مێژووی کورد و بە مانای بێلایەنییەوە لێی بێدەنگ بوون
کاوە ئەمین

ئەوەی من دەمەوێ لەم چەند دێرەدا باسی بکەم نە دروستکردنی ئەفسانەیە و نە قودسیەتدانە بە سەرۆکێکی کورد، ئەویش سەرۆک مستەفا بارازنییە کە زیاتر لە نیو سەدە لەپێناو مافەکانی کورد و کوردستاندا خەباتی کردووە. بێگومان هیچ تاکێک و هیچ سەرکردەیەکی کورد و بیانی لە کەموکورتی بەدەرنین و کەس ناتوانێ پینەوپەڕۆیان بۆ بکات، بەڵام ئەوەش بەومانایە نییە کە بەدیارچاومانەوەو بە دنەی داوودەستگا سیخوڕییەکانی وەکو میت و ئیتلاعات، هەموو سەروەرییەکانی نەتەوەکەمان بخرێنە ژێر پرسیارەوەو لێی بێدەنگ بین، ئەوەش بەبیانووی بێلایەنی و ئەندام نەبوون لەم حیزب یان لەو رێکخراوی کوردستانیدا. لێرەشەوە بەدەنگێکی بەرزەوە دەڵێم کە من ئەندامی هیچ پارتێکی کوردستانی نیم، بەڵام هیچ کاتێک لەنێوان داگیرکەران و نۆکەرەکانیان و بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستاندا بێلایەن نیم و نابم، هەر بۆیە لەو سۆنگەیەوە لەسەر ئەو ناهەقایەنی دەربارەی مستەفا بارزانی و قازی محەممەد و قاسملوو و ئاپۆ و هەموو ئەوانەی کە ژیانیان بە نەتەوەکەیان بەخشیوە دەکرێن دێمە قسە، دیارە هەموو کەموکورتییەکانیشیانم لەبەرچاوە، نەک من هیچ کەسێک ناتوانێ بیناشارێتەوە.
قانعیفەرد کە خۆی وەک مێژوونووسێکی تاقانە بە خوێنەر دەناسێنێ، شایەنی ئەوەیە بە جیدی هەڵوێستەی لەسەر بکرێ. کاتێک چاوێک بە مێژووی ژیانی قانعیفەرد دا دەگێڕیت بە ئاشکرا دەردەکەوێ کە ئەو کەسێکی گوماناوییە، کەسێک بە بەردەوامی پێیەکی لە تاران و پێیەکی دیکەی لە پایتەختەکانی وڵاتانی دیکەی دنیا بێت کە دووژمنایەتی ئێران دەکەن و وەک خۆیشی لە گفتوگۆیەکدا ئاشکرای دەکات، بەبەردەوامی بەدوای کەسایەتییەکانی ساواک و موخابەراتە زەبەلاحەکانی وەک موخابەراتی ئینگلیزی و ئەمریکییەوەیە. کورد گوتەنی ئەو ماستە موویەکی تێدایە و، هیچ عەقڵێکی سالم پێمان ناڵێت کە ئەوەی ئەو کابرایە دەیکات بەبێ رەزامەندای و دنەدانی ئیتلاعاتی ئێرانی بێت کە بە وردی کار لەسەر دۆزی کورد و رەشکردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد دەکات.
قانعیفەرد، زۆر ئاگایانە و هۆشیارانە کاتی بڵاوکردنەوەی گفتوگۆ و نووسینەکانی هەڵبژاردووە و هەموو ئەو بەڵگانەیشی کە باسیان لێوە دەکات هی کەسایەتییە ناسراوەکانی ساواکن، تۆ بڵیی قانعیفەرد لەبەر خاتری روونکردنەوە و بەرچاوڕوونی مێژوو بێت وەک خۆی دەڵێت (21) کاژێر هەڵیانفڕاندبێ بۆ ئوستورالیا تاوەکو بگاتە خزمەتی سەرۆکی ساواک و ئەو هەموو ماوەیەش تەنها بیری لای ئەوە بێت کە بەخزمەتی گەیشت چی لێ بپرسێت؟ قانعیفەرد راست دەکات کەسێک بتوانێ دەستی بگاتە ئەو هەموو کەسانەی موخابەرات، چۆن دەهێڵێن بخنکێت!
