گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ مامۆستا شێخ عیزه‌دینی حوسه‌ینی
هه‌ڤپه‌یڤین: کاوه ئه‌مین
تێبینی: ئه‌م گفتوگۆیه تایبه‌ت بۆ رۆژنامه‌ی رووداوی چاپی کوردستان و ئه‌وروپا کراوه و بڵاوکراوه‌ته‌وه

رووداو: مامۆستا ده‌مه‌وێت له‌وه‌وه ده‌ست پێ بکه‌م، سه‌ره‌تای کاریی سیاسی تۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ که‌ی، ئایا ئێوه بۆ یه‌که‌مین جار بوونه ئه‌ندامی کام پارتی کوردیی؟
شێخ عه‌زه‌دین:
له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه بوخۆمان به‌رزنجین و شێخ ساڵحی بابم له یاریده‌ده‌رانی شێخ مه‌حموود بوو، هه‌ر له‌و وه‌خته‌وه رۆحی کوردایه‌تی له بنه‌ماڵه‌ی ئێمه‌دا بووه. دوای ئه‌وه‌ی که ره‌زا شا رووخا و رۆحی کوردایه‌تی زیندووبۆوه له بانه و ناوچه‌کانی دیکه، منیش هه‌ر وه‌ک خه‌ڵکی دیکه ئه‌و رۆحه‌م تێدا گه‌شه‌یسه‌ند و به‌هێز بوو. پاشان بۆ ته‌واو کردنی خوێندن هاتم بۆ موکریان.
موکریان له چاو ناوچه‌کانی دیکه هه‌ست و رۆحی کوردایه‌تی و ئازادیخوازی زیاتر گه‌شه‌یکردبوو، عوله‌مای زۆر و شاعیری به‌رجه‌سته‌ی میللی لێ‌بوو. کۆمه‌ڵه‌ی ژ.ک ده‌ستیکردبوو به گه‌شه‌کردن و په‌ره‌ی سه‌ندبوو له ناو خه‌ڵکدا. دیاره ئه‌و ره‌فیق و فه‌قێ و مه‌لایانه که له‌وێبوون، هه‌موو رۆحی کوردایه‌تیان تێدابوو و ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ی (ژێ کاف) بوون، منیش پێم خۆش‌بوو ببم به ئه‌ندام.
دوای ئه‌وه‌ی به‌ینێک، که من گۆڤاری نشتمانم ده‌خوێنده‌وه و ره‌فیقه‌کانم باسیان بۆده‌کردم، زه‌مینه‌ی بوونم به ئه‌ندامی (ژێ کاف) په‌یدا بوو. تا رۆژێک له‌گه‌ڵ مه‌رحومی مه‌لا محه‌مه‌دی وه‌ڵزی، چوینه کۆمه‌ڵه، بۆ لای قازی کاکه حه‌مه‌ی قزڵجی و له‌وێ داخڵی (ژێ کاف) بووم.
ڕووادو: مامۆستا ئه‌و کاته ئه‌ندامه‌کان ناوی نهێنیان هه‌بوو، ئه‌گه‌ر هه‌تان بوو، ناوی نهێنی تۆ چی بوو؟
شیخ عیزه‌دین: به‌ڵێ، هه‌مانبوو، ناوه نهێنییه‌که‌ی من (هه‌وێن) بوو.
