له وه‌ڵامی پرسیارێکی گۆڤاری نێوه‌ند:
رۆژنامەوانیی کوردیی بەناوی ئازادیی رۆژنامەنووسییەوە رێگەی بەخۆیداوە دەستدرێژیی بکاتە سەر مافەکانی تاک، تا ئەو ئەندازەیەی حورمەت و مافی سەرەتایی تاک بووە بە لید و بابەتی رۆژنامەوانیی. ئێوە پێتانوایە بەزاندنی سنووری مافی تاکایەتی لەلایەن رۆژنامەنووسیی کوردییەوە دەرخەری چییە؟. ئایا دەتوانین بڵێین ئەوە نیشانەیەکی
گرنگیی ئیفلاسیی و نەخوێندەواریی تاکی رۆژنامەنووسی کوردە؟.
کاوه ئه‌مین:ئێمه ناتوانین وا به موتڵه‌ق و کۆگشتی قسه له‌سه‌ر رۆژنامه‌وانی کوردیی بکه‌ین، به‌ڵکو ده‌بێت پۆلێنی هه‌ندێک رۆژنامه‌نووس و گۆڤار و رۆژنامه و به‌تایبه‌تی چه‌ند سایتێکی کوردی بکه‌ین که ڕێگا به‌خۆیان ده‌ده‌ن به ناوی ئازادی راگه‌یاندنه‌وه هه‌ر‌چییه‌کیان به ده‌مدا بێت بینووسن و ده‌رخواری خوێنه‌ری بده‌ن. به بڕوای من به پله‌ی یه‌که‌م نه‌بوونی یاسه‌یه‌کی روونوئاشکرایه که تێیدا ماف و ئه‌رکی رۆژنامه‌نووس ده‌یاری بکات، خۆ ئه‌گه‌ر هه‌شبێت، نه‌خراوه‌ته بواری جێبه‌جێکردنه‌وه، ده‌نا له هیچ کوێیه‌کی دنیادا، رۆژنامه‌نووس بۆی نییه له‌په‌نای پیشه‌که‌یه‌وه، رقوکینه و داخله‌دڵی خۆی بکاته هه‌وێنی نووسین و په‌یامه‌کانی. خاڵێکی دیکه ئه‌وه‌یه که ئێمه ژماره‌یه‌کی زۆر رۆژنامه‌نووسی حیرفه‌یمان نییه و زۆربه‌مان ده‌رچووی کۆلیژی رۆژنامه‌وانی نین، به‌ڵکو له قوتابخانه‌ی حیزبه‌کانه‌وه فێری رۆژنامه‌نووسی بووین که به درێژایی ده‌یان ده‌یه زمانی زبریان فێرکردووین و ئێستا به‌داخه‌وه ئه‌وه بووه‌ته کولتوورێک و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی که ئه‌زموونێکی دوورودرێژیشیان په‌یدا کردووه، زۆرێک له‌وانه نایه‌نه‌وێت ده‌ستبه‌رداری ببن. ئاخر به‌شێک له‌و خاوه‌نئیمتیاز و سه‌رنووسه‌رانه‌ی که ئێستا خاوه‌ن گۆڤار و رۆژنامه‌ن، هه‌ر ئه‌وانه‌ن که سه‌رده‌مانێک جنێوی وایان نووسیوه که مرۆڤ قێزی لێده‌کاته‌وه، ئێستایش هه‌رکاتێک حیزبه‌کان بیانه‌وێت ئه‌و کادره جنێوفرۆشانه‌یان ده‌هێننه‌وه مه‌یدان تا به‌ناوی ئازادییه‌وه په‌لاماری نه‌یاره‌کانیان بده‌ن، سه‌یره‌که له‌وه‌دایه زۆربه‌ی حیزبه‌کان وا نیشان ده‌ده‌ن که موویان به‌به‌یندا ناچێت و باسی یه‌کێتی نه‌ته‌وه‌یی کورد ده‌که‌ن، به‌ڵام له‌و لاوه ڕێگا به گۆڤار یان رۆژنامه‌یه‌ک ده‌ده‌ن هه‌چی خوا پێی ناخۆشبێت به هاوپه‌یمانه‌که‌ی بکات، من نامه‌وێت ناوی که‌س بهێنم به‌ڵام هه‌ر له‌م ساڵانه‌دا چه‌ندین گۆڤار وه‌کو قارچک هه‌ڵتۆقیوون و کاره‌که‌یان ته‌نها کاوێژکردنه‌وه‌ی ئه‌و نووسینانه‌یه که له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆدا نووسراون. ئه‌وه سه‌ره‌ڕایی ئه‌وه‌ی که به ده‌یان و سه‌دان وتار به‌ناوی خوازراوه‌وه ده‌نووسرێن و زۆرجار که‌سێک به ده‌یان ناوه‌وه قسه‌ی پروپووچ ده‌نووسێت، ره‌نگه ئه‌وه‌یش بۆخۆی جۆره نه‌خۆشییه‌کی ده‌روونی بێت. به‌لاکه‌ی دیکه‌دا، به‌شێک له‌وانه‌ی خۆیان به ئه‌هلیی ده‌زانن و گوایه پاره‌ی ده‌سته‌ڵات وه‌رناگرن، هه‌مان سووکایه‌تی به‌ڵام له فۆرمێکی دیکه‌دا به تاکه‌کانی نێو کۆمه‌ڵگا ده‌که‌ن، به‌تایبه‌تی به ئه‌ندامی حیزبه‌کان و هه‌موو شتێکی ئه‌و وڵاته به چاک و خراپییه‌وه زه‌ربی سفر ده‌که‌ن، کاتێکیش داوایه‌کیان له‌سه‌ر تۆمار ده‌کرێت، دنیا تێده‌گه‌یه‌نن و ده‌ستده‌که‌ن به که‌مپین دروستکردن و به‌شان و باڵی یه‌کتریدا هه‌ڵده‌ده‌ن، له کاتێکدا ئه‌وه‌ی ده‌یکه‌نه مانشێتی گۆڤار و رۆژنامه‌کانیان به‌شێکی زۆری درۆوده‌له‌سه و توڕه‌هاته.
