هەدیە گوزەل، سكرتێری راگەیاندنی پارتی چەپ: دەمەوێ كار بۆ مافەكانی ژنانی كورد و ئەمریكای لاتین بكەم
کاوه ئهمین
هەدیە گوزەل لە سوێد لە دایكبووە، دایكوباوكی لە كۆچبەرانی ئەناتۆلیای نێوەڕاست، كۆنیان. ئەوەی كە كوردانی كۆنیا لە كوردانی دیكەی باكووری كوردستان جیادەكاتەوە ئەوەیە كە ئەوان دوای سەدان ساڵ كۆچبەری لەنێوخۆی توركیاشدا هێشتا زمان و كولتووری كوردیان باشتر پاراستووە، هەربۆیە زۆربەیان بە كوردییەكی جوان قسە دەكەن. هەدیە گوزەل رێچكەی باپیرانی ون نەكردووە و بە كوردییەكی رەوان قسە دەكات.
19ی سێپتێمبەر، هەڵبژاردنی پەرلەمان و شارەوانییەكان لە سوێد ئەنجامدەدرێ، ژمارەیەك كوردیش خۆیان كاندید كردووە. هەدیە گوزەل یەكێكە لەوان. پاڵێوراوی كورد زۆرن، بەڵام حیزب حیزبێنەی كوردی وا دەكات ژمارەیەكی زۆر دەنگی كوردی بە فیڕۆ بچن، هەر چۆنێك بێت ئەوەش بەشێكە لە یاری هەڵبژاردن و دیموكراتی.
رووداو -سوێد
رووداو: لە كۆنفرانسی (منداڵانی بەردهاوێژ)دا، زۆر بە جددی پشتیوانیت لە منداڵە زیندانیكراوەكانی كورد دەكرد و لەگەڵ نیشاندانی وێنەكاندا دەموچاوت دەگۆڕا، چ بووە هۆی ئەوەی كە كار بۆ پرسی منداڵان بكەی؟
هەدیە گوزەل: كاتێك لە رێگەی ڕیكخراوەكانی مافی مرۆڤەوە بۆمان دەركەوت كە ژمارەیەكی زۆر منداڵی كورد زیندانی كراون و داداگایی دەكرێن كە بە منداڵانی كەڤرهاوێژ ناسراون، ئێمە لە پارتی چەپ بڕیارماندا كە دەبێت بەزووترین كات شتێك بكەین بۆ ئەو منداڵانە، بۆیە بڕیارماندا شاندێك بنێرینە كوردستان و یەكێك لە ئەندامانی ئەو شاندە من بووم . كاتمان زۆر نەبوو، دەبوو لە ماوەی سێ هەفتەدا سەردانی ئامەد بكەین.
رووداو: ئەو پێشنیازە بیرۆكەی كێ بوو؟
هەدیە گوزەل: راستییەكی بیرۆكەی من بوو، بەڵام هەموومان بەشداربووین و شارەزایمان لەسەر پرسەكانی توركیا هەبوو. پەرلەمانتاری سوێد، یاكوب یۆنسۆن لەنێو شاندەكەماندابوو.
رووداو: باشتر نەبوو كە هەموو پارتە سوێدییەكان لەوشاندەدا بەشداربن؟
هەدیە گوزەل: لە نێو پارتی سوسیالدیموكراتەكاندا خەڵكانێك هەن پشتیوانی لە كێشەی كورد دەكەن و عەلاقەدارن پێیەوە، بۆ نمونە ئان لوندڤیك كە زۆر زەحمەتی كێشاوە و پشتیوانی لەو منداڵانە كردووە، بەڵام بەداخەوە كاتەكە كورت بوو، سۆسیالدیموكراتەكانیش زوو وەڵام نادەنەوە و رەنگە ئەگەر بە هاوبەشی ئەو سەفەرەمان بكردایە، شەش مانگی پێ بچووایە تاوەكو جێبەجێ دەبوو، بۆیە دەبووایە دەستەبەجێ و بەپەلە هەنگاو بنێین.
رووداو: ئەو پرسە گرنگانە چین كە تۆ خۆتیان بۆ تەرخان دەكەی ئەگەر ببیە ئەندامی پەرلەمانی سوێد؟
هەدیە گوزەل: پرسی هەرە گرنگی من كە دەمەوێت پارتی چەپیش زیاتر خۆی بۆ تەرخان بكات، پشتیوانی نێونەتەوەییە، بۆ نموونە پشتیوانی كێشەی كورد و گەلانی چەوساوەی دیكەی جیهان وەك فەلەستینیەكان. بێگومان چونكە من خۆم كوردم، كێشەی كورد لەسەرووی هەموویانەوە دەبێت. هەمیشە شانازیم بە كوردبوونی خۆمەوە كردووە و پێی سەربڵندم. پرسێكی دیكە یەكسانی نێوان ژن و پیاوە، مافەكانی ژنانی كورد، ژنانی ئەمریكای لاتین و هەروەها ژنانی سوێدی. پاشان كێشەی گەنجان و لاوانی پەنابەر لە سوێد و پرسی خۆگونجاندنی پەنابەران پرسێكی دیكەیە كە كاری بۆ دەكەم.
رووداو: داواكاریت چییە لە رەوەندی كورد لە ستۆكهۆڵم. ئەوان بۆ چی دەنگی خۆیان بدەنە تۆ؟
هەدیە گوزەل: پێش هەموو شتێك گرنگە هەموومان دەنگ بدەین، پاشان دەمەوێ دەنگ بدەنە پارتی چەپ بەگشتی و بەتایبەتیش من، ئەگەر بڕوایان بە سیاسەتی نێونەتەوەیی و دادپەروەرانەی پارتی چەپ هەیە. پارتی چەپ تاكە پارتە لە ئەوروپا لە دوای ساڵی 1975 وە بە بەردەوام پشتیوانی لە كێشەی كورد كردووە، یەكەمین پارتە كە بە فەرمی كێشەی كوردی بردووەتە نێو پەرلەمانی سوێد و بێگومان لە داهاتووشدا هەروا دەبێت. من خۆم ئەگەر هەڵبژێردێم یان نا، لەسەر ئەو پرسانەی كە باسم كرد هەر كار دەكەم، بەتایبەتی كێشەی كورد چونكە ئەوە كێشەی نەتەوەكەمە و بروام پێیەتی.
رووداو: پارتی كرێكارانی كوردستان، یەكلایەنە ئاگربەستێكی چل رۆژەی راگەیاندووە، تۆ و پارتەكەت چ هەڵسەنگاندێكتان هەیە و چی دەكەن تا ئەو ئاگربەستە درێژخایەن بێت و ببێتە بناخەی دیالۆگی نێوان كورد و تورك؟
هەدیە گوزەل: پارتی كرێكارانی كوردستان، راستییەكەو لە توركیا بوونی هەیە، توركیا ناتوانێ هەمیشە خۆی بشارێتەوە و بڵێ ئێمە دیالۆگ ناكەین و ئەوە كێشەیەكی چەكدارییە، ئەم كێشەیە كێشەی هەردوولایە، ئێستا دەبێ توركیا رێز لەو ئاگربەستە بگرێت و تێبگات كە كورد دیالۆگی دەوێت، ئێستا خەڵكانێك هەن گەلی كورد دەنگی پێداون ئەوانیش لە نوێنەرانی پارتی ئاشتی و دیموكراسین كە ژمارەیەكی زۆر كورد لە كوردستان و دەرەوەش پشتیوانیان لێ دەكەن، هیوادارم توركیا بكەوێتە گفتوگۆوە. گاڵتەئامێزە كاتێك باسی دیالۆگی نێوان CHP و AKP بكرێت كە دژی كوردن، دەبێت باسی گفتوگۆی نێوان نوێنەرانی كورد و دەوڵەت بكەن.
رووداو: بە بڕوای تۆ باشووری كوردستان دەتوانێ چ بكات بۆ ئەوەی ئاشتی لە باكووری كوردستان بێتە دی؟
هەدیە گوزەل: پێویستە كوردان پشتیوانی لە یەك بكەن، گرنگ نییە خەڵكی كوێی كوردستانن، ئێستا بەرپرسیارێتییەك كەوتووەتە سەر شانی كوردانی باشووری كوردستان كە دەبێ پشتیوانی ئەو كوردانە بكەن كە خەبات دەكەن بۆ كێشەی كورد لە باكوور، ئەوەش لەڕێگەی پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانیان لەگەڵ توركیادا، ئەوان دەتوانن گوشار بخەنە سەر دەوڵەتی توركیا كە دەستی ئاشتی درێژ بكات.
رووداو: بە بڕوای تۆ كورد دەبێ چۆن دەنگبدات لە ریفراندۆمی 12ی ئەو مانگەدا لەسەر دەستووری توركیا؟
هێدیە گوزەل: من نامەوێ وەك خۆم هیچ هەڵسەنگاندێك بكەم، پارتی چەپیش لەنزیكەوە رەوەشەكە هەڵدەسەنگێنێ، دەشزانین كە پارتی ئاشتی و دیموكراتی داوای لە گەلی كورد كردووە بایكۆتی ریفراندۆم بكەن، با چەوەڕی بكەین بزانین چی روودەدات، ئەو كاتە تێڕوانینی خۆمانمان دەبێت.
هەدیە گوزەل
هەدیە گوزەل، لە سوێد لەدایكبووەو گەورەبووە. لە تەمەنی پانزدە ساڵیدا بووەتە ئەندامی لاوانی پارتی چەپ، ئەوە پانزدە ساڵە چالاكانە لە نێو پارتی چەپدا كاری سیاسی دەكات. سكرتێری راگەیاندنی پارتی چەپ و سەرۆكی پارتەكەیان لارش ئۆلیمە، كاری شارەوانیش دەكات. لە هەڵبژاردنی ئەمساڵدا خۆی كاندید كردووە بۆ بوون بە ئەندام پەرلەمان و هاوكات كاندیدی شارەوانییە لە ستۆكهۆڵم و ناوەكەی ژمارە 8 ە لە لیستی كاندیدكراوانی پارتەكەیدا .