ڕووداو: به‌بڕوای تۆ (ژێ کاف) بۆ هه‌ڵوه‌شایه‌وه و پاشان دیموکرات دروست بوو، تۆ پێت وایه کورد زه‌ره‌ری کرد یان قازانج؟
شێخ عیزه‌دین: ئه‌و پرسیاره زۆر گفتوگۆ و ده‌ماقه‌ڵه هه‌ڵده‌گرێت. پێش هه‌موو شتێک کۆمه‌ڵه‌ی (ژێ. کاف) کۆمه‌ڵه‌یه‌کی به‌ته‌واوه‌تی کوردانه بوو، ئه‌ندامه‌کانی زۆر پاک و نیشتیمانپه‌روه‌ر بوون. مامۆستا هێمن له پێشه‌کی تاریک و روون‌دا چاک باس لێوه کردووه. (ژی کاف) تایبه‌ت بوو، کوردایه‌تی هه‌موو شتێک بوو بۆیان، هه‌روه‌ها ڕزگارکردنی هه‌موو کوردستانی گه‌وره ئامانجی سه‌ره‌کیی بوو، له‌گه‌ڵ هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان په‌یوه‌ندیان هه‌بوو، بۆ نموونه له‌گه‌ڵ حیزبی هیوا په‌یوه‌ندیان هه‌بوو، بۆیه ئامانجی (ژێ کاف) زۆر گه‌وره‌تر بوو له ئامانجه‌کانی حیزبی دیموکرات.
ڕووداو: باشه، کۆمه‌ڵه‌که، حیزبی نوخبه‌یه‌ک بوو یان جه‌ماوه‌ری بوو؟
شێخ عیزده‌ین: حیزبی نوخبه (هه‌ڵبژارده) بوو، به‌ڵام کاریگه‌رییه‌کی زۆری له‌سه‌ر خه‌ڵکه‌که هه‌بوو، خه‌ڵک ده‌یزانی که کۆمه‌ڵه هه‌یه.
رووادو: جه‌نابی پێشه‌وا قازی موحه‌مه‌د ئه‌و کاته ئه‌ندامی کۆمه‌ڵه‌ێ (ژێ کاف) بوو، ئێوه ده‌تانناسی؟
شێخ عیزه‌دین: من له دواییدا ناسیم، به‌ڵام بیستبووم که چه‌ند پیاوێکی گه‌وره‌یه. قازی محه‌مه‌د که‌سایه‌تیه‌کی میللی گه‌وره بوو، هه‌ر له ئه‌ساسدا خانه‌واده‌که‌یان وابوون، خانه‌واده‌یه‌کی سیاسی، کۆمه‌ڵایه‌تی نیشتیمانپه‌روه‌ر بوون، رۆحێکی به‌رزی کوردایه‌تی و خزمه‌ت به خه‌ڵکیان هه‌بووه، ئه‌وه جگه له‌وه‌ی پێشه‌وا خۆی هه‌ستێکی نه‌ته‌وه‌یی کوردانه‌ی به‌رزی هه‌بوو. مه‌لایه‌کی ئاسایی نه‌بوو. قازی موحه‌مه‌د ده‌بێت وه‌کو که‌سایه‌تییه‌کی رۆحانی به‌رز و که‌سایه‌تییه‌کی سیاسی گه‌وه‌ر ته‌ماشا بکرێت.
رووادو: باشه که‌واببێت بۆ کۆمه‌ڵه‌ی (ژی کاف) هه‌ڵوه‌شایه‌وه؟
شێخ عیزه‌دین: له‌به‌ر ئه‌و شتانه‌ی که باسم کرد.
رووداو: له‌به‌ر ئه‌وه‌ی داوای رزگارکردنی هه‌موو کوردستانی ده‌کرد؟
شێخ عیزه‌دین: به‌ڵی، ئایا ئه‌و داوایه‌نه بۆ ئه‌و کات و هه‌لومه‌رجه‌ی کوردستان، مومکین بوو؟ کۆمه‌ڵه‌ی (ژی کاف) له‌به‌ر چاکبوونه‌که‌ی به‌که‌ڵک نه‌ده‌هات نه‌ک له‌به‌ر خراپبوونه‌که‌ی.
