ئۆتۆمێله‌کانی په‌رله‌مان و کاکه‌ڕه‌شی هاوڕێم
کاوه ئه‌مین
هاوڕێیه‌کم هه‌یه له ئه‌سڵدا خه‌ڵکی وڵاتێکی ئه‌فریقایه و ماوه‌ی چوارساڵ ئه‌ندام پارله‌مانی سوێد بووه، دوای ئه‌وه‌ی بۆ جاری دووه‌م به‌خت یاری نه‌بوو و هه‌ڵنه‌بژێردرایه‌وه چووه‌وه سه‌ر پیشه‌که‌ی خۆیی که مامۆستایه و ئێستا وه‌کو مامۆستا کار ده‌کات. زۆرجار هه‌واڵی کوردستانم لێ ده‌پرسێت چونکه مه‌راقییه‌تی بزانێت ئازادییه‌که‌مان به‌کوێ گه‌یشتووه و میلله‌ت له‌سایه‌یی شۆڕشگێره‌کانی شاخ و شاردا چۆن ده‌ژی! هه‌موو جارێکیش ده‌ڵێت مێژوو غه‌دری له ئێوه کردووه و خۆیشتان زیاتر غه‌در له خۆتان ده‌که‌ن. له‌م ڕۆژانه‌دا بینم وتی پێشمه‌رگه چۆنن، (سنێڵن) واته میهره‌بانن؟ منیشم وتم ئه‌ی چۆن! ئه‌ندام په‌رله‌مانتاره‌کانمان خه‌ریکی معامه‌له‌ن و هاکا له‌م رۆژانه‌دا سه‌رو سه‌یاره‌ی چوار پێنج ده‌فته‌ریان وه‌رگرت. کاکه ڕه‌شی هاوڕێم دایه قاقای پێکه‌نین و وتی: من چوار ساڵ ئه‌ندام په‌رله‌مان بووم له‌به‌ینی ئۆپسالا و ستۆکهڵمدا به شه‌مه‌نده‌فه‌ر هاتووچۆم ده‌کرد، به‌ڵام خوا هه‌ڵناگرێ پاره‌ی بلیته‌کانیان ده‌دامه‌وه که ڕه‌نگه هه‌مووی نه‌یکردبێته پاره‌ی دوو ته‌گه‌ری ئه‌و سه‌یارانه‌ی که تۆ باسیان ده‌که‌یت.
په‌رله‌منتاری سوێدی ئه‌گه‌ر له ده‌ره‌وه‌ی ستۆکهۆڵم بێت واته په‌نجا کیلۆمه‌تر له پارله‌مانه‌وه دووربێت ئه‌وا ژوورێکی بچوکیان ده‌ده‌نێ، ئه‌گه‌ر بیانه‌وێت تێیدا ده‌حه‌سێنه‌وه به‌ڵام کفره له‌سه‌ریان تاپۆ بکرێت، ئه‌گه‌ر بشیانه‌وێت هاتووچۆ بکه‌ن ئه‌وا پاره‌ی به‌نزین یانیش بلیتی شه‌مه‌نده‌فه‌ریان بۆ ده‌بڕن. ئیتر نه زه‌وی وه‌رده‌گرن و نه حیمایه‌یان هه‌یه، هه‌ر کاتێکیش ده‌رنه‌چوونه‌وه ده‌چنه‌وه سه‌ر پیشه‌که‌ی جارانی خۆیان و به‌پاره‌ی خه‌یاڵی خانه‌نشین ناکرێن. به‌شێک له‌و موچه‌یه‌یی که وه‌ریشی ده‌گرن وه‌کو هه‌ر تاکێكی دیکه که کار ده‌کات، نزیکه‌ی له‌سه‌دا سی ( 30%) ئۆتۆماتیکی ده‌چێته‌وه خه‌زێنه‌ی ده‌وڵه‌ت که پێی ده‌ڵێن سکات واته زه‌کاته‌که‌ی خۆمان ده‌کات.
له (رووداو) دا خوێندمه‌وه که چۆن پارله‌منتارانی کورد به‌دوای ماشێن‌دا عه‌وداڵن، یه‌ک ده‌ڵێت باشتره ببێت به‌هی خۆمان تا په‌رله‌مان مه‌سره‌فی نه‌کات و هه‌روه‌ها پاش چوار ساڵی دیکه مۆدیله‌کانیان کۆن ده‌بێت و ئه‌ندامه تازه‌کان پێی ڕازی نابن و یه‌کی دیکه ده‌ڵێت چاکتره دوای چوار ساڵکه بیده‌ینه‌وه به په‌رله‌مان. به‌و حسابه‌بێت به‌رده‌می په‌رله‌مانی کوردستان ده‌بێت به مه‌عره‌زی سه‌یاره‌ی کۆن و تازه. ئه‌وه له کاتێکدایه که رۆژانه له رۆژنامه و تێڤێ کوردییه‌کاندا هه‌واڵی بێده‌رامه‌تی خه‌ڵکی هه‌ژار و به‌له‌نگاز ده‌خوێنینه‌وه و ده‌بیستین، دواجار هه‌واڵی خانه‌واده‌یه‌کم خوێنده‌وه که هێنده هه‌ژار و ده‌ستکورتن که به‌نیازن هه‌موویان خۆیان ئینتیحار بکه‌ن، تا له‌ده‌ست ئه‌و کوله‌مه‌رگییه رزگاریان بێت، ئه‌وه هاوکاته له‌گه‌ڵ گفتوگۆ و موناقه‌شه‌ی ئه‌ندامه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستان له‌سه‌ر کڕینی سه‌یاره که مووچه‌ی هه‌ریه‌که‌یان نزیکه‌ی حه‌وت ملیۆن دیناره.