مامۆستا جەمال نەبەز، کە بەگەشتنامەیەکی زۆر خزمەتی بە راستییەکان لەبارەی مەلیکی کورد شێخ مەحموود کردووە، جیاواز لەوانەی بۆ مەبەستی ئایدیۆلۆژی دەیانویست کەسایەتی و خەباتەکەی بشێوێنن، لە کتێبی (کوردستان و شۆڕشەکەی )دا، رەخنە لە شێخ مەحموود دەگرێت، بەڵام چونکە هەموو کەس دەزانێ لە روانگەیەکی کوردستانی و نەتەوەییانە و ئەکادیمیانەوە دەپەیڤێت، گەرد ناخاتە سەر دڵی کەس، ئەوەتا مامۆستا دەنووسێت:"شێخ بەهۆی ئەو مەکانە ئاینییەی بە میرات بۆی مابووەوە، بەداخەوە دژی بیری نوێ و رۆشنبیرانی کورد بوو. ئەم توێژاڵەی لە بەرێوەبردنی کارە گرنگ و بایەخدارەکان دوورخستەوەو کەسانی دواکەتوو و لێ نەهاتووی لە شوێن دادەنان، ئەوانەی هەمیشە پێیاندا هەڵدەدا و مەرایی و کلکە لە قێیان دەکرد و ماستاویان سارد دەکردەوە. سکرتێرەکەی کە (رەحمە کانێسکانی) بوو هەموو پیاوە هەڵبژاردە و یەکی یەکیەکانی دەبووغزاند، شاعیری کورد ئەحمەد موختار جاف لە شیعرێکی داشۆریندا زەمی شێخ دەکات و دەڵێت: جائیزە بۆ میللەت و کوردایەتی بێ رەشبەڵەک، باجی رەحمە بێ قەزا بێ نایەڵێ رێک هەڵپەڕین". بەداخەوە بەشێکی زۆر لەوانەی ئەمڕۆ لە کوردستاندا، چاوساخ و رێنیشاندەر و راوێژکاری سەرۆکەکانن، هەر لە جوملەی (رەحمەخانەکەی) سەردەمی شێخ مەحموودن، دەنا خێرە مام جەلال لەناو ئەو هەموو کادیر و رۆشنبیر و خوێندەوار و هەڤاڵی شاخ و شارەیدا، کەسێکی بەدگومانی وەکو قانعیفەرد هەڵدەبژێرێت، بیرەوەریەکانی و مێژووەکەی بۆ بنووسێتەوە!
هەموو ئەو کەسایەتییە سیاسییە کورد و بیانیانەی کە دۆست یان دووژمنی مستەفا بارزانین، گەواهی ئەوە دەدەن کە مستەفا بارزانی دەورێکی گەورەی گێڕاوە لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا نەک بەبێچەوانەوە وەک قانعیفەرد ئیدیعای ئەوە دەکات کە بارزانی و سەرۆککۆماری کوردستان دژی یەکتر بوون. لە تازەترین گفتوگۆ کە من لەگەڵ شێخی بە تەمەن عیزەدینی حوسەینێ کردوومە، مامۆستا دەڵێت: "دیارە هەموشمان دەزانین کە مەلا مستەفا ئەوکاتە ژەنراڵ بوو و ئەو هەموو پیشمەرگەیەی لەگەڵ بوو، دەورێکی گەوەرەی گێڕا لە دروستکردنی کۆماردا، دواییش کە کۆمار رووخا لەگەڵ دەوڵەتدا کەوتنە شەڕەوە و چوو بۆ شوورەوی."
مێژووی بارزانییەکان لە کۆماری کوردستان و پاشان کشانەوەیان بۆ سۆڤییەت و شەڕی سێ دەوڵەتی داگیرکەر، مێژوویەکە کە هەموو سیخوڕەکانی دنیا بە قانعیفەردیشەوە ناتوانن لەکەداری بکەن، ئازایەتی و لەخۆبردوویی بارزانیش شتێک نییە کە بۆی بهۆنرێتەوە، ئەوەتا عەلی ئەسغەر ئیحسانی کە یەکێکە لە ئەفسەرانی راپەڕینی خوراسان و پاشان دەچیتە ناو سوپای میللی ئازەربایجانەوە لە بیرەوەریاکانیدا باسی خۆڕاگری و ئازایەتی بارازانییەکان دەکات، کە بێگومان دەیانتوانی تەسلیمی یەکێک لەو وڵاتانە ببن، بەڵام ئەوەیان قبوڵنەکرد، ئەوەتا لە زمانی مەلا مستەفاوە دەڵێت "هەموو شتێکی من ئەو تفەنگەمە، تا ئەو تفەنگەم هەبێ هەرگیزا و هەرگیز زەلیل نابم. من تەسلیم نابم، تێدەکۆشم، شەڕ دەکەم، دوژمن دەکوژم و دەکوژرێم". ئیحسانی دەڵێ " ئێستاش رووخساری پیاوانەی ئەوم هەر لە یادە". نووسەر و لێکۆڵەری سوێدی، ئۆلف تاندبێری لە دوا کتیبی خۆیدا دەربارەی چوونی بارزانییەکان بۆ رۆژهەڵاتی کوردستان دەنووسێت:"لە سێپتێمەبری 1945 دا، بارزانی عێراق بەجێدەهێڵیت. بە خۆی و دە هەزار کەسەوە کە سێ هەزاریان پێشمەرگە بوون لە سنوورەوە ساڵی 1946 روو لە ئێران دەکەن و دەبنە خزمەتکاری مەهاباد. لێرە ئامادەکاری بۆ کۆمارێکی تەواو کوردی دەکرێت. بارزانی دەکرێتە یەکێک لە چوار ژەنراڵەکەی کۆمار و دەکرێتە بەرپرسی بەرەی بۆکان – سەقز". شاراوە نییە لە مێژوودا، کە ئینگلیزەکان و عێراقییەکان تا دوا نوقتەی سنووریش بە بەردەوامی بۆردوومانی بارزانییەکانیان کرد و تەنانەت لە دوای رووخانی کۆماریش بە ئاگر و ئاسن رووبەڕووی بارزانی بوونەوە، ئەوەبوو دوای هەژدە مانگ بەرەنگاری قارەمانانە خۆیان گەیاندە یەکێتی سۆڤیەت، ئەگەر بارزانییەکان کورد نەبوونایە بێگومان ئێستا دەیان فیلم و رۆمان تەنها لەسەر ئەو کاروانە مێژووییە دروستدەکران و دەنووسران، ئەگەر تەنها ئەو هەژدە مانگە وەک خەبات بۆ بارزانی بنووسرێت ئەوا دەبێ مێژووی کورد شانازی پێوە بکات. کەواتە ئەوەی قانعیفەرد باسی لێوە دەکات، گوایە ئینگلیزەکان ویستویانە لە رێگەی بارزانییەوە کۆماری کوردستان بڕوخێنن، نەک هیچ مەنتیقێکی تێدا نییە، بەڵکو وەکو سوێدیش دەڵێن، قسەیەکی قۆرە و هیچیتر. چونکە ئەگەر هێزی چەکدار و خاوەن تەجروبەی بارزانییەکان نەبووایە رەنگە کۆمار ئەو 11 مانگەیش بەرگەی نەگرتایە، پاشان ئەگەر پێشەوا و بارزانی یەکتریان خۆشەنەویستایە، چۆن پێشەوا ئەو بڕوا گەورەیەی بە بارزانی دەکرد کە بیکاتە بەرپرسی گەورەترین و پرمەترسیدارترین بەرە ، بەرەی بۆکان و سەقز. تەنانەت لە زۆر لە وێنەکاندا هەمیشە بارزانی و پێشەوا پێکەوە دەبینرێن.
لە هەموو دنیادا کاتێک ئەرشیڤە موخابەراتییەکان دەکرێنەوە، لێکۆڵینەوەی وردیان لەسەر دەکرێ و دەخرێنە ژێر پرسیارەوە، ئاخر خۆ ناکرێت هەر ئەفسەرێکی بەریتانی و ئەمریکی نامەیەکی نهێنی نووسیبێت و بە مەزاج و ئارەزووی خۆی شتی نووسیبێت، بکرێتە شتێکی پیرۆز و سەرچاوەیەکی راست، ئەوەی کە زیاتر گومان دەخاتە سەر قسەکانی قانعیفەرد ئەوەیە کە ئەو کابرایە بەبێ هیچ تێبینییەک قسەکانیان وەک خۆی ریوایەت دەکات و تەنها ئەو بەڵگانە دەهێنێتەوە کە سووکایەتی بە کورد دەکەن. ئەوە نییە هەر خۆی بۆ رووسوورکردنی خۆی رەخنە لە رەشیدی یاسەمینی دەگرێت و دەڵێت "کاتێک کتێبەکەی کە بەفیتی ساواک نووسیویەتی دەخوێنیتەوە قێزت لە کورد دەشێوێتەوە"، مەگەر ئەوەی ئەو ئێستا دەیکات هەمان شت نییە، بەڵام بەفیتی لایەنێکی دیکە دەیکات. قانعیفەرد و رەشید یاسەمینی لە هەمان کانی ئاو دەخۆنەوە، تەنها جیاوازییەکە ئەوەیە ئاوەکەی ئەم ئیسلامییە، دەنا خۆ کۆماری ئیسلامی ئێران رۆژهەڵاتی کوردستانی نەکردووە بە بەهەشت بۆ کورد، ئەگەر قانعیفەرد راستدەکات و سیاسەت بەمانای (تەدبیر) وەک خۆی دەڵێت دەکات، بۆ لە ئاسات ئەو هەموو تاوانانەی کۆماری ئیسلامی بێدەنگە، مەگەر کەسێکی وەک مامۆستا فەرزاد کەمانگەر و هاوڕێکانی چ تاوانێکیان کردبوو جگە لەوەی کە کوردبوون بە بەرچاوی دنیاوە لە سێدارەدران، بەڵام قانعیفەرد هەمان رۆژ تەنیا بە سوپاس بۆ کۆماری ئیسلامی ، سەمیناری ناساندنی کتێبەکەی لەنێو جەرگەی تاران دا بەڕێوەبرد، بەڵام ئەو چونکە سووکایەتی بە کورد دەکات پاداشتدەکرێ و بە دۆلار بار دەکرێت.