ئه‌و کاته له لایه‌ک حیزبی توده هه‌بوو، له‌لایه‌کی دیکه‌یشه‌وه فیرقه‌ی دیموکرات له ئازه‌ربایجان، هه‌روه‌ها رووسه‌کان له‌ناوچه‌که‌دا ده‌سته‌ڵاتداربوون و کاریگه‌ریشیان له‌سه‌ر کورد هه‌بوو، ره‌نگه ئه‌وان پێیان خۆش بوو بێت که کوردیش شتێکی له بابه‌تی توده و فیرقه‌ی دیموکراتی هه‌بێت، نه‌ک (ژێ کاف). ئه‌وه بوو قازیی موحه‌مه‌د و هاوڕێکانیشی گه‌یشتنه ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی که (ژێ کاف) له‌و هه‌لومه‌رجه‌دا سه‌رکه‌وتوو نابێت، هه‌روه‌ها ئینگلیزه‌کان و تورکه‌کان به سه‌رۆکایه‌تی ئه‌تاتورک، به‌و ئامانجانه‌ی (ژێ کاف) خه‌باتی بۆ ده‌کرد رازی نه‌بوون. ئێمه ده‌مانویست هه‌موو کوردستان ئازاد ببێت، ئه‌وه‌یش نه‌ده‌گونجا بۆ ئه‌و سه‌رده‌مه.
ڕووداو: به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یشدا کۆماری کوردستان دامه‌زرا؟
شێخ عیزه‌دین: ئاخر کۆماری کوردستان ته‌نها له ئێران دامه‌زار، مه‌به‌ستی من ئه‌وه‌یه که ئامانجی کۆمه‌ڵه‌ی (ژێ کاف) کوردستانی گه‌وره بوو.
رووداو: ئه‌ی که‌س ناره‌زایه‌تی نیشان نه‌دا له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی کۆمه‌ڵه‌ی (ژێ کاف)؟
شێخ عزیده‌ین: به‌ڵی هه‌بوو، هه‌ندێکیان هه‌ر نه‌بوونه ئه‌ندامی حیزبی دیموکرات، یه‌کێک له‌وانه مامۆستا هه‌ژاره که نه‌بوو به ئه‌ندامی حیزبی دیموکرات و ده‌یگوت دوای کۆمه‌ڵه‌ی (ژێ کاف) دڵم بڕوایی نادات بچمه نێو هیچ حیزبێکه‌وه.
رووداو: باشه به بروایی تۆ هۆکاره ده‌ره‌کیه‌کان یانیش ناوخۆییه‌کان بوونه هۆی رووخانی کۆمار؟
شێخ عیزه‌دین: هه‌ردوو. ده‌زانی چۆنه، کۆماری کوردستان، سیمبوڵێکی گه‌وره‌یه که ماوه‌ته‌وه بۆ گه‌لی کورد، هه‌روه‌ها قازیی موحه‌مدیش که پێشه‌وایه‌ک بووه، هه‌موو ساڵێک خه‌ڵکی کوردستان له‌و یاده‌دا رێزی لێ ده‌گرن. له شته گرینگه‌کانی کۆماری کوردستان ئه‌وه‌یه که زمانی کوردی بوو به زمانی ڕه‌سمی، سووپای پێشمه‌رگه دروست بوو و زۆرشتی پۆزه‌تیڤی دیکه.
ڕووداو: کاتێک ئاڵای کورستان له مهاباد هه‌ڵکرا ئێوه له کوێ بوون؟
شێخ عیزه‌دین: ئه‌و کاته من له بۆکان بووم، له ماهاباد نه‌بووم، به‌ڵام له هه‌ڵکردنی ئاڵای کوردستان له بۆکان من به‌شداریم کرد.
رووداو: مامۆستا ده‌وری بارزانییه‌کان و حه‌مه‌ڕه‌شید خانی بانه چۆن بوو؟
شێخ عیزده‌ین: هه‌ردوولایان ده‌وری چاک و کاریگه‌ریان هه‌بوو، حه‌مه‌ڕه‌شید خان له لای سه‌قزه‌وه له‌گه‌ڵ فه‌یزوڵڵا به‌گییه‌کان شه‌ڕیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌ت ده‌کرد. دیاره هه‌موشمان ده‌زانین که مه‌لا مسته‌فا ئه‌و کاته ژه‌نراڵ بوو و ئه‌و هه‌موو پیشمه‌رگه‌یه‌ی له‌گه‌ڵ بوو، ده‌وڕێکی گه‌وه‌ری گێرا له دروستکردنی کۆمار‌دا، دوایش که کۆمار رووخا له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا که‌وتنه شه‌ڕه‌وه و چوو بۆ شووره‌وی.
رووداو: باشه ئێوه له دوای رووخانی کۆمار، پشتیوانیت له راپه‌رینی جوتیاران کرد، ئه‌وه چۆن بوو، تووشی ده‌رده‌سه‌ری نه‌هاتی؟
شێخ عیزه‌دین: با یه‌کشت به تۆ بڵێم، ئاغاکان بۆ من خراپ نه‌بوون. من هه‌ر له سه‌ره‌تاوه، دیاره نامه‌وێت ته‌بلیغ بۆخۆم بکه‌م، به‌ڵام من ئه‌و رۆحییه‌ته‌م هه‌بووه که لایه‌نگری فه‌قیر و هه‌ژاران بووم و دژی زوڵم و زۆرداری بووم. هه‌رزوو له‌وه تێگه‌یشتبووم که ڕه‌عیه‌تی جۆره کۆیلا‌تیه‌ک بوو. دژی شێخایه‌تی بووم، مه‌به‌ستم عیرفانی نییه، دژی ئاغا و ره‌عیه‌تی بووم. به‌ڵام ئه‌م دیاردانه جێگیر بووبوون و بوونه باو.
من هه‌میشه له‌گه‌ڵ مافی ژناندا بووم ئه‌و کاته‌ی که له سابڵاخ بووم یان له هه‌رشوێنێکی دیکه بووبم دیفاعم له ژنان کردووه بۆ نموونه ئه‌گه‌ر کچێک له منداڵی‌دا "گه‌وره به بچوکی" پێکرایه یا به‌ر خوێندرابا، که گه‌وره ده‌بوو رازیی نه‌ده‌بوو، من بۆم ده‌نووسین که ئه‌و نیکاحه سه‌حیح نه‌بووه، ده‌توانی بۆخۆت ئازادی به هه‌ر که‌س مێرد ده‌که‌ی. ئه‌ساسه‌ن ئێمه مه‌سه‌له‌ی وه‌لی موجبیرمان ره‌دده‌کرده‌وه (که بابه‌که بێ ئه‌وه‌ی پرس به کچه‌که‌ی بکات به مێردی بدات). من له هه‌موو ژیانمدا دژ به ئیرتجاع و کۆنه‌په‌ره‌ستی بووم و یه‌کێک له‌وانه بووم که زۆر ته‌بلیغم بۆ ئه‌وه کردووه که خه‌ڵک بچن بخوێنن. جارێکیان پیاوێک هات بۆ لام، پێیان وتبوو ئه‌گه‌ر کوڕه‌که‌ت به‌رده‌وام بێت له خوێندن کافر ده‌بێت، منیش پێم وت به پێچه‌وانه‌وه ئه‌گه‌ر نه‌هێڵیت بخوێنێ کافر ده‌بێت، چونکه سبه‌ینێ هاورێکانی ده‌گه‌ن به پله و پایه‌ی به‌رزی کۆمه‌لایه‌تی و زانستی، و ئه‌و کاته کوڕه‌که‌ی تۆش به‌جێ ده‌مێنێت و پێی واده‌به که ئه‌وه دین بووه که مانیعی پێشکه‌وتنی بووه.
له پای ئه‌وه‌ی که پشتیوانیم له جووتیاره‌کان ده‌کرد، ئاغاکان ده‌ریان کردم، نه‌ک هه‌ر من زۆر مه‌لای دیکه‌شیان ده‌رکرد.
ڕووداو: ئێوه که دژایه‌تی ڕژێمی ئێرانتان ده‌کرد، ئه‌ی له‌لایه‌ن ساوه‌که‌وه ئازار نه‌ده‌درایت؟
شێخ عیزه‌دین: راستییه‌که‌ی جێگاومه‌کانی من له‌وه گه‌وره‌تر بوو، نه‌یانده‌وێرا بمگرن، به‌ڵام بانگیان ده‌کردم و خه‌ڵکیان راده‌سپارد، خه‌ڵکێکی زۆر له مهاباد لایه‌نگری من بوون و ته‌نانه‌ت چه‌ند مه‌لایه‌ک که په‌یوه‌ندیان له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تدا هه‌بوو، زۆرجار پێیان ده‌گوتم که ئاگام له خۆم بێت، ده‌مگرن، یه‌کێک له‌و مه‌لایانه که حه‌زناکه‌ن ناوی بهێنم، چووبوو بۆ ئورمییه، له‌وێ سه‌یادیان پێ گوتبوو شیخ عیزه‌دین کۆمنیسته و له به‌ر خه‌لک نه‌با خه‌لعی لیباسمان ده‌کرد، مه‌لاکه‌یش پێی گوتبوو نه‌خێر وانییه! که هاته‌وه بۆ مهاباد بۆیی گێرامه‌وه و وتی ده‌تگرن. منیش وتم من کۆمۆنیست نیم! ئه‌وه‌یش له‌وه‌وه سه‌رچاوه‌ی گرتبوو که من ئینسانێکی رۆشنفکر و ئازادیخواز بووم، وه‌ک خه‌لکم بیرنه‌ده‌کرده‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه ده‌یانگوت شێخ عیزه‌دین کۆمۆنیسته. دیاره من ئێستایش کۆمۆنیست نیم به‌ڵام ئه‌گه‌ر بڵێی له‌به‌ره‌ی چه‌پم، ئه‌وه به‌ڵێ راسته.
رووداو: تۆ چۆن هه‌م زانایه‌کی ئیسلامیت و هه‌میش لایه‌نه‌گری له چه‌پ و مارکسیه‌ت ده‌که‌یت؟
شێخ عیزده‌ین: ئه‌وه دوو لایه‌نی هه‌یه، ماتریالیست بوون و سۆسیالیست بوون دوو شته، ده‌کرێت تۆ سۆسیالیست بیت لایه‌نگری عه‌داله‌تی کۆمه‌ڵایه‌تی بیت، لایه‌نگری به‌رابه‌ریی و یه‌کسانی و مافی ژن بیت. من ماتریالیست نیم به‌ڵام دیاره له زۆرشتی مه‌زهه‌بی من فه‌لسه‌فه‌ی خۆم هه‌یه، من بروایی ته‌واوم به‌وه‌یه که ده‌بێت دین له ده‌وڵه‌ت جیابکرێته‌وه، ئه‌مڕۆ سه‌رده‌م سه‌رده‌می زانسته، دین لایه‌نێکی مه‌عنه‌وه‌ی مرۆڤایه‌تییه، به‌ڵام ئه‌وه‌ی که ئه‌مرۆ بتوانێت ده‌وڵه‌ت به‌ڕێوه به‌رێت، عیلمانییه. مرۆڤه‌کان نابێت دژایه‌تی بیرورا‌و و ئاینی یه‌کتری بکه‌ن، هه‌موو که‌س ئازاده چ دینێک هه‌ڵده‌بژێرێت و چۆن بیرده‌کاته‌وه.
