جاری دیکه‌یش دووباره ده‌بنه‌وه و ده‌یان زه‌رده‌شتی دیکه ده‌کوژرێن به‌بیانووی جۆراوجۆره‌وه و خه‌ڵکانێک ده‌که‌ونه هه‌ڵڕشتنی فرمێسکی تیمساحیانه بۆیان به‌ڵام راستییه‌که‌ی خواخوای ئه‌وه‌یانه کاری وا بکرێت، چونکه گرنگ نییه کێ ده‌یکات، گرنگ ئه‌وه‌یه پێش وه‌خت هێنده تاونبار له‌ریزدان، یه‌کێک هه‌ڵبژێره و ده‌هۆڵی خۆت بکوته. ئه‌گه‌ر وابڕوات ئه‌وا ده‌یان ساڵی دیکه‌یش ده‌بێت له‌م بازنه‌یه‌دا بخوڵێینه‌وه یان ده‌مانخولێنه‌وه.
ده‌مه‌وێت ئه‌م چه‌ند دێره به په‌ندێک کۆتایی پێ بهێنم که له‌م رۆژانه‌دا گوێبیستی بووم. ده‌ڵێن باڵنده‌یه‌کی بچکۆله له ئاسیایی ناوه‌راست هه‌یه کاتێک هه‌وره‌بروسکه ده‌بێت لێی راده‌کشێت و قاچه بچکۆله‌کانی به‌زده‌کاته‌وه، به‌حسابی خۆی واده‌زانێت ئاسمان ده‌ڕووخێت و ده‌توانێت به قاچه بچکۆله‌کانی بیگرێته‌وه و ڕزگاری بێت. ئێمه‌ی کوردیش که له هه‌موو لایه‌که‌وه ده‌یانه‌وێت کوردستان‌مان به‌سه‌ردا برووخێنن به‌و حاڵه‌ی ئێستامانه‌وه ناتوانین خۆمانی له‌به‌ردا رابگرین ، وه‌کو ئه‌و باڵنده‌یه‌مان لێ دێت، ئه‌گه‌رچی ره‌نگه ئه‌و باڵنده‌یه هێنده‌ی سیقه‌ی به‌خۆیی هه‌بێت هه‌ر به‌ڕاست وابزانێت ئاسمانی بۆ ده‌گیرێته‌وه، به‌ڵام خۆ ئێمه به‌ده‌ستی خۆمان هه‌موو بڕوایه‌کمان له خۆمان داماڵیوه، چیدیکه ناتوانین خۆشمان و دنیاش هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنین.