عێراق وڵاتێکی فاشیله
کاوه ئه‌مین
پێنج مانگ به‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراقدا تێپه‌ڕیوه به‌ڵام هێشتا لیسته براوه‌کان نه‌یانتوانیوه حوکمه‌ت پێکبهێنن، ئه‌وه له کاتێکدایه
که بڕیاره له کۆتایی ساڵی داهاتوودا ئه‌مریکا هێزه‌کانی خۆی له عێراق بکشێنێته‌وه و سه‌روه‌ریی عێراق بۆ عێڕاقییه‌کان بگێڕێته‌وه، سه‌روه‌رییه‌ک که هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندی عێراقه‌وه هه‌میشه پێشێڵکراوه چونکه هیچ کاتێک به‌درێژای ئه‌و هه‌موو ساڵه شتێک نه‌بووه به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی عێراقه‌وه که هه‌موو لایه‌ک شانازی پێوه بکه‌ن، بۆ نموونه وه‌کو ئه‌مریکا که هه‌موو ئێتنیک و نه‌ته‌وه‌کان له‌ناو مه‌نجه‌ڵی ئه‌مریکایی بووندا قاڵ ده‌دات و هه‌موویش شانازی پێوه ده‌که‌ن. ئاخر کورد وه‌کو نه‌ته‌وه‌یه‌ک به‌زۆر لکێنراوه به عێراقه‌وه. عێراقیش له‌لای خۆیه‌وه هه‌میشه له گه‌ڕان به‌دوای هاوپه‌یمانێتی تورکی و سووری و ئێرانی‌دا بووه بۆ له‌ناوبردنی گه‌لی کورد، رژێمی به‌عسی ترۆکراویش سی ساڵ هه‌موو هه‌وڵه‌کانی خۆی تاقیکرده‌وه تا دواجار باجی که‌رێتی خۆیدا و گلا. به‌ڵام چونکه عێراق هه‌ر له‌سه‌ره‌تاوه له‌سه‌ر بنه‌مای پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی کۆلۆنیالیستی به‌ریتانیا و فه‌ره‌نسا دامه‌زاروه و چه‌ندین گرووپی ئێتنیکی و دینی و مه‌زهه‌بی دژبه‌یه‌ک به‌بێ ئه‌وه‌ی پرسیان پێ بکرێت خرانه چاڵێکه‌وه به‌ناوی عێراقه‌وه و هه‌شتا ساڵ زوڵم و زۆرداری و تاقیکردنه‌وه‌ی سیستێمی مه‌لیکی و کۆماری، که‌چی هێشتا پێکهاته‌کانی عێراق نامۆن به‌یه‌کتر و چه‌ندین فه‌رسه‌ق له‌یه‌کتره‌وه دوورن، هه‌ربۆیه ناتوانن حوکومه‌ت پێکبهێنن، ئه‌گه‌ر پێکیش بێت له‌سه‌ر بنه‌مای پاشقول له‌یه‌کگرتن ده‌بێت که دواجار کورد له‌هه‌موان زیاتر زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بێت که هیچ دۆستكی نییه له ناوچه‌که‌دا، ئه‌وه‌یشی که هه‌ندێک چاو‌دێر و سیاسی کورد کیسه‌یان بۆ هه‌ڵدرووه و ناویان ناوه دۆستایه‌تی کورد و تورک ته‌نها شتێکی تاکتیکیکه چونکه تورکه‌کان هێشتا هێنده کامڵ نه‌بوون کورد وه‌کو ئه‌وه‌ی که هه‌یه قبوڵ بکه‌ن، هه‌ر ئه‌و ناکامڵبوونه‌یشه واده‌کات گومان له هه‌ر هه‌نگاوێک که گوایه بۆ کرانه‌وه به‌ڕووی کورددا ده‌نرێت، بکرێت.
کێشمه‌کێشی دامه‌زراندنی حوکومه‌تی عێراقی له‌کاتێکدایه که ئێران و ئه‌مریکا له زۆرانبازییه‌کی سیاسی و ئابووریدان له‌ناوچه‌که‌داو هه‌ردووکلا کاریگه‌ری راسته‌وخۆیان له‌سه‌ر پێکهاته جیاوازه‌کانی عێراق و کوردستانیش هه‌یه، ئێران هێنده تووله‌ماری شیعه‌ی سه‌ربه‌خۆی په‌روه‌رده کردووه له ماوه‌ی ئه‌م سی ساڵه‌ی دواییدا که ده‌توانێت له‌هه‌ر ئانوساتێکدا هاوکێشه سیاسییه‌کانی عێراق تێكبدات و به قازانجی خۆی به‌کاریان بهێنێت. ئه‌مریکایش له ڕێگای به‌هێزکردن و کاراکردنی عه‌ره‌بی سوننه‌وه به‌هاوکاری وڵاتانی عه‌ره‌بی سوننه مه‌زهه‌بی ناوچه‌که ده‌یه‌وێت ده‌سته‌ڵاتی ئێران له ناوچه‌که‌دا سنووردار بکات، چونکه ئه‌گه‌ر ئێران ده‌ستی به‌چه‌کی ناو‌کی بگات ئه‌وا نه‌ک حساب بۆ هیچ هێزولایه‌نێک له‌ناوچه‌که‌دا ناکات به‌ڵکو ده‌توانێت له ڕێگای هه‌ڕه‌شه له ئیسرایله‌وه، ده‌ست و پای ئه‌مریکا له‌ناوچه‌که‌دا شه‌ته‌ک بدات.
دیاره چاکترین چاره‌سه‌ر بۆ کورد ئه‌وه‌یه که عێراق دابه‌شبکرێت بۆ سێ وڵاتی سه‌ربه‌خۆ، به‌ڵام به له‌به‌رچاوگرتنی هاوکێشه سیاسییه‌کانی ناوچه‌که و جیهان له ئێستادا ئه‌وه ره‌نگه دوا ده‌رگا بێت که لێی بدرێت، بۆیه پێویسته کورد له ئێستادا پێش هه‌موو شتێک هه‌وڵی ئه‌و بدات که ماڵی خۆی به‌ته‌واوه‌تی ڕێکبخاته‌وه و به‌رژه‌وه‌ندییه نه‌ته‌وه‌ییه‌کان بخاته سه‌روی به‌رژه‌وه‌ندییه حیزبی و فراکسیۆنیه‌کانیه‌وه. به‌داخه‌وه ئێستا وه‌ک ده‌بینرێت چه‌ند ده‌ستگایه‌کی راگه‌یاندنی حیزبی و ناحیزبی به‌مه‌به‌ست ده‌یانه‌وێت سه‌رله‌به‌ری ماڵی کورد له‌یه‌کبترازێنن، ئه‌وه سه‌ره‌رای هه‌وڵی داگیرکه‌رانی کوردستان که هه‌میشه ئاویان کردۆته سه‌ر ئاشی په‌رته‌وازه بوونی کورد. خه‌ڵکانێک هه‌ن له کوردستاندا هێشتا نانی شه‌ڕی ناوخۆ ده‌خۆن و هێشتایش بۆیان ده‌چێته‌سه‌ر، بۆیه کاتی ئه‌وه هاتووه که ده‌بێت به‌راستی لغاو بکرێن.
حکومه‌تی عێراق له‌م نزیکانه‌دا داده‌مه‌زرێت چونکه هه‌تا دوا بکه‌وێت پرستیژی سیاسی ئه‌مریکا له‌که‌دارتر ده‌بێت، هیچ شک و گومانێک له‌وه‌دا نییه، ئه‌وه‌تا ئۆباما به‌ناچاریش بێت په‌نا ده‌باته به‌ر مه‌رجه‌عی شیعه‌کان، سیستانی، تا گوڕێک بدات به دامه‌زراندنی حکومه‌ت، واته دیموکراتی عێراق مۆدێلێکه له هیچ وڵاتێکی دنیادا نییه، ده‌کرێت ناوی بنێنین دیموکراتی سیستانی و خێڵ و مه‌زهه‌به‌کان.
له حکومه‌تی داهاتوودا کورد هێنده‌ی جاری پێشوو ده‌سته‌ڵاتی نابێت و به‌و حاڵه‌یشه‌وه ناتوانێت ناوچه داگیرکراوه‌کان نه‌ک وه‌کو تووتیه‌کانی حیزب و ئۆپۆزیسۆنی کوردیی ناویان ناوه ناوچه‌ی جێناکۆکی له‌سه‌ر، بگه‌ڕێنێته‌وه ژێر ده‌سته‌ڵاتی کوردیی، که ئه‌وه‌یشیان بۆ ناکرێت خۆ ده‌توانن دا‌و ده‌ستگا ئه‌منی و نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی ئه‌و ناوچانه به‌هێزتر و تۆکمه‌تر بکه‌ن تا بتوانن له‌و گێژاوه سیاسی و ئه‌منییه خۆیان بپارێزن. کورت و کورمانجی کورد ده‌بێت له خه‌می پاراستنی ده‌ستکه‌وته‌کانی ئێستایدا بێت و واز له بنیاتنناوه و به‌هێزکردنه‌وه‌ی عێراق بهێنێت، چونکه هه‌تا عێراق لاوازتر بێت، پێگه‌ی کورد له ناوچه‌که و جیهاندا بڵندتر ده‌بێت، به‌پێچه‌وانه‌وه عێراقێکی به‌هێز سوننه حکومی بکات یان شیعه پێگه‌ی کورد لاوزاتر ده‌کات، ئاخر ئه‌وان نه‌ک به دیموکراسی مافی کورد ناده‌ن ئه‌وه نییه خۆشیان شه‌پشه‌پێن به ده‌نگی ئه‌و خه‌ڵکه‌وه ده‌که‌ن و تازه ئاڵای ئه‌لقه‌یده له شه‌قامه‌کانی به‌غداددا هه‌ڵده‌کرێت. عێراق له ئه‌زه‌له‌وه فاشیل بووه، ئه‌وه‌یشی ده‌ماری عێراقچێتی ده‌جوڵێت با بچێت به مێژوودا بچێته‌وه.
تێبینی: ئه‌م وتاره له رۆژنامه‌ی رووداو و کوردستان نێتدا بڵاو کراوه‌ته‌وه.