دیاره به‌هیچ شێوه‌یه‌ک مه‌به‌ست ئه‌وه نییه که پارله‌مانتار موچه‌ی باشی نه‌بێت به‌ڵام خۆ ناشکرێت جیاوازی چینایه‌تی له وڵاتی ئێمه‌دا ئه‌وه‌نده گه‌وره بێت که ده‌یان خێزان نانی شه‌ویان نه‌بێت له کاتێکدا نوخبه‌یه‌کی که‌م داهات و سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌و وڵاته بۆخۆیان قۆرخ بکه‌ن. حکومه‌تێک نه‌توانێت بێ‌کاری که‌م بکاته‌وه به‌ڵام له‌و لایشه‌وه ساڵانه هه‌زاران خوێندکار، له‌و هه‌موو زانستگه و په‌یمانگانه‌ی که وه‌کو مزگه‌وت له شاره‌کانی کوردستان بێ به‌رنامه و کوالیتی باش هه‌ڵده‌تۆقێن، ده‌رده‌چن و بێکاروکاسپی ده‌سوڕێنه‌وه، خۆ ئه‌وه هیچ که زانیاریه‌کانیان هێنده که‌مه، زۆرجار له‌به‌رنامه‌ی ملوێنێر یان باشتره وه‌کو به‌رنامه‌ی به‌رنامه ناوی ناوه بڵێین ساجی عه‌لی، کابرا خه‌ڵکی سلێمانییه نازانێت زرێبار له مه‌ریوانه و کاکی هه‌ولێریش وا ده‌زانێت جه‌به‌لحه‌مرین له وڵاتێکی ئه‌فریقایه.
په‌رله‌منتارانی کوردستان له کاتێکدا باسی کڕینی سه‌یاره بۆ خۆیان ده‌که‌ن که تورکیا و ئێران ڕۆژانه گونده‌کانی سه‌ر سنوور بۆردومان ده‌که‌ن به‌ڵام تا ئێستا به ڕاشکاوانه جه‌له‌سه‌یه‌کی ئه‌و په‌رله‌مانه‌یان بۆ ئیدانه‌کردنی ئه‌و هه‌موو سووکایه‌تییه‌ی به کورد ده‌کرێت ته‌رخان نه‌کردووه! ره‌نگه بڵێن ئه‌وه ئیشی ئه‌وان نییه کاری په‌رله‌مانی عێراقه! که‌چی سه‌یاره‌یان گه‌ره‌که.
نازانم له کوێ خوێندوومه‌ته‌وه که بیرمه‌ند مه‌سعوود موحه‌مه‌دی نه‌مر سه‌رده‌مانێک زۆر پێش ئێستا فه‌رموویه‌تی حه‌قه ئه‌م حکومه‌تانه‌ی ڕۆژهه‌ڵات به قۆنته‌رات بۆ ده‌یان ساڵ بدرێن به شه‌ریکه‌یه‌کی نه‌رویجی و به‌ڕیوه‌یان به‌رن تا ده‌که‌ونه سه‌ر سکه‌ی خۆیان و که‌ڵکیان ده‌بێت. ره‌نگه ئه‌و قسه‌یه‌یی مامۆستا بۆ په‌نجا ساڵی دیکه‌یش بخوات به حکومه‌ته‌که‌ی خۆشمانه‌وه.
کاکه‌ڕه‌شی هاوڕێیشم ته‌قریبه‌ن هه‌روا بیر ده‌کاته‌وه و هه‌موو جارێک ده‌ڵێت: گوناهه ده‌وڵه‌تانی ئه‌وروپا له‌گه‌ڵ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئه‌فریقا و به‌شێکی زۆری ئاسیا به‌راورد بکه‌ین، هێشتا زۆرمان ماوه، ئاخر به چوارناڵه‌یش به‌دوایاندا رابکه‌ین نایه‌نگه‌ینێ، مه‌گه‌ر ئه‌وه نییه تازه به‌تازه به‌ته‌مای جیهادین.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی رووداو دا بڵاو کراوه‌ته‌وه.