رووداو: مامۆستا ئه‌گه‌ر بێنه سه‌ر شۆڕشی گه‌لانی ئیران و رووخانی شا، داواکاری کورده‌کانی رۆژهه‌ڵات له کۆماری ئیسیلامی چی بوو، ئایا ئه‌و داوکاریانه بۆ ئه‌و کاته مه‌عقول بوون، ئه‌گه‌ر وابێت ئه‌ی ئێران بۆ رازی نه‌بوو؟
شیص عیزه‌دین: داواکاری ئێمه خودموختاری بوو له چوارچێوه‌یی ئێران دا. که ئه‌وه حه‌دی ئه‌قه‌لی مافه‌کانه. به‌ڵام له‌به‌ر ئه‌وه‌ی جمهوریی ئیسلامی له ئه‌ساسدا حازر نه‌بوو هیچ هه‌قێک بدات، ته‌نها ئامانجی ئه‌وه بوو که ده‌یویست جمهوری ئیسلامی وه‌لایه‌تی فه‌قێ دابمه‌زرێنێ و ئازادی و دیموکراسی خه‌ڵک زه‌وت بکات.. هه‌تا له‌گه‌ل شیعه‌کانیش که هاوبیری ئه‌و نه‌بوون، هاوکاری نه‌کردوه و ئه‌وانیشی قبول نه‌بوو. مه‌سه‌له‌که ئه‌وه نییه ''ئه‌و هه‌قێکی داوه به ئێمه و ئێمه وه‌رمان نه‌گرتبێت''، ئه‌و ئاماده نه‌بوو هیچ هه‌قێک بدات، یان مافی گه‌لی کورد به ره‌سمی بناسێ. وه‌ک مه‌علوومه ئێمه نه‌بووین چوبێتین شه‌ڕ له‌گه‌ل ده‌وڵه‌تدا بکه‌ین، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت بوو هاته سه‌ر ئێمه ه و له‌گه‌ڵمان به شه‌ڕهات.
ئه‌ما له شه‌ڕه‌که‌دا، شکستیان خوارد، ئه‌وه بوو که خومه‌ینی ته‌قه‌زایکرد که حازره بۆ ئاشتی. ئێمه‌یش وڵاممان دایه‌وه : هه‌یه‌تی نماینده‌گی خه‌لکی کوردمان دورستکرد، که پێکهاتبوو له من، دیموکرات، کۆمه‌ڵه، سازمانی چریکی فیدایی کوردستان.
ئه‌وه‌ش به بڕیارنامه‌یه‌ک - که هه‌موو ئیمزامانکردبوو، که ئێمه حازرین له‌گه‌ل جمهوری ئیسلامی موزاکه‌ره بکه‌ین - له سه‌رتاسه‌ری کوردستان بلاوبۆوه و له هه‌موو رۆژنامه‌کانیشدا ئیعلان کرا. له هه‌موو شوێنێکیش ئه‌و شوعاره هه‌بوو: مامۆستا، دیموکرات، کۆمه‌له، فیدایی – یه‌ک بگرن!
دوایش ئه‌سڵه‌ن مه‌علووم بوو که جمهوری ئیسلامی له ماهیه‌تیدا نه‌بوو، هیچ ئازادیه‌ک یا هیچ هه‌قێک بدات. وه ته‌نانه‌ت ئازادی فه‌ردیشی له ئینسانه‌کان سه‌لب کردوه.
رووداو: تۆ بۆخۆت له‌گه‌ڵ ئایه‌توڵڵا خومه‌ینیدا دانیشتوویت تا باسی کێشه‌ی کوردی له‌گه‌ڵ بکه‌یت، هه‌ڵوێستی ئه‌و چی بوو؟
شێخ عیزه‌دین: به‌ڵی بینم و هه‌ر زوو زانیم که هیچ مافێک به کورد نادات، هه‌موو قسه‌کانی ته‌نها له‌سه‌ر کۆماری ئیسلامی بوو، که گفتوگۆمان له‌گه‌ڵ کرد ته‌نها ده‌یگوت "هه‌موو شتێک باش ده‌بێت"، ئێمه‌یش پێمان وت که له کوردستان زوڵم کراوه، ئه‌ویش ده‌یگوت جاخۆ زوڵم له ئێمه‌یش کراوه. که‌سێکی وریا بوو، قسه‌ی خۆی به ده‌سته‌وه نه‌دا.
ئێمه کۆمه‌ڵێک مه‌لا بووین، مه‌لاکان ده‌یانگوت مادام هه‌ر حوکومه‌تێکی ئیسلامی ده‌بێت، با شیعه و سوونه نه‌بێت و یه‌ک ئیسیلامی هه‌بێت. منیش به خومه‌ینیم وت که ئێمه هه‌قی خودموختاریمان ده‌وێت بۆ کوردستان. کاتێکیش هه‌ستاین بڕۆین، خومه‌ینی یه‌خه‌ی عه‌باکه‌ی گرتم و پێی گوتم: من ئه‌منیه‌تی کوردستانم له تۆ ده‌وێت! منیش له وه‌ڵامدا پێم گوت: منیش خودموختاری کوردستانم له تۆ ده‌وێت! من پێم وانییه ئه‌و کۆماره ئیسلامییه‌ی ویلایه‌تی فه‌قیهه، هیچ هه‌قێک به کورد و غه‌یره کورد، بدات. ته‌نها رێگا، رووخانی ئه‌و حکومه‌ته‌یه و دروستبونی حکومه‌تێکی دیموکراتیکه.
رووداو: زۆرجار لێره و له‌وێ باسی ئه‌و هه‌شت ماده‌یه ده‌کرێت که کورد پێشکه‌شی ئێرانی کردبوو، یه‌کێک له‌و مادانه ده‌رکردنی کورده ئاواره‌کانی باشوور به‌تایبه‌تیش بارزانییه‌کان بوو، ئه‌وه پیشنیازی کێ بوو؟
شێخ عیزه‌دین: ئه‌و پرسیاره له ئه‌سڵدا له جێی خۆیدا نییه، پێش هه‌موو شتێک ده‌بێت ئه‌وه بڵێم، کورد له له هه‌چ پارچه‌یه‌ک‌ی کوردستاندا بێت، په‌نابه‌ر نییه. خه‌ڵکی کوردیش له رۆژهه‌ڵات هه‌میشه باوه‌شی بۆ کوردی به‌شه‌کانی دیکه ئاواڵا بووه، که‌وابوو ئه‌و ماده‌یه به‌هیچ جۆرێک له دژی خه‌ڵکی ئاواره‌ی باشووری کوردستان نه‌بوو. ئه‌و مه‌سه‌له‌یه پێشینه‌یه‌کی دوورودرێژی هه‌یه، به‌ڵام خولاسه‌که‌ی ئه‌وایه:
ده‌وڵه‌ت هه‌یه‌تێکی ناردبوو بۆ موزاکه‌ره له‌گه‌ل ئێمه. هه‌یه‌ته‌که، له که‌سانی وه‌ک فروهه‌ر، ئایه‌تووڵا نووری، وهد. پێکهاتبوو. سه‌ره‌تا که هاتن پێشوازییه‌کی باشیان لێ‌کرا، پاشان له وێرا یه‌کسه‌ر هاتن بۆ ماڵی ئێمه، پێشیان وتبووم که بۆ نه‌هارێ له مالی میرزا ره‌حیمی خه‌ڕازی داوه‌تین.
دوایی که دانیشتین، هه‌یه‌ته‌که‌ی ده‌ولڵه‌ت پێیان گوتین، ئێوه داخوازیه‌کانی خۆتان، چیتان ده‌وێ، بینووسن. ئێمه‌یش چه‌ندین سه‌عات دانیشتینمان کرد، هه‌یه‌ته‌که‌ی ئێمه ئه‌وانه بوون: من، شێخ جه‌لال، کاک فواد، دوکتۆر قاسملو، کاک سه‌لاحی موهته‌دی، مامه غه‌نی، سه‌ناری مامه‌ندی و جه‌ماعه‌تێکی زۆری دیکه له‌و ژوره‌دا بوون. هه‌روه‌ها 60-70 نه‌فه‌ر له ده‌ره‌وه چاوه‌روان بوون، تا بزانن بڕیاری چی ده‌ده‌ین. ئه‌و جه‌ماعه‌ته له شاره‌کانی کوردستانه‌وه هاتبوون، وه‌ک سه‌قز، بانه، سه‌رده‌شت، بۆکان، مه‌ریوان وهد.
ماده‌کان پاش گفتوگۆیه‌کی تێر و ته‌سه‌ل، ته‌سویبکران. ماده‌ی 8 له کۆتایدا مه‌تره‌ح بوو، به‌ڵام به‌راستی من نازانم چۆن ماده‌که مه‌تره‌حکرا و کێ پێشنیازی کردبوو. به‌ڵام که مه‌تره‌ح بوو، که‌س موخالیفی نه‌بوو. ته‌نیا سه‌ناری مامه‌ندی نه‌بێت، مولاحه‌زه‌یه‌کی له سه‌ر هه‌بوو، که وتی ئه‌و به‌نده موبهه‌مه، ده‌بێ به‌شێوه‌یه‌ک بێت که مه‌علوم بێێ مه‌به‌ست له‌وه چییه. ئه‌وه بوو قسه‌کانی له‌به‌ر چاوگیرا، و ئیسلاحکرا و له کۆتاییدا له‌سه‌ری رێكکه‌وتین. پێشنویسی مادده‌کان، مه‌رحومی دوکتۆر قاسملوو و کاک سالاح پاکنووس و ڕێکیانخست. له کۆتایدا ته‌سلیمی هه‌یئه‌تی ئێرانمان کرد.
ڕووداو: پێت وایه، دروسکردنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وه‌کو خۆکوژییه‌ک وابوو بۆ کۆمه‌ڵه؟
شیخ عیزده‌ین:
من پێم خۆشه هه‌موو ڕێکخراوه سیاسیه کوردییه‌کا سه‌ربه‌خۆ بن و له سه‌ر پێی خۆیان راوه‌ستن، ئه‌گه‌ر دۆستایه‌تی و هاوکاری له‌گه‌ل شۆرشگێران یا هێزی سیاسی ئێرانیشدا ده‌که‌ن، ده‌بێت پێ له‌سه‌ر سیاسه‌تی سه‌ربه‌خۆیانه‌ی خۆیان دابگرن.
له‌به‌ر ئه‌وه، بوونی کۆمه‌ڵه‌م به حزبی کۆمونیستی ئێران پێ باش نه‌بوو، هه‌ر ئه‌وده‌م قسه‌شم له‌گه‌ل کردن و بۆشم نووسین.
رووداو: مامۆستا ئێران له جاران دڕتر په‌لاماری کورد ده‌دات، له‌م ماوه‌یه‌دا چه‌ندین چالاکوانی کورد له سێداره دران، هاوکات پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (په‌ژاک)، چالاکییه سیاسی و سه‌ربازییه‌کانی چرتر کرۆدته‌وه، رات چییه ده‌رباره‌ی ئه‌و چالاکیانه‌ی ئه‌م دواییه؟
شێخ عیزه‌دین:
من له باره‌ی کار و فه‌عالیه‌تی ئه‌و حیزبه سیاسیانه هیچ ته‌وسیه‌یه‌ک یا پێراگه‌یاندنێکم نییه. هه‌رحیزبێک چۆنی پێ مه‌سڵه‌حه‌تبێت وا ده‌کات. به‌ڵام به بڕوای من، خه‌باتی سیاسی بۆ شه‌رایتی ئه‌وڕۆ زۆر موناسیبه. شه‌ڕی موسه‌له‌حانه سه‌حیح نییه، مه‌گه‌ر دوژمن هێرشت بکاته سه‌ر و له‌گه‌ڵت به‌شه‌ڕ بێت، ئه‌وا تۆ پێویسته دیفاع له خۆت بکه‌ی و پێویسته ده‌ستبکه‌یته‌وه.
ئه‌و خه‌باته‌ی ئه‌وڕۆ له کوردستان ده‌کرێ، هه‌مووی به خاتری ئه‌وه‌یه چه‌وساندنه‌وه له سه‌ر میلله‌تی کورد نه‌مێنێ و میلله‌تی کورد به مافی ڕه‌وای خۆی بگات.