به‌شێک له رۆژنامه‌نووسانی کورد ته‌نها حورمه‌ت و سه‌روه‌ریی تاکی ناوکۆمه‌ڵگا پێشێل ناکه‌ن، به‌ڵکو به ڕۆژی نیوه‌ڕۆ سووکایه‌تی به زمانی کوردی ده‌که‌ن و رۆژانه تیرۆری زمانه‌که‌مان ده‌که‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی که‌سێک، ده‌ستاگایه‌ک، رێکخراوێک، سه‌رزه‌نشتیان بکات و پێێان بڵێ، کاکه، داده، بۆ وا له زمانه‌که‌مان ده‌که‌ن؟ به‌ڵی ئه‌وانه‌ی که سووکایه‌تی به که‌سایه‌تی تاک و زمانه‌که‌مان ده‌که‌ن، نه‌خوێنده‌وارن، ئاخر خۆ نه‌خوێنده‌وار هه‌ر ئه‌وه نییه که نه‌زانێت بنووسێت و بخوێنێته‌وه، به‌ڵکو ئه‌وانه‌یش ده‌گرێته‌وه که پاشاخانێکی فیکری و رۆشنبیریان نییه و جگه له وتاره سه‌قه‌ته‌کانی خۆیان یانیش جنێونامه‌کانی سه‌ر ئینته‌رنێت هیچیتر ناخوێننه‌وه. له وڵاتێکی وه‌کو سوێد، نه‌ک رۆژنامه‌نووس به‌ڵکو هه‌موو تاکێک مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه ره‌خنه بگرێت و چاودێریی وردی ده‌سته‌ڵاتداران بکات و له رۆژنامه‌کانیشدا بۆیان بڵاو ده‌که‌نه‌وه. زۆربه‌ی رۆژنامه‌کانی سوێد، لاپه‌ره‌یه‌کی تایبه‌تیان هه‌یه بۆ خوێنه‌ران که ئه‌وه‌ی بیانه‌وێت ده‌ینووسن، به‌ڵام به‌هیچ شێوه‌یه‌ک، که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه سووکایه‌تی به که‌س بکات، ئه‌گه‌ر شتێکی وایش رووبدات ئه‌وا له ڕیگای دادگاوه، هه‌قی بۆ ده‌کرێته‌وه. به‌داخه ئه‌وه‌ی ئه‌مرۆ هه‌ندێک "رۆژنامه‌نووس" له کوردستان ده‌یکه‌ن، نه‌ک ته‌نها ئیفلاسی و نه‌خوێنده‌وارییه، به‌ڵکو ئیفلاسی ئێتێکێتیشه که مرۆڤ ئه‌گه‌ر له کۆلێژیش فێری نه‌بێت، ئه‌وا پاش چه‌ند ساڵ کارکردن به‌شی ئه‌وه فێڕ ده‌بێت که سووکایه‌تی به خه‌ڵک نه‌کات.
ده‌ردی ئێمه نه‌بوونی یاسایه، ئه‌گه‌ر هه‌شبێت جێبه‌جێنه‌کردنێتی، که یاسا جێبه‌جێکرا و هه‌موو که‌سێکای گرته‌وه ئه‌و کاته ئیتر که‌س سه‌رپێچی ناکات، به رۆژنامه‌نووسیشه‌وه، چونکه ئێستا له‌گه‌ڵ داوای لێبوورنم، به‌هۆی هه‌ندێکانه‌وه، پیشه‌ی رۆژنامه‌نووسی وا سووک کراوه له کوردستان، مرۆڤ زۆرجار شه‌رم دایده‌گرێت.
تێبینی: ئه‌م وه‌ڵامه له دوا ژماره‌ی گۆڤاری نێوه‌ند دا، بڵاو کراوه‌ته‌وه.