نووسەری سوێدی، تۆرد ڤاڵسترۆم لە کتێبێکدا بە ناوی (چیاکان تەنها هاوڕێمانن) کە ساڵی 1975 چاپکراوە، زۆر بە وردی و بە دیقەتەوە باسی ژیانی ئەوکاتەی کوردستانی کردووە کە ئەو سەردانی کردووە و لەگەڵ مستەفا بارزانی گفتووگۆیەکی کردووە کە لە کۆتاییەکەییدا نەک وەک یەکێک لە سەرکردەکانی جیهان ناوی دەبات بەڵکو دەڵێت : ئەوانە کێن لەگەڵ بارزانی بەراوردیان بکەی:"بیرم کردەوە دەبێ ئەو پیاوانەی دنیا کێ بن کە بەراوردیان بکەی لەگەڵ ئەم پیاوەدا؟ شای ئێران کێ یە ... کیسنجەر، پاڵمە، ویلسن؟ رەنگە ئەم پیاوە دوا سەرۆکی گەلانپەریی بێت، دوا سەرۆک و تاقانە بێت."
هێندە سەرچاوە و بەڵگە زۆرن کە تیزەکەی قانعیفەردی پێ بکەیتە بڵقی سەرئاو، هەر وەک چۆن مامۆستای مێژوو سادقی زیبا لە زانکۆی تاران بە قانعیفەردی وتووە تۆ لە ئەلفوبێی مێژوو نازانیت و نمرەی سفر دەدەمە کتێبەکەت. بۆیە ئەوەی قانعیفەرد لە گفتوگۆ و کتێبەکەیدا دەیڵێت هیچ بەهایەکی مێژوویی نییە، چونکە بە پارەی سیاسەت و بۆ مەبەستی سیاسی نووسراوە، تەنها مەبەستێکی سیاسی لە پشتەوەیە، ئێران دەیەوێ لەو کەناڵانەوە قەلەقی و دوودڵی لەنێو کوردستاندا بڵاوبکاتەوەو ئەو کەش و هەوای لەیەکترنزیکبوونەوەی پارچەکانی کوردستان لەبار بەرێت. یەکێک لە سەرکردەکانی باکووری کوردستان وتویەتی ئێران بەلۆکە دوژمنەکانی خۆی سەردەبڕێت، رەنگە ئەو جۆرە سیاسەتەش بەشێک بێت لەو سەربڕینە.
دەمەوێ ئەم وتارە بە چەند پەیڤێکی کۆتایی لێکۆڵینەوەیەکی خۆم کە لەسەر شۆڕشی ئەیلول کردوومە و لە ساڵی 2004 دا و هیچ گۆڤار و رۆژنامەیەکی حیزبی و ناحیزبی بڵاویان نەکردەوە، چونکە بە قسەی (رەحمەخانەکان)ی ناو حیزب و حکومەت زەرەری پەزی هەبوو، ئەوەش بۆیە دەڵێم کە قسەی من لەسەر شەخسی مستەفا بارزانی قسەی ئەمڕۆم نییە، چونکە تێروانینی من بۆ بارزانی مستەفا ئەوسا و ئێستا هەر یەک شت بووە، بۆیە ئەوکاتە نووسیومە: " ساڵێک بەسەر هەرەسی شۆڕشی ئەیلولدا تێنەپەڕی کە خەباتی چەکداری لە کوردستاندا دەستی پێکردەوە. گەلێک گرووپ و لایەن بەشداریان کرد و ئەسپی خۆیان تاودا، بەڵام مارتین ڤانبرۆنسین وتەنی ئەمجارەیان تەنها بۆ "رزگارکردنی کوردستان" نا، بەڵکو بۆ ئەوەی کێ ئازا بێت و جێگەی مستەفا بارزانی بگرێتەوە، بەڵام زەحمەتە جارێکی دیکە مێژووی کورد بارزانییەکی دیکە بە خۆیەوە ببینێت!.".
تێبینی: ئهم وتاره له رۆژنامهی رووداوی چاپی ئهوروپا و کوردستاندا بڵاو کراوهیهوه.